په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٨\٢٠٢٦

هاوکاتییە کوردییەکە.


ئەرسەلان مەحمود      


مێژووی سیاسیی کورد، سەدەیەک زیاترە، مێژووی ساتەوەختە پەرت و دابڕاوەکانە. هەر پارچەیەک لە کاتی خۆیدا و بە تەنها خراوەتە بەردەم چارەنووسێک، بە واتایەکی تر، یاسا نەنووسراوەکەی ئەم مێژووە بریتیبووە لەوەی کاتژمێری چارەنووسی پارچەکان هەرگیز لە یەککاتدا بۆ یەکتر نە چرکاون، هەر پارچەیەک لە ساتی ئاگرەکەدا تەماشای پارچەکانی تری کردووە، وەکچی؟ وەک تەماشاچییەکی دەستبەستراو، نەک وەک خاوەن هەمان چارەنووس.

ئێستا، یەکەمجارە لەم سەدەیەدا، ئەو یاسایە دەشکێت. شەڕی ئەمریکا و ئێران، لەگەڵ هەموو وێرانکارییەکەیدا، دیاردەیەکی بێ پێشینەی هێناوەتە ئاراوە، کورد لە هەر چوار پارچەی خاکەکەیدا هاوکات خراوەتە سەر مێزی گفتوگۆ. لە ڕۆژهەڵات وەک هێزێکی ئەگەریی گۆڕان، لە باشوور وەک مەیدانی سزادان، لە ڕۆژئاوا وەک ئەزموونێکی جێهێڵراو و لە باکووریش وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنرێت بۆ ڕاگرتنی هەر پڕۆژەیەکی کوردیی ئەودیوی سنوورەکانی. چوار ڕۆڵی جیاواز، چوار زمانی جیاواز، بەڵام یەک بابەت، کورد.

ئەم هاوکاتییە خۆی لە خۆیدا، نە دەرفەتە و نە تەڵە، ماددەیەکی خاوە و ئەوەی دەیکاتە ئەم یان ئەو، عەقڵی سیاسیی کوردییە. ئایا کورد لەم ساتەوەختەدا بابەتە یان بکەر؟ زمانی دیپلۆماسی جیهانی ئێستا باسی کورد دەکات، بەڵام لەگەڵ کورد خۆی قسە ناکات، کورد لە دانیشتنەکاندا ئامادەیە وەک پرس، نەک وەک لایەن. ئەمە جەوهەری تەڵەکەیە، بابەت هەمیشە لە دەرەوەی ژووری بڕیارە و چارەنووسەکەی لەسەر مێزێک دادەڕێژرێت خۆی کورسی تێدا نییە. مێژوو پڕە لەو گەلانەی لە ساتی گەورەبوونی ناوەکەیاندا بچووککراونەتەوە، بۆچی؟ چونکە ناوبردنیان لە جیاتی ئامادەبوونیان دانراوە.

ڕوخساری دەرفەتەکەش هەر لەم دیمەنەدایە. بۆ یەکەمجار، دۆسیەی کوردی لە دۆسیەیەکی ناوخۆیی چوار دەوڵەتەوە بووەتە دۆسیەیەکی نێودەوڵەتی، ئەم گواستنەوەیە خۆی دەستکەوتێکی مەعریفییە پێش ئەوەی سیاسی بێت. دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستان هەشتا ساڵ زیاترە هەوڵدەدەن پرسی کورد بکەنە کێشەیەکی ئیداریی ناوخۆیی و ئەمڕۆ خودی شەڕەکانیان ئەو پەردەیەی دڕاندووە. لەمەش گرنگتر، هاوکاتی چوار پارچە بۆ یەکەمجار دەرفەتی بیرکردنەوەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی هاوبەش دەڕەخسێنێت، ئیتر ناکرێت باشوور بەبێ ڕۆژهەڵات بیربکاتەوە، کاتێک مووشەکی وڵامی ڕۆژهەڵات لە قەڵاچواڵان و زرگوێز دەتەقێتەوە و ناکرێت ڕۆژئاوا بەبێ باکوور خوێندنەوەی بۆ بکرێت، کاتێک هەمان دەست لە پشت هەردوو گەمارۆکەوەیە.

کەواتە وڵامی پرسیارەکە لە بەڵێ و نەخێردا نییە، لە مەرجەکاندایە. هاوکاتییەکە دەبێتە دەرفەت ئەگەر سێ مەرج بێنەدی و دەبێتە تەڵە ئەگەر نەیەنەدی. مەرجی یەکەم، یەکخستنی ماڵی ناوخۆیی کوردییە پێش هەر شتێکی تر، نەک یەکڕیزیی درووشمی بۆنەکان، بەڵکوو یەکگرتنەوەی بڕیار و گوتاری سیاسی و دیپلۆماسی و بەرگری لە باشووردا، چونکە هەرێم بەو حاڵەوە ناتوانێت نوێنەرایەتی خەونی چوار پارچەی کوردستان بکات. مەرجی دووەم، جیاکردنەوەی هاوپەیمانێتییە لە بەکرێگیراوێتی، ئەزموونی زلهێزەکان لەگەڵ ئێمە ئەزموونی بەکارهێنانە نەک ئەزموونی هاوبەشی، ئەو هێزە کوردییەی ئەمڕۆ خۆی بکاتە دەستکێشی ئۆپەراسیۆنی غەیری خۆی، سبەی لەگەڵ دەستکێشە بەکارهاتووەکانی تردا فڕێدەدرێت. مەرجی سێیەم، پاراستنی زمانی دیالۆگە لەگەڵ هەموو لایەکدا، ئەم خوێندنگەیە فێری کردووین دراوسێ جوگرافیایە و جوگرافیاش چارەنووسە و دیپلۆماسییەتی هاوسەنگیش نە لاوازییە و نە سازشە، بەڵکوو هونەری مانەوەی گەلێکە لە نێوان ئاگرەکاندا، توندڕەوی لە قسەدا هەمیشە باجەکەی لە خاکدا دراوەتەوە.

با ڕەخنەیەکیش لە خودی خۆمان بگرین، ترسی ئێمە لە تەڵە زۆرجار پاساوەکەی بێ‌هەڵوێستیمان بووە و خۆشباوەڕیمان بە دەرفەت زۆرجار هۆکاری قوربانیدانێکی بێ بەرامبەر بووە. نەوەی ئەمڕۆ پێویستە لە نێوان ئەم دوو نەخۆشییەدا ڕێگەی سێیەم بدۆزێتەوە، نە وەهمی ئەوەی زلهێزەکان بۆ چاوی جوانمان هاتوون و نە ئەو نائومێدییەی دەڵێت هەرچی بکەین هەر دەفرۆشرێین. هاوکاتییە کوردییەکە دەمێکی کورتی مێژووە، مێژووش دەرگەی خۆی دوو جار ناکاتەوە. ئەگەر ئەمجارەش وەک بابەت بمێنینەوە، تەڵەکە خۆمانین و ئەگەر بتوانین ببینە بکەر، دەرفەتەکەش هەر خۆمانین.
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک