٣١\١٢\٢٠٢٤
هاکا کاروانی
یەکسانیی رەگەزیی گەیشت!

دارا خونچە
پتر لە سەتە و نیوەک بەری نهۆ فەیلەسووفان و بیرمەندانی یەکسانییخوازیی
هاتن و فرە وە پوختیی و وە رۆشنیی و دوور لە چەقەچەقە هزریی و
فەلسەفییەکانی ئەکادیمیا و رۆناکبیرەکانی گۆتیان ''ژنان و گشت رەگەزە
نەژنونەمێرەکان'' هیچیان لە پیاوان کەمتر نییە و وەک مرۆڤیش هیچ
کەموکوڕییەکیان نییە.. لێ هەنووکانێ کە نێرسالاران لە هەموو بوارەکانی
ژیان دەیانچەوسێننەوە.. پێویستە و دەبێ کۆتایی پێبێ.. دەبێ ئەوانیش وە
گفتار و وە رەفتار لە تێکڕای ئەو ''ماف و ئازادیی''انە بەهرەمەند بن کە
نێرەکان هەیانە، وە کورتاسیی دەبێ ژڤڕوشوندا سەرجەم جوایەزییە سروشتییە
رەگەزییەکان وەلابندرێن و رێک وەک چاخە سەرەتاییەکانی مرۆڤ کە هێشتا
پەتای ''دابەشکردنی سروشتییانەی کار'' و ''دابەشکردنی چینایەتییانەی
کار'' بڵاونەببوونەوە و هیچ جوداکارییەکی رەگەزیی لە گۆڕێ نەبوو.. یەک
کۆمەڵی یەکسانی رەگەزیی وە سوودوەرگرتن لە گەنجینەی فەرهەنگی پێشڤەڕۆیی
لە سەرتاسەری جیهان چێبکرێ!

ئەو بیردۆزە تا ئێستا هەر لە کۆشانە و یەکسانییخوازان و
ئازادییخوازانەکی ئێکجار زۆر لەو دوو سەتەیەی بەریی ژیان و گیانی خۆیان
لە پێناویدا بەخشی تا ئەو دەستکەوتانەیان وەدەستهینا کە نهۆ ژنان و
نەژنونەمێران و پیاوانی یەکسانییواز لە واری جێبەجێکردن لێیان بەهرەمدن،
هەڵبەتە گەیشتن وە دوا ئامانج هەر لە پێڤاژۆی خۆی دایە و ئەو خەباتە
هەر درێژەی دەبی و راناوەستێ تا یەکسانیی رێک ''وەک یەک''ی رەگەزیی
وەدەستدێ.. لێ پێویستە لەوەش دڵنیا بین تا سیستەمی سەرمایەداریی کۆتایی
پێنەهێندرێ و پەڕوباڵی دین نەکرێ و پاشانیش سیستەمی یەکسانیی وەک
بەڕێوەبردنی کۆمەڵ دانەمەزرێندرێ هەرگیز ئامانجەکانی ئەو بیردۆزەی
یەکسانیی رەگەزیی وە پڕاوپڕیی وەدەستنایێن.
ئیدی نهۆ فرە لەمێژە مرۆڤ پێویستی بەو هزر و فەلسەفانە نییە کە پێش ئەو
بیردۆزە هەبوون و ژنان و نەژنونەمێرانیان پێ لە پیاوان کەمتر بوو و بە
کردەیی ببوونە هۆی ئەوەی وەک کۆیلە یان مرۆڤی پلە دوو بەرخوردیان دەگەڵ
بکرێ و وە شێوەیەکی دڕندانە بچەوسێندرێنەوە، لە راستییدا جێی کەنین و
گاڵتەجاڕییەکی زۆر گەورۆنەیە ئێستا وە ناو رۆشنبیرانەک هەبن
سەبارەت بەو پرسە رووپەڕی
نوسین و رووگەی دیمەنە دەنگوڕەنگییەکان وە بیرۆکە و گۆتە پڕوپووچەکانی
ئەو بیرمەند و فەیلەسووفانەی
پێش ئەو بیردۆزەی یەکسانیی رەگەزیی
پڕبکەنەوە جا ئەگەر ئی ئەفلاتوونیش بی کە فەلسەفەکەی تەنێ لە پێناو
خاوەن کیرە بەهێزەکان بوو و نیوەی پترێی کۆمەڵی دابووە دەست فەرامۆشیی،
لەوەش گاڵتەجاڕانەتر ئەوەیە هەر ئەو جۆرە رۆشنبیرانە هەمیشە لە بارەی
وەدەستهاتنی دەستکەوتەکانی ئەو
پرسەی رەگەزیی و کۆشانەکەی ئاماژە
وە نەخشی ئەو هزرمەند
و فەیلەسووفە پەڕپووتانەی سەردەمی پاش هاتنی بیردۆزی ناوبرا دەکەن کە
وە سەرپچڕکردن و دەستکاریکردن بیرۆکەی بیردۆزەکەیان شێواندیە و
ویستیتیان خۆیان بکەنە خاوەنی و هاوکاتیش لە رێڕەوە یەکسانییخوازییەکەی
داببڕن! لێ لە راستییدا لە شەرمەزاریی پتر
هیچی دیکەیان پێنابڕێ.. چونکێ ئیدی هەم
مرۆڤە یەکسانییخوازەکان هۆشیارن هەم پێشکەتنی زانست و تەکنەلۆژیا
ناچارە خۆبەخۆ وە ئاراستەی چێکردنی کۆمەڵی یەکسانی رەگەزیی هەنگاو بنێ..
وە پێی هەموو ئاماژە و پێشهاتەکانیش زۆر نێزیکە ئەو کاروانە وە دوا
ئامانجەکانی خۆی بگا و چەوسانەوەی ژنان و نەژنونەمێران فڕێبدرێتە
گووفەکەکانی مێژوو!
٣١\١٢\٢٠٢٤
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|