٣١\١٢\٢٠٠٩
گوڵدانەکەی دنیا،
خەوێکی ئەمریکیانەو حوسییەکی خانەقینی!

سەلام عەبدوڵا
بۆچی
و چۆن یەکێک لەناوەڕاستی شار بەو هەموو دەنگە دەنگ، هۆرنلێدان و هەرایە
لەسەر عارەبانەکەی، خەوی لێدەکەوێ؟ چۆنە ئەگەر بێداری بکەمەوە؟!
دیارە خەولێکەوتووەکە گەنجێکە وەک حەماڵ کاردەکات و ئێستا کە کاتی
کارکردنە، خەوی لێکەوتووەو هەر لەم کاتە هێزێکی ئەمریکی"خاوەن شکۆ"
بەڕێکەوت بەتەنیشتییەوە لە سەر شەقامەکەی بەردەم پۆلیسخانە راوەستاون و
رێگەکەیان بڕیوە:
ئایا ئەمە شێوە ژیانی ئەمریکاییەو بەو شێوەیە لەناوەڕاستی خانەقین
رەنگی داوەتەوە؟!
ئێوارە پاش وانەگوتنەوە، لە کارێز لامداو بەسەر تەنەکە پردێکەوە
تێپەڕیندەرگای ماڵەکەم لێکرایەوە، ریزێک گوڵدان لە تەنیشت دیوارێکی
کەلاوە شڕەکە، سەرنجی راکێشام و ماڵە ئەڵمانی و ئەنگلیزی سویسرییەکانی
بەبیرهێنامەوە، بەڵام ئێمە لەلای(نعمەت محەممەد هەواس، 07702293248 و
هەنارە محەممەد)ین. نعمەت کاتی خۆی وەک خزمەتگوزار لە پەروەردەی شارەکە
کاریکردووە، ئێستا خانەنشینەو مانگی150هەزار دینار وەردەگرێ. باری
تەندرووستی نعمەت خراپەو دووچاری7نەشتەرگەری هاتووەو نرخەکەی
لەلایەن"خێرەومەن"دابینکراوە!
کچەکەیان(دنیا)پۆلی
سێی ناوەندی تەواونەکردووەو بووە بە کچی ماڵ. دەبێ ئەم خێزانە کە
لە3کەش پێکهاتووە، مانگێک بە 120دۆلار بەسەر ببەن، واتە هەر
یەکێکیان40دۆلاری بەردەکەوێت! ئایا ناهەقم دەگرن ئەگەر ئەو بەراوردە
دووبارە بکەمەوە لەنێوان خەرجی مەیمون و پشیلە و سەگی وەڵاتە
ئۆروپییەکان و خۆمان؟! ئاخر حکومەت لاف و گەزافی چیمان بۆ لێدەدەن؟
شانازی بەچی دەکەن...بەچی بکەین؟!
لەسەرە رێگام بۆ سەردانی خێزانێک کە تازە لە(ێەعدە)ی حوسییەکانی یەمەن
بۆ شارەکە گەڕاوەتەوە، سەلیم تەلەفۆنی بۆ کردم و وتی: وەرە بۆ لای
خێزانەکانی ناو کابینەی ئەو بیرە ئەرتوازییە کە(ئەحمەد فەرەج عەسکەرو
کوبرا عەلی ئەکبەرو 3منداڵەکەیان-سەجاد، عەلی، زەهرا)نیشتەجێن. ئێستا
دانیشتووی بەختیاری بۆ ئاوی خواردنەوە پێویستیان بە بیرە ئەرتوازییەکەی
ناو ئەم کابینەیەیە. ئەم خێزانە دەبێ ئەم شوێنە بەجێبهێڵن، بەڵام بەم
زستانە روو لە کوێ بکەن؟!
منیش وەک(وەزیری نیشتجێکردن)، وتم: کێشە نییە، وێنە و ناوو
بارودۆخەکەیان لە سایتەکان بڵاودەکەمەوەو دوور نییە سەرۆکی هەرێم یان
سەرۆکی حکومەت کە یاریدەرەکانیان بەبەردەوام لەسەر خەتی ئەنتەرنێتن
وئاگایان لە هەموو شتێک هەیە، دەستبەجێ"شەخسیا تەدەخول"بکەن و ژوورێک
بۆ هەموو بۆنەیەک(خواردن و خەوتن و مێوان، جووتبوون و خوێندن و یاری...)یان
بۆ درووست بکەن و ئەگەر کاری ستراتیژی گرنگتریان هەبوو و بە هانایانەوە
نەهاتن، ئەوا چی تیایە، با ئەحمەدو هاوسەرو منداڵەکەیان فێری پاڕانەوەو
سواڵکردنی زیاتر ببن لەبەردەم ئەم و ئەو بەرپرس و ببن بە بۆنەی
بەزەییپێکردن یان گاڵتەجاڕی و تەنانەت سووکایەتیپێکردنیش....ژیانی
مۆدێڕن زەمینە بۆ هەموو ئەو رەفتارانە دەرەخسێنێ...!
نور
نوری، نەگبەتی و گریان نەبێت، نە نوورەو نە نوری لە چاوان دەبارێ،
بەڵام بەشانازییەوە وتی کچەکەم لە(ێەعدە)وە سروودی(کوردستان جوانە)ی
لەبەرکردووەو داوای لە(یاسمین)ی کرد سروودەکە بڵێ. نور وتی: ئێمە
ماوەی15ساڵە لەو وەڵاتە نیشتەجێ بووین، بەڵام بە زۆرەملی عیراقییە
شیعەکانیان لە وەڵاتەکە دەرکردو نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەرکی خۆیان
ئێمەیان بۆ عیراق گەڕاندەوە. من دەرچووی(پەیمانگەی تەکنەلۆژی بەسرە)م،
بەڵام لە یەمەن وەک مامۆستای زمانی ئەنگلیزی کارم کرد. لەکاتی
گێڕانەوەی بەسەرهاتەکەیان، نزیکەی9بەڵگەنامەی دەرهێنا لەبواری(رێنمایی
کۆمەڵایەتی، مەشقپێکردنی مەشقپێکەران لەبارەی گەشەپێدانی مرۆیی، بنکەی
ئەلراشد بۆ(کۆدی نوێ)لە سەنعا، بنکەی نۆگوم بۆ راهێنان و ئامادەکردنی
ژنان لەسەر کۆمپیوتەر، بنکەی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی نۆگۆم).
سەبارەت بە ژیان و بژێوی، وتی: سەرباری ئەو هەموو بەبڵگەنامانە، بێکارم
و گەرچی لە گەڕەکی مەزرعەی خانەقین لەدایکبووم، تا ئێستا بە فەرمی بۆم
نییە لێرە نیشتەجێ ببم و هەر بۆیەش هەردوو منداڵەکەی لە قوتابخانە
وەرناگیرێن(یاسمین پۆلی شەشی سەرەتاییەو کوڕەکەی لە 4ی ناوەندییە)لە
قوتابخانە بێبەشکراون. هەروا دایکیشم کە لە بەغدا ژیاوە، پاش کوشتنی
براکەم(مەحممەد)لەلایەن تیرۆریستانەوە، گەڕاوەتەوە بۆ خانەقین!
نور
دەڵێ ئێمە(حەیدەری)ن، بەڵام لەترسی حکومەت خۆمان کرد بە(بەیاتی)و
هاوسەرەکەم عەرەبە.
نیوەڕۆ نامەیەکم بۆ هات: تکایە کارێکم بۆ بدۆزەرەوە!
لە کاتی ئەم نووسینەدا نامەیەک و تەلەفۆنێکم بۆ هات:
یەکێ نووسیویەتی: دەتوانی کارێکم بۆ بدۆزیتەوە لە بواری
کۆمپیوتەر؟تکایە یەکسەر ناوم نەهێنی!
ئەم دوو کەسە خۆیان زۆر بێدەسەڵاتن و پەنایان بۆ یەکێکی بێدەسەڵات
هێناوە کە بێجگە لە نووسین هیچی ترم پێناکرێت!
-(هیام)لە عەممانەو لەکاتی سۆنەر، دەرکەوتووە، شتێکی نائاسایی
لە(منداڵدان)یدا هەیەو دەبێ نەشتەرگەری بکرێ...ئەزانن ئەمە مانای چییە؟...هیام
بەهیچ شێوەیەک پێویستی بەهاریکاری نییەو زۆر بەباشی دەژێ، بەڵام ئەم
هەواڵە بۆ من کارەساتێکی گەورەیە.
رۆژێکی رەش و پڕ سەرئێشەو نەگبەتییە: حزبەکانی حکومەت ڤایرۆسی
چەوسانەوەی هەمە جۆرەن( تیرۆری جەستەی شەڕی ناوخۆ گۆڕیوە بۆ تیرۆری
بژێوی) و ئەگەر هەروا ملهوڕانە حوکمڕانی بکەن، زوو بێت یان درەنگ
جەماوەر بەشێوەی گونجاو وەڵامی تیرۆری کۆمەڵایەتی(تەنها شێوەیەکە
لەشێوەکانی تیرۆر)، دەدەنەوە.
دەیان ساڵە زۆربەی حکومەتە عەرەبییەکان بەناوی"داگیرکردنی
فەلەستین"و"چەوسانەوەی نەتەوایەتی"ەوەو خەبات لەپێناو رزگار، جەماوەری
چەوساوەی وەڵاتەکانیان دەچەوسێننەوەو خۆشیان باشترین ستایلی ژیان بۆ
خۆیان دابینکردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆپی ئەو حکومەتە
عەرەبییانەیە.
فەرموو ئێوەش ئاشنا ببن بە واقعی ژیان و بەسەرهاتی رۆژانەی رەشوڕووتی
میلەتەکەتان و لەوانەیە هەندێکتان بەهەر شێوەیە ببێت، بتوانن پەیوەندی
بە ژمارە تەلەفۆنەکانی ئەو قوربانییانە بکەن کە لە هەموو نووسینەکان
بڵاویان دەکەمەوەو نەختێک لە ئازارەکانیان کەم بکەنەوە...لەوانەیە!
ئەوەتە: من دەمەوێ ئەم بابەتە بۆ سایتەکان بنێرم، کەچی یەکێک نامەی
جەژنە پیرۆزەم بۆ دەنێرێ!
______________________________________________
تێبینی: دەڵێن
مەیمون زۆر جوان بوو، ئاوڵەیشی دەرکرد. ئەو تیرۆرە دەروونیە کە(کۆڕەک
تلیکۆم)لەگەل بەکارهێنەرانی هێڵی ئینتەرنێتەکەی دەیکەن(با سەیری
داتاکانی ژمارە تەلەفۆنەکەم بکەن. لە سەنتەرەکەیان تەنانەت دەزانن
بەکاربەران چ تەلەفۆنیک بەکاردەهێنن، بۆ نمونە لە پەیوەندییەکەمدا
ئەوان پێیان وتم"تۆ نۆکیا ئێن70"بەکاردەهێنێ)، لە بێویژدانی و بێ
کەرامەتی، بێوێنەیەو مرۆڤ لە وەسفکردنی ڵاڵ دەبێ). کۆڕەتیلیکۆم تەنها
جیهان بچوک ناکات، مرۆڤیش بچوک و وێران دەکات: لە کاتژمێری 9ی ئێوارە
لەم نووسینە تەواوبووم و هێشتا پێم نەکراوە بۆ سایتەکان بینێرم. ئێستا
کاتژمێری 1.5شەوە.
|