۴\٨\٢٠١٤ ئەدەبی نامە: هاوڕێ گیان.
سابات
ئێستا لەبەردەم پەنجەری ژوورەکەم دانيشتووم و کەوتوومەتە چنينی وشە.. نم نم باران گۆنای زەوی ماچ دەکا هەر دەڵێی ئاوازی سەمفۆنيایەکی خامۆشە و زەوی دەیژەنێ.. لەو دەمانە من پتر بەرەوە مەستبوون دەچم.. ئەو جەنگەڵە جێدەهێڵم و بە پێخواسیی هەنگاو بە نێو گوڵ و گوڵزاری ئەندێشەکان دەنێم..
گوێت لێمە وا نییە!؟ من ئەمرۆ وەڕس و داغداری ئەو مرۆڤانەم کە هەميشە دەمامکدارن.. ئەوانەی گوايە وەدوای ئازادکردن و کاڵکردنەوەی هەموو هيڵە سوورەکان وێڵن.. ئەوانەی گوايە ئاشقی پەرتووکن و وەدوای کۆکردنەوەی پيت بە پيتی وشەی ئەم و ئەو وێڵن.. من ئەمرۆ تێگەيشتم هێندەی مرۆڤەکان بە دەست بە ناو رۆشنبيرەکان دەچەوسێنەوە بە دەست گەمژەکانی وڵات ناچەوسێنەوە.. هێندەی رۆشنبيرەکان حەز بە خۆسەپاندن دەکەن و دەیانەوێ دەوربەر ناچار بکەن دان بە را و بۆچوونە هەڵەکانیان بنێن گەمژەکان وا نين..
دەزانی چی دەڵێم وا نییە!؟ ئاخر پێموایە تۆ پتر لە هەر کەس لە دێرەکانم دەگەی.. دەی من مەلی ئەندێشەی خۆم ئازاد کردوە بۆ ئەوەی بچی هەرچی ''هيچ''ەکانی وڵاتە هەیە بۆم کۆ بکاتەوە تا من بکەومە هۆنينەوەی ملوانکەیەک لە هيج و پاشان هەموو بوون لە هيج رزگار بکەم.. وا بکەم هەموومان هەنگاو بەرەوە خەونە پەمبەییەکانمان بنێین و دەست بخەينە گەردەنی هەتاو...
|