٨\٣\٢٠١٤
حەبیبە
کوژراوەکانى نیشتیمان.

بەنگین
پیرۆت نورى
هێشتا نیشتیمان
پڕە لە حەجاج
پڕە لە زووحاک
ئاوى ژیان لێڵ دەکەن و
ئاوێنەکانى تەمەن دەشکێنن
گەرووى خاکى نیشتیمان
هێشتا دڵۆپ دڵۆپ
خوێنى ئەنفال لە دڵى ئەڕژێ.
هێشتا تیخى لم بزە و لێوى خۆڵ
بە بەرچاومانەوە گەلاوێژ سەرئەبڕێ
هێشتا تابوتى بەعسیەک و نیشتیمانفرۆشێک
باوەش ئێسقانى نیشتیمان ئەنفالکراوێک
بە تابلۆى خامۆشى ئەم نیشتیمانە هەراجکراوە
ئەسپێرێ.
هێشتا دڵێک کە وەک پرووشە بەفر سپى
وەک قەندیل سەربەرز
وەک هەستى باوەش بە سۆز
هەناسە و بزەى بە گڕى لم دەسوتێ.
ئاخ گەلاوێژ حەبیبە کوژراوەکەى نیشتیمان
قەسیدە سەوزى چاوى شاعیران
ئەى خەمى گەورەى لەدەست چوو
ئەى گەورەترین خیانەتلێکراوى مێژوو
وەک هەژدە کچى لەدەستچوو
هەژدە کەنیزەى نوستوو
هەژدە بەهارى رۆیشتوو
کە مێژوو نوست و خەڵک و ئەوانیش بیریان چوو
وەک هەژدە مۆمى داگیرساو
هەژدە نیشتیمانى ئەنفال کراو
ناوى تۆش بە یەکجاریی
خامۆش بوو
ئێستا، بە کێ
بڵێم زیندوو بە چ بڵێم مێژوو
کە چۆن دڕ و سەگ ئاسا لاسکى گوڵى دڵ
لە رۆحى خاک هەڵکێشرا.
کە چۆن رووى سپى
بردیان بۆ وڵاتى لم
لە مۆزەخانەى نۆگرە سەلمان
دۆزەخى غەریبى خاکى گۆرستان
لە ئینجانەیەکى رەش سیس کرا
تۆش بوویت بە حەبیبە
ناوت لە شیعرى شاعیران دا نووسرا.
دادوەرى بەڕێز
دەپرسم
رەنگە بشترسم
کە ئەوسا ''نزا''ى منداڵێک
قیژەى لێو ئاڵێک
دوعاى ژنى سەر بەرماڵێک
ئەرێ خواى ئەو لە کوێ بوو؟
ئاخۆ ئێستا
''سزا'' ى خواى زیندوو
بۆ منى ئەنفال
''گەلاوێژ''ى لە گۆرنستوو
چۆن و کەى
ئەو رۆژە، رۆژەکەى
بێ
''نزا'' خواى هەبێ
''سزا'' خواى هەبێ
لە دادگا ''داد'' هەبێ.
ماڵپەڕی بەنگینە پیرۆت نوری
|