٢٩\١١\٢٠١٧
ھاوار و خۆزگەکانی
منی منداڵیش،
ھەر وەستانی جەنگ
و زرمەی تۆپخانەکان بوو.
ھەژێن
ھەر کاردانەوە و دەربڕین و ھەڵوێستێکی ئێمە، کۆدی ڕوداوەکانی ژیانی
ئێمەیە و لە چرکە ساتێکی ھاوشێوە خۆی نماییشدەکاتەوە!
چرپە و دوا ئارەزووی منداڵانی دەوروبەری موسڵ و کەرکووک و مەندەلی و
خانەقین ھەمان چرپە و ئارەزووەکانی تەمەنی یازدە تاکو ھەژدە ساڵی
تەمەنی منن، منێک کە بە زرمەی خومپارەکان پارووەکانی ھەژاری لە گەرووم
ئاودیودەبوون، بە زرمەی خومپارەکان لە خەوڕادەبووم و زرمەی خۆمپارەکان
زەنگی دەستپێکرەدن و کۆتایی وانەکانی فێرگە بوو و زرمەی خومپارەکان
کۆتاییھێنەری چرپەچرپی نێو ژووانی من و دڵدارەکەم بوو و خاڵی کۆتایی
نامە و ھۆنراوەکانی سەردەمی ھەرزەکارییشم ھەر زرمەی خومپارەکان بوو و
زۆر جار زرمەی خومپارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران و زرمەی خومپارەکانی
نێو خەون و خەیاڵم بە یەکدی تێکەڵدەبوون و جیاکردنەوەی خەون و ڕوداو
سەخت بوو و جیاوازی نێوانیان تەنیا پاش و پێشکەوتنی ھەر یەک لە ئەوان
بوو.
من بە ھەواڵی جەنگ و چەک و دەنگی خومپارە زوو و زیاتر لە ھەر کەسێكی
جەنگ نەدیتوو دەشڵەژێم و ناخم وێراندەبێت، چونکە جەنگ منداڵیی من و
لاویی من و خۆشی ژیانی منی لەنێوبردووە و وێرانکردووە و داگیرکردووە و
ھاوەڵ و ھاوپۆل و ھاوسێ و ئازیزانی منی لەنێوبردوون. ھەڵبەتە لەنێوان
جەنگێک کە بەخۆت ھەڵیدەبژێریت و جەنگێک بەسەرت دەسەپێندرێت جیاوازی
ھەیە؛ من شەش ساڵی جەنگی عیراق ئێران زۆر لە مردن ترسام، ترسانێك زیاتر
لە ترسی یەزدان و دێو و درنج، بەڵام دوو ساڵ پێشمەرگایەتی مردن ھەردەم
ھاوەڵ و ھاودەم و دووانەی من بوو و ساتەکانی تەنیایی دەستلەملانی یەکدی
دەبووین. لە دەنگی خومپارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران زۆر دەترسام و
پێچەوانەوە بە دەنگی خومپارەکانی بەعس تووڕەتر و بڕوای بەرەنگاریکردنی
من بەھێزتر دەبوو. ھەرچەندە ئێستا ئەو نەترسیەیش بە گەمژەیی ئەو
ڕۆژانەی خۆم دەزانم و ھەر سات ئەگەری ھەبوو، “وەک تڕی بنی گۆم” بڕۆم و
ببمە کۆد و دۆلاری نێو گیرفانی بازرگان و جەلادەکانی کوردایەتی!
تەمەنم دوازدە بوو، کە خومپارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران بوون بە ھۆی
ناچاربوونم بە بەجێھێشتنی بەھەشتەکەی منداڵیم و ئاوارەی شاران بووم و
خەون و یاداوەریی و حەزەکانی منداڵیی خۆمم لەنێو کەشکۊڵی نھێنییەکانم
شاردنەوە و تاکو تەمەنی ھەژدە ساڵی یازدە جار ئاوارە بوومەوە و
یاداوەرییەکانم لە ماوەی ئاوارەیی شار بە شار و گوند و بە گوند و ناوچە
و بە ناوچە و وڵاتە و وڵات لە دوای خۆم ڕاکێشدەکردن و تاکو تەمەنی سی و
ھەشت ساڵی وەک درێژەی ئاوارەبوونی جەنگ و وێرانی گوندەکەم بیست و یەک
جار ئاوارە بوومەوە و لە ماوەی حەوت ساڵی کۆتایی جەنگ، جەنگی عیراق –
ئێران لە ھەڵەبجە خواردن و خەوتن و خوێندن و پیاسەکردن و سەیران و
خەیاڵکردنی لە من شێواند؛ ئەو کات و ھەموو ئاوارەبوونەکانی ھەڤدە ساڵی
تەمەنم، تەنیا یەک ئاواتم ھەبوو، ئەویش تەنیا ئەوە بوو، کە چرپە و
ھاوارەکانی ناخی منی قوربانی و ئاوارەی جەنگ بگەنە گۆشەکانی دیکەی
جیھان و مرۆڤەکانی دەرەوەی ناوچەکانی جەنگ و بۆمباران، دوا حەز و خەون
و خەیاڵەکانی من بریتی بوون لە خۆزگەخواستن بە بێدەنگبوونی تۆپخانەکان
و نەفڕینی فڕۆکەکان و ڕانەچڵەکانی ئێمەی منداڵ لە قوڵایی خەو و
نەکوژرانمان لە ڕێگەی فێرگە و لەنێو حەشارگەکان!
ئەی مرۆڤ، بزانە ھەر ئەو خەون و خۆزگانەن، کە ئێستا من دەخەنە شوێنی
منداڵان و پیر و پەککەوتەکانی ناوچەی موسڵ و کەرکووک و مەندەلی و
خانەقین، چونکە دڵنیام ئەوانیش بەھۆی حەزی زیندوومانەوە و ئارەزووی
ئارامی و ئاسوودەیی و خوازیاریی گەییشتنی دوا چرپە و ھاوارەکانی ناخی
خۆیانن بە ھەر مرۆڤێك کە لە ناوچەکانی جەنگ دوورە. ڕاستی ھەر ئەو
ھۆکارە و ھەر ئەو حەزانە و نەبوونی وەڵام و کاردانەوەی “یەزدانی
خەیاڵان” بە حەز و داخوازییەکانی منی منداڵ بوو، کە منی قورئان-خوێنی
لە بوونی بەھەشت و یەزدان بەگومان و نائومێدکرد و بۆ ھەمیشە بووم بە
ھاوەڵی ھەمیشەیی ئەھریمەنی ئازادیخواز.
ھاودەرد، تکایە پێش ئەوەی خومپارەی ملھوڕیی بۆرجوازیی عەرەبی-زمان و
ملھوڕیی بۆرجوازیی کوردیی-زمان بە داگیرسانی گڵۆپی سەوزی چەپە
پڕۆ-دەوڵەت و فاشیستەکان، ھاوسێ و ھاوەڵ و ھاوپۆل و ھاوکار و
ئەڤیندارەکەی تۆش بکوژێت یان چاو و دەست و لاقی بپەرێنێت، بەخۆت وەرە
سەرشەقام و بە زمانی دایکیی خۆت ھاواربکە (ھەردەم قوربانی جەنگەکان
کەسە نەدار و بێدەسەڵاتەکان بوون و دەبن و ھەردەم سەرکەوتووان و
دەستکەوتووان و براوەکانی گشت جەنگەکانیش ھەر ڕامیاران و دەسەڵاتداران
و سەرمایەداران دەبن.
لەبیرنەکەیت ھاودەرد، پێش ئەوەی گوللەی سەرباز و پێشمەرگە
ناچارکراوەکان کەللەسەری خۆت بپڵیشێنێتەوە، وەک دوا پەیام بۆ ھاوەڵ و
ھاوڕێ و دڵدارەکەی خۆت یان دایک و ھاوسەر و منداڵەکانت بنووسە (دەوڵەت
ئامرازی سەروەربوونی مشەخۆرانە و جەنگیش گۆچانێکی جادوویی و پەڕجووکەر
بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی ستەم و ملھوڕیی و ھەڵاواردن و برسیەتی و
ئاوارەیی و ترس و زیندان و سێدارە! … لەبیرنەکەیت، بەیانی زوو لەنێو
کۆڵان و لەنێو فێرگە و کارگە و فەرمانگە و سەرشەقامان دژی ملھوڕیی و
جەنگ و مەرگ لەتەک ھاوخەونەکانت خۆت ڕێکبخەیت و خۆنیشانبکەیت و
چەکدارەکان لەنێو شەقام و کۆڵان و سەربانی فێرگە و خەستەخانە و
کەنارەکانی گوند و شار دەربکەیت و ژیان و خۆشەویستی و ماچ بۆ کۆڵان و
شەقامەکان بگێڕیتەوە. لەوانەیە کاتێك کە ئەم نامە بە دەستی تۆ بگات و
بیخوێنیتەوە، چیدی من زیندوونەمابم. لەیادنەکەیت، کە دوا ئارەزووی من
زیندوومانەوەی خۆم و ھەموو مرۆڤێکی ژیاندۆست بوو و لەپێش ھەمووانەوە تۆ
بوویت. بەڵام بەداخەوە خێرایی ڕوداوەکان بواری زوو داچڵەکان و
دەرککردنی ڕاستییەکانی بە من نەدا، ھیوادارم ڕێکەوتەکانی ژیانی تۆ ئاوا
نەبن و ماوە و بوار و بەختی بیرکردنەوە و تێگەییشتنت ھەبێت، تاکو ھۆکار
و کۆدەکانی جەنگ و دروستکردنی دەوڵەت و پارتییایەتی و پێداویستی
ھەبوونی لەشکر و دەزگە سیخوڕیی و سەرکوتگەرەکان و زیندان و سێدارە
بدۆزینەوە و پێش ئەوەی جەنەراڵ و ئەفسەرێک بڕیاری ڕامیار و دەسەڵاتدار
و سەرمایەدارێك بە چەکدارەکانی نێو سەنگەگەرانی ئەوبەر یان ئەمن و
پۆلیسەکانی سەرکوتکردنی (خۆنیشانەکانی ئێوە) بسپێرێت و ئەویش لە سەر و
سنگی تۆ نیشانەبگرێت، فریای ڕزگارکردنی ژیان و گیان و خەون و ئارەزووی
کەسێکی دیکە بکەویت. دوا پەیامی خۆشەویستیی من، ماچ).
١٥\١٠\٢٠١٧
ماڵپهڕی ههژێن
|