په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٤\٢٠١١

گوتاری (کگی)، رەشبیرەکان و شنەباکەی خانەقین!

سەلام عەبدوڵا  

سەرمایەداری، عەدالەت و ئازادی دەوێ؟


سێهەم دەوڵەمەندی جیهان(ڤارن بوفیت) لە2006دا وتی: راستە جەنگی چینایەتییە، بەڵام ئەوە جەنگی چینەکەمە، چینی دەوڵەمەندەکان جەنگ بەرپادەکات و ئێمەش تێدا بەشداری دەکەین تا سەرکەوتن بەدەست بهێنین.) .


لەبەیاننامەکەی گۆڕان دەربارەی هەڵومەرجی ئێستای کوردستان هاتووە:...لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پایتەختە گەورەکانی دنیا پێشوازی لەو گۆڕانە دیموکراتییە دەکەن و پشتیان کردۆتە ستەمکارو دیکتاتۆرەکان).


هاوپەیمانی(کیگ) و گوتارە ئەفلیجە راستڕەوەکەیان راستی بارودۆخی جیهانی دەشارنەوە و نایانەوێ بڵێن سەرمایەداری بۆ خۆ رزگارکردن لە قەیرانەکەی خەریکی شەڕو پێکدادانە، ئاخر پایتەختە گەورەکان بە فکرو سیاسەتی دیکتاتۆریانەی قازانج، ئاگرەکەیان خۆشکردووەو هەموو کاتێک گڕیان تێبەردەبێ. لەم بارەیەوە سیاسەتمەدارو نووسەری ئەمریکی فۆکۆیاما لەدوا چاوپێکەوتنی لەگەل رۆژنامەی(ڤێڵت)ی ئەڵمانی، دەڵێ: (کێشەکە گشتییە و تەواوی وڵاتە پیشەسازییەکانی گردۆتەوە.)، ئایا ئەوانە لەو بۆچوونە تێدەگەن؟ دەسەڵاتە تەکنۆکرات و لیبراڵ دیموکراتی سەرمایەداری وەک لە بانگەوازێک بۆ یەکی مەی نووسراوە روونیدەکات(نەک تەنها مرۆڤ، بەڵکو ئاژەڵ و سروشتیش بەدەست سەرمایەداری دەناڵێنن...جەنگ، کوشتن و وێرانکردن باری ئاسایی سەرمایەداریە)!


بەڵێ ئەو عەدالەت و ئازادییە دەوێت کە پتر لە دوو سەدە کوێلایەتی، چەنگ، داگیرکردن و چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤ چەسپاندووە.

راگەیاندنەکانی"ئۆپۆزیتسیون".


راگەیاندنەکانی"ئۆپۆزیتسون"و حکومەت لەناو بازنەی سیاسەتی جیهانی سەرمایەداری دەخولێنەوەو جەماوەر هەڵدەخەلەتێنن، بۆ نموونە"عەیب نەبێ" حکومەت"بەسەد شێوە بەخۆی بەری بەدەست کچە دەرەکییەکانە و پشتی بە دەست چەندین دەستی دەرەکی، کەچی هەوڵی نەیارەکەیان(کیگ)بە دەستی دەرەکی ناودەبەن، وەک بڵێی شتێکی نوێ و دەگمەن بێت. ئەگەر یەکێک بییەوێ بزانێ کامە حزب و لایەن ئەجندای کام فراکسیونی سەرمایە لەسەر ئاستی جیهان جێبەجێ دەکا ئەوا دەتوانێ ئێوارەیەک گوێ لە کەناڵی تەلەفزیون بگرێ یان رۆژنامەکەیان ببینێ. هەردوولایان بە نەخشە رێگاکانیان سەریان لەخۆیان و خەڵک شێواندووە، بەڵام لەبەر ئەوەی(گۆشتی یەکتر دەخۆن، ئێسقانی یەکتر ناشکێنن)، لەدواییدا دەسەڵات برابەشدەکەن و کات و دەست و گیرفان و بەدبەختی و دگانی ئێمەش بە بەرد!!

دەستی شاراوە و وەهم!


سەرۆکی ژینگەی بانقی جیهانی لە 2003، وتی: (گۆڕانی کەشوهەوا گەورەترین حاڵەتی پەککەوتنی بازاڕە کە جیهان تا ئێستا بەخۆی بینیوە)، کەچی مێشک چڵکنەکان تین بە نەنگترین و تاوانبارترین هزری رەوتە راستڕەوە بۆرژواو ئاینەکان دەدەن. هەموو لایەنەکان بە خۆ بچوککردن و لەگەڵ خۆشیاندا هاوڵاتیان لەبەردەم دنیای رۆژئاوا و سیاسەتەکەیان رووی درژی تری سیاسەتمەدارو رەشبیر و راگەیاندنەکانیانە کە بەشان و شەوکەتی تاوانبارە جیهانییەکان و سیاسەتەکانیان هەڵدەڵێن و وەک ئەڵتەرناتیڤ بە هەژارانی کوردی نەگبەت دەناسێنن و بە فریشتە و فریادڕەسیان پیشانیان دەدەن، بەڵام یەکێک لە گەورە بەرپرسانی دنیا وەک نیکۆلاس سارکۆزی(سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا)لە 28/1/2010 بە رۆژنامەی زوید تسایتونگ دەڵێ(ئەوە هەڵە بوو کاتێ بڕوامان دەکرد کە بازاڕ هەمیشە لەسەر حەقە، ئێمە دەبێ تێڕوانینمان بۆ جیهان بگۆڕین).


مرۆڤ بۆ نموونە دەتوانێ لە (لی مۆندی،15/3/2011دەخوێنێ کە: ئۆروپا هەمان ئابووری رژێمی بن عەلی هەیە کە وڵاتەکەی بە بەهێزترین کێبرکێکەر و ململانیکەر لە کیشوەری ئەفریقا پیشاندەدا). ئایا راستە کوردستان جیایەو رۆژئاواییەکان لایەنگری عەدالەتی کۆمەڵایەتین؟!.


هاوپەیمانی ئەو راستڕەوەکان(کگی)بەرەو کۆنەپەرەستی دەمانباتەوە، بۆیە مەترسی پێکدەهێنن. ئێمە دەمانەوێ بە داخوازی و ناڕەزایەتییەکانمان کۆمەڵگە بۆ پێشەوە ببەین، نەک ئاین بەسەر سیاسەت زاڵ بکەین و بە کردەوە ئاین لە دەوڵەت جیابکەین. ئایا کێ سوودبەخش دەبێت لە زاڵکردنی دەنگی هێزە ئیسلامییەکان؟. پێدەچێ بۆچوونەکەی فۆکۆ"مەرگی رۆشنبیر"لەبارەی رەشبیرەکان راست دەرچوون، چونکە هەر ئەو دەستە شاراوانە(زاراوەیەکی ئابووریە)دەم بکەنەوە ئیتر ماڵان بەبۆنی قیزەوەنی ئیدۆلۆژییەکانیان کەساس دەبن!

لە خانەقینەوە.


بوغرایی و خۆبەزلزانی بەرپرسان و گوێنەگرتن لە هاوڵاتیان، بووە هۆی رسوابوونیان: لە وتاری(پەتاکەی تونس لە کوردستان هەیە)، هاتووە: هەمان قەیرانە ئابوورییەکەی لە کرودستانیش لەبەرچاوە: گرانی شێتانەی بازاڕ، بێکاری، گەندەڵی، دەستگرتنی بەرپرسەکان و بازنە تەسکەکانی دەوروبەریان بەسەر دەمارە سەرەکییەکانی ژیانی ئابووری و ئیداری لە چوارچێوەی بازاڕی ئازاد.


ئەمە زۆر بە خراپی بەسەر بژێوی هاوڵاتیان شکاوەتەوەو زۆرێک ناچارکراون لە هەژاری یان لە خوارەوەی ئاستی هەژاری و لەسەر قەرز بژین و نەفرەت لە رەنگ زەردکردنیان دەکەن. هیچ بە دووری نەزانن بارودۆخەکەی کوردستانیش بگاتە ئاستی ئەو وڵاتە و بەرپرسەکان رووبەڕووی هەمان چارەنووسی بن عەلی ببن.


...لەوانەیە بڕوا نەکەن، بەڵام هەژاری و نەگبەتی و بێ هیوایی هیچ ناناسێ و پێش ئەوەی بارودۆخەکە وەک تونس ئاڵۆز ببێت، هێشتا دەتوانن لا لەم چەند خاڵانەی خوارەوە بکەن:


1- کار لەسەر درزی زۆر قووڵی جیاوازی چینایەتی بکەن.
2- نرخی کاڵای بازاڕە زۆر کافر، بێڕەحم، مەلعون و کەرامەت شکێنەکەتان، هەرزان بکەن!
3- من وتم و ئێوەش ببیستن، هیوادارم وا نەبێت.

ئایا گوێیام گرت؟ هیچ دەستپێشخەرییەکیان کرد؟ دیارە ئەوان ئەوەندە زانان، بە ئێستاشەوە گوێ ناگرن.

ئیتر شنەباکە هەڵی کرد.


شنەبای هاوپشتی لەگەل راپەڕینەکەی تونس و داوای چاکسازی لە خانەقینەوە هەڵیکرد: لە 15/1/2011بەناو کەمپینی(رەشید باجەڵان لەپێناو حوکمی رەشید)، هاتووە: هەمان هۆکارەکانی راپەڕینی تونس لە وڵاتی ئێمەشدا هەیە: ناعەداڵەتی کۆمەڵایەتی، لەپڕ دەوڵەمەندبوونی خەیاڵی زۆرێک لە بەرپرسەکانی حزب، ئیدارە، عەسکەر و پۆلیس، هاوکات هەژارەکان رووبەڕووی گرانی بازاڕ و قەرزاری بوون. لەناو ئیدارەو حزب و سوپادا، بەعسی، جاش، موستەشار قەرمانڕەوایی دەکەن.

پاش ئەم کەمپینە تۆری بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی سلیمانی لە17شوبات خۆپیشاندانی لەبەردەرگای سەرا رێکخست.


بەڵێ نووسیمان: من وتم و ئێوەش ببیستن، هیوادارم وا نەبێت، بەڵام چەندین کارەسات روویدا کە پێویستی نەکرد رووبدەن هەروا بەهۆی لاوازی و پەرتەوازی چەپ و خۆدزینەوەی هەندێ لایەن لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی، راستڕٍەو ئیسلامی و رەشبیرەکان هاتن و گۆڕەپانەکەیان داگیرکرد و ئێستا خەریکی سازشکارین لەسەر داخوازییەکان و رووی سوور و گەشی خەباتەکەیان زەرکردو بەرەو ئاقارێکدا برد، هەرگیز بە ئومیدی نازانم...


دووبارەکردنەوە زیانی نییە، بۆیە دووبارە پرسیار دەکەم: ئایا ئێمە دەتوانین لەبەرەیەکی دژ بە سەرمایەداری کۆببینەوە؟ ئێمەین هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێ پێمان بڵێن: ئیوە بازرگانی بە داخوازییەکان دەکەن و نەوکەری بێگانەن.


ئێمە خاوەن پڕۆژەی رزگاری ستەمدیدەکانی کوردستانین...ئایا هەڵدەستین بە ئەنجامدانی ئەرکی سەرشانمان؟!
 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک