په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٦\٢٠١٣

ھاوپشتی لە کوردستان[باکوور]ەوە بۆ ڕاپەڕین لە تەقسیم (Taksim).

 


وەڵامی ھاوڕێیانی (Amed Gever-Dersim Hattı) بە چەند پرسیارێک لەمەڕ خۆپیشاندانەکانی تورکیە و ھەڵوێستگیریی کوردان لە باکوور لەو بارەوە.


وەرگێڕان و ئامادەکردنی: ھەژێن


وەک ھاوپشتی لەتەک ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان دژی دەسەڵاتی (AKP) کە لە باخچەی گەزی (Gezi Park)ی ئیستانبول تەقینەوە، لە ڕۆژانی ڕابوردوودا لە کوردستانیش [باکوور] ھەژمارێکی زۆر چالاکی بەرپاکران، لەوانە:

ئامەد (دیاربەکر).


لە شاری ئامەد (دیاربەکر) ڕۆژی ٣ی جونی ٢٠١٣ لەلایەن ژمارەیەکی زۆر خۆپیشاندەرەوە دروشمیگەلی " (AKP) دەستبکێشەوە، دەستکێشانەوەی (AKP)!" بەرگوێ دەکەوتن. خۆپیشاندانەکان لەلایەن ژمارەیەک پارت و ڕێکخراوەی جەماوەرییەوە لە شاردا بەرپاکران. نوێنەری سکرتێری (ESP) ڕایگەیاند " کە (تەقسیم) گۆڕاوە بە (مەیدانی تەحریر)". لە درێژەی وتاردانەکاندا بەردەوام پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرایەوە، کە خۆپیشاندانەکان چیتر تەنیا لەسەر پاراستینی درەختەکانی باخچەی گەزی نین، بەڵکو ڕاپەڕینێکی جەماوەریین دژی دەسەڵاتی (AKP).

دەرسیم.


ھەروەھا لە شاری (دەرسیم) ڕۆژی ٣ی جونی ٢٠١٣ سەدان کەس وەک ھاوپشتی لەتەک ڕاپەڕینی باخچەی گەزی، بەرەو بنکەی سەرەکی پۆلیسی ئەو شارە ڕێپێوانیانکرد. خۆپیشاندەران لەلایەن پۆلیسەوە بە ئاوپرژێن و نارنجۆکی گازیی، پەلاماردران و زوو پەرتکرا.

ماردین.


لە شاری (ماردین) سەندیکاکان و ڕێکخراوە سڤیلییەکان (NGO)ی شار، وەک ھاوپشتی لەتەک ڕاپەڕین لە تەقسیم-گەزی پارک، خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست. ھەروا لە زانکۆی سێرت (Sêrt/Siirt) خۆپیشاندانێکی ھاوپشتیکردن ڕێکخرا.

جزیرە.


لە شاری جزیرە (Cizîr) لاوان وەک ھاوپشتی لەتەک ڕاپەڕینی گەزی، شەقامی سەرەکی شاریان داخست و چالاکیان ئەنجامدا و سەنگەربەندییانکرد. بەو جۆرە لەتەک ھێزەکانی پۆلیسدا تووشی بەیەکدادان بوون و سەرەنجام ئوتۆمەبێلێکی پۆلیس (مودەرەعە) سووتێنرا.

ھەڵسەنگاندنی سەرەتایی شالیاریی نێوخۆ.


لە یەکەمین ڕاگەیاندندا شالیاری نێوخۆی تورکیە دانی بەوەدا نا، کە لە خۆپیشاندانەکاندا ١٧٣٠ کەس دەستگیرکراون. بەگشتی لە ٦٧ شاردا ٢٣٥ چالاکی ئەنجامدراون و نزیکەی ٢٠ ملیۆن لیرە (نزیکەی ٨ ملیۆن یۆرۆ) زیانکەوتووە و دوو کوژراو ھەن.

کوژراوەکان.


بەپێی زانیارییەکانی تا ئێستاکە، لە خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری وڵاتدا، دوو کەس کوژراون. یەکەم کوژراو لە گەڕەکی عومرانیە (Ümraniye)ی ئیستانبول بووە. لەوێ کاتێک کە خۆپیشاندەران ڕێگەی خێرا (Motorway) یان داخستبوو، ئۆتۆمەبێلێکی گومانلێکراو بەخێرایی تێدەپەڕێت و مەھمەت ئایڤالحتاش (Mehmet Ayvalıtaş) بەژێرەوە دەکات و دەبێتە ھۆی مردنی دەستبەجێی.


کوژراوی دووەم، لە شاری ھاتای (Hatay) بووە. لەوێ ئەبدوڵڵا جۆیمەرت (Abdullah Cömert)ی ٢٢ ساڵە بەپێی گەواھی بینەران بە گولـلەی پۆلیس کوژراوە. دەروبەری سات ٢٣.٥٥ خولەکی شەو، پۆلیس لە ئۆتۆمەبێلێکی (مودەرەعە)ەوە، تەقە لە خۆپیشاندەران دەکات. ئەبدوڵڵا جۆیمەرت سەری بە سەختی بریندار دەبێت و پاشان لە خەستەخانە گیانی لەدەستدەدات. قسەکەری میری لە یەکەمین ڕاگەیاندا ئەوە ڕەتدەکاتەوە، کە ئەبدوڵڵا جۆیمەرت بە گولـلەی پۆلیس کوژرابێت و ڕایدەگەیێنێت، کە ڕووداوەکە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.
 

٥\٦\٢٠١٣

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک