په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٤\٢٠١٥

     گوڵ‌ لە تێزی بەرجەستەی من.


دارا خونچە

لەوەتەی هەم

   - لەو دەمەیڕا چاوم وە ژیان پشکفتیە

        هەر خەریکی راز و ئەفسوونی گوڵان و

        گوڵ چاندنم..
   چونکێ دەزانم هەر گوڵەو

       چ رۆشنایی و گەشانەوەک دەبەشتەوە
       چەند هەناسە و تەپوتوزان دەشواتەوە
       چەوا بیلبیلەی چاوانمان دەژیێنتەوە
       کەنگێ و کووکوویی و لە کێندەر

       دەست و پەنجە و پێوپلانمان

           دەپارێزی و

           بەرانگژی دڕیی و ستریکان دەبتەوە..

       لەوەش پتر.. چاک دەیزانم

       تا چەند وە ناخ و دەروونی

                    پڕ میهرەبانیی ژناندا

                                شۆڕدەبتەوە!!
ئەمن هەرگیز
       لە چاندن و بەخێوکردنی خونچە گوڵان
       وەڕس نابم..
   چونکێ بێجگە لە خەرمانی گوڵ و گوڵزار
       هیچ چاوەڕێ و نیازی دیکەم لێیان نییە!!
دەی جا ئەمن..
       باکم چیە! چ غەم نینە؛
   ئەگەر پۆلیس و یاساکان
       وە عەنتەریی زێدی گوڵان تەخت دەکەن
                 قیڕ و چەوی لێ روو دەکەن..
   ئەگەر بێ هەست و بێ سۆزان
       بڕکە نایلۆنی رەنگاورەنگ
                 وە ناوی گوڵ ناودێر دەکەن..
   ئەگەر وە ناو خۆشەویست و ئەڤینداران
       ڤیانی پووچ و ساختەرکاییان
                  وە قرتانی گوڵ دەردەبڕن..
   ئەگەر وە ناو باغەوانان
       خونچە گوڵ و کوریکە گوڵان
       لە هەڕەتی
             چرۆکردن و گەشیی و جوانییان
             پەلدەدەن و

             چەپک چەپک لە بازاڕان

                سیسیان دەکەن.. دەیانفرۆشن..
   ئەگەر چەندین ئەگەری دیش لەمپەر چێکەن...
       هیچ غەم نینە؛
   چونکێ تا دێ
   بەرەی گوڵ و گوڵپەرستان
        هەر بەرین و هەر بەرینتر دەبیتەوە..
ئیدی مێژووش
   کاری هەشی پوولپەرست و رقپەروەران
   کاری گەشی گوڵپەرست و گوڵپەروەران

               هەردووی لە تەک یەکتریدا

                                دەنووستەوە!

 

نێوەڕاستی نیسانی ٢٠١٥ - لەندەن

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک