٩\٢\٢٠١٧
هاوپەیمانیی
تراویلکە!

دارا خونچە
لە ساڵی ١٩٣٢ کە وە
ناو سەروەخۆیی پاشایەتیی ئێراق لە بەریتانیا راگەیەندرا و دینار بووە
دراوی فەرمیی ئەو ئێراقەی کە وەزۆری زۆردارەکیی دامەزرێندرا.. فلووس
زۆر وە بەها بوو.. لێ لەو دەمەوە تا نهۆ کە لە روانگە مادیی و
دژەمرۆییەکەوە پێناسەی کەسەکی بێ کەلک دەکەن دەبێژن: ''هێندە بێ کەلکە
نرخی یەک فلووسی سوتای نییە!''، واتە کە یەک فلووس دەسوتێ و نرخی
نامینێ.. ئەو کەسە نرخی ئەو فلووسە سوتایەی نییە!
ئێستا پاش ئەو هەموو دەنگۆ و بانگەشە بێ بنەمایانەی
دەربارانی پاشانشینەکەی (''مەسعود
مستەفا'' و ''شابانوو هێرۆ برایم''*)
و (پان ئەمەریکاییەکانی نێو پەکەکە و پەیەدە)
و (بزووتنەوە بێسەروبەرەکانی کوردانی رۆژهەڵات کە وە هومێدن ئەمەریکا
رژێمی سێدارەی ئێران بڕووخێنی و ئەوانیش ئشتەک بکڕێنن) کە گۆیە ئیدی
هەر تەنێ چیایەکان پەناگەی کوردان نین بەڵکە بارودۆخەکە فرە گۆڕایە و
ئێستا ئەمەریکا بەو زەبەڵاحیی و کەڵەگاییەی خۆیەوە
هاوپەیمانەکی نێزیکی کوردانە! کەچی دەگەڵ هاتنەسەرکاری (دۆناڵد ترامپ)
کە چاوچنۆکترین و رەگەزپەرستترین سەرمایەداری مشەخۆری نێو باشترین
سیستەمی دیموکراسییە! - کە لەوە باشتری نییە و نابێ -.. لە چارچیوەی
نەخشەیەکی رەگەزپەرستیی و دژە پەنابەرییانەی
خەڵکانی ئێراق و سوریا و ئێران و چەند وڵاتەکی دیکە مافی پەنابەرییان
لە ئەمەریکا پێ نادرێ و تەنانەت ناتوانن
هاتوچۆی ئەو وڵاتەش بکەن! ئیدی وەک دەیبینین ئەو (هاوپەیمانە زۆر
نێزیکەی کوردان!) نرخی یەک فلووسی سوتای نەبوو! ئاخر تەنانەت وە یەک
وشەش باسی جودایی کوردستانی نەکرد و کوردانیشی هەروەک شارۆمەندانی
ئێراق و سوریا و ئێران و تیرۆریستانی ئەو وڵاتانە تەماشا کرد!
زۆر لەمێژە و تا هەنووکەش کوردان لە لایەن ئیمپراتۆریەت و وڵاتە زلهێزە
کەلەگایەکان و تەنانەت داگیرکەرانی کوردستانیش لەخشتەدەبردرێن و زۆر وە
ئاسانیی وە قسە
تاکتیکبازییەکانیان هەڵدەپەڕن.. نموونە دیارەکانیش
لەو بارەوە (میرنشینە کوردییەکان لە لایەن
عوسمانییەکان و سەفەوییەکان، کۆماری سۆر لە
لایەن رووسیا، کۆماری مهاباد لە لایەن
رووسیا، شۆڕشی باشوور لە لایەن ''ئەمەریکا و ئیسرائیل و ئێران و عێراق'')..
هەنووکەش لە لایەن هەر وڵاتەک کە پەیوەندییەکیان دەگەڵ هێز و لایەنە
کوردییەکان هەیە. ئیدی کوردان هەردەم نۆرەیان لەسەر گیرایە و هەر رۆژەو
وڵاتەک دەرفەتی خۆی وەردەگری و وە پێی بەرژەوەندییە پاوانخوازیی و دژە
مرۆییەکانی خۆی ئەو میللەتە لەخشتە دەبا و پاشانیش کە ئامانجەکانی خۆی
دەپێکی هێرشی دەکاتە سەر و گورزەکی کوشندەی لێ دەسرەوێنی. دەگێڕنەوە؛
کەسەکی بێ توانا و دەست و پێ سپی وە ناوی (کاردۆ) لە گوندەک دەژی کە
خەڵکەکەی زۆر شەڕانگێز بوونە.. رۆژەک دوو هاوڕێی ئەو (کاردۆ)یە لە
نێوان خۆیان باسی دەکەن:
هاوڕێی یەکەم: ئەرێ کاردۆ کووە؟ گۆتیان دیسان لێیاندایە.. ئەوە کێ بوو
لێیدابوو؟
هاوڕێی دووەم: جا کوو بی؟ کاردۆ وەک دەرکەی حەوشەی لێهاتیە.. هەر کێی
دێ و لێیدەدا!
لە هەمووشی خراپتر ئەوەیە کە کوردان خۆیان خۆیان لەخشتەدەبەن! وەک
ئەوەی ئێستا کە دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا وە دەیان جار وە فەرمیی و
نافەرمیی و زۆر بێ چاوەڕووانە و بێ ئەوەی هیچ شەرم لە بانگەشە
دیموکراسییەکانیان بکەنەوە دووپات و چەندپاتایان کردیتەوە کە سەروەخۆیی
کوردستان (ئاژاوە و ناجێگیریی!) لە ناوچەکە چێدەکا!
کەچی کوردان وەک ئەوەی هۆش لە کەللەسەریاندا نەبی خۆیان لە بەرانبەر
ئەو قسەیە لە گێلیی دەدەن و هەر دەبێژن ئەمەریکا هاوپەیمانمانە! ئەوە
رێک وەک پەیوەندیی (ئاغایە ملهوڕەکە و نۆکەرە
سووکەکە) دێتە بەرچاوان:
ئاغا: ''ئەتوو وە کەلکی نۆکەریی نایێی.. لە شەڕ پتر
هیچی دیکە نازانی، جا شەڕ لە توو و چەک و پارە لە من.. بەس
ببوورە ناتوانم وە نۆکەری خۆمت وەربگرم!
نۆکەر: دەی قەیدیناکا.. بەس ئەمن هەر نۆکەری دڵسۆزی تووم!
ئاغا: کورە ئاخەر ئەمن شەرمم وەخۆیە ئەتوو
وە نۆکەر وەربگرم، دواییش ئەتوو کێشە لۆ نۆکەرەکانی دیکەم چێدەکەی،
ئەوەندە گێل مەبە.. پێمگۆتی وە نۆکەری خۆمت وەرناگرم و بڕایەوە..
نۆکەر: ئێ باشە گەورەم.. بەس ئەتوو هەر ئاغای منی.. رۆژەک هەر دێ وە
نۆکەرم وەربگری و ئەو دەڤەرەت وەک پیازەکی سپی بخەمە نێو دەست!
ئاغا: ..... .
ئەو بارەی کوردان و بندەستبوونەکەیان.. لە لایەک هیچ عەنتیکە نییە و لە
لایەکەی دیکەش فرە عەنتیکەیە!!
هیچ عەنتیکەیە نییە.. چونکە:
نەزانیی و فەرهەنگە پاشدامایەکەمان دەگەڵ هۆکارە دەرکییەکانی بندەستەیی
و ژیان و گوزەرانی کوللەمەرگییمان ئاوێتەی یەک بوونە.. ئیدی ئەوەیان
ئافەریدە کردیە کە هەیە و چارەکردنیشی فرە قورس و سەختە!
فرە عەنتیکەیە.. چونکە:
کەسانەکی زۆر - ئەمنیش یەکەکم لەوان - نەک هەر دەزانین چارەی
میللەتەکەمان چیە.. بەڵکە دەزانین چارەی میللەتان و سەرجەمی مرۆڤەکانیش
چیە.. کەچی کردارمان فرە فرە کەمە و هەر خەریکی چەقەچەقین!
رەنگە کەسانەک هەبن لە چەپە ساکار و ساویلکەکان یان ئیسلامییە
تاریکپەرستەکان بێژن: ''دەک وەخێر نێیەوە.. خوازیاری ئەوەی دەگەڵ
ئەمەریکایەکی دژەمرۆیی و دڕندە هاوپەیمانییەکی راستەقینەمان هەبی!''،
لێ ئەوە نە خواستی منە نە پەیوەندیی وە
خوازیاریی من و ئەو
کەسانەوە هەیە کە نامانەوێ میللەتەکەمان
رەنجەڕۆ بی.. بەڵکە راستییەکە ئەوەیە کە
ئەمەریکا هاوپەیمانی کۆمەڵە چەتە و بازرگانەکی کوردستانە نەک میللەتی
کورد و هیچ میللەتەکی بندەست و چەوساوە.. واتە هاوپەیمانیی
کوردان و ئەمەریکا ئەندێشەیەکی بێ سەروبەر و
نەزۆکی دەربارانی دیوانە و لە تراویلکە پتر
بترازێ هیچی دیکەی لێ دەرناچی.. کەسیش هێندە
گێل و هێڕوهوڕ نییە تا هومێدەکی لەسەر هەڵبچنی
مەگەر دوو بنەماڵەکە و بازرگانە سیاسییەکانی دیکە!
_____________________________
*
شابانوو:
بانوو واتە (خانم،
ژن)، دەگەڵ وشەی شا (شا + بانوو)
واتە (شاژن). ''جەلال حیسامەدین'' دەگەڵ ئەو هەموو
بانگەشەیەی پێشتری دژ وە بنەماڵە و خێلگەرایی.. پێش ئەوەی خۆی لە
پەلوپۆ بکەوی رێک وەک پاشایەک هەڵسوکەتی کرد.. هاوڕێیە نزیکەکانی خۆی
(کە زۆربەی زۆریان توانا و پێشینەی خەباتیان لە نێو حیزبەکەی خۆیان لە
''هێرۆ''ی هاوسەری پتر بوو) کارکەنار کرد و رێی خۆشکرد تا ''هێرۆ''
جێیەکەی بگریتەوە و ببیتە شابانوو! دیارە هیچ یەکسانییخوازەک نییە پێی
خۆش نەبی ژنەکی یەکسانییخواز رۆڵی سەرکردەیی و رابەریی بگێڕی.. لێ
''هێرۆ'' هیچ پەیوەندییەکی وە یەکسانییخوازییەوە نییە چونکە ئەویش
هەروەک ''مارگرێت تاتچەر و تانسۆ چیلەر و ئەنجێلا مێرکل و ترێزا مەی
و ئەوانی دیکە'' کەسەکی نێرسالارە و فڕی وەسەر
خەباتی بەرابەریی ژنان و پیاوانی یەکسانییخوازەوە نییە.
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|