په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٢\٢٠١٢

ھاوشێوەبوونی ١١ی سپتەمبەر و ١ی شوبات.

جەلال محەمەد    


لە ١١ی سپتامبەری ٢٠٠١دا ڕووداوێکی سەرسام ڕوویدا ، ئەو ڕووداوەش بریتی بوو لە پەلامارێکی تیرۆریستی لەلایەن دوو کەسی سەر بە قاعیدەوە بۆسەر ھەردوو بینای بازرگانی ئەمریکا . ئەم ڕووداوە بیانوویەکی باش بوو بۆ ئەمریکا تاکو لە ژێر ناوی " شەڕ لە دژی تیرۆر " خۆی بخزێنێتە نێو ئەفغانستان و و عێراق و زیاتر گەلانی خۆرھەڵاتی ناوێن دادۆشێت.


من ھیچ گومانم لەوەدا نییە کە تیرۆریستەکان سەر بە قاعیدە بوون . بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە ، چۆن دوو کەسی سەر بە قاعیدە بەناو سەدان کۆنترۆڵ و لە یەک کاتدا گەیشتنە دوو فڕگەی ئەمریکی و دوو فڕۆکەیان ڕفاند و پەلاماری دوو بینای ناوەندی بازرگانیان دا و دەزگای ھەواڵگری ئەمریکی " سی ‌ئای‌ ئەی "ش ھیچ ئاگاداریان نەبوو؟!


بە باوەڕی من ڕووداوەکە زۆر پێچەوانەیە ، ئەوەی پیلانەکەی داڕشت خودی " سی‌ئای‌ئەی " بوو ، ئەوەی بە کارەکەش ھەستا ڕێکخراوی ئه‌لقاعیده‌ بوو ، سودمەندیش لەو ڕووداوەدا خودی ئەمریکا بوو چونکە ھەم زیاتر گەلانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی دادۆشی و ھەم ئاژاوەی زیاتریشی خستە نێو گەلانەوە.


" سی‌ئای‌ئەی " ئەو دەزگایەیە کە ھەموو کارێک ئەنجام دەدات بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا ، لەو پێناوەشدا خۆی دەگەیەنێتە ھەموو جیھان و لە ھەر جێگەیەکیش چەند بازرگانێک بە کرێ دەگرێت بۆ سەرخستنی کارەکانی خۆی . باشترین بازرگانیش لە نێو بەرپرسانی لایەنە ئیسلامیەکان و بە تایبەت " ئه‌لقاعیده‌ " پەیدا دەبێت ، کە بۆ پڕکردنی گیرفانیان ھانا دەبەنە بەر فریودانی کەسە گەمژەکان . ئاسانترین و ھەرزانترین گوتەش بۆ فریوانی کەسە گەمژەکان " الجیھاد و فی سبیل اللە "یە.


لە ١ی شوباتی ٢٠٠٤دا ڕووداوێکی ھاوشێوەی ١١ی سپتەمبەر ڕوویدا ، بەڵام ئەمجارەیان نە لە ئەمریکا بوو و نە " سی ‌ئای ‌ئەی "ش پیلانەکەی داڕشتبوو ، بەڵکو ئەمجارەیان لە باشووری کوردستان و لە شاری ھەولێری دێرین ئەنجام درا . دوو تیرۆریست بە نێو سەدان زاڵگەی پارتیدا خۆیان گەیاندە ھەولێری دێرین ، ڕوویان کردە دوو جێگەی جیاواز ، دوو ناوەندی جیاوازیان تەقاندەوە.


تۆ بڵێی پاراستنێک کە ھەناسەدانی مرۆڤەکانی کۆنترۆڵ کردووە بەڵام ئاگاداری ئەم ڕووداوە نەبێت ؟ ئەی چۆنە لە ڕووداوێکی وەھادا کە دەیان بەرپرسی باڵا کوژران بەڵام یەک بەرزانی و یەک کۆنە پارتی نەکوژران؟


بە باوەڕی من ڕووداوی ١ی شوبات شانۆیەکی سەرکەوتوو بوو ، ئەوەی سیناریۆکەی بەڕێوە برد خودی " پاراستن " بوو . بۆ ئەم سیناریۆیەش گیرفانی یەکێک لە بازرگانەکانی ئه‌لقاعیده‌یان پڕ کردووە ، کاکی بازرگانیش دەستێک ھی خۆی نەبێت ماری پێ دەگرێت.


دەزگاکانی (سی‌ ئای ‌ئەی) و (پاراستن) لە پیشەدا ھاوشێوەن ، پیشەیان تیرۆر و بەرژەوەندییە بەڵام لە ئەرکدا پێچەوانەن . ئەرکی " سی‌ئای‌ئەی " تیرۆری گەلانی جیھان و بە بنەماگرتنی بەرژەوەندی ئەمریکایە ، بەڵام ئەرکی " پاراستن " تیرۆری کەسایەتی کورد و بە بنەماگرتنی بەرژەوەندی بنەماڵەی بارزانییە.


ئەوانەی لە لقی دووی پارتی کوژران ھیچیان پارتی نەبوون ، بەڵکو سەرجەمیان بریتی بوون لە بەرپرسانی " حیزبی سۆسیالیست و پارتی گەل و پاسۆک " کە لەگەڵ پارتی‌دا یەکیان گرتبوو . ئەو کەسانە ببوونە کۆسپێک لەبەردەم بنەماڵەی بارزانی‌دا ، چونکە یەکێک لە مەرجەکانی یەکگرتنیان دوورخستنەوەی پارتی بوو لە بنەماڵەپەرستی و ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات . کاریگەرترین کەسیش لەو بەرپرسانە " سامی عبدالڕەحمان و سەعد عەبدوڵا " بوون ، بۆ چەواشەکردنی ڕووداوەکەش دوو کەسی بێ ئاگا لە سیاسەتیان ھێنایە پێش ، ئەو دوو کەسەش" بەیانی کچی سامی عبدالرحمان و چناری کچی سەعد عەبدوڵا " بوون کە نەیان دەزانی بەر و پشتی سیاسەت کوێوە کەوتووە.


بە باوەڕی من ئەوەی پیلانی ١ی شوباتی داڕشت خودی " پاراستن " بوو ، ئەوەی پیلانەکەی ڕاپەڕاند ئه‌لقاعیده‌ بوو ، ئەوەی کارەکەی ئەنجامدا دوو تیرۆریستە گەمژەکە بوون ، سودمەندی سەرەکیش بنەماڵەی بارزانی بوو ، چونکە ھەم لەو بەرپرسانە ڕزگاریان بوو کە وەکو کۆسپ دەبینران و ھەم میراتی ھەر سێ حیزبیش " سۆسیالیست و گەل و پاسۆک " بۆ بنەماڵە مایەوە.


لەوانەیە خوێنەر بپرسێت و بڵێت :- ئەی بۆچی مەڵبەندی ھەولێری یەکێتی نیشتمانیش کرایە ئامانج؟


پەلاماردانی مەڵبەندی یەکێتی تەنھا بۆ شاردنەوەی پیلانەکە بوو ، تاکو ھەست نەکرێت کە دەستی پاراستن لەو ڕووداوەدا ھەیە . ھەڵبەت لە ڕابردوودا پیلانی لەو جۆرە لەلایەن یەکێتیشەوە داڕێژراوە.


بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٩٣دا یەکێتی دەیویست سەرکوتی " بزوتنەوەی جوتیاران و عەشیرەتی میراودەلی " بکات لە ناوچەی پشدەر ، بۆ ئەم مەبەستەش تاڵەبانی فەرمانی‌دا بە بزوتنەوەی جوتیاران کە پەلاماری میراودەلیەکان بدەن ، بە مەرجی ئەوەی سەرەتا پەلاماری ئەو میراودەلیانە بدەن کە لە نێو یەکێتیدان و پاشان پاکتاوی ئەو میراودەلیانەش بکەن کە لە نێو پارتی‌دا جێگەیان گرتووە تاکو ھەست نەکرێت کە یەکێتی ئەم پیلانەی داڕشتووە . لە ھەمان کاتدا خودی تاڵەبانی بروسکە بۆ مەڵبەندی ڕاپەڕینی یەکێتی دەنێرێت و ئاگاداریان دەکات کە پاش ئەوەی میراودەلیەکان پاکتاو کران ئەو کات بە ناوی بنەبڕکردنی ئاژاوەوە سەرکوتی بزوتنەوەی جوتیاران بکەن.

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک