٧\١٢\٢٠١٤
گوناهی نورانی..
گسکدانی تەنهایی!

ئەرسەلان مەحمود
ڕۆژێک دێ
ئەوەی ڕۆژە لە مندا،
دەخنکێت ئەو ڕۆژە، ڕۆژێک بەڕێگەوەیە بێت،
ئەوەی هەبێت بە ناوی منەوە لە خۆیدا،
دەسوتێنێت ئەو ڕۆژە..
لە ناو دەرد و دەردێکیتردا ئەو ڕۆژە، لە نێوان بەرد و بەردێکی تردا ئەو
ڕۆژە، بێ ڕۆژیم دەنێژێت ئەو ڕۆژە. دەمێک ساڵە بە شوێنمەوەیە ئەو ڕۆژە،
لە هەر شوێنێک بم لە پێشمەوەیە ئەو ڕۆژە، بەرپێنەگیراوە، بە دوامەوەیە
لە هەر جێیەک بم ئەو ڕۆژە..
جیام دەکاتەوە
لە هیچکەس ئەو ڕۆژە،
هیچکەس جیادەکاتەوە لە خۆم ئەو ڕۆژە،
زۆر زوو دێت، زۆر درەنگ
دەڕوات ئەو ڕۆژە..
لە شەونمی سەر پەڕەی گوڵێکەوە ئەو ڕۆژە، زەردەخەنەیەک دەخزێ، دەڕژێتە
ناو خاکەوە ئەوڕۆژە، بڕوانن وەها خلیسکانێک چۆن غەرق دەبێت لە جوانی،
ببینن وەها داچونێک چۆن خامۆش دەبێت لە ڕۆناکی ئەو ڕۆژە، سەیرکەن لە
ناو ڕوبارێکی بە هاژە و هەڵچودا، جەستەیەک لە ڕیشەوە چۆن بەردەبێتەوە
لە ژیان و دەکەوێتە ناوەندی قوڵاییە دورەکانی وجودەوە ئەو ڕۆژە..
سێبەری
دوا سەفەری منە،
بەسەر منارەی چۆلییەوە
ئەو ڕۆژە..
لە هەڵاوی نەسیمەوە ئەو ڕۆژە، زریانێک لە فرمێسک هەڵدەکات، دەرگەیەک
دادەخرێت، کاتژمێرێک دەخەوێت، دڵێک دەوەستێت، خەتایەک لە کۆڵ ئەم
زەوییە دەبێتەوە ئەو ڕۆژە، چیدی لە تەک کەڤەرێکدا، چیدی لە پشت
گابەردێکەوە، گوزەری رۆژێکی دی دەرناکەوێتەوە ئەو ڕۆژە!
تارمایی
دوا تیرو کەوانی
ئەو دڵە ماندوەی عەشقی منە،
بەسەر سینەی گۆیژەوە
ئەو ڕۆژە..
دوا تریفەی مانگە شەوی منە ئەو ڕۆژە بێ گومان لە جوگرافیای دورگەیەکدا،
خەسار هەتا ئەو ڕۆژە، دەرچەیەکم تیایدا نەدیبچێتەوە سەر کوچەو
کۆڵانەکانی کرانەوە بەڕوی شەقامدا، دەروازەیەکم تیادا نەدۆزییەوە
بچێتەوە سەر باخ، هێزی ئەوەی تیادا نەبوو بمگەیەنێتەوە بەخۆم، بەخۆی!
دوا هەناسەی حەسەرتگەرایی منە ئەو ڕۆژە بێگومان لە فەزای بەندەرێکدا،
ئەفسوس هەتا ئەو ڕۆژە، دەستنوێژی عەشقم تیایدا نەشۆرد، گوڵیان نەگرتەوە
تیایدا شوێنپێکانی یادەوەریم، داری ئازادی تیایدا تێنوێتی لە بەنداوی
هەموو خوێنە ڕژاوە نەشکا و پۆخەیەکی ئازادییەکی بەرداری سەوز نەکرد!
دوا ماڵئاوایی بە حوزنەوەی منە ئەو ڕۆژە بێگومان لە دەربەندێکدا، حەیف
جەنگ تیایدا تەواو نابێت، تەوار تیایدا بەرزە بژی و بەرزە فڕ نابێت،
ئیمان بەهەبوون و ئیعتراف بە مەرگ تیایدا ناکرێت، خەندەی دڕندانە، بۆنی
نەرێت، سوژدەی درۆزنانە، ورد ورد لە خوێنى ئەو فەزایەدا گەرای خۆى
دەخات، دەستاودەست لە خوێنیدا دەژیت هەتاوی ئەم بەندوباوە!
رۆژێک بە ڕێگەوەیە بێت،
بە ئەندازەی خۆم خاک دەمگرێتە باوەشییەوە ئەو ڕۆژە،
بە هێندەی خۆم، ئیزافەیەک دەخەمە سەر
هەبوونی پایز ئەو ڕۆژە..
دەست لە نەشئەی گەڵایەک دەشۆن ئەو ڕۆژە، درۆ دەکات ئەوەی بڵێت: ئەمە
کۆتاییەکانی فرینە، ڕۆناکییەک ئاوا دەبێت، ڕاست ناکات ئەوەی بڵێت: ئیتر
ئەمە ونبوونی دوا جێپێکانی هەبوونە، چاڵێک تەژی دەبێت لە مەرگ، بەڵام
ئەمە وەستانی هەناسەی ئاو نییە ئەو ڕۆژە..
ڕۆژێ کدێ،
فریشتەکانی دەسەڵات،
ئاپۆرای مەخلوقە هزر ترشاوەکانی ئاوایی،
ئەوانەی گیرفانی عەتف و عەقَڵیان پڕە لە نوقڵانەی
عادەت و ڕواڵەتگەرایی
ئەو ڕۆژە..
بەخەتێکی قۆڕ، لەسەر فلێکس و لافیتە ڕەشەکانی ڕیایی، وەک ئەوەی ئیدی
بەهار گرێ کوێرەی تێکەوتبێت، دنیا تەژی دەکەن لە گەڵاڕێزان، وەک ئەوەی
ئیدی بەهای پابز تەنها لە خەزاندا بێت، دنیا تەژی دەکەن لەوەسف و
قەوانی ئەفسانەیی!
پەنجەرەی
خەونە تەڕەکانی زستان
ئەدەن بە یەکدا ئەو ڕۆژە،
بە ماڵەغانی مەجاز، بە داسەی میزاج،
بەرزاییەکانی هاوین دروێنە دەکەن و
گەنمڕەنگى دەچننەوە
ئەو ڕۆژە..
باس هەر باسی
گەوهەر و تەپوتۆزی
حیکمەت و دانایی و ئەزموونی منە
ئەو ڕۆژە..
ئەی ڕۆژی خۆرنشینم: کاتێک دەگەی دەزانم سیەکانی چێژت پڕن لە ئۆکسجینە
ئاڵەکەی مەرگ ئەوڕۆژە، دەزانم سەدەفی لۆژیک بەسەر پەنجەکانی سروشتدا
هەر دەڕێژی ئە وڕۆژە، دەزانم لەهەر هەنگاوێکتدا، لە هەر پێچێکتدا،
نەونەماوم و شاگوڵێک هەر دەنێژی ئەو ڕۆژە، هەر کاتێک دێیت بەخێر بێیت،
بەڵام تەنها یەک جار وەرەو ببڕێتەوە، ئەوەی نیگەرانم دەکات، شەپۆلە
شینە بەرزەکانتە، هەر جارەو لە کەنارێکم فڕئەدا، دڵم بە هاتنە
ئەبەدییەکت خۆشە، یەکجار وەرە و ببڕێتەوە..
تۆیش نەبای
بە شوێن ئەبەدیبوونێکی تردا دەگەڕا
ئەو ڕۆحەی لە مندایە
ئەو ڕۆژە!
لێگەڕێن بابێت ئەو ڕۆژە، ئەو خۆرنشینە، ئەو ئەبەدیبوونە، لێگەڕێن چرای
زیندو، درەوشانەوەی زیندو، فەزای زیندو، تەنها لە تاریکیدایە، تەنها لە
ئاوابوون دایە، تەنها لە ئەبەدیبوون دایە!
مەرگ
قیتارێکە ئەبەدی،
فارگۆنەکانی پڕپڕن لە سەرنشینی ڕۆناکی
بە ڕەچەڵەک گوڵەباخی ..
پڕپڕن
لەو ئیماندارانەی
قیبلەیان نیانترە لە نیانی،
پڕپڕن لە دەقە هەڵوەریوەکانی درەخت،
لەگوناهی نورانی، لە گسکدانی
تەنهایی!
ڕۆژێک بەڕێگەوەیە بێت.. هێندەی ئاسمانێک لەهەور دڵتەنگ دەبم ئەوڕۆژە،
کاتێک دەبینم: ئەو هەموو حۆرییە بەسەر منەوە و لە گیانی شەکەتی مندا
دەلەوەڕێن ئەو ڕۆژە، هێندەی دەریایەک دڵپڕ دەبم، کاتێک دەبینم: لەززەت
و هەوەسبازی، ئەوەى نەدەهێنا بۆی بمریت، بۆی بکوژیت، بەژمارەی ئەستێرە
خۆشحاڵی دەفراژێت ئەو ڕۆژە لەمندا، کاتێک خودا دەفەرمووێت: ئێمان بە
عەشق و ڕاستگۆیی، سەوزتر بوون لەپەڕوباڵی هەموو خەونە ڕیشدارو نەزۆرکە!
رۆژێک دێ،
بە یادی جاران،
جارانی تەژی لە دوعا و دەعبای ڕەش،
تەژی لە کوڵان و کڵپەی خامۆش، تەژی لە قەرەباڵغی و تەنهایی و
پوچگەرایی، وەک ئەوەی لە کونی ئاریچەیەکەوە ڕوناکی ببینیت، بە ئامێزی
ژیانەوە شەرابی کەلتوری بخۆنەوە و، بڵێن: چەند غەمگینە بێ تۆیی، چەند
دڵنشینە هەڵدانی کۆلارەی یادەوەری!
هێندە جوان دەنوێنم لە بەردەمتاندا ئەو ڕۆژە، هێندە پێدەکەنم
لەگەڵتاندا ئەو ڕۆژە، پێکەکانی نەوازشتان بڕژێت و، بڵێن: ئیتر تەواو،
تەواو ئیتر، شایەنی ئەم سەر زەمینە نیت چتر، ئیتر دەمریت، دەبێت
بمریت.. ئەو ڕۆژە مەرگی منە، فڕینێکە ئەبەدی، بە ئاسماندا!
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|