


کاتەکان لە یەک دەچن
ڕۆژترین شەو لەگەڵ تۆدا
شەوترین ڕۆژیش لەگەڵ ئەو
ژیان ئاڵۆزترین سادەیى یە
زەمەنێکە لە هاتنەوەى
سوڵتانەکانى عیشقەوە دەست پێ دەکا
من والى مەملەکەتى عیشقم
کورسیەکەم باوەشى یارە
دیوانەکەشم دڵى ئەو،
من لە مەنفاوە هاتووم
عەباکەم خەڵتانى خوێنە
تابوتم جەستەى ئەنفالە
ساباتیشم پرچى خۆڵەمێشى هەڵەبجەیە
دەلۆ..لۆ هایێ هایێ ێ ێ ێ ێ
مارشى دەسپێکى ژیانم
هەر سەردولکەى مەرگ بووە
حەیرانیشم
(هەر لۆ بسک و باخەرى
کیژۆرە ئەسمەرێ بووە)
پێنج فەرزەى نوێژیشم
هەر بۆ خواى عاشقان بووە
خودایە
خوداى عیشق و ئەنفالستان
لەوەتەى هەم تەمەن بەئازارى ناساندووم
کەچى تۆش دەمخەیتە قوڵایى دۆزەخەوە،
من لەنزیکترین خاڵى قەدەرەوە هاتوم
لەگەڵ ئەشکەنجەو کۆژانەکانم ڕاهاتووم
لەگەڵ فیراقیش دەچمەوە...
ئیدى کۆتایى یەکان
سەرەتاکان دەپێچنەوە،
ئازارەکانیش
گوناهەکانم دەشۆنەوە
گوناه..گوناه
ئەى جوانترین و گوناهترین ئاگرى دۆزەخ
بێرەو حەزەکانم یاخین لێت
ئیدى کرنۆش بۆ کێ بەرم؟
دەپێم بڵێ:
هەڵچونى ڕووبارێک خوێن
یا باوەشى ژنێکى پڕ تامەزرۆ
یاخود نیشتیمانێکى ئەنفالکراو،
کەچى ئاوێتەى لێوى
گوڵێک و پەپولەیەک
لە گەڵ چاوتروکانێک
لە چۆلەکەیەکى سەرداتێلەکانى شەقام
گوناهن...
گوناه لەیەکەم سورەتى عیشقەوە
دەستى پێ کرد
تا گەیشتە دوایین هەناسەى مەرگ،
من نە بووم تۆم خستە نێو مەراقى گوناهەوە
بەلێوى وشکى خەمم ناساندى
لە نێو کتێبە پیرۆزەکانى عیشقم شاردیەوە،
بەڵام من گەورەترین گوناهم کرد
کەتۆو نیشتیمانى خۆڵەمێشم خۆشویست..!!!
Xamosh_s@hotmail.com
|