٩\٥\٢٠٢١
هاوسەریەتیی
ستەمکار و گاڵتەجاڕیی.

ئەرسەلان مەحمود
مێژوو، پڕیەتی لە دەسەڵاتداری گرگن و دەسەڵاتی ستەمکار، بەڵام بە
دەگمەن نەبێ دەسەڵاتدار و دەسەڵاتێک نادۆزیتەوە لە یەک کاتدا ستەمکار و
هەم گاڵتەجاڕ بێ!!
لە هەرێم، هەمووان، هەمووانی غەیرە کوردو نیشتمانی، ڕەهاو ئازادن،
کوردو تاکی کورد خۆی نەبێ، ئەم هەرێمە حەیاتە هەر سنورەکانی نـا،
ئاشکرایە لەناوکدا بووە بەمەیدانی تەراتێنی هێزە بیانیەکان و مۆڵگەی
سەربازی هەرێمایەتی!!
کەچی دەسەڵاتە زاڵە تاکڕەهەندگەراکەی نەک هەر بەوشەو فشەو بەلاغ و
لێدوانێک چییە ڕۆژێ لەڕۆژان ئەم داگیرکارییەی ڕەتنەکردەوە، لەجێیدا
هاوڵاتیەکانی خۆی بەبیانوی بەزاندنی هێڵە نیشتمانیەکان و تێکدانی
ئاسایشی نیشتمانی، تۆمەتبارو دادگایی دەکا و حیزبیانەش بەناوی حکومەت و
دامەزراوەی دادوەرییەوە سزایان ئەدات، ئەمە جگە لەستەمکاری، لەڕاستیدا
گاڵتەجاڕیشە!!
ستەمکارە لەبەر ئەوەی ڕاو سەرنج و جوڵەو هەر شتێکی هاوڵاتی و
هاونیشتمانییەکانی، جا بەهەر هۆکارێک بێ، بکەوێتە دەرەوەی ویست و دنیا
بینی و بەرژەوەندییگەرایی خۆییەوە، یاساغ دەکاو بکارانی هەر
لەڕاوەدونانەوە بگرە تا بەڕفاندن و زیندانی کردن و ئەشکەنجەو حوکمدان و
تیرۆر کردنیان دەگات، سزا ئەدات، ئەمە بەجۆرێکە پێویست بەنمونەو خستنە
ڕوی بەڵگە ناکات!!
گاڵتەجاڕە لەبەر ئەوەی خۆی لەخۆدا، ئامرازی دامەزراوە هەواڵگرییەکان و
جێبەجێکاری ئەجێندا شاراوەکانی دەرودراوسێیە، کەچی پڕ ئەداتە ئەمریکاو
ئەڵمانیاو تۆمەتباریان دەکا بەوەی لەپشت تێکدانی هەرێمەکەوەن،
لەکاتێکدا ئەگەر هێزو وەنەوزێکی هەبووبێ و مابێ ئەم هەرێمە ئەوە
ئەمریکاو خۆرئاوایە چۆن دایانمەزراندوە ئاواش هێشتا پشتیوانی مانەوەی
دەکەن.
هەموو دەسەڵاتێکی ستەمکار، دژەکانی لەگەڵ خۆی و هاوتای خۆی گەورەو
بەهێز دەکات، دەسەڵاتدارێتی هەرێم ئەگەر هەرچی زووە فریا خۆیان نەکەون
و بەخۆیاندا نەچنەوە تایبەت لەهەمبەر سزادراوانی بادینان، ئەوا ئەم
جۆرە هاوسەریەتییە نوێیەی نێوان ستەمکارو گاڵتەجاری، پێناچێ پەتەکەی
درێژ بێت.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|