په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

هاوڵاتییە بێخاوەنەکان.

سەلام عەبدوڵا


زەنگی تەلەفۆنەکە لێیداو دەنگێکی ناسراو، وتی: نەخۆشم و ناتوانم سەردانی پزیشک بکەم لە سلیمانی. تکایە یارمەتیم بدە!


من ناتوانم بەهیچ شێوەیەک یارمەتی خاوەن ئەو دەنگە بدەم، بەڵام ژمارەی تەلەفۆنەکەیم بە خزمێکم دا و نیاز وایە سبەی پەیوەندی پێ بکات و دەستی هاریکاری بۆ درێژبکات. لەوەش گرنگتر ئەوەیە، ئەو پەیوەندییە وای لێکردم دووبارە دەست بەنووسین بکەمەوە، ئاخر پەتی نێوان رەشبینی و گەشبینی، گوێگرتن و پێشگوێخستن، گاڵتەجاڕی و بەهەند وەرگرتنی بەرپرسیارییەتی هەمبەر ژیانی خەڵک زۆر باریکە و بەئاسانی دەپچڕێ.


راستە لە ماوەی رابردوو بەدەیان خێزان بەباشی هاوکاری کران، بەڵام هێشتا لەئاستی پێویست نییە و ئەوە بێویژدانی باڵادەستە وادەکات هەندێجار بەش بەحاڵی خۆم رەشبین ببم، چونکە بە زوومی کامیراکەم هاوڵاتییەکی زۆر دەبینم کە هیچ حزب و لایەن و حکومەتێک خۆیان بە خاوەنیان نازانن و لەوانەیە هەست بە بوونیشیان نەکەن و ئەگەر هەستیشیان پێ بکەن، ئەوا دوو پەرچدانەوەی لێ دەبێتەوە: گاڵتەو سوکایەتیپێکردن یان بەزەییپێهاتن، لێ هەردووکیان نابەجێن و خاوەنەکانیشیان تەنها رووڕەشیان بۆ دەمینێتەوە، چونکە هەژارەکان لەلایەکەوە پێش هەموو شتێک قوربانی سیستێمێکن ولەولاوە مرۆڤ بۆ ئەوە نییە یەکێک بەزەیی پێبێتەوە، بەڵکو دەبێ لەئاستیدا ئەرکی مرۆییانە جێبەجێ بکرێت!


ئەوە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە زوومی کامیراکەم ئەو جۆرە مرۆڤە ژیان لێ تاڵکراوانە بەو زەقییە و بەبێ رتوش، بە ئێوە دەناسێنێ و مەبەست لەم کارەشدا ئەوە نییە، ئاە و هەناسەی ساردیان بۆ بکێشن و بیانکەن بە بابەتی بۆڵەبۆڵکردن و قسەی زل، لەبریاندا، دەبێ ئێوەش لە غیابی حکومەت، هەوڵ بدەن راستەوخۆ بەخۆتان پەیوەندیان لەگەل بگرن و بەگوێرەی توانا، بەهانایانەوە بڕۆن، بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی پاداشتی"بەهەشت"ببن و ئەمە موستەحیل نییە!


لەپاڵ دیواری پشت پەنجەرەی گەراجی خانەقین-جەلەولا، مرۆڤێکم بینی بەتاقی تەنها پاڵی داوەتەو لەخۆمم پرسی: ئەمە کێیەو بۆچی لەو شوێنە دانیشتووە؟


- ناوم(ئەحمەد سیا عەرەب)ە و کاتی خۆی نەوتی رەش و گازم دەگواستەوە بۆ گەرماوەی(لەکڵە) و(سەفەر) پاشان لە شارەوانی خانەفین، کفری و قزرەباد کرێکاریم کردووە و ئەمەش ناسنامەکەمە(ژمارە190266، ئەندامی سەندیکای خزمەتگوزاری گشتی/لقی دیالە، لەدایکبووی1944)و ئەمەش رەگەزنامەکەمە(367/11087ج لە 21/5/1983).


جاران شوێنی نووستنم نەبوو و لەم گەراجە دەخەوتم، بەڵام ئێستا لە ئاوایی تەفرەقە دەخوم. هاوسەرەکەم لە1970کۆچی دواییکرد.
-بەچی دەژێن؟ موچەی خانەنشین، کۆمەکی بێکاران یان"فەقیرانە"وەرناگرن.


ئەحمەد: نەخێر. جەماعەتی عەلوەی سەوزە و شوفێرەکان و بەقاڵەکانی جەلەولا یارمەتیم دەدەن.


هەر لە هەمان ئەم کات و شوێنە، پیرەمێردێکم بینی لەپاڵ دیواری دەرەوەی گەراجەکە دانیشتووەو چاوەڕوانی هیچ ناکات!
هەر کە لێی نزیکبوومەوە، وتی: پام گشتی ژان کەد!


خاڵۆ ناوتان چییە؟
- ئیبراهیم محەممەد
- کەسوکارت هەیە؟
- ئیبراهیم: تەنها(ئیسماعیل)ی کوڕم و ئەویش کەمئەندامە.
- بەچی دەژێن؟
- ئیبراهیم: خەڵک خێرم پێدەکەن!


چەندین رۆژە نەمتوانی بەڵێنەکەم لەگەل موزەفەر جێبەجێ بکەم، چونکە بڕیار وا بوو سەردانی کەلاوە شڕەکەی بکەم و چۆم بارانەکە دیوارێکی روخاندووەو تەلەفزیون و ساردکەرەوەکەی تێکداوە، بەڵام لەدیدارێکدا وتی: من لە1963وە شوعیم، واتە لەو کاتەوە کە ئەفسەر(خەلیل هندی)بەرپرسی بنکەی سەربازی جەلەولا بوو. لە2003،دەزگای ئەمنی تایبەت لە زیندانی ناسرییە، قاچێکمیان شکاند.


-بەچی دەژێن؟


موزەفەر: هیچ موچەیەکم نییەو تەنها لێرەو لەوێ کۆمەکم دەکەن و خەباتەکەم هیچ لێ سەوز نەبووە!


زۆر دەمێکە هونەرمەندو گۆرانیبێژ(ئیسماعیل کەریم عومەر، ژمارەی تەلەفۆن 07705479890)دەناسم، بەڵام ئەمە یەکەمجارە بەخێرایی بیدوێنم. لەبری ئەوەی پرسیاری لێ بکەم، خۆی پرسیاری کرد: بۆچی رێز لە هونەرمەند ناگیرێ؟ بڕوابکە جلوبەرگەکەم هەمووی خەڵک پێیان داوم!


-رۆژی پێنجشەمە لە قوتابخانەکە دەرچووم، دەبینم"شێتێکی" گەنج لەبەردەم قوتابخانەی ئەرکەوازی راوەستاوە. لەچەندین کەس پرسیاری ناویم کرد، کەچی کەس ناوی نەزانی و قوتابییەک وتی: مامۆستا ئەوە کوڕی ماڵێکی زۆر هەژارە و دوو برای تریشی هەیە بەو شێوەیە!


ئەم مرۆڤانە بوونیان هەیە، بەڵام بێ ناون...جا کەس هەیە پێویستی بەناوی کابرایەکی"شێت" هەبێت؟!


ئایا ئەم مرۆڤانە بۆ هەڵبژاردنیش، ژمارەی سووتاو نین!


هەر لەم رۆژانە لە تەنیشت پردی دێڕین بەدیوی ئاغاو خەلیفە، گەنجێکی"شێت"و لەبەردەم خانووی پزیشکەکان ژنێکی"شێت"م بینی، بەڵام هێشتا سەرەڕای چەندین ساڵ لە گفتوگۆو وتارنووسین و پەیوەندیکردن بەم بەرپرس و ئەو بەرپرس هێشتا چاوم بە بنکەی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی بۆ ئەم مرۆڤانە گەش نەبووەو تەنها گوێم لەم بۆچوونە بووە: دامەزراندنی بنکەی خزمەنگوزاری کۆمەڵایەتی ئاسانە، بەڵام خەرجەکەی گرانە!
ئایا بۆم هەیە بڵێم: هیچ شتێک لە مرۆڤ گرانتر نییە!


دنیایەکی سەیرە: سەرۆکی گشتی لەشکری ئەمریکا دوو جەنگی ئاشکراو چەندین جەنگی نهێنی بەرپادەکات، کەچی نۆبڵی ئاشتی پێدەدەن، حزبێک سەرەڕای گشت پێشنیارو تکاو رەجای خوێن، هەر سوورە لەسەر ئەوەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، گەمژەترین و بێکەڵکترین ئەندامی خۆی کاندید بکات تا زیاتر ببێت بە گاڵتەجاڕی ناحەزانی، هەژاران بەهەموو بەشەکانییەوە لەهەموو کون وقوژبنێکن، کەچی باسی خۆشگوزەرانی دەکرێ!