٦\٣\٢٠١٣ هاوسەرانی سیاسییەکانی ئێرە و ئەوێ!!!
ئاڤێستا سلێمان
من تا ئێستاشی لەگەڵ بێ هیچ یەکێک لە هاوسەرانی سیاسییەکانی کوردستانم نەبینیوە و هەستم پێنەکردوە کارێکیان بۆ ئەو میللەتە کردبێ، یان خەمی کەسێکیان خواردبێ، یان رووی ئەوەیان هەبێ نیشانی دەرەوەیان بدەی و بڵێی ئەوە هاوسەرانی سیاسیەکانی ئێمەن!!
هەرچەندە لە سیستەمی ئێستای جیهان لە هەر شوێنێک بە پێی بارودۆخ و پێشکەوتنی شوێنەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان چەوساندنەوە هەیە، بەڵام ئەگەر بەراوردی هاوسەرانی سیاسییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ ئەوانەی لای خۆمان بکەین دەبینین لێرە؛ هاوسەرەکەی (جۆ بایدن)ی جێگری سەرۆک، لە دوای هەڵبژاردنی هاوسەرەکەی لە چوار ساڵی رابردوو وەک مامۆستایەکی ئاسایی بەردەوام بووە لە وانەگوتنەوە لە کۆلیژێکی ڤێرجینیا، ئەوە باسی خێزانەکەی ئۆباما هەر ناکەم جگە لە کاری خۆی وەک خانمی یەکەم هەفتانە شار بە شار دەگەڕێ و دەچێتە نێو هەموو چینەکانی کۆمەڵگە بۆ ئەوەی لە خەمەکانیان بگا، ئەگەر باسی منداڵەکانیشیان بکەین ئەوە بۆ نموونە کوڕێکی جێگری سەرۆک دوو ساڵە لە عێراق سەربازە، کوڕێکی لە ئەفغانستانە!! هاوسەرانی سیاسییەکانی ئێرە هاوشانی مێردەکانیان خزمەت دەکەن.
ئەوانەی خۆمان نەک هەر هیچ ناکەن و تەمبەڵ و تەوەزەل خەریکی خواردن و کات بەفیڕۆدانن بەڵکە منداڵەکانیشیان بوونە بە ئەرک بەسەر خەڵک و تەنیا بودجە هەڵدەلووشن. من دەپرسم ئەوانەی خۆمان چیان بەوانەی ئێرە دەچێ جگە لە ناونیشانی پۆست و شێوە و رووکەشیی؟! ئۆباما دەڵێ زۆربەی ئەوانەی پۆست وەردەگرن بیر لە پارە و دەسەڵاتەکەی دەکەنەوە، بەڵام لای من پۆست ئەرکە.. رەوشتە.. نوێنەرایەتی چینەکانی کۆمەڵگەیە.. کارکردنە بۆ هەمووان.. دروستکردنی جیهانێکە پڕ لە ئازادیی و یەکسانیی.
قسەکە ئەوەیە.. ئەوانەی خۆمان بەردەوام سەردانی ئێرە دەکەن.. هیچ نەبێ با شتێک لەو سیاسییانەی ئێرە فێربن!! بە بێ گومان ئەو شێوازەی لای خۆمان هی دیوەخانە و تەنیا قسە قسەی پیاو و خێڵە!! لای ئەوانەی ئێمە ئێستاش ژن دەبێ تەنیا دوو جار لە ژوورەکان بچێتە دەرەوە؛ جارێک بۆ شووکردن و جارێک بۆ بۆ گۆڕستان!! هەر دەبێ ئارەقەی شەرم بسڕین بۆ کارە ناشیرینەکانیان، لێرە سیاسەت هونەرە.. لای خۆمان پۆز و مێشکێکی پووچ و بەدەر لە سیاسەت بە جلوبەرگێکی مۆدێل ئیتالییەوە!
|