په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

کورتە چیڕۆک:

گومـان.


یاسین برایم  


کاتێ دەوامەکەی کۆتایی هات، چاوەڕێی هیچ قوتابیەکی هاوڕێی نەکرد، یەکسەر کەوتە ڕێ.ئەو زۆر بێهێز دیار بوو، شێوەی دەم و چاوی گۆڕاو، نێوچاوانی گەرم، زۆر پەلەی بوو بگاتەوە مالڕ، ئەو هەستی دەکرد تەندروستی باش نیە. هەر گەیشتە ماڵەوە ،جانتایەکەی فڕێ داو جل و بەرگی خۆشی نەگۆڕی، بە جلی قوتابخانەلە ژوورەکەی خۆی درێژ کرد.برا تاقانەکەشی بە عەڵاگەیەکی سپی لە لای ڕاستی دیواری ژوورەکە نووست بوو،برایەک بەناز پەروەردەکرابوو، ئیدی وای لێ هات بوو، قسەکانی وەک یاسا لە مالڕ جێ بەجێ دەکرا، هەرچی ویستبایە دەیکرد، کەس نەبوو پێ بڵێت لەل! .لەبەر ڕەوشت و کردەوە ناپەسندەکەی کەس خۆشی نەدەویست ، نە لە ماڵەوە نە لە دەرەوە.دایکی گەڵێ جار بە ئاشکرا دوعای لێ دەکرد و دەیگووت: (خوایە لە بەر زگم هەلبگریت، ئەم بەرایە چیە تووشمان بووە!!).درێژبوونەکەی زۆری نەبرد خەوی لێکەوت.کاتێ دایکی بەم شێوەیە ،بەو بێ سەرو بەریەی بینی، وتی: ( کچم هەستە خەوی عەسران باش نیە، لەشت گرا ن دەبێت).بەڵام ئەم قسەیە سوودی نەبوو ، چونکە ئەو لە خەوێکی قۆلڕ دایە وگوێی لە قسەکانی دایکی نیە.خەو تا دەهات لە لای خۆشتر دەبوو. وەختێ هەستی بەمە کرد چەند دڵۆپە تەڕایەتێک لە دامێنی جولا.ئیدی ڕاپەری ، وای هەست دەکرد قورسایەکی گەورەی لە سەر لاشەیە، هەناسەشی سروشتی نیە،دەم و چاوێکی گەرم و شێواو،کاتێ ڕوانیە ئەم تەرایەتیەی خۆی و سەیری کرد خوێن پیسی کردووە،حەپەسا وترسی لێنیشت، لێدانی دڵی خێراتربوو، ئەمە یەکەم جارە ئەمە دەبێنێ نەیزانی چیە ، کاتێ سەیری جێگای برایەکەی کرد چۆڵەو لەوێ نەماوە، گومانی بۆ ئەوە چوو برایەکەی شتێکی لێ کرد بێت.ترسی گەورەتربوو،لێدانی دڵی خێراترو هەناسەش خراپتر.جەستەیەکی ماندوو،ئەو خەیاڵی بۆئەوە چوو ،کە زۆر ئازار دراوە، گومانی زێتر کرد، چیتر نەیتوانی بەم شێوەیە بوەستێ ، تا هێزی هەبوو ، قیژاندی:

-  دایییییییییییییییییییییە!

فرمێسکەکانی لە چاوی هاتە خوار، هاواری ماڵی لەرزاند، دایکی بە پەلە خۆی کردە ژوورەوە .
-  چیە ! چی! چی بووە؟!

ئەو وەک بلێی تاوانێکی ئەنجام دابێت، دەگریا.
-  چیە ! چی! کچم .......چیە؟!

ئەو لە نێو ترس و گومان و خەم و ئازارو گریان و جەستێکی ماندوو شەکەت،سەری خستە نێو هەردوو رانەکانی ، وەڵامی نەدایەوە.
-  چی بووە ، کچم پیم بڵێ ، دەی!
-  ئەو ..... چی لێکردوومە؟
-  چی لێکردوی ی ی ی ی !!

ئەو نەیدەزانی چۆن پێی بڵێت و چ بڵێت. دایکیی لە تەنیشتی دانیشت.سەری لەم گریانەو قسانە دەرناچوو.قەت کچەکەی بەم شێوەیە نەبینیووە.جارێکی تر دایکی بەدەنگێکی لە سەرەخۆ لێی دووبارەکردەوە:
_کچم ! چی بووە ، بۆ قسە ناکەی؟!

کچەکە بە ناچاری ، بە شەرم و ترسێکی زۆرەوە ، وەڵامی دایکی دایەوە:
-  نازانم ! نا . چت پێ بڵێم؟
-  بڵێ ، چۆن شت لە دایکی خۆت دەشاریەوە ، ها ، دە پێم بڵێ!
-  ئەو بێ ئابرووە لە خەو هەستاوە و توشم بووەو خوێنی لێ هێناووم.
-  خوێنی چی ی ی ی!!!
-  ئەو دەزانی خوێنی چیە!

دایکی لە گەڵ ئەو قسانەی کچەکەی ، بیرکردنەوەی ئاڵۆز بوو، هیچ گومانێک ناکات شتی ئەوها لەو ماڵە رووبدات . بۆیە دڵی کچەکەی دایەوە:
-  نا ، نا ، کچم ! بە شەر برایەکەتم لە خەو هەستاندووە ، تا بچێتە بازار میوە بۆ شەو بێنێت.کەمێک پێش هەستانی تۆ رۆیشت.

کچەکە ، نەیزانی چۆن باوەر بە قسەکانی دایکی بکات:
-  ئەی ئەو خوینە چیە؟!

دایکی هەستی بە گومانی کچەکەی کرد ، کە ئەمە تەنها بیرکردنەوەو لێکدانەوەی خۆیەتی. ئاخر خۆی کوڕەکەی لە خەو هەستاندووە، زیرەکانە گەیشتە نەهێنی ئەم گومانە و زەردەخەنەیەکی بۆ کچەکەی کرد.کچەکە بە زەردەخەنەکەی دایکی توورە بوو، وتی:
-  بە چی پێ دەکەنی ی ی ی ی !!

دایکی پەنجەکانی دەستی راستی دوو جار بە روومەتی خۆی داهێناو بە هێمنی بە کچەکەی ، وت :
-  ئەوووو، وەی ی ی! بێدەنگ بە، با ئابڕوومان نەچێ.ئەم خوێنە خوێنی باڵقبوونە!

کچەکە ، خێرا وەڵامی دایکی دایەوە:
-  باڵق بوون چیە؟!
-  کچم ئەمە نیشانەی ئەوەیە تازە...

جارێکی تر، وەڵامی بە دایکی بڕیەوە:
-  تازەچی ی!!
-  کچەکەم ! هێمن بەوە بڕۆ دەم و چاوت بشۆ، خۆت بگۆڕە ، ئەوجا پێت دەڵێم.

ئەم قسانەی دایکی هێدی هێدی چرای هەڵچوونی کچەکەی کزکرد.وەک بڵێی لە خەوێکی ناخۆش دەربازبووە، بۆیە ئەو ترسەی لێ نیشتووە.ئەگەر چی ئەو سیماو ڕەنگی شێواو بوو ، جەستەی ماندوو بێهێز . باری دەروونیشی سروشتی نەبوو، ناچاربوو تەکانێکی داخۆ و هەستا،گەیشتە ئەو باوەرەی گومانەکەی هەڵە بوو ، خەریک بوو بە گومانەکەی خۆی گومانێکی گەورەو ترسێنەر لە لای دایکی دروست بکات.ماڵێک پڕ بکات لە گومان، بەڵام کاتێ دایکی هەستی بەو گومانە کرد، بووە شیرەتکاری کچەکەی :
-  دەی کچی خۆم ! هیچ نیە، بڕۆ دەم و چاوت بشۆ ، زوو وەرەوە ، با ئەمەت بۆ بگێرمەوە.


ئەم جارە کچەکە ئاخێکی قۆڵی هەڵکێشاو، بە بێ دەنگی چووە دەرەوە. دایکی لە دوای رۆیشتنی ئەو ، بە هێمنی سەرێکی باداولە بەر خۆیەوە وتی:
-  ئەی خوایە! ئەوە یەکەم رۆژی باڵقبونیەتی، خەریک بووهەرایەک بنێتەوە لەو ماڵە. لەمەولا خەمی گەورەبوونی ئەویشم هاتە سەر!!
سەیری کاتژمێرەکەی سەر مێزەی کرد، کات دڕەنگە ، هەستا هاتە دەرەوە رووی لە چێشتخانەی کرد ، تا خواردنێک بۆ ژەمی ئێوارە ئامادەبکات..
 

 

رواندز

r_xarand@yahoo.com