په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\١٢\٢٠١٢

    گوللان لە گوڵان دەگێڕمەوە!


دارا ئەحمەد

ئەمن، لە وی و لە باغان و
لە ماچان و خونچەگوڵان و هەنگاونان و
     خودی خۆم پتر بترازێ.. کێشەم نییە،
یان هەر لە بنەوە نایزانم
   خودی کێشە؛ هەیە؟ نییە؟ واتای چییە؟!
   *   *   *   *   *
کە رێی باغانم لێدەگرن
هەمیشە هەر..
        وە نێو ویدا تێدەپەڕم
            جار نا جارەکیش وە نێو خۆم!
کە لە بۆنی
       خونچەگوڵان و گڕی ماچانم دادەبڕن
هێندەک جاران..
        ئەز وە سەختیی زامدار دەبم
        جار نا جاریش هەر وە راستیی
             پەلان دەکوتم و گیان دەدەم!
کە من دەمەک
        گوللان لە گوڵان دەگێڕمەوە
هەمیشە هەر ئەوانیدی
        لە قاقای پێخەنین دەدەن
             جار نا جارەکیش تەنێ خۆم!
   *   *   *   *   *
وەی لەو دەمانەی
        وە نێو ویدا.. روودەچم و
              لە چڕایی باغەک گیردەبم!
وەی لەو دەمانەی
        وە نێو یەکدا.. رەتدەبین و
               وە لێو یەکدی دەگرینەوە!
وەی لەو دەمانەی
        وە نێو خۆمدا.. تەپەم لێوەدێ و
رادەبمەوە و.. لە باغەکدا خونچەگوڵەک
لە نێو ئەنگوستە شلک و شمشاڵییەکانی وی
                         خەنییم دەکا!!!
________________________________
تێبینیی: پاش ئەوەی لە نووسینی ئەو هۆنراوەیە بوومەوە وەدەست ناولێنانی دامابووم، ''پایزە ئەحمەد'' ناوی (گوللان لە گوڵان دەگێڕمەوە)ی پێشنیار کرد، فرە سوپاسی دەکەم.

 

تشرینی دووەمی ٢٠١٢

ماڵپه‌ڕی دارا ئه‌حمه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک