په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

حامیدى محەمەدیان:

لەکوردستان ئاوڕ لەهونەرى گەنجانە نادرێتەوە.


دیمانە:ئاسۆ عوسمان


گۆرانى شێتەگیان کە بۆ یەکەمجار لەساڵى2005 لەکەناڵى ئاسمانى کوردساتەوە پەخشکرا ئەو بەرهەمە بوو، هونەرمەند حامیدى محەمەدیانى بەجەماوەر ناساند. هەرچەندە حامید دەرچووی پەیمانگاى هونەرى نییە، بەڵام بەشى زۆرى بەرهەمەکانى خۆى تێکست وئاوازەکانى بۆ داناوە، لەساڵى 2005- 2006 یەکەمین سیدى بڵاوکرایەوە لەژێرناوى (رەنگە هیچ کەس نەزانێت). حامید لەزۆربەى بۆنە نیشتیمانییەکاندا وەک مرۆڤێکى خاوەن هەڵوێست بەکارى هونەریى بەشداریکردووە لەیادى هەڵەبجەو ئەنفالدا لەزانکۆى سلێمانى وهەولێر کۆنسێرت وکارى هونەریى ئەنجامداوە. لەمساڵیشدا حامید لەزێدى خۆى لەشارى سنەو چەند شارێکى ترى رۆژهەڵاتى کوردستان چەند کونسێرتێکى سەرکەوتووانەى سازکرد، وەک حامید دەڵێت بەداهاتى ئەو کۆنسێرتانە توانیوومە سیدییەکى نوێ بەرهەمبهێنم. لەدیمانەیەکى کورتدا توانیمان بەچەند پرسیارێک زانیاریى لەسەر سیدییە نوێیەکەى هونەرمەند بۆ خوێنەران بەدەست بهێنین.


ئاسۆ: وەک ئێمە ئاگادارین سیدییەکى نوێتان بەرهەمهێناوە، ئەگەر بکرێت لەسەر ئەم سیدییە نوێیە زانیاریى زیاترمان پێبدەیت.


حامید: هاوینى ساڵى رابردوو کۆنسێرتێکم سازکرد لەهەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، پاشان گەڕامەوە شارى سنەو دواى ماندووبونێکى زۆرو هاتوچۆى زۆر توانیم لەبەشى رۆشنبیریى شارى سنە رەزامەندیى کۆنسێرتێک وەربگرم، دواى بەئەنجام گەیاندنى ئەو کۆنسێرتانە بەچەند مانگێک بڕیارى دروستکردنى ئەوسیدییەمدا، سیدییە نوێیەکەم بریتییە لەحەوت ماددەو یەک پارچە مۆسیقا، ئەم بەرهەمە تازەیەم زۆر بەسەرکەوتوو دەبینم کارەکانى زۆر پڕۆفیشناڵن، موزیکژەنە باشەکانى شاری سنە بەشدارییان کردووە لەم سیدییە نوێیەداو دوو ماددەم لەشارى تارانى پایتەختى ئێران دروستکردووەو پێنج ماددەکەى ترم لەشارى سنە بەرهەمهێناوە، دەمەوێت ئەوە بەخوێنەرانى خۆشەویستى ئێوە بڵێم کەیەک لەگۆرانییەکانم تایبەت کردووە بەشارى کەرکووک وهەر لێرەوە دەمەوێت ئەوەبڵێم شانازیى دەکەم ئەم گۆرانییەى من لەهەموو گۆرانییەکانى تر کەبۆ کەرکووک وتراوە جیاوازەو پێموایە دەبێتە سەرکەوتوترین بەرهەم کەپێشکەشى کەرکووکم کردووە، تێکستى گۆرانییەکە خۆم نوسیوومە گۆرانییەکەش پۆپەو بەشێوەى مارش وراپە، بەتەماشم کلیپێکى باشى بۆ بکەم.


ئاسۆ: دەزانین لەم رۆژگارەدا بەرهەمهێنانى سیدى بۆ هونەرمەندانى کورد کەبەشى زۆریان گیرفانیان خاڵییە کارێکى ئەگەر ئەستەم نەبێت ئەوکارێکى زۆر گرانە وەک بەڕێزتان بۆمنتان باسکرد کەبەرهەمهێنانى ئەم سیدییە بەداهاتى کۆنسێرتەکانت بووە، پرسیارەکەى من ئەوەیە بۆ سووککردنى ئەرکى تۆ هیچ لایەنێک هاوکاریى نەکردوویت؟ ئایا تێکڕاى خەرجى سیدییەکەت لەئەستۆى خۆت بووە؟.


حامید: بەڕاستى یەکێک لەوداخانەى کەبەردەوام رۆحىمن ئەزییەت دەدا ئەوەیە کەسەیرى میللەتانى تر دەکەم، تەنیا یەک جیاوازیى لەنێوان ئێمەو ئەواندایە ئەویش کەللەڕەقى ئێمەى کوردو هێوریى و رۆحسوکى ئەوانە. ئەوان پەیوەندیى نێوان هونەرمەندەکانیان بەیەکەوە زۆرباشەو رۆژ نییە لەنێوان هونەرمەندانى فارس وتورک وجیهاندا ئسلوبێک سازێکى جیاواز لەمۆسیقا نەدۆزرێتەوە! کەچى ئێمە دڵمان هەر بەفۆلکلۆرەکەمان خۆشە. لەکوردستانیش هونەر کەوتۆتە دەست کۆمەڵە کەسانێک کەهیچ کارێکى باش وجوانى هونەریى بەکارى هونەریى سەیر ناکەن! ئەو داخە هەمیشە لەگەڵ مندا بووە کەهەرگیز ئاوڕ لەکارى هونەریى گەنجانە نادرێتەوە، ئەوکەللەڕەقی وغرورەى کەبۆتە هۆکارێک کەهونەرى کوردیى تووشى پاشکەوتن ببێت.


ئاسۆ: کەی سیدییە نوێیەکەت بڵاودەکەیتەوە وچەند لەگۆرانییەکانت کلیپى بۆ دەکەیت؟.


حامید: بەتەمام بۆ دوودانە لەبەرهەمەکان کلیپ بکەم وەک لەسەرەتاشەوە باسمکرد یەکەمیان بۆ کەرکووکم وتووەو ئەویتریشیان بەناوى لێم مەگەڕێ وتائێستاش لەگەڵ هیچ کەناڵێکى ئاسمانى قسەم نەکردووە بۆ کلیپکردنى گۆرانییەکان ولەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکیش رێکنەکەوتووم بۆ بڵاوکردنەوەى سیدییەکەم، زۆر حەزدەکەم بەزوویى بڵاوبێتەوە بەڵام بەدڵنیایەوە نزیک بەسەرى ساڵ لەتۆمارگەکاندا بڵاودەکرێتەوە.


ئاسۆ: کۆپیکردنى سیدى هونەرمەندان هەردەم گورزێک بووە لەهونەرو هونەرمەندانى کورد، ئایا تۆ بیرت لەهیچ رێگایەک نەکردۆتەوە بۆ رێگرتن لەکۆپیکردنى سیدییەکەت؟.


حامید: من هەردەم ئەوترسەم هەیە هەروەک سیدییەکەى پێشووم کۆپى بکرێت تائەو شوێنەى پێمبکرێت رێگریى دەکەم لەکۆپیکردنى ومن بۆ بەرهەمهێنانى ئەم سیدییەم دەهەزار دۆلارم خەرجکردووە، هیوادارم راگەیاندنەکان خەڵک وشیاربکەنەوە ئاگاداریان بکەن کەکۆپى نەکردن خزمەتکردنە بەهونەرى کوردیى.