په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٣\٢٠١٢

    گوناهەکانی زەمەن.

رێباز مەحمود

-١-

بریا پایز وەحشەتمی هەڵوەراندایە و
فریا نەکەوتایە بپەڕێتەوە بۆ زستان ...
خۆزگە زستان ساردوسڕیمی دەکردە شەختەو
پێڕانەگەیشتایە بچێتە وێزەی ئەفسونەکانی بەهار ...
ئەوسا،
بەهار بۆی هەبوو
مانای میهرەبانیم تۆختر بکاتەوە ...
هاوین هەقی بوو
بەچاوێک سەیری هەموان بکات :
((عیشق و ترێ و خەندە و هەنجیر و
ئێمەی سەرگەردان و
سروشتی جوانی ،
تەنیشت ڕێگا تیژڕەوەکانی کات)) !


-٢-

دوێنێ نامەی بە ئەمڕۆ نەدا ،
گەرچی ئەمڕۆ لاسایی دوێنێ دەکاتەوە ...
بەڵام بە چاوقایمی چرکەکانەوە دیارە ،
کە دوێنێ گەر نامەشی بۆ ئەمڕۆ ناردبێ
ئەمڕۆ بە هیچ جۆرێک ،
نەیخوێندۆتەوە !

-٣-

وەکو هاتین ...
بازگەی بەردەم یەکەم دەقیقەی مێژوو
بۆ داوای هەوێی لێ نەکردین ؟
بێشک ئەوسا
ڕق و
لوتبەرزی و
چاوچنۆکی
یەکسەر دەبوایە دابەزن ...!

-٤-

شوێن ،کە بەدەستوخەتێکی جوان نامنوسێتەوە ...
کات ، ئیدی ئێوارەکانت زیادەن ...
پێم ناڵێی بۆ پیاسە ،
بۆ کوێیان ببەم ؟!


-٥-

مەرگی ئازیزێک پەڵەیەک دەلکێنێ بە ئاوێنەی ڕۆحەوە
لە ساتەکانی پێکەنینا ناچاریت بڕوانیتە ئاوێنەکەو
لەوە تێبگەی :
شێوەت بۆتە چ نیگارێکی قێزەون !

-٦-
ئەم لێرە بوونەم هەرچۆنێک بخوێنیتەوە
بیسەر هەر چاوەڕێی کۆتایمە ...!!!
بۆیە وەک قامیشەڵانێکی پاشنیوەڕۆی هاوین
کش و ماتم ،
لە ئاست کزەبای دەرکەوتنی تۆ ...

-٧-

لە ناو وەیشومەی کاتا
ملیارەها گەڵای وەرینم
تەنها پرۆڤەیەکی سواوە؛
بۆ زرمەی کەوتنی دواین چرکەم...

-٨-

تازە کات ناهێڵێ،
ئاو واز لە ڕەوتی ئەبەدیانەی خۆی بهێنێ و
لە مانای تینوێتیدا نیشتەجێ بێ ...
کات ناهێڵێ قەت ئۆقرە بگرین ...
لە دەستاودەستپێکردنی ئەم هەموو ڕۆژ و هەفتە و مانگ و ساڵە ،
وا ژیان شلوکوت بوو ؛
ئاخر بەرەو کوێ ؟؟


-٩-

زەمین ژێردەستەی کاتە ،
کە ئەو نەتوانێ ئازاد بێ ..!
ئیتر دڵ بەم هەموو برینە قوڵا‌‌نەی خۆیەوە ،
چۆن لەناو ڕەوتی خێرای ئەم خەڕەکەشکاوەی تەمەندا ؛
ساڕێژ دەبێ ؟!

ماڵپه‌ڕی رێباز مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک