په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٢\٢٠١٣

هاودەقى (Hypertexte).
- (سەعید یەقتین) وەک نموونە -


عەبدولموتەلیب عەبدوڵا

(١)


دەشێ بەشێکى زۆرى سەدەى بیستەم وەک ئەوەى بە سەدەى (دەق) ناو دەنرێت، لە ژێر چەمکێکى فرە لایەن بە ناوى "کارلێکردنى دەقى" یان "دەقئاوێزانى" یان "میتادەق" دا کۆ بکەینەوە. بەڵام دواى کۆمەڵێک هەوڵى جیاواز لە بوارەکانى تەکنۆلۆژیا و سیبرنتیکا (Cybernetics) و فرە میدیایى (Multimédia) و ناوەندە چالاکەکانى دیکە (cmc) و داهێنانە خەیاڵى و فۆرمە بینراوەکانى دیکەى مرۆڤایەتى و تەئویلە جیاوازەکان و خوێندنەوەى جیاواز.. چەمکێکى نوێ بە ناوى (هاودەقى) یان دەقى (پەیوەست) یان دەقى (دیجیتاڵى).. هاتە ناوەوە. دەقى ناوبراو لەسەر دەقى پێشووى دروست دەبێت، نەک بەو مانایەى کە هیچ دەقێک نییە، کاریگەرى دەقى پێشووى بەسەرەوە نەبێت، بەڵکو بەو وەسفەى کە دەقى پەیوەست ئەگەرچى بە شێوەیەک لە شێوەکان هاوشێوەى نێودەقى، دەقئاوێزانى لەسەر دەقى پێشوو (هایپۆتێکست) خۆى بونیاد دەنێت، بەڵام لە رووى وردبینى و دەرکەوتن، ئەکتیفترە و چەندین لقى جیاوازى وەک بیناسازى دەق و دەقى کارتێکراو و دەقى پەیوەند و میتا دەقى لەخۆدا کۆ کردۆتەوە. هاودەقى ئەو داهێنانە ئاوێتەیەیە، کە لە رێگاى کۆمپیوتەر و ئینتەرنێتەوە فەزایەکى بەرفرەوان، لە زانیارى و خەیاڵ و کۆمینتى بینراو بەرجەستە دەکات.


هاودەقى لە رێگاى کۆمپیوتەر و بە پرۆگرامکردنە پێشکەوتووەکانى کۆمپیوتەرەوە هاتۆتە بەرهەم و لەوێشەوە دەقێک لە کۆى بونیادە دەرەکى و ناوەکیەکان بەرجەستە دەبێت، بە شێوەیەکى ئاوێتەیى، شێوەیەک کە ئەگەرچى ئاڵاکەى بە دەست جوانى و ئەدەبیەتەوەیە، بەڵام پێشتر بەو شێوە ئاوێتەیە، بوونى نەبووە، یان بە مانایەکى دیکە دەشێ بڵێین ئەگەرچى لە شێوازە کۆنەکانەوە گەشەى کردووە، بەڵام لەگەڵ کۆمپیوتەر، وەک فۆرمێکى دیکەى نوێى کۆنتاککردنى (CONTACT) دەقى پێشوو دەردەکەوێت.


کەواتە هاودەقى ئەگەرچى هەڵگرى بونیادێکى کلاسیکیانەیە، بەڵام بەدیوەکەى دیکە بونیادێکى ئیبداعى سیستماتیزەکراوە، زانیارییە جێگیرەکانى دەق لە ئاستێکى بەرزى ئەدەبى و ئیستێتیکى لە رێگاى پرۆگرامەکانى عەقڵى ئەلکترۆنییەوە (software) پێشکەش دەکات. بۆ ئەوەش دەشێ بڵێین (وێب - web) لەسەر ئاستى گەردوون هاودەقى دەنوێنێ. بەڵام لە بەرانبەر تەئویلکردنى هاودەقى دەبێ خوێنەر یان وەرگر خاوەنى میمێکسێکى (Memex) بەرفرەوان بێت، یان بە مانایەکى دیکە بۆ تێگەیشتن لە هاودەقى لەلایەک پێویستە کراوە بین و لەلایەکى دیکە خاوەن میمۆرییەکى بەرفرەوان بین. کەواتە هاودەقى داهێنانێکى بەرفرەوان و ئاوێتەخواز و کراوەیە، لەسەر ئاستى خەیاڵ هیچ سنوردانانێک بە رەوا نابینێ، وەک چۆن لەسەر ئاستى کۆکردنەوەى زانیارى، دووچارى نێودژى و لەناوچوون نابێتەوە.


(٢)


لە دەقەوە بۆ هاودەقى، دەروازەیەک بۆ ئیستێتیکاى داهێنانى ئاوێتەیى کتێبێکى بە نرخى دکتۆر (سەعید یەقتین)ە،ئەو کتێبە یەکێکە لەو بەرهەمانەى کە قسە و باسێکى بەرفرەوانى لە ناوەندى رۆشنبیریى عەرەبى لەسەر کراوە. ئەو کتێبە لە (بەیروت) ساڵى ٢٠٠٥ چاپکراوە. وەک رەخنەگر و نووسەرى بە ناوبانگى (مەغریبى) دکتۆر (سەعید یەقتین) دەڵێت: کتێبى ناوبراو درێژکراوەى کتێبى (ئەدەب و دامەزراو و دەسەڵات)ە.


دکتۆر (سەعید یەقتین) رەخنەگر و پسپۆر لە بوارەکانى گێڕانەوە و سیمۆلۆژیا و تیۆرى رەخنەى ئەدەبى و کەلەپورى گێڕانەوەى عەرەبى ئیسلامى-رۆشنبیریى شەعبى- و هاودەقى (Hypertexte).. بە یەکێک لەو رەخنەگرە پڕ بایەخانە دادەنرێت، کە هەمیشە هەوڵدەدات شان بە شانى داهێنانە ئەدەبى و هونەرى و فیکرییەکانى جیهان هەنگاو بنێ، هەر لەوێشەوە ناونیشانى کتێبەکەى دەبێتە جێگاى پرسیار لاى ئەو خوێنەرانەى، کە ناتوانن کۆنتاکت لەگەڵ هەندێ لەو داهێنانە ئەدەبیانەى دنیاى دەرەوە، بە تایبەتى ئەمریکا و ئەوروپا دروست بکەن.


وەک دەزانین پێشتر پێکهاتەى تیۆرى دەق لەسەر سێ لایەن وەستا بوو: نووسەر، دەق، خوێنەر. بەڵام هاودەقى فرە لایەنە و دەکەوێتە سەر: داهێنەر، هاودەقى، کۆمپیوتەر، وەرگر. لە هاودەقیدا کۆمپیوتەر ئامادەیەکى بنەڕەتى هەیە و شوێنگەیەکى جەوهەرى لە هاوسەنگکردنى بەرهەم و وەرگر دەنوێنێ، تا ئەو سنورەى کە بەبێ ئەو مەحاڵە بتوانین قسە لە هاودەقى بکەین، چونکە وەک چۆن ئامرازى بەرهەمهێنانە لە هەمان کاتیش ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە خوێنەر. لێرەدا کۆمپیوتەر هەر تەنها دەرکەوتنى شێوازێکى نوێى ئیبداعى نییە، بەڵکو بەرجەستەکردنى جۆرێکى نوێى پسپۆریشە کە بە هۆکارەکانى وەڵامدانەوە ناو دەبرێت.


دەمەوێ بڵێم ئامرازى کۆمپیوتەر دەقێکى دیجیتالى بەرهەمهێناوە، بەڵام دەقى دیحیتاڵى لەخۆوە دروست نابێت، بەڵکو بەرهەمى بەرەوپێشچوونى عەقڵى ئەلکترۆنى و فرە میدیاییە، بەو مانایەش بۆ گفتوگۆکردن لە دەقى دیجیتاڵى ناشێ بە مانا تەقلیدییکە قسە لە نووسەر بکەین، بەڵکو دەبێ لە چەمکى (داهێنەر) بگەین، یان لەو هێزە کراوەیە بگەین، کە لە رێگاى پرۆگرامەکانى عەقڵى ئەلکترۆنییەوە دەتوانێ سەرەڕاى زیادکردنى وێنە و ئایکۆن و هێلکارى، بە ئارەزووى خۆى دەستکارى دەق و پاش وپێشخستن و رەشکردنەوەى بکات. لە دەرئەنجامى هەموو ئەوانەشەوە وەک گوتمان بە شێوەیەکى دیکەى پێکهاتەى دەق دەگەین، کە لە داهێنەر، کۆمپیوتەر، ئەدەبى ئاوێتەیى (interactional) پێکهاتووە. بەو مانایەش وەک چۆن دەق بەبێ خوێنەر بوونى نییە، قسەکردنیش لە هاودەقى بەبێ بیرکردنەوە لە کۆمپیوتەر شکست دەهێنێ، واتە بەبێ بەرجەستە کردنى فۆرمەکانى تەعبیرکردن و فۆرمەکانى کۆمینیکەیشن (Communiction) هەرگیز بەیەکگەیشتن (continuity) دروست نابێت، کەواتە دەشێ کۆمپیوتەر بە ئامرازە ئینتەرئەکتیڤەکان (interactive) ناو بەرین.


دواجار دەمەوێ بڵێم دکتۆر سەعید یەقتین لە رێگاى ئەو کتێبەوە هەوڵدەدات ناوەندى رۆشنبیریى عەرەبى لە داهێنانەکانى ئەویدیکە، ئاگادار بکاتەوە، بۆ ئەوەى لەوێوە بتوانن دنیابینییەکى نوێ فەراهەم بکەن.
_____________________________________
پەراوێزەکان:

- لە زمانى عەرەبى لە بەرانبەر هایپەر تێکست هەندێک لە رەخنەگران (النص المترابط)یان بە کار هێناوە، لە زمانى کوردى بە دەقى هاوپەیوەست دێت، بەڵام من پێشنیارى زاراوەى (هاودەقى) دەکەم.
- (Memory Extendes) ای الذاکرة المتمددة.
- interactive (المتفاعلة).

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک