په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

گوتاری تەڤگەری ژنانى ئازادیخوازی کوردستان و مەکتەبی کاروبارى ژنان .

 


بۆ ساڵیادی شەهیدى سەرکردە '' ڤیان جاف '' .
 


ئازیزان و خۆشەویستان، ئەی هەموو ئەوانەی لێرە ئامادەن و  هەموو ئەوانەش کە دڵیان لێرەیەو ترپەی دڵو  نیگای هەستیان شاهیدی ئەم رۆژە مێژوویە دەکات، هەمووتان بەخێر بێن.
بەخێربێن بۆ مەراسیمی ساڵیادی خەوتنی جەستەی ئەو بوکە رۆح سوکنایە لەئامێزی شارەکەیدا. بوکێک کە بەجەستە ون و  بەرۆح زیندوو و بەهەست کڵپە ئاسا ئێستا لەنێوماندا دەسوڕێتەوە.
دەسا ئەم شارە باسەر هەڵبڕێ و  بۆ ساتێک لەدیوارە کۆنکرێتیەکانی ئەمڕۆی بێتەدەرێ و ببینێ.. بزانێ هەندێ رۆحی هەن هێندە گەورەن لەئازادیدا کە تەلبەندی خۆشگوزەرانیەکانی ئەم رووبەرە نایانبەستێتەوە. رووکەشەکانی ئەمڕۆ مێژووی پڕ هەژمەت و  ئاواتەکانی دڵی ئەم گەلەو داخوازی ژنە ئازار چەشتووەکانی لەبیر نەبردوونەتەوە.
تێکۆشەرێکن لەنێو زامە قەتماغە بەستوو بەڵام ساڕێژ نەبووەکانمانەوە سەردەکەن و  ئازادی راستەقینە بەحەزە وردیلەکان ناگۆڕنەوە. دەڕۆن و  سەفەرێکی دوورو درێژ دەگرنە بەر. سەفەرێک کە "ژیان یان نەبێ یان بەئازادی بێ" رێبازێتی و  بانگی هەقیقەتە؛ هەقیقەتێکی نکۆڵی لێکراو. دەنگی گەلێکی دانپیانەنراو و ژنی شوناس نەناسراو.
بەڵێ ئەمانە کەسانێکی هەڵکەوتوون. هەڵکەوتنێکی دەگەمەن. دەتوانن هەست بەهەموو ئەوانە بکەن کە ئێمە هەستیان پێناکەین، هەموو ئەو شتانە ببینن کە تیژبڕی چاوی ئێمە نیگایان ناکات. لەلوتکەدا هەر ساتێکی زستانو  بەهاری سەر رێی دۆزەکەیان دەپێون. بەوێنەی مانگی شوبات لەنێوان بەهارو زستانی ژیاندا رادەوەستن و  شاهیدی لوتکەی ململانێکانی سروشتن. لەبڵندگۆی ئاسمان و لەفراوانی دەریاو لەژێر خاکدا پێکدادانی هەردوو هێزی ئەهریمەن و  ئاهورامازدا بەدیدەکەن. مێشکیان دەبێتە شانۆی ناکۆکیە گەورەکان. ئازاری پێکدادانەکانی هێزی یەکسانی و  دەسەڵات پەرست و حەقیقەتو  دووڕوویی، خێرو شەڕ، جوانیو  دەجالی، رووناکیو  تاریکی، ئازادیو  ستەم، پاکیو  درۆزینی، تنۆک تنۆک لەناخیاندا دەچێژن. بەوێنەی گەردوون جیهانبینن لەجیاکردنەوی هەقو  ناهەقدا. هەموو رۆژێ ژانی لەدایکبوونێکی نوێ ئۆقرەیان لەبەرهەڵدەگرێ. تا دواجار مەزنترین شەڕی خۆیان بەرپادەکەن و  بڕیار دەدەن ببنە پاسەوانی جوانیەکان. نە زەحمەتی چۆکیان پێ دادەدات و نە گەردەلوولی دەریا دەیانترسێنێ و نە تێپەڕبوونی کات ساردیان دەکاتەوەو نە لەگەرمای کوشندە دەسڵەمنەوەو نە سەرمای سەقەم پێبەستیان دەکات. بەکورتی ئاشقێکی سەرگەرمن و  ماندوونەناسانە بەرگری لەجوانیەکان دەکەن تا نەکوژرێن. تەنانەت هێندە سەرمەستن هەموو شتێکیان فیدایە. ئەم ئەشقە گیانیشی لێیان بوێ بێ هیچ سڵەمینەوەو دودڵیەک پێشکەشی دەکەن. کێ لەئێمە دەتوانێ بەپەروانە بڵێ بۆ بەرەو ئاگر دەڕۆی؟! ئەو سروشتی واهەڵکەوتووە عاشقی رووناکیەو بەهیچ کلۆجێ عاشق دادگایی ناکرێ. چونکە عاشق کەسێکە کۆتو  بەندی پچڕاندووە. بیر تیژەو خاوەنی ناسکترین هەستو  ئازادترین بڕیاری ئەم سەر زەمینەیە.
بەڵێ شەهید "ڤیان" ئاشقێکی سەرکردەو پاسەوانێکی دڵسۆزو  سەرقافڵەی کاروانێکە لەباشوورەوە بەرەو خۆر. مەگەر هەر ئەو زانیبێتی تێپەڕبوونی شەوەزەنگە بێ خۆرەکانی مێژووی گەلێک واتای چیە. مەگەر هەر ئەو هەستی کردبێ تینی خۆر بۆ ئەو کاتانەی رۆح لەبەستەڵاندا ون دەبێ چی دەگەیەنێ و  مەگەر هەر خۆی پەی بەجوانترین گوزارشت بردبێ بۆ واتای سەرۆک ئاپۆ وەک خۆرێک. ئەو رەنجدەرێکی کۆڵنەدەر، دەست لەناو دەست لەگەڵ رووناهی و رەهشان و زەکیە ئالکان و سەما و فیکری بایگەلدی و یەکتا و تایهان و  سەرداردا بازووی هەڵکردووەو رێگەی رووناکی لەئیمرالیەوە بەرەو ئێرە خۆش دەکەن. یەکێکە لەپەیامبەرانی زەردەشتی سەردەم کە کوچە کوچەو کۆڵان کۆڵان خۆیان بەهەر ماڵێکدا دەکەن و لەدەرگای هۆش و  هەست و  ویژدانی هەر رۆحێک دەدەن و  بانگی حەقیقەت و  پەیامی ئازادی و  مژدەی رووناکی دەبەشنەوە. لەنێو زوڵمەتی مێشکماندا مۆمی شۆڕشێکی زهنی هەڵدەکەن و  دەڕۆن. تینێک دەنێن بەویژدانی سەهۆڵ بەستوومانەوەو جێمان دەهێڵن، بێ ئەوەی هیچ بەرامبەرێکیان لێمان بوێ درێژە بەهەڵگرتنی خەمی هەموومان دەدەن. بەڵێ خۆنەویستی تایبەتمەندی هاوشێوەی هەموو هاوڕێکانی ئەم کاروانەیەو خاڵی هاوبەشیانە لەگەڵ ئیمرالیدا. شەهید ڤیان تەنها بەچالاکیەکەی خۆنەویست نەبووە، ئەو کە هێشتا لەژیاندا بوو هەموو هەوڵەکانی بۆنی خۆنەویستیان لێ دەهات.
زۆر باش دەرکی بەوە کردبوو تەنها رێگایەک کە دەیگەیەنێتە جیهانی جوانیەکانی ئاپۆ. تێگەیشتنە، تێگەیشتن بەو مانایەی کە پێکهێنانە. بەدیهێنانی ووتەی "تێگەیشتن و پێکهێنانە" هێندە سەرقاڵی دەکرد کە قولەی قافیشی خۆش بوێ. هەمیشە لەژیاندا دەیوت ئێمە گەر بمانەوێ و  بڕوامان بەخۆمان بێ بۆ گەیشتن بەئامانج زەحمەت نیە؛ دەتوانین قولەی قافیش ببەزێنین. پاراو بوونی لەقوتابخانەی ئاپۆیزمەوە وەهای لێکردبوو ئەم بڕوایەی هێندە موریدیانە خۆش بوێ کە زەحمەتی پاشگەزی نەتکاتەوەو  ئاستەنگی چۆکی پێدانەدات.
ڤیان بەرزترین هاوارە ئەم وڵاتە بیستبێتی! هاواری ئەخلاقە.. ئەخلاق. ئەخلاقێک کە تەنها خاوەنداری کردن لەبەها دەزانێو  بازرگانی کردن بەبەهاوە ناناسێ. هەوەسی زەوتکردنی بەهای کەسی نییە چونکە دەزانێ بەهای خۆی بخولقێنێ. فێرماندەکات کە پشتکردن لەبەها گەورەترین لەدەستانی چەمکی ئەخلاقە. بۆیە قبوڵ ناکات بەرزترین بەهای گەلەکەی زیندانیو  گۆشەگیر بکرێ و  ئەم تەماشاکەرێک بێ. خاوەنداری نەکردن لەم ئەمانەتەی مێژوو و مرۆڤایەتی بەخیانەت کردن لەراستی دەژمێرێ. سێمبولی ئەخلاقێکە کە:
زەڕەیەک ئەحزانی ژنانی چەوساوە، نادات بەگشت سەڵتەنەتی سەردەستی رۆحیان دەکرێ بەخاچاو جەستە دەگری لەچواردەوری.
ساتێکی ئازاری ئەم تێکۆشانە، ناگۆڕێتەوە بەهەموو خۆشبەختی خۆی دەبێتە ئاگرو پەرژین دەگرێ لەچواردەوری..
بەڵێ.. ڤیان زیندووترین ویژدانە لەم وڵاتەدا مابێ! گوێی بەرابمبەر بەهاواری ناخی ژنان لەژێر کراسە مۆدێرنەکانیانەوە کپ نەبووە. لەودیو زەردەخەنەکانەوە ترسی داهاتوو دەخوێنێتەوە. لەودیو سیمای دەسکەوتەکانەوە هەڕەشەی دوژمن بەدی دەکات. بۆ نەهێشتنی تراژیدیای کۆیلەکانی سەردەم جەسوورانە شمشێر لەپاشڤەڕۆیەتی دەوەشێنێ.
ڤیان ناوازترین مامۆستای فەلسەفەیە لەم وڵاتەدا سەری هەڵدابێ! لەوڵاتێکدا کە نشوستیی بۆتە خۆراکی ژیانیو  نشوستی هیوای قەتل کردووە، سەرهەڵدەبڕێ و  فەلسەفەیەکی تازە لەژیاندا دەگرێتە بەر. فەلسەفەیەک کە نشوستی پەسند ناکات. بەگڕی رۆح رادەپەڕێو  رێی گەیشتن بەسەرکەوتن خۆش دەکات. لەوڵاتێکدا کە مرۆڤ هەر پارچەیەکی کیانی لەشوێنێک لێکەوتووەو ونی کردووە ئەو هەڵدەستێ و  کەسایەتیەکی یەکپارچەو گشتگیر دروست دەکات.
ڤیان جوانترین یاخی بوونە دژ بەپیاوسالاری لەم وڵاتەدا رەنگی گرتبێ! لەنێو ناکامی ساڵەهاو ئێش و  ژانەکانی ژنانەوە سەردەکاو لەوسەرەوە ترووسکەیان بەدیاری بۆ دێنێتەوە. چاوەکانی خەمگین وەک خەمی ژنان، لێوەکانی زەردەخەناوی وەک شابوونی بەپێگەیاندنی داهاتوویەکی گەش بۆیان. پێوەی دیار بوو کە ژانی گەورە کەسایەتی گەورە دەخولقێنێ. بۆیە هەمیشە بێ ئارام لەنێوان ئەمڕۆو مێژوودا لەهاتووچۆدا بوو. شتێکی لەمێژووەوە بەرەو ئەمڕۆ دەهێناو لەمڕۆشەوە شتێکی بەرەو مێژوو دەبرد. جارێکی تر ..
پێمان دەڵێ ئێمە هەر لەرابردوودا "لەیلا قاسم"مان نییە، بەڵکو لەیلا دەتوانێ ئەمڕۆ گەورەتریش بژی. فێرماندەکات مێژوو رابردوو نییە، مێژوو زیندووەو لەمڕۆدا دەژی و لەبیرچوونەوەی مێژووش خیانەتە خیانەت. دەچێ لەمێژوودا دەگەڕێو  لەوسەر زەکیە ئالکان لەگەڵ خۆیدا دێنێتەوە بۆ ئێرە. بەگڕی جەستەی پردێکی زێڕین لەنێوان مێشکۆڵەی ئێمەو مێژوودا بونیاد دەنێتەوە. جارێکی تر دەستی ئێمە دەگرێو  بەرەو مێژووی پڕ شکۆی ژنمان دەبات و  خۆیشی دەچێتو  لەئەبەدیەتەوە شتێکی نوێمان بۆ دێنێتەوە. بورکان ئاسا رقی بەسەر گەورەترین حەزی پیاوسالاریدا بۆ دەستە پاچە راوەستانی ژن دەتەقێنێتەوەو دەیکات بەکۆڵ و. پێیان دەڵێ گەر لەوڵاتی کەلەپاچەکردنی هزرو  دەروونی ژندا ئافرەتێک دەردەکەوێ کە مێژوو و داهاتوو بەیەکەوە گرێبدات چیدی خەیاڵتان خاوە ناتوانن پێش لەکاروانی ئازادیمان بگرن، تەنها هێندە هەیە کە دەبێ ئێوەش شەیەتمان بەئازادی بهێنن.
ڤیان جوانترین ئیجادە لەم وڵاتەدا دەرکەوتبێ! بەکردەوە رۆمانی ژیان دەنوسێتەوە. بەگیانی خۆی رۆح بەبەر ووشە مردووەکانماندا دەکاتەوە. لەودیو ئاخافتنەوە واتا دەدۆزێتەوەو چیمان ون کردووە هەمووی دەهێنێتەوە. وەبیرماندێنێتەوە ئەوانەی گەورە دەژین دەتوانن مردنی گەورە تۆمار بکەن. مردنی گەورە بەو مانایەی کۆتایی هاتنیان دەبێتە سەرەتایەکی نوێو  شەپۆل بەژیان دەدات. بۆیە ئەو نەک هەر لەپلەی مردندا قارەمانێکی سەرکردەیە ئەو کە لەژیانیشدا بوو قارەمانێکی سەرکەش بوو.
ڤیان بەیەک وشە وەک واتەی ناوەکەی خۆی ڤیان بوو واتە ئیرادە بوو.
ئیدی هەرچیەک بنووسرێ و بوترێ بەرامبەر خۆبەختی لەچالاکیو  خۆنەویستی لەژیانی ئەودا هەر کەم و  کورت دەهێنێ. هەموو وشەیەک لەبەرامبەریدا دەبێتە سەهۆڵ، مەگەر تەنها تینی ئاگری تێکۆشانێک بتوانێ هێندەی تینی گڕی جەستەی ئەو گوزارشتێکی گەرم بۆ شەهیدێکی وەها سەرکردە بدۆزێتەوە. تەنها ئەوەندە دەمێنێنتەوە بڵێین:
ئەو سەروەرترین ساتمانە لەمێژوودا تۆمار کرابێ. بۆیە لەرابردوو و داهاتوو لەهەنووکەو ئێستاشماندا هەر زیندووترین سات دەبێ...

 


تەڤگەری ژنانی ئازادیخوازی کوردستان و مەکتەبی کاوروبارى ژنان
30/1/2008