هاوسێ باشەکانى
کورد چییان دەوێت؟

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا*
هەڵبەتە ئێمەى کورد بۆ ساتەوەختێک نییە
لەمێژوودا کەبەئارامى لە سەر خاک وناوماڵى خۆماندا دانیشتبین و
لەهەڕەشەى بەردەوامى دراوسێکانمان بە دوور بووبین. ڕاستەلە دواى
ڕاپەڕینەشکۆدارەکەى بەهارى 1991 وە کورد لەم بەشەى کوردستان بە ئازادى
و سەربەخۆى دەژى، بەڵام هاوسێ "دڵسۆزەکانى" گەلى کورد هەرگیز بە بێ
دەست تێوەردان و پیلان دانان بۆ گەلى کورد ئارامیان نەگرتووە و هەر کات
و ساتێکیان بۆ هەڵکەوتبێت بە فیڕۆیان نەداوە و برینى کوردیان
کولانۆتەوە. بێگومان هیچ بەڵگەنامەیەکى یاساى لەبەردەستدا نییە بۆ
سەلماندنى ئەم دەستێوەردانە، چونکە ئەوان دەوڵەتن و دەزگاى تایبەتى بەم
کارانە هەڵدەسێت ودەزانن چى دەکەن و چۆن بەئێمەى تازە پێگەشتوو گەمە
دەکەن. لە هەندێک کاتدا ئەگەر لێپرسراوانى کورد هەندێک بەڵگەشیان لەلا
هەبێت ،ئەوا لەبەر ئەجرى "دراوسێیەتى" دڵیان نایەت بیخەنەڕوو! بەهەر
حاڵ ئێمەى کورد باش لەخەندەو بزەى ئەم دۆستە-گورگانە گەشتووین و تا
سەردەمانێک لە گەڵیاندا بەچەک دەجوڵاینەوە و وەڵامى کارەکانیان
دەدرایەوە، بەڵام ئێستا بەڕێگەى گفتوگۆو بیرو ڕاگۆڕینەوە.
بەش بەحاڵى بەندە ئێستاش بڕوام وایە هاوسێکانمان هەر ئەوانەى جارانن و
ئەو تاکە هۆنراوەیەى کەلەژیانمدا نووسیبووم ، لەسەرەتاى هەشتاکانى
سەدەى ڕابوردوودا، هێشتا کاتى بەسەر نەچووە :
بەرامبەر هەرسێ وەک شێر
خۆى بەخت دەکا کوردى دلێر
ناڵێم هەموو کات سەرکەوتووە
بەڵام ڕاکردنى تف لێکردووە
لەوانەیە ئەو کات لەگەرمەى کوردایەتى و کارکردنى رێکخستنمدا بوو بم،
بەڵام ئێستاش لەوکاتەگەرمتر و بەجۆشتر وکامڵتر وزیاتر سوورم لەسەر ئەو
هەڵوێستە.
ئەم حکومەتە کوردییەو ناوچە ئازادە چاوى هاوسێ موسوڵمانەکانمانیان
واکوێرکردووە کەبە خۆیاندا نایەنەوەو هەر لەسەر زمانى هەڕەشەو
چاوسوورکردنەوەو خۆبەزل زانین و کوێخا یەتى بەردەوامن و وەک ئەوەى کات
لە لاى ئەوان هەر سەدەى ڕابردوو بێت. بەڕاستى دراوسێ هەرئاوا دەبێت
کەڕۆژانە ناوچە سنوورییەکان بۆردومان و تۆپباران بکەن و خەڵکى گوند
نشین و هەژارى ئەوناوچانەلەسەر خاک وئاوى خۆیان دەربکەن ، لەوەش زیاتر
نەگبەتى وکڵۆڵى ئەوەیەکە حکومەتى هەرێم کارێک ناکات و هەڵوێستێک
نانوێنێت و ئەم کارەتیرۆرستیانە بووە بەکارێکى ئاسایى وڕۆژانە. ئەوەتا
بەڕێز جەبار یاوەر لەڕۆژى 15/2/2009 دا لەڕادیۆى نەواوە زۆر گلەى
لەحکومەتى بەغداد دەکات سەبارەت بە بێدەنگى حکومەتى ناوەند دەرهەق بە
بۆردومانى ئێران وتورکیا بۆ ناوچەکانى هەرێمى کوردستان. هەر کۆتایى
مانگى پێشووبوو( کانونى دووەمى 2009) هۆشیار زێبارى لەگەڵ على باباجان
کۆبووە وە و ڕێککەوتن کە هۆبەیەکى هەواڵگرى بۆ تورکیا لەهەولێر بکەنەوە
دژ بەپێکەکە. هەر لەم ڕۆژانەدا و لەهەواڵەکاندا بڵاوکرایەوە کە دیسان
هۆشیار زێبارى لە ئەسینا لەگەڵ وەفدێکى یۆنانى گرێبەستێکى ئیمزا کردووە
سەبارەت بە دروستکردنى پەیکەرێک بۆ ئەسکەندەرى مەقدۆنى! زوو زوو سەرۆک
کۆمار لەگەڵ باڵیۆزى ئێران لەعێراق کۆدەبێتەوە، وەفدەکانى حکومەتى
هەرێم لەسەر بەرزترین ئاست زووزوو دەچن بۆ ئێران کەچى بۆردومان هەر
بەردەوامە! باشە ناکرێت ونابێت پێیان بووترێت بۆ وادەکەن؟ وبۆ تۆپباران
ڕاناگرن وئەگەر ئێوە هەر بەردەوام بن ئێمەش وەڵاممان دەبێت؟ ئەگەر
سەردانێکى کونسوڵیەیى ئێرانى بکەیت لەسلێمانى ئەوفۆرمەى پڕی دەکەینەوە
بۆت هەیە بە زمانەکانى ئینگلیزى و عەرەبى بنووسیت چونکە فۆرمەکە
بەودووزمانە نوسراوە، باشەنابێت حکومەتى هەرێم ئاگادارى ئەم کارانەبێت؟
چۆن لە ناو شارى سلێمانى داخوازیکار نەتوانێت بەزمانى کوردى داواکەى
بنووسێت؟ زۆر جار لەبەڕێزجەبار یاوەر ەوە دەبیستین کەداوادەکات حکومەتى
عێراق لەسەر تۆپبارانەکەان هەڵبداتێ و سنوورەکان بپارێزێت..لەهەمان
کاتدا دەزانین کە پۆلیسەکانى سنوور سەر بە حکومەتى عێراقن،کەواتەئەوان
بۆ هەڵوێستێک نانوێنن! بەڕاستى خەڵک بێزار بوو لەم هەموو ناڕاستییە،
لەم هەموو چاوبەستە، لەم هەموو ماڵوێرانییە. خەڵک بۆیە دەنگى دا
بەنوێنەرانى لەپەرلەمان تا فریایان بکەون، نەک بیاندەنەدەست قەدەر!
ئەوە نییە ئەم هاوسێ باشانە خۆیان کردووە بە وەلى ئەمرى شارى کەرکوک و
داواى نەکردنى ڕاپرسى و جێبەجێنەکردنى مادەى 140 ى دەستورى عێراقى
دەکەن. باشەبەڕیشى کێ ڕەوایە تورکیا لە ئەنقەرەوە باس لە بارودۆخى شارى
کەرکوک بکات و هەڕەشە بکات؟ باشەئەم هاوسێیانەچۆن بە خۆیان ڕەوا دەبینن
کەبێ شەرمانە داواى باسکردن و گفتوگۆکردن لەسەر مادەى 140 بکرێت
لەگەڵیان؟ نازانم لێپرسراوانى عێراق چۆن بێدەنگ دەبن لەئاست ئەم
دەستدرێژیانەدا،یان ئەم جارەش قسەناکەن و دەڵێن سیاسەت واى دەوێت!
ئەوان هەڕەشە و دەستێوەردان بکەن و تیرۆریستان ئاو دیو بکەن و دەست
بخەنەناو کاروبارى سیاسى و کۆمپانیاکانى بازرگانیان لێرە بە سەربەستى
کاربکەن و کەس بۆى نەبێت قسە بکات و بەرگرى لە وڵات بکات، ئەوا ئەم
کارە چۆن لێکدەدرێتەوە و ئاکامى چى دەبێت؟ ئەمەوادەکات تاکى کورد
هەمیشەخۆى لاواز و نزمتر ببینێت بەبەراورد لەگەڵ ئەواندائەگەر ئەوان
بەبەردەوامى چاومان لێسووربکەنەوە و ئێمەش وەڵاممان نەبێت.
ڕاستە گفتوگۆى سەرمێزو چارەسەرى ئاشتیانە باشترین ڕێگایە بۆ
ڕەواندنەوەى ناکۆکى و ناحاڵیبوون لەیەکتر ، بەڵام لەهەمان کاتدا دەبێت
هێزو تواناى کوردیش بەکەم نەگیرێت و پیشانیان بدرێت کە کورد ئێستا
خاوەنى سوپایەکى ڕێکو پێکەو دەتوانێت بەرگرى لەکوردستان بکات و ئەو
بەستەزمانەى جاران نییە . ئیتر بەسەئەوهەمووبرابچوکی و خزمەتکارییە ،
بەدرێژاى مێژوو یەکێک لەهەرە ڕەفتارە ناشیرینەکانى کورد خۆ بەسووک
زانین و بەرامبەر بە باشتر و زانا ترە، هێندە مردووە بۆبێگانە کە حەز
دەکات کوردستانى بۆ بکاتە کیسەیەکەوە و بیداتێ . ئەمەپێى ناوترێت
دیموکراسى و یەکسانى و... هتد، ئەمەبێ نرخى بەکولتوور و مێژووە ،ئەمە
سەرلێشێوانە کەئەو ترسە لەتاکى کوردا دەهێڵێتەوەو نایەڵێت ناخى
ڕاپەڕیوى دەرکەوێت.
ئێستا حکومەت و پەرلەمان هەیە ، پێویستە وەڵامى دروست و بوێر و لەکاتى
خۆیدا هەبێت، پێویست بە شاردنەوەى شتەکان ناکات . ئێستا چەندین ڕێگا
هەیە بۆ داڕشتنەوەى پەیوەندى لەگەڵ هاوسێ"باشەکانمان" نەک کۆبوونەوە
لەگەڵیاندا لە شوێنێکى دوور و باسکردنى مەسەلە ژێربەژێرەکان جارێک لە
میسر و جارێک لە تورکیا و جارێک لەئێران و..هتد.
*
مامۆستا لەزانکۆى سلێمانى
ibrahimjaza@yahoo.com
|