په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٣\٢٠١٥

گومانی گەندەڵی لە (سەنتەری نەشتەرگەری دڵ)ی هەولێر دەکەین.


بۆ/
وەزارەتی تەندروستی
وەزارەتی پلاندان
لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی کوردستان
داواکاری گشتی


ئێمە لە کەمپەینی چاو هەر چاوە ڕای گشتی و پەرلەمان و چالاکەوانانی کۆمەڵگای مەدەنی و راگەیاندنەکان ئاگادار دەکەینەوە کە سەنتەری دڵ لە هەولێر بە دەست کۆمەڵێک کێشەی دارایی و ئیداریەوە دەناڵێنێت و لە بەرامبەردا وەزارەتی تەندروستی هیچ جۆرە هەنگاوێکی نەناوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە.


سەنتەری دڵی هەولێر ڕاستەوخۆ لە لایەن وەزیری پلاندان د. عەلی سندیەوە سەرپەرشتیی دەکرێت و وەزارەتی تەندروستی ئاگای لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی سەنتەرەکە نیە. سەرباری ئەوەی کە سەنتەرەکە داهاتێکی زۆری هەیە بەڵام هیچێک لەو داهاتە ناگەڕیتەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی دارایی، ئەمەش گومانەکان لەسەر هەبوونی گەندەڵی و بەهەدەردان لەو سەنتەرەدا زیاتر دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی تەندروستی بە گوێرەی گرێبەستێک کە لە رۆژی ٢/١٠/٢٠١٣ لەگەڵ کۆمپانیای سود ئیمزایکردووە، زۆربەی پێداویستیەکانی ئەو سەنتەرە دابیندەکات بەڵام لە بەرامبەردا داهاتی سەنتەرەکە کەس نازانێت بۆ کوێ دەچێت.


بە گوێرەی ئەم وەسڵانەی لە خوارەوە پیشانی دەدەین، پارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت لە بەرامبەر بەو خزمەتە تەندروستیانەی لە سەنتەری دڵ لە هەولێر پێشکەش دەکرێت. بەڵام وەکو لەو بەڵگانە دیارە وەسڵەکان هی وەزارەتی تەندروستی نین و هیچ لۆگۆ و نیشانەیەکی فەرمی وەزارەتی تەندروستیان بەسەرەوە نیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بۆ هەر یەک شەو مانەوە لەو سەنتەرە بڕی ٦٠ هەزار دینار لە نەخۆش وەردەگیرێت وعەملیاتێکی گۆڕینی دەمارەکانی دڵ لەم سەنتەرە بە زیاتر لە سێ ملێۆن دینار دەکرێت. هەروەها بۆ نەشتەرگەرییەکەی بالۆنیش ٨٥٠ هەزار دینار لە نەخۆش وەردەگیرێت. هاوکات جاری وا هەیە ٨٠٠ هەزار لە نەخۆش وەرگیراوە بە ناوی نەشتەرگەری تایبەتەوە.

 


ئەمە لە کاتێکدایە کە وەزیری تەندروستی د. ڕێکەوەت حەمە ڕەشید لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی کەی ئێن ئێن دەڵێت کە ئەو سەنتەرە هیچ داهاتێکی نیە. ئەم وەسڵانەی لەم ڕاگەیەندراوەدا ئاشکرامانکردوون بەڵگەن لەسەر ئەوەی یان وەزیری تەندروستی ئاگای لەو داهاتە زۆرەی سەنتەرەکە نیە یاخود ئاگای لێیە و ڕاستیەکانی لە هاوڵاتیان و پەرلەمان و حکومەت شاردۆتەوە. لە هەردوو حاڵەتەکەشدا ئەمە کارەساتێکی گەورەیە.


لە ئێستادا نرخی نەشتەرگەری دڵ لە دهۆکیش هەروەک هەولێر گران کراوەو بەپێی زانیاریەکانمان وەزارەتی تەندروستی بەنیازە سلێمانیش وەک هەولێرو دهۆک لێبکات.


ئێمە لە کەمپەینی چاو هەر چاوە داوای ڕوونکردنەوەی بە پەلەی وەزیری تەندروستی دەکەین لەسەر ئەم بەڵگانە. هەروەها داوای لێدەکەین کە ئەو گەندەڵیی و بەهەردەردانەی بودجەی گشتی لەم سەنتەرە ڕابگرێت. ئێمە پێمان وایە کە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان شایانی ئەوەن کە بە خۆڕایی خزمەتی تەندروستییان پێشکەشبکرێت نەک حکومەت بودجە لە سەنتەرێک خەرج بکات لە کاتێکدا کە سەنتەرەکە پارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان وەردەگریت و کەسیش نازانێت پارەکە دەچێتە چی باخەڵێکەوە.


بۆ پەیوەندیی:
٠٠٣٢٤٩٧٩٣٦٠٢٣

 

کەمپەینی چاو هەر چاوە
٢٣\٣\٢٠١٥

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک