|
٢٦\٨\٢٠١٠ حاجی لەق لەق.
فەرهاد کەریم
بیستم لە شەری نێوان قەلەڕەش و قەلە بۆردا، حاجی لەق لەقەکەی سەر منارەی بەرامبەر چایەخانەی مەچکۆشیان کوشت، لەو رۆژەوە پشت و نەفرەتم لە قەلەکانی کورد کرد، بێ جیاوازیی نێر و مێ، لێرە بن یا لەوێ... بەلاش نەیانگوتووە '' ئەوەی لە مشک بێت دەزانی گۆرانی بۆ گوزەران بڵێ ''*.
ئۆکتاڤیۆ باز جوانی ووتووە (من بوونم نییه، من بوونی نییه، هەمیشە ئێمەین، ژیان شتێکی دییە، هەمیشە لە وێندەرێیە، دوور لە دەرەوەی تۆ، لە دەرەوەی من، هەمیشە ئاسۆ،)** هەر جارێ گەر خۆشم پێنەدۆزرێتەوە بمەوێ لەگەڵ تەنیایی خۆم بم و نزیکی خۆم بم، دەچمە سەدۆنە***، سەدۆنە ناوچەیەکی گەشتوگوزارە، هەریەکە و بە مەبەستێک گهشتی بۆ دەکا، هەیە بۆ نزیکبوونەوە لە خودا، دەشڵێن دەتوانی باوەش بە خودا بکەی، کەچی نەک هەر باوەش تا ئێستا دۆقەشی لەگەڵ نەکردوومە و لە موساش قەلەندەرتر خۆم.. هەشە بۆ دیمەنە سەرنج راکێشەری چیا و دار و بەرد و درەختی.. هەر دەڵێی بیکاسۆ لە مەستبووندا وێنەی کێشاوە.. ئەوەی زۆر سەرنجم بە لای خۆی رادەکێشێ،رەنگی سۆری چیایەکانە و دار بە خۆرسکی لەسەر بەرد روواوە لەگەڵ خەڵکه دەستڕەنگینهکەیەتی و لهگهڵ گیتارژەنێکی عەبەسی و قەلۆش و لە من وێرانتر و پارچەپارچەتر، لە گۆڕەپانی بازارێکدا لەسەر کورسی و مێزێکی ئاسایی گیتار دەژەنێ و سیدییهکانی خۆی دەفرۆشێ، چەندین جار دوواندوومە تاقە جارێکیش من ناناسێتەوە، دوا جار پێیگوتم سەیری ئەم حاجی لەق لەقە بکە، چەند ئارام و بێدەنگە.. منیش کە سەیرم کرد پەیکەرێکی حاجی لەق لەق بوو، پێکەنیم و ماڵئاواییم لێکرد، چەند دڵۆپە فرمێسکیشم بۆ حاجی لەق لەقەکەی شارە مردووەکەمم هەڵڕشت .
___________________________________ * ئوکتاڤیۆباز، بەردی هەتاو. * سەدۆنە شارۆچکەیەکی گەشتوگوزارە سەر بە ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمەریکایە.
|