٢٨\٩\٢٠٢١
ھاوپەیمانی ئۆکەس،
بۆچی لەم کاتەدا.

عامر سابیر
ھاوپەیمانی (ئۆکەس -
AUKUS) لە ١٥/٩/٢٠٢١ لە لایەن ھەر سێ وڵاتی ئوسترالیا و
بەریتانیا و ئەمریکادا ڕاگەیەندرا. ناوەڕۆکی ئەم ھاوکارییە ئەوە بوو کە
ئەمریکا تازەترین تەکنەلۆجیای ناوکی (نەوەوی) خۆی ئەدات بە ئوسترالیا و
٨ غەواسە (سەبمەرین) بە ھاوکاری بەریتانیا بۆ ئوسترالیا دروست ئەکەن.
ئەمریکا تا ئێستا تەنھا ھەندێ لە تەکنەلۆجی نەوەوی (ناوکی) خۆی بەس بە
بەریتانیا داوە. وە ئوسترالیا ئەبێ بە دووەم وڵات کە پێی ئەدرێ.
لە ساڵی ٢٠١٦ دا ئوسترالیا عەقدێکی لە گەڵ فەرەنسادا کرد، کە بە بڕی ٩٠
بلیۆن دۆلاری ئوسترالی کە یەکسانە بە (٥٥ بلیۆن یۆرۆ) فەرەنسا ١٢
غەواسە بۆ ئوسترالیا دروست بکات و بڕیار بوو لە کۆتایی ئەم ساڵی ٢٠٢١
ەدا بچێتە خانەی جێبەجێکردنەوە و دەستی پێ بکرێ. کاتی خۆی بۆ ئەم
پرۆژەیەی ئوسترالیا، زۆر وڵات بەشداری لەو پێشبڕکێیەدا کرد و لە ھەوڵی
بردنەوەی ئەم پرۆژەیەدا بوون. تا لە کۆتایدا لە بەینی یابان و
فەرەنسادا، ئوسترالیا فەرەنسای ھەڵبژارد بۆ دروستکردنی ئەم
سەبمەرینانە.
ئەو ١٢ غەواسەیەی کە فەرەنسا بڕیاربوو درووستی بکات، غەواسەی تەقلیدی
بوون. واتە بە گازوایل ئیشیان ئەکرد. ئەم ٨ غەواسەیەی کە ئێستا بڕیارە
ئەمریکا و بەریتانیا درووستی بکەن، بە وزەی ئەتۆمی کار ئەکات. جیاوازی
سەرەکیان ئەوەیە کە ئەمانەی بە وزەی ناوکی (ئەتۆمی) ئیش ئەکات، خێراتر
و گەرەتر و بۆ ماوەی چەندین ساڵ (تەنانەت تا ٣٠ ساڵ، کە ھەموو تەمەنی
غەواسەکەیە) ئەتوانێ لە ژێر ئاودا بمنێنێتەوە و بەردەوام وزەی ھەیە.
تاکە شتێک کە پێویستی پێبێ کە بۆی بێتە سەر ڕووی دەریا، وەرگرتنی ئاو و
خواردنە بۆ سەرنشینەکانی. تا ئیستا ٦ وڵات خاوەنی ئەم جۆرە غەواسانەیە
کە بە وزەی ئەتۆمی کار ئەکات (ئەمریکا، ڕوسیا، چین، ھیندستان،
بەریتانیا و فەرەنسا). ئێستا ئوسترالیا ئەبێت بە وڵاتی حەوتەم.
ئوسترالیا لە پڕدا، بەبێ ئەوەی فەرەنسا ئاگادار بکاتەوە، ئەم ئەقدەی
ھەڵوەشاندەوە و لەگەڵ ئەمریکا و بەریتانیادا ڕێکەوت بۆ درووستکردنی ٨
سەبمەرین. ھەرچەندە ئوسترالیا ئەڵی کە ئامادەین ھەموو ئەو تەعویزەی کە
ئەکەوێتە سەرمان لە بری ھەڵوەشانەوەی عەقدەکە لە گەڵ فەرەنسادا ( کە بە
بڕی ١٤٠ ملیۆن دۆلار بۆ ٤٠٤ ملیۆن دۆلار دائەندرێ) بدەین بە فەرەنسا.
بەڵام ئەم بڕیارە فەرەنسای زۆر تووڕە کرد و ئەم ڕێکەوتنەی ئۆکەسی بە
لێدانی خەنجەر لە پشتەوە وەسف کرد کە ھاوپەیمانەکانی (ئەمریکا و
ئوسترالیا) لێیان داوە. فەرەنسا سەفیرەکانی لە واشنتۆن و کانبیراوە
بانگکردەوە. فەرەنسا زیاتریش بەوە تووڕە بووە کە پێشوەخت ھیچ پرس و
ڕایەکی پێنەکراوە لەسەر ھەڵوەشانەوەی ئەم عەقدە و ئەم ڕێکەوتنە نوێیە.
بۆچی لەم کاتەدا، ئەم ھاوپەیمانێتییە کە ناویان ناوە (ئۆکەس)؟ لە
کاتێکدا چەندین ڕیکەوتنی لەم جۆرە لە نێوان ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانیدا
ھەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی چین لە ناوچەی (ئیندۆ پاسفیک و ساوس چاینە
سی). بۆ نمونە لە ٢٠٠٧ دا ڕێکخراوی (کواد) (١) لە بەینی (ئەمریکا و
ئوسترالیا و ھیندستان و یابان)دا پێکھێنراوە بۆ ھەواڵگری سیخوڕی و
سەربازی و بەرەنگاربوونەوەی چین. وە پێشتریش ڕێکخراوی (٥ چاو) (٢) کە
لە نێوان (ئەمریکا و کەنەدا و بەریتانیا و ئوسترالیا و نیوزیلەند) دا
پیکھێنراوە.
ئەمریکا کە لە ئەفغانستان کشاوەتەوە و تالیبانی ھێنایەوە سەر حەکم.
ئەمە نەک ھەر لە ئاستی دنیادا، بەڵکو لە ناوخۆشدا بە شکستێکی گەورە بۆی
بە حیساب کراوە. ھەروەھا لە ناوخۆدا قڵشتێکی چینایەتی گەورە و
ھەژارییەکی بێ وێنە و ئەزمەی قوڵی سەرمایەداری و ڕۆچوونی ئیقتیسادەکەی
و نەتوانینی ڕاگرتنی ھەژموونی بەرەوپێش چوونی چین. وای لە ئەمریکا
کردووە کە وەک ھەلێکی زێڕین ئەم (ئۆکەس)ە ببینێ، تا ھەژموونی باڵادەستی
خۆی بە دنیا و بە دۆست و بە نەیارانی ڕابگەیەنێتەوە.
بەریتانیا بە دوای برێکست و دەرچوونی لە یەکێتی ئەوروپا، کۆشەگیر
کەوتبۆۆوە و ئەم (ئۆکەس)ە ھەلێکی زێڕین بوو بۆی تا عەقدەکەی فەرەنسا
لەگەڵ ئوسترالیادا بە شکست بھێنێ و خۆی وەک یارییکەرێکی جیھانی پێناسە
بکاتەوە.
ئوسترالیا کە لە سەر داخوازی دۆناڵد ترامپ (سەرۆکی پێشووی ئەمریکا) لە
سەرەتای ٢٠٢٠ دا بیانووی بە چین گرت و داوای لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەیی
دەکرد لەسەر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ڤایرۆس. ئەمە چینی تووڕەکرد.
ئوسترالیا کە ٣٥٪ ھەناردەی دەرەوەی لە ئاسن و گاز و خەڵوز و گۆشت و
شەراب ئەنێرێ بۆ چین. چین کڕینی شتی لە ئوسترالیا کەم کردەوە. ئەمە
فشارێکی گەورەی لەسەر حکومەتی ڕاستی ئوسترالیا دروست کرد. ئۆکەس ھەلێکی
زێڕین بوو بۆی، تا بە چین بڵێ ئەگەر تۆ سزای بازرگانیمان ئەدەی. ئەوا
ئێمەش شتمان لەدەس دێ و ئاوا تۆڵەت لێ ئەکەینەوە.
ئوسترالیا لە ساڵی ١٩٧٣ وە ڕێکەوتنی بڵاونەبوونەوە و بەکارنەھێنانی
چەکی ئەتۆمی (٣) ئیمزا کردووە و ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە. وە لە ١٩٩٨
ەوە ڕێکەوتنی قەدەغەکردنی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی (٤) ئیمزا کردووە.
وە حکومەتی ئوسترالیا ئەڵێ کە ئەمان پابەندن بەو ئیمزایانەی کردوویانە
و ھەوڵی دروستکردن و بلاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی نادەن و ئەم غەواسانەش
ھیچ چەکێکی ئەتۆمی لەسەر نییە و تەنھا بە وزەی ئەتۆمی ئیش ئەکەن و
ئەمەش دژایەتی نییە لەو ڕێکەوتنانەی کە لە ١٩٧٣ و ١٩٩٨ دا ئیمزامان
کردووە.
بنکەی (پاین گاپ) لە ئوسترالیا و بنکەی (ئێن ئیس ئەی ) لە مێنوز ھیڵ
لە بەریتانیا.
.Pine Gap (in Australia) & NSA’s Menwith
Hill Base in the UK
لە ساڵی شەستەکانەوە ئەمریکا لە ناوەڕاستی
ئوسترالیادا بنکەیەکی عەسکەری و سیخوڕی درووستکردووە کە ناوی (پاین
گاپ)ە نزیک بە ٨٠٠ کەسی ئوسترالی و ئەمریکی تیایدا کار ئەکەن و دەفری
سەتەڵایتی گەورەی تیادایە. ئەم بنکەیە لە گەڵ ئەو بنکەیەی ئەمریکا کە
لە بەریتانیا ھەیەتی، سیخوڕی تەواوی کۆمیونیکەیشنی دنیایان لە ژێر
دەستدایە و ھەموو درۆن و دەفرە سیخورییەکانی ئەمریکا و ئەو
کوشتارگایەنەی کە لە عێراق و ئەفغانستان و وڵاتانی تردا لە ڕیگەی
درۆنەکانیانەوە ئەنجامی ئەدەن. لەم دوو بنکەیەوە ئاڕاستە ئەکرێ و
ئەنجام ئەدرێ.
گەرچی ئۆکەس لە لایەن میدیاکانی ئەم سێ وڵاتەوە، وەک گۆڕانکاری و
دەسکەوتێکی گەورە وەسفکرا. لە ڕاستیدا تەنھا موعامەلەیەکی بازرگانی
بوو. بەڵام گێچەڵ و شەڕفرۆشتنی ئەمریکا بە چین و ھەڵگیرساندنی شەڕی
دەوڵەتانی ئیمپریالیستی و بەرپاکردنی جەنگێکی تری جیھانی و خاپورکردنی
گۆی زەوی و کوشتنی دەیان ملیۆن کرێکار لە شەڕەکانیاندا. خەتەرێکی زۆر
واقیعی و ترسناکە.
ئەرکی ئێمە کرێکاران و ھەموو بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی جیھان و
ھەموو نەقابەکرێکاری و حیزبە چەپ و سۆشیالیستەکانە، کە بەر بەشەڕێکی
تری ماڵوێرانکەری سیستەمی سەرمایەداری بگرێ و سۆشیالیزم و ئایندەیەکی
پڕشنگدار بخاتە بەردەم کۆمەڵگای بەشەری.
پێویستە چەوسانەوە و کەڵەکەکردنی سەمایە و شەڕ و ماڵوێرانی و ئاوارەیی
و ھەڵاواردن و برسێتی و چەکی ئەتۆمی کەبەرھەمی سیستەمی سەرمایەدارییە،
بگۆڕین بە سۆشیالیزم و بنیاتنانی خۆشبەختی و پێکەوەژیان و ئینسان دۆستی
و ژینگە پارێزی و ئاشتی و یەکسانی و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆسەرچەم
دانیشتوانی سەرگۆی زەوی.
______________________________________________
تێبینی:
١-
The Quadrilateral Security Dialogue also known as
the (Quad) is a strategic dialogue between the United States, India,
Japan and Australia, was initiated in 2007.
٢-
The Five Eyes alliance is an intelligence-sharing
arrangement between five English-speaking democracies: the US, UK,
Canada, Australia and New Zealand. It evolved during the cold war.
٣-
(Treaty on the Non-Proliferation of
nuclear weapons (Non-Proliferation Treaty=NPT
٤-
(Comprehensive Nuclear Test-Ban Treaty
(CTBT
٢٦\٩\٢٠٢١
ماڵپهڕی عامر سابیر
|