په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٨\٢٠١٢

گوڵە دالیاکەم...

خوناو سمایل      


کە سەردەکەوتی... ئەو رێگاو بانە رەنگاورەنگە وێنەو یادگاری زەمانێکیان دەخستیەوە بەر چاو کە لەو باوەرە دانەمابووی جارێکی تر لە یادەوەریتدا زیندوو ببنەوە.


هەژانی گوڵە "دالیایە " کێوییەکان، سروشتی جارانی ئەوێی دەهێنایەوە یاد و زێدەتر دەکەوتیەوە ناو ئاگری توڕەیی و مەراقو خەمان.


لە بیرتە کە بە "گولە دالیاکەم" بانگیت دەکرد؟ باڵایت لە بەر چاوان لێ ببوە قەدە دالیاو قەستت دەکرد لە جیاتی بۆنی پەڕی گوڵ تا ماوی لوتت لە بۆنی قژە بژو پرەکەی "وی" تێر بکەی؟


بەم ئێوارە کز و کپە... وا لە سەری سەرەوەی ئەو شاخە بەرزە وەستاوی و نیگات دەخشێنیە سەراپای شارەکە، کەوا وەک چاڵە جیوەیەک بە بێ حەجمان لە بەر چاوانت دەجمجمێ... فرەڕەنگی گلۆپەکان لەو بەرزاییەی ئێرە جۆرە جوولەیێک بە شەوقدانەوەی شەوەکە دەبەخشن... چارت نەبوو! رێگاکەت گرت ویەک نەفەس هاتی وسەرکەوتی. باشیش بوو هاتی، ئێرە باشترین گۆشەیە تا سەر لە نوێ بە چاوانی خۆت نەک هی "وی" شارەکە لە نوێوە بناسی !! ئێرە وەک تەوقە سەری باڵایێکی درێژکەلە ئەوهایە... چەند تەماشای دامێن بکەی تاریکاییەکە وەک کراسێکی پر پولەکە و ئاقوتی رەنگاو رەنگ ورد ورد دەبریسکێتەوە و دەتوانرێ بە ئاسانی ڕەنگی هەموو شەوقەکان لێکدی جیا بکرێتەوە.


ڕاستە کەم و زۆرێکیشت ماوە بۆ لووتکە، بەڵام ئەو بەرزە بنارەی ئێرەش هەر بە تۆقەرە ناو دەبردرێ.


بە ئومێد بووی لێرە گەردەلولی ئەو خەمەی وا چەند رۆژێکە لە ناختدا دەگوزەرێ و پێچ دەخواتەوەو بێ ئۆقرە بە دەورەی خۆتت دەسوڕێنتەوە تۆزقالێک دادت بدا. لەدەست ئەو سەرگەدانیەی تێی کەوتووی نازانی چی بکەی! خۆزگان دەخوازی وەک پەروانە سەرووتری شاخەکە هەڵفڕی و نەگەرێیەوە، لە داخی ئەو گاشە خەفەتەی بەری دڵت شارەکە جێبهێلی وبە تەلاران هەڵگەڕێی و رابکەی.


هێندەش دودڵی نازانی هەلگەڕێی یان دابەزی!


گەر دابەزین نیازتە، ئێستا چاکترە، نەبادا تاریکی زەفەری خۆیت پێ بباو گەڕانەوەت بکەویتە نێو کوێرەڕێگایان.


نا! گوتت دانابەزم.


خۆ بەویستی خۆشت نەبوو! فشارێک بوو بە تین رای دەدای و ئێرەت بە دەرفەت زانی و هاتی. هاتی تا لەباوەشی ئەو تەنکە تاریکیە داڵغەی رۆژی دوشەمەی رابوردوت تۆزێک خەفە بێتنەوەو ڕەنگە تێکەلاوە تەلخەکانی ناو کاسەی سەرت وەک خوارەوەی ئەو شاخە کەمێک کاڵتر ببێتەوە.


نا... دامەبەزە... یەکلابوونەوە لەو خامۆشیەی ئێرە باشترە، با لێرە لەعنەتی بەیانیە زوەکەی دوشەمەی رابووردوو بەرت بداو چی تر ڕێمەدە بتهێنێ و بتبا.


دامەبەزەو دانەیەک لەو پاکەتەی بەردەستت دەربێنەو دایگرە... خالێکی سور بەقەدەر دەندوکی جگەرەکەت لە روخساری تابلۆی ئەو ئێوارە ئەسمەرە بێنازە سوورهەڵگەڕێنەو ئازاران بە فووە دووکەڵ لە کەلەنی لێوانت بەبا کە... ناخت بە قومان قانگ بدەو بریسکەی شارەکە لە قانە تەمی تەنک داپۆشەو ئێوارەکەتی پێ تەنیاتر بکە.


ئەو شارەی کەرۆژانێک بە شاری شارانت نێو دەبرد لەو دیوەی تەمی دوکەڵەکەت خۆی لێت دەکا بە چالێکی گەورە لە چاڵەکانی جەهەندەم وهەست دەکەی هەلتدەکروزێنی.

بۆیە قەست دەکەی تینێک داتگرێ هەڵکشێی و بەدوای سۆراغی"خوا" بگەرێی. لە وێ وەک چۆن جاران بە کۆشی دایەت ژیر دەبوویەوە ئەوهاش لە شاکۆشەکەی یەزدان هەناو بگوشی و وهەرچی فرمێسکی قەتیس ماوە وەک هەورە چڕەکان دابارێ و دڵی رەنجێنراوت بشۆیەوە.


جار جارەش کەمە ترسێک وەک مارمیلۆق خۆی دەخزێنتە ناخت. بە تایبەتیش کە لووتکە وا وەک خانمەژنێک خۆی لوولی عەباڕەشەکەی ئەودرەنگە ئێوارەیە دەداو خەریکە بە تەواوی خۆیت لێ بشارێتەوە، بەڵام مسۆگەریت کە تەنها نی. یەقینی کە هەموو سوچێکی ئەو بنارە بەرزە گیانێکی پەراوێزکراو، یانیش گیانێک کە ئاشقی میهرەبانی وگەورەیی شاخە، لە سوچێکدا خۆی حەشار دایەو لە"مەزنی" ئەو شاخە نائومێد نیە.


خۆ تۆ خۆشت لەوەتەی هەی ئاشقی شاخو داخانی وقەت لە وەفاداری شاخ دودڵ نە بووی... بۆیەش هاتوی وهانات بۆی هیناوەو سەری کەوتوی. گەر گەرمی ئەو ئیشقە نەبا! کە سەردەمانێک هەموو دونیای لێ کردبوویە بۆن و بەرامی "دالیا" دەنا یەقین تۆ قەت دەستبەرداری قەدی شاخ وهەناوی دۆڵان نەدەبووی!! هەروەک چۆن لە دامێنی چیاو چۆڵان لە دایکبووی، ئەوهاش خوازیاری مەرگت لە ئامێزی دا دەخواست.


چاوەڕوانێکی بێ کۆتایی بووە نرخی گەیشتنت "پێی". ئیتر دڵی خۆتت کردە باخچەیەک بۆ نازی هەموو "دالیاکانی" دونیا و رەنگاوڕەنگی هیچ گول و گژووگیایێکی تر نەیجولاندی.


هاتی وخۆر هەتاوە رۆشنەکەی ئەوێت بە شەوقە دەستکردەکانی رۆژ وشەو ی ئێرە بێ بەرا مبەر گۆڕیەوەو چاوە ماندوەکانی خۆتت دوای چاوەڕوانییە دوور و درێژکەت پژاندە نێو چاوانی" وی" و بڕیارت دا دونیا باق و بریقە تازەکەت لە گۆشەی چاوانی "ویەوە" ببینی.


ئێستاش چ!!


ئەو چاوانەت هێندە بلۆق و ماندوون وەک دوو ئەستێرەی کوژاوە خەریکن دەرژێن. پێلوەکانت تەپیون و نایانەوێ چی تر"دالیا" ببینن. خەیالی دووشەممەی رابووردووی "دالیاکەی"خۆت هەموو دالیاێکی لێ کردووی بە دڕک و بینینیان دەتکولێنتەو.


"دوشەممە بوو، زووتر دەستت لە کارەکە هەڵگرت. خۆرە کزەکەی ئەوبەیانیە زووە رۆژی شارەکەی وەک زووە ئێوارەیەک نیشان دەدا. ماڵ تاریک وبێ چرپە بوو، چرکەیەکت لە دەرگای ژووری خەوەکە هێناو کردتەوە.... دوو جەستەی رووتی تێکدی ئالاو ڕاپەڕین و خۆیان لە سۆمات چەقاند... وات زانی گلێنەت ناپاکەو وهیلاکی تاریکیت. هیچت نەکرد، تەنها ڕووت وەرگێرا. هەموو دەرگاکانت بڕی ووەک شەیدا لە ناوەندی رێگاکان ڕاتدەکرد... مێشکت هێندە گەورە ببوو دەنگی هەموو دونیای دەدایەوە... بێئاگا رێت دەبڕی و راتدەکرد... لە ژێر تەلارە بەرزەکە بە قاژە قاژی دەنگی مەلەکان سەرێکت بۆ قوببەکە هەڵبڕی. بالندەکان پۆل پۆل باڵیان لێک دەداو گۆرانیان لە دەمی یەکتر دەچریەوە و بەو دەورە دا دەفڕین ولە شوێن خۆیان دەنیشتنەوە... لەوە دەچوو سۆزی گەرمیانیان هەستابێ و لە ئامادە باشی گەڕانەوە دابن و کوێستان و تاریکی ئەو شارەی جێ بێلن.


خۆزگەی ڕسکانی دوو باڵت خواست. خۆزگەی گەڕانەوە بەرەو "وار" کەوتە سنگت. هەر دەهات نمەکی جاری جاران زیاتر دەیگرتی.


ئێوارەی ئەمرۆش کە خەیاڵی دیمەنی " ناپاکی و تێکدی ئاڵانت" کەتەوە هزر، دووبارە هەموو زامەکانت هاتنەوە ئێش. تروسکایی هیچ ئارام بوونەوەیەکت لە خۆتدا نەدی. بۆیە دووبارە رێگاکانت گرتەوە بەرو ڕاتکرد... نەتدەزانی ئەو دوو لاقەت بۆ کوێت دەبەن... چاوانت رێی ئەو شاخەیان هەلبژاردو هەربە غاردان و نەرمە غاردان یەک نەفەس سەری کەوتی... تەلەفۆنەکەت یەک دوو جار دووبارە جڕە جڕی کرد... لە دوشەممەی رابوردو هەتا ئێستا هەر جررەی دێ... دواین جار کە بە گوڵە " دالییا"کان رەت دەبووی و باڵای ئەو " ناپاکەت" هاتەوە یاد... هەتا هێزت تێدابوو تەلەفۆنەکەت گرتە گوڵەکان. وا بزانم قەدی یەک دوانێکت چەماندەوە... باکت نەبوو و سوێش نەیگرتی... چونکە زانیت چیڕۆکی تۆ و گوڵە "دالیا" تەواو بووەو جارێکی تر چاوانت قەت بە بینینیان سەرسام نابن... لێت خوێندنەوە کە ئەوانیش لە ئاست نیگای مڕو مۆچت بی شەوقو زەوقن و نە دە لەرنەوەو نە بۆت دە کەنن.


ئەم ئێوارەش لە قەدی ئەو بنارە بڵندە وا سۆزی حەزێک وەکو کوانوو گەش داتدەگرێ. هەر دەم نا دەم لەبەر خۆت دەڵێی "وار" !! وا دیارە فڕینی باڵدارەکانی رۆژی دوشەممەی رابردوو کاری تێکردووی و بیرۆکەی گەڕانەوەی خستیەوە یاد.


نمەکی شاخ و بناری ئەوێ گرتوویەتی و ناتەوێ لە هزرانتی دەرکەی. ئێوارەکەت کزتر نەکرد. گەڕای بۆ چارەیەک، درەنگانێک کە کە قەیاسە شەوێک خۆی لە هەموو قوژبنێکی ئەو شاخە نا... جگە لە هەناوی تۆ هەموو شتێک کپتر کەوتبوو. .بڕیارێک وەک پەیامێک خۆی تێ کوتای... نا!! نەتویست بزانی پەیامەکە خواوەندیە یانیش حەزێکی شەیتانیە.


لەگەڵ گزنگدا شاخەکە و هەرچی گولی "دالیای" رێگاکانە جێتهێشتن وگەڕانەوە بەرەو باوەشی " وڵات" بوە سێبووری و چارەسەری بێ ئۆقرەیت!


هەر هەمان رۆژ بێ ئاوڕدانەوە جانتاکانت کۆکردەوە و "شاری شاران" و رۆژی دووشەممەکە" و" دالیاکەی " خۆت و هەموو "دالیاکان" بوونە ڕابووردوێک و بە یەکجاری جێتهێشتن وبەرەو خۆرهەتاو و بە دوو باڵی فرۆکەیەک فڕی و گەڕایەوە.

 

درامێن - ١٢\٨\٢٠١٢
ماڵپه‌ڕی خوناو سمایل مامه‌
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک