په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٤\٢٠١٣

ھاوسەری چالاکێکی دیکە بانگهێشتی ئیتڵاعاتی مەریوان کرا.

 


بۆ جاری دووەم ھاوسەری چالاکێکی سیاسی کورد لەشاری مەریوان بانگھێشتی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئەو شارە کراوەو داوای لێکراوە لەھاوسەرەکەی جیابێتەوە، یان ھاوسەرەکەی رادەستی ھێزە ئەمنیەکان بکات.


رۆژی چوارشەممە (١٧/٤/٢٠١٣) ھاوسەر و خەزوری چالاکی سیاسی عەلی دانش (عەلی ئحا مەلای خانمەکۆن) بانگھێشتی ئیتڵاعاتی شاری مەریوان کراون‌و داوای رادەستکردنەوەی عەلیان لێکردون.


بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار داوا لە کەژاڵ ھوژەبری ھاوسەری عەلی دانش کراوە خۆی یەکلایی بکاتەوەو دەستبەرداری منداڵەکانی عەلی بێت‌و دوای ژیانی خۆی بکەوێت.


ھاوکات بەرپرسانی ئیتڵاعاتی شاری مەریوان بەڵێنی ئەوەشیان بەو بنەماڵەیەو رەحمان ھوژەبریی خەزوری ئەو چالاکوانەداوە، لەئەگەری گەڕان بەدوای عەلی‌و رادەستکردنەوەی بە ئیتڵاعات ئەوا دوای ماوەیەکی کورت عەلی ئازاد دەکەن‌و لەسەر کاریش دایدەمەزرێنن.


وەک سەرچاوەکە ئاماژەی پێکرد بەرپرسانی ئیتڵاعات ھەڕەشەی ئەوەشیان لەبنەماڵەکەی عەلی دانش کردوە، عەلی بۆ ھەر کوێ بچێت دەیدۆزنەوەو لەدەستیان دەرناچێت.


ئەوەش لەکاتێکدایە دوو مانگ پێشتر و لە بەرواری (٢٠/٢/٢٠١٣)دا کەژاڵی ھاوسەری عەلی بانگھێشتی ئیتڵاعاتی شاری مەریوان کرابو و داوای جیابوونەوەیان لە ھاوسەرەکەی لێکردبوو.


جێی ئاماژەیە عەلی دانش بەھاری ساڵی رابردو بەھۆی ئاشکرا بوونی پەیوەندی بە لایەنێکی سیاسی کوردییەوە دەکەوێتە ژێر چاودێری ھێزە ئەمنیەکان‌و ناچار دەبێت ئێران بەجێبھێڵێت، بەڵام سەرباری ئەوەش گوشارەکان لەسەر بنەماڵەکەی درێژەی ھەیەو دەستیش بەسەر ٢ ئۆتۆمبێلی ناوبراودا گیراوە.


ئەو چالاکوانە سیاسییە باوکی ٣ منداڵە بەناوەکانی محەممەد تەمەن ٩ ساڵ‌و مەتین تەمەن ٥ ساڵ‌و لاوێنی تەمەن ٢ ساڵ‌و نیو.


بەردەوامی گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی چالاکوانەکان لەکاتێکدایە رێوشوێنێکی توندی ئەمنی بە بۆنەوەی نزیکبوونەوەی وادەی ھەڵبژاردنەکانەوە لە زۆربەی ناوچەکاندا گیراوەتەبەرو لەسەرەتای بەھاری ئەمساڵیشدا ھێزە ئەمنیەکانی ئێران لە چەند ھەڵمەتی رەشبگیری لە ناوچەکانی پاوەو مەھاباد‌و سەردەشت‌و ورمێ زیاتر لە ٥٠ چالاکوان‌و رۆژنامەنوس‌و خوێندکاریان دەستگیرکردوە، کە چارەنووسی زۆربەیان نادیارە.

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک