٧\١\٢٠١٤
هاوئاهەنگییە چەواشەکارییەکانی پەرلەمانتاران، لەگەل خەڵکدا.

جیهاد محەمەد
هەر کەسێک، بیەوێت لە بیرکردنەوەدا خۆی نەخەڵەتێنێت، خۆی چەواشەنەکات،
درۆ لەگەڵ خودی خۆیو گەلەکەیدا نەکات، بوێرانەو ئازایانە ڕای خۆی
دەربڕێت، باش دەزانێت کە ئەمڕۆ حوکمڕانانی کوردستان ستەمی زۆر گەورە
دەکەن بەرامبەر بە گەلی ستەمدیدەی کوردستان.
سەرکیترین ستەمیش، بە لای منەوە، ئەو هەڵبژاردنە ساختەییانەیە، کە بە
ناوی هەڵبژاردنی پەرلەمانتارانو ئەنجوومەنی شارەکانەوە ئەنجامدەدرێن،
لە بەر ئەوەی بۆمان دەرکەوت لە ماوەی چەندین لەو هەڵبژاردنانەدا،
پەرلەمانتارانو ئەندامانی ئەنجومەنی شارەکان، پێش ئەوەی بیر لە گەل
بکەنەوە، بیر لە خۆیان دەکەنەوە، بیر لە موچەو ئیمتیازەکانیان دەکەنەوە،
ئەگەر واز لە مێز کوتانو بوتڵی ئاو تێگرتنو لێدوانە ئاگرینەکانیان
بهێنینو لێییتێبگەین وەک خۆی، کە لە پێناوی، لە لایەک خۆیانو
حیزبەکانیاندا بووە، لە لایەکیتر لە پێناوی مانەوەو دەسەڵاتدارێتی
دەسەڵاتی ستەمکارییدا بووە.
خراپترین ستەم، ئەوەیە، کە بە خۆڵکردنە چاوی خەڵكەوە، بە چەواشەکاریانە،
بە شێواندنی ڕاستیەکان، بە تێکەڵکردنی بەرەی گەلو بەرەی ستەمکاران، بە
خۆ گۆڕینی پەرلەمانتاران، هەر ڕۆژەی بە بەرگێکو هەر ڕۆژەی بە ڕەنگێک
خۆیان بنوێنن. چوونکە ئەم کارە جگە لەوەی بەردەوامی دەدات بە ستەم، لە
لایەکیتریشەوە ستەمکارانو ستەملێکراوان تێکەڵ دەکاتو نایانخاتە دوو
بەرەوە، کە لە راستیدا لە دوو بەرەدان.
کاتێک بوو، لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتدا،
پەرلەمانتارەکانی ئۆپۆزسوێن کێبڕکێیان بوو لە هاوبەشیکردنی
خۆپیشاندەرانداو لێوادانی ئاگریینو شۆرشگێرانەییاندەدا. بە تووندی
لایەنی خەڵکی ستەملێکراویان دەگرت. لەو کاتەدا پەرلەمانتارانی یەکێتیو
پارتی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنە زەبەلاحکانی حیزبەکانیانەوە، هاواریان دەکرد،
چۆن دەبێت پەرلەمانتار بچێتە ڕێزی خۆپیشاندانەوە؟ ئەمە یەکێ بوو لە
رەخنەگرتنەکانی دەسەڵات لە بەرەی ئۆپۆزسوێن.
ئەمڕۆ، لە خوێنڕێژییەکەی سەیدسادقداو کوشتنی کاکە بڕیاری جوانەمەرگدا،
پەرلەمانتارەکانی گۆرانو بەرەی ئۆپۆزسوێنو یەکێتیو پارتی پێکەوە
دەبن بە ناوبژیکارو نێونەدگیری دەکەن لە نێوان خەڵکی زوڵملێکراوو
دەسەڵاتدا.
لە لایەکتر، لە خۆپیشاندانی خەڵکی هەولێردا،
لە ژێر ناوی (کاروانی هێڵە سورەکان) پەرلەمانتارە دیارەکانی یەکێتیو
پارتی، ئۆپۆزسێون، بێ شەرمانە لە پێشەوەی خۆپیشاندانەکاندانو لێدوان
دەدەن. داوا دەکەن بکوژانی سەردەشتو سۆارانی مامە حەمەو کاوە گەرمیانی
بدرێن بە دادگا. ئەمە لە کاتێکدا خودی خۆیان باش دەزانن، یەکێتیو
پارتی ئەو کەسانەی تیرۆرکردوە، جا بە
فەرمانی فەرمیی حیزبەکان بێت، یان بە فەرمانی یەکێک لە سەرکردەکانیان
بێت، جیاوازیی نییە، چوونکە ئەوان حەسانەی حیزبیان هەیەو هێزی یاسا لە
بەردەمیاندا چۆک دادەدات.
هەموو ئەوانەی کە پەرلەمانتارەکان دەیکەن، لە هاوئاهەنگییەکی
چەواشەکارانە زیاتر هیچیتر نییە.
من لەم هەموو چەواشەکارییو درۆو دەلەسەیەدا، لەم هەموو فرتوفێڵەدا،
لەم هەموو ساختەچێتیەدا، دەڵێم: تۆزێک مۆراڵ، تۆزێک شەرم، تۆزێک ویژدان.
لە لایەکیتریش دەڵێم سەدان تف لەو کەسەی کە پێتان هەڵدەخەڵەتێت، (دوور
لە نێوچەوانی هەموو ئەو کەسانەی کە بە خواستی خۆیان نییە، تێناگەن لەم
کەینو بەینە ساختەچێتیە).
ئەمە چ رۆژێکە خەڵکی کوردستانی ستەمدیدەی تێکەوتوە، ئەوی دەتکوژێت،
ئەوی ستەمت لێدەکات، ئەوی ماڵت وێراندەکات، ئەوی سەروەتو سامانت
دەدزێت، ئەوی بە هیچت نازانێت، ئەوی دەخوازێت هەمیشە وەک ئاژاڵ بژییت،
ئەوی بازرگانییت پێوە دەکات، خودی خۆی دێتو بە چاوی هەڵڕشتنی فرمێسکی
تیمساحیانەوە، ناوبژیی دەکات لە نێوان هێزی سەرکوتکەری حیزبەکانیانو
لە پێيشەوەی خۆپیشاندانیشدا دەبێت دژی ئەوەی کە تۆ دەکوژێت. ئەمە چ
جادوگەرێک لە دنیاندا کردویەتیی؟ یان سیحری ئەم دەسەڵاتە نەوت فرۆشە
زۆر لە هێزی ڕۆسنبیرییو عەقڵی خەڵک گەورەترە، یان ئێمە هەموومان بە
تەڕو وشکمانەوە وەک مرۆڤ بیر ناکەینەوە.
نەرویج
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|