په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٥\٢٠٢٥

گوزەرێک بە باخچە هونەرییەکەی پەیمان حەسەنزادەدا.
کە بارگەت بۆ هەوار تێکنا، عەزیزم
شـکا ئـەستـوونـدەکـی تـاوڵـی مـرادم

هۆمەر          


هەورامان، ئەو دەڤەرە کەون و دێرینەی ژیار و شارستانییەتی مرۆیی دێتە ئەژمار کە بە سامان و میراتێکی گرانبایی مرۆڤایەتی دادەنرێت و خودانی دیرۆکێکی چەند هەزار ساڵەیە. تۆمارکرانی "هەورامان"، لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی(٢٠٢١)وەک میراتێکی دێرینی مرۆیی لە لایەن یۆنسکۆوە، پێمان دەڵێت،هەورامان، یەک لە لانکە سەرەکییەکانی ژیاری مرۆیی دێتە ئەژمار. هونەر، ئەدەب،مێژوو، فۆلکلۆر و زمان لەم ناوچەیەی نیشتمانەکەی کورداندا سەنگی تایبەت بە خۆی هەیە و هێشتاکە دەچێتە ڕیزی دەوڵەمەندترینەکان و دەست بۆ هەر لایەنێک ببەیت،سیخناخی گەوهەرە. یەک لەو سووچ و گۆشە هەرە زەنگینانەی سامانی فەرهەنگیی هەورامان، مۆسیقای ئەم دەڤەرەیە کە لە ڕێی سیاچەمانە و هۆرەوە لە خانەی هونەری کوردیدا بانترین جێگە و پێگەی بۆ دادەنرێت. ئاواز و مێلۆدییەکانی هەورامان لە نێو ڕووبەری مۆسیقای کوردیدا لە باڵاترین ئاستدان و ئاواز و موزیکی ئەم ناوە،بە یەک لە ڕەسەنترین مۆسیقا و مێلۆدییەکانی سەرپاک نیشتمانەکەی کوردان دادەنرێت. کەچی هەرگیز وەک پێویست خزمەتی نەکراوە و بەشێکی فرەی بە نەناسراوی ماوەتەوە. یەک لە سووچ و گۆشە ڕەنگاڵەییەکانی ناوچەی هەورامان(دیوی ڕۆژهەڵات)،شاری"پاوە"یە کە بە بنکە و مەکۆیەکی سەرەکیی ڕۆشنبیری دادەنرێت. لێرەوە،واتە لەم بەشەی کوردستان و لەم باژێڕە دێرینەوە،هونەر،باڵای بە قەد باڵای خودی مێژووی هەورامان بڵندە. لە لایەکی دیکەوە ئەمە ڕاستییەکی تاڵە لەبەر باڵادەستبوونی ئایین بە شێوەیەکی نەریتیانە و ناسەردەمیانە لەم دەڤەرەدا زۆر کەم دەرفەتی گەشە،پەرەسەندن و بڵاوبوونەوەی هونەری ڕەسەن دراوە بەڵام شۆڕەسوارانی ئەم مەیدانە سڵیان لەم کەند و کۆسپ و دژوارییانە نەکردووەتەوە و بەردەوام لە گۆڕەپانەکەدا ئامادە بوونە. حەمەحسێن کەیمنەیی(١٩٣٣)،شەفیع کەیمنەیی(١٩٤٢)،ئۆسمان کەیمنەیی(هەورامی)(١٩٣٥)،جەمیل نەوسوویی(ئەحمەدی) )(٢٠٢٤-١٩٤٦) و بەخشە غەففووری(٢٠٢٣-١٩٣٦)،نموونە هەرە بەرچاوەکان لەم پەیوەندییەدا دێنە ئەژمار. لە مۆسیقای کۆنی هەوراماندا ئامێرە مۆسیقاییەکان یان دەوریان نەبینیوە یانژی زێتر چەند ئامێرێکی وەک شمشاڵ و دەف دەکار گیراون بەڵام لە ماوەی چل-پەنجا ساڵی ڕابردوودا ئەم ڕەوتە گۆڕانێکی فرەی بەسەردا هاتووە و لە ڕێی دەیان سترانبێژ و ژەنیاری بلیمەتەوە مۆسیقای هەورامان بەرگێکی دیکەی لەبەر کراوە و چێژی سەد هێندەی خۆی بۆ هەمووان دەرخستووە.


ئەرچی لێرە هێشتاکە نەریت دەور دەبینێت و کەند و لەندی سەرڕێ یەک و دووان نین بەڵام لە ماوەی ئەم ساڵە دواییانەدا لە ڕێی کۆمەڵە مرۆیەکی شارەزا و پسپۆڕەوە هونەر بەرگێکی دیکەی بەوەردا کراوە و گەرد و تۆزی زەمەنی لەسەر سڕاوەتەوە.


ماڵە باوکی پەیمان حەسەنزادە لە هەفتاکانی هەتاوی(نەوەدەکانی زایینی)یەوە ڕوو لە شاری سنە دەنێت و پەیمانیش لە شارە هونەرییەکەی"سنە"دا سەرەتا فێرە ئامێری"دەف"دەبێت،دواتر "دیوان"فێر دەبێت و پاشانیش ئەوینی ئامێری"سەمتوور"بە قووڵاییی دڵیدا ڕۆ دەچێت. لە ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی(٢٠٠٤ی زایینی)یەوە دەگەڕێتەوە پاوە و لێرەوە قۆناخێکی نوێ لە ژیانە هونەرییەکەی دەست پێ دەبێت و چەندان پەیمانگە و بنکە و فێرگەی هونەریی دادەمەزرێنێت و دەبێتە سەرچاوەی خزمەتێکی بەرفرەوانی هونەری بۆ ئاشقانی موزیک لەم ناوەی نیشتماندا. سەرەڕای سەدان گیر و گرفت،بۆ گەشەپێدانی باڵای بڵندی هونەر لە پاوە و هەوراماندا هەموو هەوڵی خۆ دەخاتە گەڕ و هەر لێرەوە دەیان کۆنسێرت و کۆڕ و بەرنامەی هونەری بەڕێوە دەبات. دواتر بە یارمەتی دەیان هونەرمەند و لایەنگری چاند و هونەری ئەم ناوە بۆ بەرزڕاگرتنی یادی هونەرمەندانی هەورامان،باسکی هیممەت هەڵدەماڵن و کۆڕی شیاو بۆ بەرزڕاگرتنی یادی تەمەنێک خەباتی هونەری بۆ هونەرمەندانی وەک جەمیل ئەحمەدی(نەوسوویی)و حەمەحسێن کەیمنەیی بەڕێوە دەبەن.


نووسەری ئەم دێڕانە بۆ خۆ پێشکەشکاری کۆڕەکەی ڕێزنان لهـ‌ هونهـ‌رمهـ‌ندی ناوداری مۆسیقای ههـ‌ورامان مامۆستا" جهـ‌میل ئهـ‌حمهـ‌دی"لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی(٢٠١٧)لە شاری پاوە بووە کە هونەرمەند"پەیمان حەسەنزادە"دەوری سەرەکی تێدا بینیوە.


بۆ ساڵانێکی فرە دەچێت لە ڕێی ژمارەیەک مرۆی پەرۆشی چاند و فەرهەنگی ناوچەی هەورامان خاسما شاری پاوەوە،هونەری ئەم ناوەی کوردستان تەکانێکی هەرەقەتی بەخۆوە بینیوە.


یەک لە ڕۆڵە خەمخۆرەکانی ئەم بەستێنە هەراوە بەدرێژایی نێزیک بە ٣٠ ساڵی ڕابردوو کەس نییە جگە لە"پەیمان حەسەنزادە"کە جێپەنجەی بەسەر ئەم بەشەوە دیارە و لە بن نسێی دڵسۆزییەکانیدا نەوەیەکی چاوکراوە بار هاتووە کە تا دێت بەلەزتر بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت. هەر لە ڕێی هیممەتی واڵای دەیان مرۆی دڵسۆزی وەک ئەم ڕۆڵە نیشتمانپەروەرەوە چەندان بنکە و پەیمانگەی هونەری لە شاری پاوەدا کراونەتەوە و ئێستا بەرەیەکی هونەرمەند و هونەرپەروەر بار هاتووە کە ئاسۆیەکی هەرە گەش دەخاتە بەردەم سبەی هونەر لەم ناوەدا. کردنەوە و دامەزراندنی چەندان بنکە و فێرگەی مۆسیقا هەر وەک ئەنجوومەنی مۆسیقای پاوە،بنکەی مۆسیقای پاوە،بنکەی مۆسیقای دەنگ،ئۆرکێسترای فیلارمۆنیکی پاوە، بنکەی دەف،بنکەی هونەریی سیاچەمانە و... تەنیا بەشێک لەو پەیمانگە و ناوەندە هونەرییانە دێنە ئەژمار کە قەرزباری ئەم هونەرمەندە نازەنینەن. لە هەشتاکانی هەتاوی (٢٠٠٠)بەملاوە هونەری مۆسیقا لێرەکانێ(هەورامانی ئەمدیو)ڕەوتێکی خێراتری بڕیوە.هەر لەم بوارەدا جێپەنجەی دەیان هونەرمەندی خەمخۆری وەک شارام نادری،شوعەیب بەهرامی،فازیل حاتەمی،فەرهاد سەلیمی،بێهزاد بەهمەنی،ئارمان خالیدی نیا،زەکەریا یۆسفی،ئەشکان نەزەری،فەرشاد ئەمینی،عەدنان پاوەیی،شاهۆ حسێنی،کەریم ڕەحیمی،سیامەک ڕەحیمی،زانیار مووسازادە، ئاراس ئاژەند و ئارمین ڕەئووفی،بابەک ڕەحیمی و هتد، بە ڕووبەری ئەم بەستێنە ڕەنگینەوە خۆ دەنوێنێت و هەر کامە و لە سووچێکەوە سەرچاوەی ڕاژە و خزمەت بە هونەری موزیک و گۆرانی لەم ناوەی نیشتمان دێنە ئەژمار.


پەیمان حەسەنزادە لە بن سێبەری زانستی مۆسیقایی هونەرمەندانی وەک کەیهان کەڵهوڕ(١٩٣٦)،بیژەن کامکار(١٩٤٩)،ئەرسەلان کامکار(١٩٦٠)،ئەردەوان کامکار(١٩٦٨)،عەلی ئەکبەر مورادی(١٩٥٧)،پەیمان سەلیم فەرد(١٩٧٣)و...سەدان وانەی موزیک فێر دەبێت و دواتر ئەم هەموو هەگبە هونەرییە دەخاتە خزمەت نەوە و جیلی ئێستای داژدار و لایەنگری هونەر لە ناوچەکەیدا.


یەک لە خزمەتە هەرە بەرچاوەکانی ئەم کەسایەتییە هونەرییە ڕووی لە بارهێنان و پەروەردەکردنی گوێچکەی مۆسیقایی منداڵ و مێردمنداڵانە کە هەنووکە سەدان فێرخواز لەم مەیدانە هەراوەدا ئامادەنە.


سەرمایە و سامانە چاندیی و فەرهەنگییەکان بڵا تا ماون، قەدرزانیان بین. هێشتاکە شاعیر و ڕووناکبیرێکی گەورەی ئەم ناوەی نیشتمان لە سەردەمەکەی خۆدا،میرزا ئەولقادر پاوەیی(١٩١٠-١٨٤٩)گۆڕغەریب ماوەتەوە! بڵا چالاکی و کار و خەبات و بەرهەمی نووسەر و ڕووناکبیر و هونەرمەندانمان بۆ ڕاژە و خزمەتکردنی چاند و زمانی نەتەوەکەمان بە پێوەر دابنرێت نەک خەڵکی ئەم شار و ئەو شارۆچکە و فڵان گوند و فیسارە خێڵ و هۆزبوون بۆ خۆ بکەین بە تەوەر و پێوەر. مێژوو و ڕابردوو پڕیەتی لە وانە و پەند و ئەزموون و بڵا ئێمەیش ئەم هەموو ئەزموونە بە باشترین شێواز بۆ نەوەی ئێستا و سبەی ئەم ناوەی نیشتمان بگوێزینەوە. بڵا هەمووان یەکدەنگ دەستبەرداری ئەقڵییەتە نەزۆکەکان بین و بۆ بڵاوکردنەوە،پەرەپێدان و گەشەی هەمە لایەنەی ناوچەی هەورامان تێبکۆشین.
پەیمان حەسەنزادە،یەک لە سامانە کولتوورییەکانی هەورامان بوو کە بەدرێژایی تەمەن لە پێناو خزمەتکردنی فەرهەنگ و کولتووری دەوڵەمەندی هەوراماندا خەباتی کرد و دەرەنجام و دەستکەوتەکانیش دیار و ڕوونن. ئەم ڕۆڵە خەمخۆرەی هەورامان بەدرێژایی تەمەن،ئەرکی سەرشانی خۆی بە شیاوترین شێواز جێبەجێ کرد. ئێستا نۆرەی ئێمە و نەوەی نوێیە بە گیانێکی گەلپەروەرانەوە درێژە بەم ڕەوتە فەرهەنگییە بدەین و نەوەیەکی چاوکراوە و دڵسۆز بەرانبەر چاند و کولتوورەکەی خۆ بار بهێنین. ئەم هونەرمەندە نە تەنێ بۆ هونەر،بگرە بۆ تۆرەوانان و ژینگەپارێزانی ئەم ناوەیش پاڵپشت و هاریکار بوو. هەر بۆیە ئیدی بۆ هەمیشەی مێژوو زایەڵەی سەمتوورەکەی پەیمان حەسەنزادە لەم ناوەی نیشتماندا هەردەم بەرز دەبێت:
ئیمشەو دیارەن بانگم بێشەرمەن
زایەڵەی سەمتوور،کەللەم وە گەرمەن
سەدای زیل و بەم،مەینەت سەد تەرزەن
خەفەت شادیشەن،خەم دەماخ بەرزەن
هۆشم بێهۆشەن،فامم قامەت قاخ
بۆی دووریی ئازیز،مەیۆم نە دەماخ
نەیچی!درەنگەن سا مەکەر درەنگ
فیدای پەنجەت بام،نەی باوەر وە دەنگ


جێی ئاماژەپێدانە پەیمان حەسەنزادە،مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی(١٩٨٢)لە شاری پاوە لەدایک دەبێت و سەد مخابن ڕۆژی ٢٧ی گوڵانی ٢٧٢٥(٢٠٢٥)لە تەمەنی ٤٣ ساڵیدا کۆچی دواییی دەکات و ڕۆژی ٢٨ی گوڵانی ٢٧٢٥ لە ئارامستانی"مەلا مەقسوود"ی شاری پاوەدا بۆ هەمیشە لە دڵی خاکە گەوهەرینەکەی نیشتماندا ئارام دەگرێت.

_______________________________________________
تێبینی: دوکتۆر حەمەدەمین هەورامانی(٢٠١٨-١٩٢٨)،نووسەر و زمانناسی کورد،بە یەکەم کەس دادەنرێت کە ساڵی ١٩٨٤ لە بەغدا دیوانی میرزا ئەولقادر پاوەیی چاپ و بڵاو دەکاتەوە.
مەولەویی تاوگۆزی(١٨٨٢-١٨٠٦)،بە یەک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەدەبی کلاسیکی کوردی دادەنرێت کە خاوەنی دەیان شیعری پاراو بە پاراویی سرووشتەکەی هەورامانە و بە شای شاعیرانی هەورامانیش ناودێرە.
ژێدەر:
• دیوانی مەولەوی،کۆکردنەوە،لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە و لەسەر نووسینی مەلا عەبدولکەریم موددەڕیس،بەغا،١٩٦١
• تاریک و ڕوون،گوڵبژێرێک لە شیعرەکانی هێمن،بنکەی ئەدەبیی پێشەوا،١٩٩٩
• دیوانی میرزا ئۆلقادر پاوەیی، گردکردنەوە و لێکدانەوەی دوکتۆر حەمەدەمین هەورامانی، چاپخانەی کۆڕی زانیاریی کورد، بەغدا،١٩٨٤

 

 

h_noryawi@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک