په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٥\٢٠١١

هاوپەیمانیی ئیسلامییەکان و گۆڕان بەرەو کوێ؟


ستیڤان ئەحمەد  


لە ماوەی دوو مانگ و نیوی رابردوودا بزووتنەوەی گۆڕان جۆرێک لە هاوپەیمانی سیاسیی بەتینی لەگەڵ ئیسلامییەکانی کوردستاندا گرێدا، ئەمەش لە پرۆسەی خۆپیشاندانەکانی پارێزگاری سلێمانیدا بە قووڵی رەنگدانەوەی هەبوو، بەڵام حاڵی حازر کە نزیکەی مانگێکە پرۆسەی خۆپیشاندانەکان کۆتاییان پێهاتووە، قسە و باسی جیددی لەسەر ئەوەیە، ئایا چ هێزێک ئەویتری بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکارهێنا؟ ئیسلامییەکان یان گۆڕان کامیان توانی سوود لە وزەی ئەویتریان وەربگرێت؟. پاش ئەوە پرسیارێکی تر دێتە گۆڕێ داخۆ ئەم هاوپەیمانییە تا چەند و کوێ بڕ دەکات؟. بەشێک لە شارەزایانی سیاسیی پێیانوایە ئیسلامییەکان توانیان سوود لە وزەی گۆڕان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان وەربگرن، لەم گەمەیەشدا گۆڕان کەوتە دوای ئەجینداکانی هێزە ئیسلامییەکان نەک بەپێچەوانەوە، لەم سۆنگەوە بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی پێشبینی ئەوە دەکەن مانگی هەنگوینی هاوپەیمانی ئیسلامییەکان و گۆڕان لە کۆتایی نزیک بۆتەوە.

 
د.محەمەد حسێن بەرزنجی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان پێیوایە، ئیسلامییەکان گۆڵێکی نایاب و بڕوا پێنەکراویان تۆمار کرد، گۆڕان ئەو یاریزانە بوو کە پاسی دایە ئیسلامییەکان و یەکێتیش ئەو لایەنە بوو کە گۆڵی لێکرا. هەربۆیە ئەو پێیوایە، بەپێچەوانەی بیرکردنەوە سەرەکییەکەوە پارتی و ئیسلامییەکان لەم یارییە سەرکەوتوو بوون، گۆڕان بووە پاشکۆی ئیسلامییەکان، چوونکە لە یەک هەفتەی یەکەم بترازێت فەرهەنگی ئیسلامییەکان سایەی بەسەر خۆپیشاندانەکانەوە کرد. ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەکان وتیشی: بە بڕوای من دەبووایە گۆڕان لە دوو هەفتەی یەکەمدا پاشەکشەی بکردایە، هەروەک چۆن ئێستای دەیەوێ رێگەی دانوستان بگرێتە بەر، دەبوو ئەو کاتە ئەم کارەی بکردایە، بەمەش دەبووە لایەنی براوەی یەکەم. خۆی ئەگەر بێینە سەر هەقیقەت ئۆپۆزیسیۆن نەیتوانی ئەو شەترەنجەی خۆپیشاندان بباتەوە، بەڵام لە رووی مەعنەویی و ماددییەوە زیانەکە بۆ گۆڕان بوو، لەبەرئەوەش پێموایە هێدی هێدی ئەو فۆرمە بەتینەی هاوپەیمانیی نێوان گۆڕان و ئیسلامییەکان بەرەو کۆتایی دەڕوات و دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش حەڤدەی شوبات.


شادمان مەلا حەسەن، وەک چاودێرێکی سیاسیی و کادری پێشکەوتووی یەکێتی، رەخنەی ئەوە لە گۆڕان دەگرێ بە گرێدانی هاوپەیمانییەکی رانەگەێندراو لەگەڵ ئیسلامییەکان، جۆرێکی لە مەدی کۆنەپەرستی هێنایە پێشەوە بۆ سەر شانۆکە، ئەو باس لەو تێزە دەکات کە پێشتر گۆڕان دەیووت، یەکێتی بەهۆی هاوپەیمانیی ستراتیجییەوە کولتووری پارتی زاڵکردووە بەسەر کوردستاندا، کەچی خۆیان بەپێچەوانەوە کولتووری هێزە ئیسلامییەکان زاڵدەکەن،. بۆیە دەڵێت: برادەرانی گۆڕان هیچیان پێ نەماوە ئەوەنەبێ گوایە یەکێتی وەک پارتی لێهاتووە. یان پارتی زاڵکردووە بەسەر کوردستان. ئەوەی لێرە پێویستە بۆ وەڵامی گۆڕانەکان ئەوەیە پارتی هەر لە شوێنی خۆیەتی. دوایی پارتی و یەکێتی لە چوارچێوەی حکوومەت و جێبەجێکردنی یاسا جوڵەیان کردووە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئەوە یەکێتی پارتی زاڵکرد. بەڵام ئەی ئێوە بۆ خۆتان ناڵێن لەماوەی ئەم شەست رۆژە کێتان زاڵکرد؟. بێگومان ئەو ئیسلامییانەی دەمێکە خەون بەوە دەبینن کوردستان بکەن بە حوکمی ویلایەتی هاوشێوەی تاڵیبانی ئەفغانستان. نوزەی ئازادیی مرۆڤ بەگشتیی و ژنان ببڕن. ئێوە ئەوانەتان زاڵکرد و دەنگی ئەوانەتان هێناوە پێش هەموو کەس دەزانێ پاشماوەکانی جوند و ئەنساری ئیسلام و هێزی سۆران لەناو کۆمەڵی ئیسلامی مانای چی دەگەێنی. ئێوە دوو کەسی لیبراڵی وەک مام جەلال و د.بەرهەم قبوڵ ناکەن و رەت دەکەنەوە. لەبەرامبەردا مەلا کرێکاری گەورە تیرۆریست و هاوشێوەکانتان قبووڵە و دەتانوویست بیانکەن بەدەمڕاستی ئەم وڵاتە.


بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی کوردستان پێیانوایە، گۆڕان کەوتە هەڵەیەکی سیاسیی و میتۆدیی گەورەوە کاتێک جڵەوی بۆ هێزە ئیسلامییەکان شلکردبوو، بە ئارەزووی خۆیان لەسەر ریتمی کارکردنی ئیخوان لە میسر مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی سلێمانی بکەن. فوئاد مەجید میسری، توێژەری بواری ئیسلامی سیاسیی پێیوایە نەدەبوو گۆڕان رێگە بە یەکگرتوو بدات ئەو جۆرە کارانە بکات، چوونکە ئیسلامییەکان هێزی نامۆن و بە راشکاویش وتی: حزبی ئیسلامی لە رووی فکرییەوە بە کوردستان نامۆیە و وێنەیەکی کۆپیکراوی حزبە ئیسلامییە هاوشێوەکانی خۆیەتی لەجیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا، لە رووی پراکتیکیشەوە خاوەنی چالاکی تایبەت بەخۆی نییە، ئیخوان رۆژەکانی هەینی ناونا، لە سلێمانیش کەوتنە ناونانی هەینییەکان، ئیخوان لە گۆڕەپاندا نوێژی سیاسییان کرد، لە بەردەرکی سەرای سلێمانیش هەمان دیاردە کۆپی کرایەوە، تەنانەت ویستیان ناوی بەردەرکی سەراش بگۆڕن بە مەیدانی تەحریر، پێشدەچێ نەیانزانیبێت ئەو گۆڕەپانە دەیان ساڵە ناوی مەیدانی تەحریرە، تۆ بڵێی لەسەر هەمان ئاواز پاشەکشەی ئیخوانیش کۆپی نەکەن؟. هاوکات ئەرکی جەماوەر و ئەو هێزانەشە کە خۆیان بەنوێنەری جەماوەر دەزانن، ماوە نەدەن داخوازییەکانی خەڵک ببێتە پرد و ئەجێندای سیاسیی هێزە ئیسلامییەکانی بەسەردا بپەڕێتەوە. داخوازیی خەڵک بچێتە خزمەت ئەجێندای سیاسیی ئەو هێزانەی ئەگەر بوونە خاوەنی مەوقعێکی بەهێزتر چارەنووسی گەلی کوردستان لە چارەنووسی ئەو کۆمەڵگایانە باشتر نابێ، کە ئەمڕۆ بەدەست دەسەڵاتی ئاینی و میتۆدی ئاینییەوە دەناڵێنن.


یەکێک لەو فاکتۆرانەی تەنانەت بنکەی جەماوەریی بزووتنەوەی گۆڕانیشی بێزار کردبوو، ملدانی ئەو بزووتنەوە چەپ و عەلمانییە بوو بە خواستی ئیسلامی سیاسیی لە گۆڕینی سیمای مەدەنییانەی خۆپیشاندانەکان بە سیمایەکی ئاینی و سەلەفی هاوشێوەی وڵاتانی عەرەبیی، ئەمەش جیا لە ناشرینکردنی سیمای خۆپیشاندان، ترس و سڵەمینەوەشی لێکەوتەوە. هەر ئەم بابەتە بۆتە جێگەی سەر سوڕمانی شرۆڤەکارانی سیاسیی و باس لەوە دەکەن چۆن هێزە چەپ و سکۆلارەکان بەوە رازی بوون سەرا بکرێتە مزگەوتێکی گەورەی سەلەفییەکان؟


عومەری شێخمووس، سیاسەتمەداری ناسراوی کوردستان بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت: ئەو نوێژەی لە سەرا دەیانکرد یەکێک لە هەرە فاکتەرەکانی سەرسوڕمانە لای من، کە هێزێکی سکۆلاری چەپ نەک تەنیا گۆڕان، بەڵکو ئەوانەی سەر بە پارتی کۆمۆنیستی کرێکاریی و هەندێکی کەسی دیکەش کە لەبەر دەرکی سەرا بەشداریی ئەو خۆپیشاندانانەیان دەکرد، ئەگەرچی بڕوایان بەمەسەلەی ئاین نییە، بەڵام جڵەوی خۆپیشاندانەکانیان دابووە دەستی هێزە ئیسلامییەکان، لانیکەم دەبووایە رێزیان لە دیندارەکان بگرتایە، بەڵام بەشداریی نوێژەکانیان نەبوونایە، چوونکە تائێستاش ئیسلامییەکان ئەجێندای خۆیان بەسەر ئۆپۆزیسیۆندا سەپاندووە. پاشان دەربارەی مەترسیی گەورەبوونی ئەو هێزە ئیسلامییانە وتی: گومانی تێدا نییە، ئەوان لە هێزێکی بچکۆلەوە خەریکە ببنە هێزێکی گەورە و ئەجێندای خۆیان بەسەر سیستمی سیاسی لە کوردستاندا بسەپێنن، بەڵام باوەڕ ناکەم یەکێتی و پارتی و حکوومەتی هەرێم ئەوە قبووڵ بکەن. لە کۆتاییدا وتیشی: راستییەکی مێژوویتان پێدەڵێم ئەویش ئەوەیە میللەتی ئێمە بەدەیان ساڵ خەباتی نەکردووە تا سیستمێکی ئیسلامی لە کوردستاندا دابمەزرێت، بەڵکو خەباتی کردووە بۆ ئەوەی بتوانێت رژێمێکی عەلمانی و دیموکراسی و ئازاد دروست بکات تا رەنگێکی کوردیی بەخۆیەوە ببینێت، نەک رەنگێکی ئیسلامی.


مەلا نیازی هەورامانی، وەک مامۆستایەکی ئاینی و رۆژنامەنووسێک، پێیوایە ئیسلامییەکان بەشێوەیەکی تاکتیکی لە هاوپەیمانیدان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و ئەو پێیوایە: خەڵک لەئیسلامی سیاسیی تێگەیشتوون، رۆژانێک گۆرانی و مۆسیقا و پەرلەمان و مەولودنامەیان پێ حەرام بوو، ئەمڕۆیش پێیان حەڵالە و بڕیار دەدەن، دیارە ئێستا داوای دەسەڵات و پلە و پایە دەکەن، بۆ بەراشکاوانە ناڵێن ئێمە سیاسەت دەکەین. ئەوانەی لە هەرێم رۆژگارێک خەڵکیان بەکافر دەشوبهاند، ئەمڕۆ باسی پێکەوەژیان دەکەن، ئیسلامی سیاسیی خەریکی پەتپەتێنە، رۆژگارێک مەلا کرێکار دژی سەرانی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، بەڵام ئێستا سوپاس و ئافەرینی سیاسییان بۆ دەکات، سەیرە کەسانێک بڕوایان بەخوا نەبێـت تۆ ئافەرینیان لێ بکەیت و بەپیاوی گۆڕەپانی لەقەڵەم بدەیت، کە ئەمەیش بە روونی دەبینرێت، ئیسلامییەکانیش کاتێک مەرامەکانیان هاتەدی بەبێ ئەوەی چاکسازیش بکرێت خەڵکەکەی خۆی دەکشێنێتەوە و دەڵێ چاکسازیی کراوە. لە بارەی ئەوەی تاچەندە ئەو هاوپەیمانییە درێژە دەکێشێت وتی: ئەو هاوپەیمانییەی ئێستایان سیاسییە و کاتییە، کە تادوێنێ دژی یەکتر گووتاریان دەدا و ئێستا برای سیاسیی یەکترن.


چاودێرانی سیاسیی باس لەوە دەکەن ئێستا دۆخەکە بەرەو ئەوە دەڕوات کە هاوپەیمانی سیاسیی نێوان ئەو سێ لایەنە بەرەو کۆتایی دەڕوا و باس لەوە دەکەن ئیسلامییەکان ناتوانن لەناو خۆیان هاوپەیمانی درێژخایەن ببەستن، چجای لەگەڵ هێزە عەلمانییەکان، جیا لەمەش باس لەوە دەکرێت کە ئەو سێ هێزە هەریەکە بە جیا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی لەگەڵ دوو حزبە سەرەکییەکەی کوردستان رێککەوتنی نهێنی و ژێراوژێر بکەن، ئەمەش یەکێکە لە نیشانەکانی لاوازبوونی ئاستی پەیوەندیی و هاوپەیمانیی ئەو سێ لایەنە. هەروەک د.محەمەد حسێن پێشبینی دەکات، لە ماوەیەکی زۆر نێزیکدا ئەو جۆرە هاوپەیمانییەی لە نێوان گۆڕان و ئیسلامییەکاندا هەیە دەگاتە کۆتایی و ئەگەری ئەوەش هەیە هەمان سیناریۆی لیستی چاکسازیی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی دیسانەوە دووبارە ببێتەوە، کە ئەو لیستە لە دوو حزبە ئیسلامییەکە و زەحمەتکێشانی قادر عەزیز و سۆسیالیست پێکهاتبوو، کەچی بینیمان دووانیان واتە سۆسیالیست و زەحمەتکێشان بە بەشدارییکردن لە حکوومەت کۆتاییان بە هاوپەیمانیی چوار حزبەکە و لیستەکە هێنا، بەمەش ئیسلامییەکان زیانیان کرد، ئەگەرچی تا ئێستا ئیسلامییەکان لە رووی مەعنەوییەوە لە گۆڕان براوەترن، بەڵام هێشتا بوار ماوە بۆ گۆڕٍان کە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بە تایبەت لە رێگەی کۆتاییهێنان بەو هاوپەیمانییەوە لەگەڵ ئیسلامییەکان، ئەوکاتیش ئیسلامییەکان دەبنە دۆڕاوی سەرەکیی کۆی گەمەکە.

 


Shamzini79@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک