٢\١٢\٢٠٢٣
گوناهـ.

تاڤگە
سابیر
من دەمەوێ لە
بەرباراندا پشوویەك بدەم
کەچی ئێوە گوناھبارم دەکەن
کاتێك لە کۆڵانێکی تۆزاوییەوە گوزەر دەکا
فێڵێکە ھەموومان دەیزانین
گوناھێکە ھەموومان بەشدارین
درۆیەکە لە دڵی ھەمووماندا
ئیدی ھەستدەکەم میوانی رۆژەکان بم
میوانی ئەو
بێستانە کاڵانەم
ھەموو شتێك لەبەرچاومدا میوانە
ئیتر ئەڤین ئەو باخچە داخراوەیە کەس پێی ناگا
ئەو گۆرانییە دوورەیە کەس نایبیستێ
ئەو دەرۆزەکەرە بێ جێیەیە
شەوێک رێگای شاری لێ وندەبێ و جارێکی تر نابیندرێتەوە
ئەی ئەندێشەکەم.. من زۆر ماندووم
ھێندەی ئەوەی بە چرکەیەک ھەموو گەردوون بگەڕێم
بەقەد ئەوەی جارێکی تر خۆشەویستیی بکەم
رامکێشێتە ساختمانە پڕ لە ئارەزووەکەی خۆیەوە
لەوانەیە ئەو نووسینەم جادووێک بێ لەو جەنگانەی
گوڵەکان دەیکەن لەگەڵ سواراندا!!
جەنگێکە ئاوێنەکان لەگەڵ روخسارە پیرە دزێوەکاندا
جەنگی شەپۆل و کەنارە وشکە بێ ئابڕووەکانە
لەوانەیە گەمەیەك بێ تەنیا شاعیرە سەرخۆشەکان بیزانن
لەوانەیە زەنگی ئاگادارکردنەوەی گیانی تەنیایی ئێوە بێ
لە تاراوگەکانی ئەندێشەدا
ئاگادارکردنەوەی ئێوە لە ناو پەیوەندییە ساختەکانتان
لەو پووچگەراییە
هەمیشەییە
لەوانەیە بۆ چرکەیەک نەخەوی و
بە ماندوویی دێرەکانی بکەوی
تا دەگەیە ترسێکی بێ ناونیشان
ئەوەی من دەێڵێم خەو نییە.. بەڵام زۆر جار بە خەو دەیبینم
گومان نییە.. بەڵام زۆر جار لە کۆشکە رەنگاوڕەنگەکانیدا چاولێکدەنێم
بێزارم...
ھێندەی ئەوەی شەوێك لە دارستان
جەنەراڵێك بێ و باڵای سەنگینی خۆشەویستەکەم
دابگیرسێنێ
تەنیام و دەنگێکی نامۆ پێمدەڵێ بڕۆ...
ترس پەنچەرەکەمی گرتوە و ئێرە بەجێبێلە
گوڵەکان گرێیەکی هەمیشەیی
لە ماچی سپێدەیان دراوە و دەڵێن بڕۆ..
سپێدان سەیری ئاوێنەکەم دەکەم
روخسارم پێمدەڵێ بڕۆ بەجێیبێلە
نائومێدیی لە حەوشەکەماندا پاڵکەوتوە و دەڵێ ئێرە
جێگەی شاعیر نییە
ئێرە شوێنی ئەو کچانە نییە
سەراپا لە کچێتی
کەوتوون و
بوونەتە وەنەوزێکی ماندوو
ئێرە نیشتیمانی ئەڤینداران نییە
خۆشەویستەکەم دەڵێ ماڵئاوا...
ئەی ئەو کچەی شەڕ بەو گیانانە دەفرۆشی و ماندوو نابی
رۆژگاری ئەڤینداران تێپەڕیوە
سەرشەقامەکان دەڵێن
بێزارین لە ھەنگاوە بێ مەبەستەکانت.
ماڵپەڕی تاڤگە سابیر
|