په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١١\٢٠٢٠

گوتاری ئەدەبی و زمانەوانی دەق.


سمکۆ محەمەد       


جاکۆبسون ئاماژەی بەوە داوە کە زمانەوانی لەسیستمی کارپێکردنەوە، گۆڕا بەرەو خوێندنەوەی ئەدەبی و دەڵێ (بابەتی زانستی ئەدەبی. ئەدەب نییە، بەڵکو ئەدەبییە)، بەڵام ئەگەر خوێندنەوەی ئەدەبی گەرەکی بێت ببێتە زانست، ئەوە دەبێ بزانێ کە تاکە رێگە ئەوەیە کارێکتەری سەربەخۆ بێت.

 
زمانەوانی و رەخنەی ئایدیۆلۆژی.


لەسیستمی زمانەوانیدا پەیوەندییەک لەنێوان بەکارھێنانی زمان و ئاماژەکان ھەیە، چونکە زماننسای پشت بە گوتراو نابەستێت، ھەروەک ئەم رستەیە کە دەڵێ (ماسی لە ئاودا دەژی). ئەمە زمانێکی باوە، بەڵام ئەوەی کە نەگوتراوە دەبێتە دیکۆمنتێک بۆ تێگەیشتن لەزمانی دووھەم کە لەنێوان خوێنەر و دانەر رێکەوتنی لەسەر دەکرێت، کەوابوو لێرەدا تێکست لەکاتی دەستاودەستکردندا لەسەر زار جێکەوتە دەبێ، وەکو ئەوەی لەقسەکردنی رۆژانەدا شیعرێک وەکو نموونە بەکاردێت، بۆیە زمانناسی گرینگی بەھاوپشتی کردنی ئەو زمانە دەدات کە وەردەگیرێت و زوو دەچێتە سەر زار، لێرەوە سیستمی زمانەوانی لە بەکارھێنانی زمان دەکۆڵێتەوە، چونکە پشت بە بونیادی دەستاودەست کردن دەبەستێت، لێرەوە تێبینی دەکەین کە دەقی ناباو ئامانجێکی دیاریکراوی ھەیە، ئەویش بەرھەمھێنانی مانایە لەنێو زمان، ئەم فەزایە لە دونیای ئەدەبی کوردیدا زۆر بەکەمی دەبینرێت، بۆیە شیعر یان تێکستی ئەدەبی لەزەینی خوێنەردا جێکەوتە نابێت، ھەروەھا رووبەرێکی دیاریکراویشی نییە لە دونیای لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، بەو مانایەی ئێمە زۆر بەدەگمەن دەبینین تێکستێک ببێتە جێگەی تێڕامان کە توێژەرە ئەدەبییەکان خوێندنەوەی بۆ بکەن، بەبیانووی ئەوەی سیاغەی زمانی کردووە، یان پێوەرێکی دیکەی بۆ ئاخاوتن داناوە و گەشەی بە زمان داوە، ھەربۆیە ئەو فەوزا ئەدەبییە لەدونیای رۆشنبیری کوردی دەبینرێت، بەشی زۆری ئەدیبی کورد خەریکی شیعر و رۆمانن، لەھەردوو ژانرەکەدا نوێگەری و شتێکی ناباو نابینین کە ببێتە جێگەی سەرنجی دەرەوەی زمانی کوردی، ئەوەی ھەیە ھەموو باوە و لە قسەی ئاسایی بەولاوە ھیچی تر نییە.


رەخنەی ئایدیۆلۆژی لەچەند پنتێکدا لەگەڵ رەخنەی ئەدەبی یەکدەگرن و لەشوێنێکدا جیادەبنەوە، لەوشوێنەدا یەکدەگرن کە خوێندنەوە بۆ دەقێکی وشک و بارگاوی بە سیاسەت دەکرێت، لەو شوێنەشدا لێکجودا دەبنەوە کە چوارچێوەکە دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵناسی سیاسی، چونکە رەخنەی ئایدیۆلۆژی کارێکی پەیوەستگەراییە و یەک ئاراسە ویەک بیرکردنەوەی دیاریکراوە بۆ رابردووی دەق، قودرەتی ئەم ستایلە لەوەدایە کە شرۆڤەی بونیادی فۆرمێکی کۆمەڵناسی و ئابوری و چینایەتی دەکات، بەڵام زمانەوانی ئەم کایانە بەوەزیفەی خۆی نازانێ و لەنێو زماندا بەدوای مانادا دەگەڕێت بەدوای ئیدراکێک دەگەڕێت کە مانا بەرھەمدێنێ.


ئاسانترین پێناسە بۆ ئایدیۆلۆژیا ئەوەیە کە کۆمەڵێک تێڕوانینی ھاڕمۆنییە بۆ یەک ئاراستەی فکری،یەک بیرۆکە و یەک ئامانجە کە تێیدا چین و چینایەتی دەدۆزرێتەوە، ھەروەھا یەک ئامانجە بۆ خزمەتی فکری سیاسی چینایەتیش پراکتیک دەکرێت، بەڵام رەخنەی ئەدەبی خوێندنەوەی زمانەوانی و پنتە جیاوازەکانی ئەدەبە کە لەسەر کایەی کۆمەڵناسی دەژی، بەتایبەتی سیستمی ئەدەبی کە لەسەر کەیسی فکری راوەستاوە، نووسەر ناچار دەکات پەیوەندی لەگەڵ فەزای جیاواز ھەبێت و تاک رەھەند نەبێت، بەپێچەوانەوە ئایدیۆلۆژیا نووسەر ناچار دەکات پاڵەوان لەخزمەت کرداری ئەدەبی بێت و براوەبێت، چونکە لەتێڕوانینی ئایدیۆلۆژییەوە پاڵەوانی دەقێی رۆمان، کارێکتەرێکە لەبری گشت و بەناوی گشتەوە قسەدەکات، درووشمەکان و چاکەکارییەکانی و پۆزەتیڤیەکانی زیاترن لە نیگەتیڤەکانی، ئەم خەیاڵە وەزیفەی ئەدەب نییە، بەڵکو خەیاڵی سیاسیە بۆ ئایدیاکەی.


باڵزاک ھەرچەندە لەرووی سیاسییەوە لایەنگیری رژێمی پاشایەتی کردووە، بەڵام ھیچ کات لایەنە کۆمەڵایەتییەکەی بیرنەچووە، بگرە لە بواری فەلسەفی سۆسیالیزمەوە باسی کێشە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانی کردووە و ئاگری کردۆتەوە بە ئەدەب، بۆیە زۆرترین کار لەسەر بەرھەمە ئەدەبییەکانی کراوە، " ئەمە ئەدگارێکی ئایدیۆلۆژیایی پێدەبەخشێت کە ھەر جۆرە گوتارێکیش لە شێوازدا ملکەچی یاسای سرووشتی ماتریاڵی بە خۆیەتی و لە نێو مێژوودا دەژی و دەمرێ، لەو روانگەیەوە شیعر وەکو یەکەیەکی سەربەخۆی پێکھاتەی روخسار و ناوەڕۆک و پڕۆسەیەکی ئایدیۆلۆژی ئیستاتیکی ناوزەد دەکرێت، لەنێوەی یەکەمی سەدەی بیستەم نموونەی ئیدیۆلۆژیا لە میانەی یەکەم بەرھەمی لەدایکبوونی مەرگەسات پێشکەش بە خوێنەر کرا، ئەمەش دیدێکی گرینگی بە جیھان گەیاند کە دیدێکی ئیستاتیکی بوو لە ھەمبەر ئەخلاقیاتی وجوودی، بەڵام لە بەرھەمی ئەدەبیدا ئیدیۆلۆژیا کێشەیەکی مەعریفی لەسەر حیسابی بۆچوونەکانی نووسەری دەھێنێتە کایەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە مارکیسزمی ھاوچەرخ بایەخی بە ئایدیۆلۆژیا دەدات و جەختیش لەسەر سەربەخۆیەتی دەکات.


ئیدیۆلۆژیا حاڵەتێکی حاشاھەڵنەگر و کاریگەری ئەدەبە، بەو پێیەی کە ئەدگاری کۆمەڵایەتی بۆشاییەکەی گەورەی بۆ بەرگریکردن ھێشتۆتەوە، تەنانەت ھەندێکجار بۆرژوازییەکانیش وەھا دەڕواننە بواری ئەدەب، یان خودی دەقنووس وەختێک پشتی دەق دەخوێنرێتەوە، سەربەخۆیی ئەدەبی کە دابەشکارییەکی نێوان سەربەخۆیی و گوتار ناسراوە، کێشەیەکی دیکەی ئەخلاقی درووست کردووە کە دەقنووس ناتوانێ رزگاری بێت لەو ھەڵوێستەی کە لەناخیدا زیندانی کردووە، بۆیە لە نائاگاھیدا دەریدەبڕێت، ئەم ستایلە بۆ ئەدیبی کورد نەبووە رێچکەیەک کە بەرێچکەی کۆن ناسراوە لەرۆمانی رۆژئاوایی و رۆمانی فەڕانسی بەتایبەتی، بەبیانوی ئەوەی کە خۆیان لەقەرەی سیاسەت نادەن و ئەدەب دەبێت لەپشتی واقیعەوە بڕوانێتە سرووشتی کۆمەڵگەکەی، بەڵام ئەمە جگە لەخۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی نووسین، مەبەستم لەو بەرپرسیارێتیەی سارتەر نییە، ھیچی تر نەبووە، کەچی بەپێی نزمترین ھێرمۆنتیکی بۆ دەقی ئەدەبی، دوا رۆمانی (دەریاس و لاشەکانی) بەختیار عەلی، ئەم رۆمانە تەواو تێوەگلاوە بە سیاسەتەوە، چونکە مەبەستی پشت دەقەکە لەخوێندنەوەیدا، ئاشکرایە کە پاڵەوانەکانی بۆچی دەوریان بەپێی رۆمانسیەتی سیاسی دابەشکراوە، پاڵەوانی مێژوویەک لەخوێن کە بە بیانووی سیاسی جودا کراوەنتەوە لەیەکتری، پاڵەوانێک جوان و ئەویتر ناشیرن، ئەمە ئاراستەکردنی خوێنەرە بە زانینی ساختە، لەکاتێکدا ھەریەک لەو پاڵەوانانە خاوەنی یەک مێژووی نەتەوەیین و ھیچیان لەوەی تریان پاکژتر نیین.


لێرەوەیە کە دەبینین چۆن ئەدەب لەبری مێژوو لەبری یادەوەری و لەبری نووسینی سەتحی و بێ بیرکردنەوەی قوڵ، جێگەو ڕێگەیەکی دیکەی ھەیە بۆ دونیابینی، ھەروەھا بۆ ریکۆردکردنی ئەو شارستانیەتەی بەزمانی نووسەر دەنووسرێتەوە، بۆ سەلماندنی ئەم بابەتە بڕوانە ھیندی و چینی و بەرازیلی و ئەفەریقی یۆنانییەکان.


وەکو ئاڵتۆسێر دەڵێت (کاتێک ئەدەب وەزیفەی کۆمەڵایەتی دەبینێ، ئەوکاتە توانای خۆی لەبار دەبات و دەگوازێتەوە بۆ گەمەکردن بە سرووشت و ئەو شتانەی کە ھەستیاریان ھەیە لەگەڵ ئەدەب)، بۆیە گوتارەکەشی لەگەڵ زمانەوانی یەکانگیر نابێت، چونکە ئەدەب کۆمەڵێک یاسای زمانەوانی پێشوەختەی ھەیە، یەکێک لەوانە زیندووکردنەوەی زمانە کوژراوەکان و داھێنانی دەقێک لەنەبوونەوە بۆ بوون، ھەروەھا ئەو دیمەن و وێنانەی کە دووبارە نابنەوە لەلایەن خەڵکەوە، بەرلەوەی دەق بچێتە نێو زمانەوانی مەیدانی خوێندنی ئەدەبییەوە، پێوەر بۆ دەق ئەوە بوو کە بەبێ حوکمی بەھای ئەدەبی، دروشمبازی و ئایدیۆلۆژیا و شارچێتی و گروپچێتی و مەزاجی سیاسی و ھتد. قیمەتی وەردەگرت، بەڵام کە ئەم بابەتە بەپێی تیۆری گادامیر و گۆڵدمان و لۆکاش پێوەری بۆ دانرا، ئازادی خۆی لەنێو زماندا بینیوە، ھەروەھا نووسەریشی ئازادکرد کە بەپێی ویستی ئایدیۆلۆژیا بنووسێت و ئازادی خۆی لەدەست بدات، یان بەپێچەوانەوە ئینتیما بۆ ھیچ ئایدیایەک نەکات و سەربەخۆیی دەق بپارێزێ.


دەسەڵاتی دەقیش لەبری دەسەڵاتەکانی دیکەی دەرەوەی ئەدەب، ئەو سانسۆرە بەرھەمدێنێ کە پێشبڕکێی داھێنان درووست دەکات، ئەمە ئەو خاڵەیە کە سیمایەکی گەشەسەندنی ئەدەبی وەرگرت.


ئەدیب دەبێ ھەم نووسەرێکی زمانەوانی و ھەم میتۆدی بێت، ئێمە لێرەدا باس لە زمانی ئەدەبی و فکری دەکەین بۆ شتەکان، بەزمانیش باسی زمان دەکەین، ئەگەر زمان پنتی دابڕینی نێوان ئەدەب و زمانەوانی بێت، ئەمەیان سەفسەتەبازی و وەھمی زانستییە، چونکە بەبێ ھەرکامێکیان کارەکە کەلێنی تێدەکەوێت، بەوپێیەی کە زمان لەنێو ئەدەبدا کارێکی بەردەوامییە، سۆسێر دەڵێ (ئینسان بەبێ قسەکردن بوونی نامێنێ). کەواتە زمانەوانی لەپێناو تاکە زمانێکدا نییە، بەڵکو مانەوەی تاکۆتایی ئینسانییەتە نەک بەشەرییەت بەگشتی لایەنە مێژووییەکەی، چونکە ئینسانیەت لێرەدا ئینتیما نییە بۆ گروپێک یان کۆمەڵگەیەک یان زمانی نەتەوەیەکی دیاری کراو، بەڵکو ئامانجێکی ھیومانیستییە، بۆیە زمان بەشێکە لە کەرەستەی مەعریفە و شارستانیەت، بەوپێیەی کە لەرێگەی زمانەوە مەعریفە لە مەحاڵەکان دەگەڕێت و شتەکان دەدۆزێتەوە و بەبێ ئینتیما لەسەر ئەو بوونە دەنووسێت کەواقیع بزری کردووە. بۆیە بۆ ھەر بابەتێکی مەعریفی ئەدەب پێویستە، چونکە بەبێ کۆد و ئاماژە و سیمبول ئەم کارە مەیسەر نابێت.


ھەروەھا بۆ عەقڵیش بەمیقداری ھێزی تێڕامان دەپێورێت، تاکو لەپشت خودی عەقڵەوە مانای جیاواز بەرھەمبێت، بۆیە ئەم بابەتە نە کۆتایی دێت و نەدەسڕێتەوە لە زەینی ئینسان، کەواتە ئەم ئەزموونە لەبەبابەت زمانەوانی، بنەمایەکی بەردەوامە بۆ بەرھەمھێنانی کۆنتێکستی بێ سنوور. تەنانەت بۆ دەقیش کە لەرێگەی وشەوە لەدەرگاکان دەدات، تائەو جێگەی دووچاری عجز دەبێت، بۆیە ناوەستێت لەوەرگرتنی موفرەدەکانی دەرەوەی خۆی، ئەمە بەشێکە لە ئازادبوون لەنەخۆشی.


ئەدەب سیستمی زمانەوانییە.


" ئەو تەنگوچەڵەمەیەش کە شیکارکردنی زمان تێی دەکەوێت، ئەوەیە یان دەبێت ئەزمونگەرییەکی تەواوبێت، ھیچ شتێک قەبوڵ نەکات، جگە لەمەسەلە شیکاریەکانی زمان کە لەئەزموونەوە سەرچاوە دەگرێت، لەم حاڵەتەدا ناتوانێت پشت بەخوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی ورد ببەستێت کە بنچینەی ئەزموونە". چونکە کارناب پێیوایە زمان دوو وەزیفەی ھەیە، یان گوزارشت لەشتێکی واقیعی دەکات، یان گوزارشت لە ئارەزووەکانی خودی بەکارھێنەرەکەی دەکات، فەلسەفەی کلاسیکیزم ئەم دووانەی تێکەڵ بەیەکتر کردووە، لەکاتێکدا ئەم بۆچوونە گوزارشت لەتەواوی ئەوانە دەکات کە لایەنگری پۆزەتیڤیزم بوون.

رۆڵان بارت دەڵێ ئەدەب ھیچ نییە جگە لە زمان، بەومانایەی سیستمێکە لە ئاماژەکان، ھەروەھا کائینێکی بەجەوھەر نییە ئەگەر سیستم نەبێت، بەم مانایە بێت ئەگەر ئەدەب زمان بێت، کەواتە توێژینەوەیە، بەڵام سیستمی ئەدەبی پێچەوانەی سیستمی زمانەوانییە، توێژینەوەش لەسەر ئەم دوو پرنسیپە راوەستاوە.


یەکەم: پێکھاتەگەرایی: ئەمەیان لەسەر گرینگیدان بە یەکەکانی پشتی دەق وەستاوە، ھەروەھا کۆمەڵێک پەیوەندیی جێگیرە لەنێوان ئەو یەکانە.


دووھەم: دەلالی: ئەمەیان لەسەر گرینگیدان بە وەزیفەی دەق و کۆنتێکست وەستاوە کە ھەر دالێک مەدلولی خۆیە و بەپێچەوانەوە مانا بەرھەمنایات.


پرنسیپی دووھەم.


یەکەم ژێرخانە یان ناوەکییە.
دووھەم سەتحی و دەرەکییە.


دەبێ ئەوە بزانین کە بونیادی یەکەم دەلالییە و عەفەوییەتی ئەدەب درووست دەکات، بەوپێیەی بریتییە لە کۆمەڵێک رەگەزی ورد و نادیار، یان خودی و رۆشنبیریی و کولتووری، یان مێژوویی و کۆمەڵایەتی و دەروونییە. بەڵام بونیادی دووھەم پێکھاتەکەی بۆ قودرەتی ناوەکی دەگوازرێتەوە کە بەکردار ئەدەب بەرھەمدێنێ، لێرە رستە بچوکترین یەکەی پێکھاتەیی تەعبیرییە کە دەق کۆنتڕۆڵ دەکات، بەوشێوەیە کە ئەدەب لەرێگەی گوتنەوە نێوەندگیریی بە کیانی کۆمەڵایەتی دەکات و دەیگوازێتەوە بۆ دەقی وەزیفی کە ئەمە نێوەرۆکی ھەموو پەیامەکەیە و بەبێ مەعریفە مەحاڵە.


زمان کامڵە و ھەر بۆیە ئەدەبیاتیش کامڵە، باتای گوتوویەتی ئەدەبیات یان ھەموو شتێکە و یان ھیچ نییە، ئەم کۆنتێکستە پێکناکۆکی تێدایە، بەڵام پێوەرێکی یەکلاکەرەوەی دەقە لە ئیستاتیکییەوە بۆ کرچ و کاڵ، ئەدەبی ئێستا گەورەترین کێشەی ئەوەیە کە ناپێورێت و مافی خوێنەر نادات، کە خاڵییە لە مەعریفە و کێشەی بۆ مەعریفە و عیرفانیش درووست کردووە، بەزمانێک دەنوورسێتەوە کە دوژمنی زمانە، شتێک دەگێڕێتەوە کە نەچیرۆکە و نە دەربڕین و نە گوتارێکە بۆ گەیاندن، نە شتێکی شاراوەیە و نە بەئاشکراش ئامانجەکەی پێکاوە، ئەمانە بەشێکن لەرێگری کردن لە میتۆدی زمانەوانی بۆ دەقی ئەدەبی، چونکە پشتی بەزمانێک نەبەستاوە کە رێگەی بڕیوە بەرەو ناولێنان لە خۆجیاکردنەوە لەگەڵ زمانی رۆژانەی واقیعی.


چێژی دەق.


بەشی زۆری ئەو موناقەشانەی لەبارەی دەقەوە دەکرێت، باسی تێژی دەق دەکرێت، تا ئێستا من نەمبیستووە بەجددی باسی چێژی دەقێکی کوردی بکرێت کە بۆچی ئەو دەقە چێژی ھەیە و چێژ بەمانی چی، چێژی دەقیش وادەکات کە تۆ ھەست بکەی خەڵک بونیان لەتۆدا دەدۆزنەوە، ئەمە جوانترین پیشەسازی گوتنە کە شاردراوەتەوە و زمانێکی دیکە جێگەی گرتۆتەوە، ئەم ململانێیەلەنێو گوتاری ئەدەبی و سیاسیدایە، بۆیە نە شێوەی دیارە و نەشوێن و کاتی، بەڵام ویستێک بەرھەمدێنێ کە خۆشی بینینە لە خوێندنەوەی دەق، چونکە چێژی دەق ئەو چرکەساتەیە کە جەستە لەگەڵ فکرەکەدا تێکەڵ دەکات، تۆدۆرۆف دەڵی (ئەدەب سیستمە) ئەو پێیوایە لەسەر بونیادی خۆی ئەم پێوەرە دانراوە. بەڵام کار جیاوازە لەگەڵ چاکە کە زۆربەی زانستەکان ھەیانە، کار لەئەدەبدا عیشقێکی ئەدەبییە بەگوتن، شوھرەتێکە دەچێتە تێکستەوە، ھەروەھا چێژێکە بۆ پێشنیارکردن، لەدونیای ئەدەبی کوردیدا ئەم پێناسەیە جێکەوتە نابێت، چونکە ئەدەب بۆ کورد نەبۆتە سیستم و ھێشتا لە فەزای سۆزداریدا گیری خواردووە.


ھیچ چەشنە واتابوونێک ناتوانێ لە کولتوورێکی بە کۆمەڵدا رووبدات، کولتوورێک کە ھەڵبەت راست وەکو جیاوازی زەوی و ئاسمان و ئاو و ئاور لە کولتوورە بە کۆمەڵەکان جیایە، چیرۆک ھەرچەندە خۆش و درووست و وێژتر بێ، شەیتانی تر و لەبزێکی یەکدەستتر دەگێڕدرێتەوە، گۆڕینی ئەو خەوشدارکردنی پشت و رووی خوێندنەوە ئاسانتر دەکات، ئەم وەرچەرخانە داھێنان و ناوازەیە، بەشێوەیەکی گەورەتر و بەرینتر چێژی دەق پەڕە پێدەدات. وەختێک دەقێک دەخوێنینەوە و چێژ وەردەگرین، ھەر ئەوکاتە خۆمان لە پێوەری زمان و شەیدابوونی وێناکردن دەپارێزین، چونکە لەپشت ھەموو دەقێکی ئەدەبییەوە، خودانێک ھەیە کە ئەدیبە و خوڵقێنەری دەقەکەیە.


ئەو تێکستانەی کە بەچێژن و بەچێژەوە دەخوێنرێنەوە، بەتام و چێژێکی مەعریفییەوە نووسراون و راستۆگیی و توانا ئەدەبییەکەی ناکۆک نیین. لەکاتێکدا دەق ھەیە نەک ھەر چێژی نییە، بەڵکو خوێنەریش نیگەران دەکات و دووری دەخاتەوە لەخوێندنەوە، چونکە نووسەرەکەی ھیچ ئامانجێکی نییە نەک ئیستاتیکا. بەڵکو لەھەزرەکارێک دەچێت کە بۆ خۆشەویستەکەی نامەی نووسیبێت، بۆیە لێرە خوێنەر بۆ دەقی کلاسیکی دەگەڕێتەوە، چونکە دەقی رەسەنە و ئامانجی لەپشتەوەیە، چونکە سەر بە سیستمی کولتوورییە و لاسایی ھیچ ئۆبژەیەکی دیکەی نەکردۆتەوە، چونکە باو نییە و زمانێکی دیکەیە و پشتی بە مەعریفە بەستاوە، لەو دەرگایەی داوە کە ئینسان بەزمانی سادە و خاکەڕایی دەرھەقی نایات.


کەوابوو ئێمە بۆیە کێشەی زمان و بەرھەمھێنانی مانا و دەقی کراوە و دەقی چێژ بەخش و ئیستاتیکیمان ھەیە،چونکە لەبەردەم قەیرانی دانەرداین، نەک قەیرانی خوێنەر، دانەرکە خۆی ھێشتا پێویستی بەدەستگرتن و خۆ پڕچەک کردنە لەرووی مەعریفییەوە، چۆن دەتوانێ دەق بشکێنێت و فەزایەکی نوێ بخوڵقێنێ و خوێنەر ئاشت بکاتەوە لەگەڵ ئەو ئیستاتیکایەی دەق پشتی پێدەبەستێت، ئەدەبی کوردی کە کەلێنێکی تێکەوتووە لەخوێندنەوەی دەق و رەخنە، ئەلێرەوەیە نەخۆشییەکە، چونکە بەدەگمەن ھونەرێک لە نووسینەوە یان دەقێکدا دەبینین کە ھەوڵی دەقشکشکاندنی تێدابێت، دەقنووسەکە بەستایلێکی نوێ بیری کردبێتەوە و بیری لەخویچنەر کردبێتەوە کە پێویستی بە فەزایەکی دیکەیە.

_________________________________________________
سەرچاوەکان:
١- (کولن ولسن. الانسان و القواە الخفیە. ترجمە. سامیە خشبە. دار الاداب بیروت. گبعە ٢٠٠٩. ێ١١٧).
٢- (مجلە القافلە ١٩٨٨ عدد ٩).
٣- (ھایکوھاو زیندوروف. فولفغنغ کسلمان. علم لسانیان النێ. ترجمە د. موفق محمد جواد. دار المامون.بغداد ٢٠١٦. ێ٢٩).
٤- پێکھاتە و راڤەی دەق. بابەک ئەحمەدی. وەرگێڕانی. مەسعود بابایی. بڵاوکراوەکانی سەنتەری لێکۆڵینەوە و فکری و ئەدەبی نما.
٥- رۆلان بارت. چێژی دەق. وەرگێڕانی بۆ کوردی. ئیسماعیل زارعی. دەزگای وەرگێڕانی. ساڵی ٢٠٠٩.
٦- ئازاد عەبدلواحید کەریم. سۆسیۆلۆژیای شیعری کوردی. لەرووی پێوەرە ئەخلاقیەکانەوە. کتێبی گزنگ. ساڵی ٢٠٠٥. ل٧٠.
٧- رۆدۆلف کارناب. وەزیفەی زمان. وەرگێرانی بۆ کوردی. کۆمەڵێک نووسەر. دەزگای ئایدا بۆ فکر و لێکۆڵینەوە. ٢٠١٩. ل٣٣.

 

ماڵپه‌ڕی سمکۆ محەمەد

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک