٢٣\٦\٢٠١٣
هەفتەمین
سەرۆککۆمار؛ تێکەڵەیەک لە ٣ گوتای جیاواز.

عەلی زیرەک
خوێندنەوەیەکی سەرپێی،
داهاتووی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی "روحانی".
حەسەن رووحانی، کەسایەتیی ئەمنی کۆماری ئیسلامی و یەکێک لەو
ستراتێژمەنانەی کۆماری ئیسلامییە، کە دەنگی یەکلایی کەرەوەی لەسەر
کۆمەڵە بابەتێکی چارەنووسسازی کۆماری ئیسلامی بووە. هەر ئەوەش بووەتە
هۆکاری وەرگرتنی پۆستی ئەندامێتی "مەجلیسی دەستنیشانکردنی
بەرژەوەندییەکانی نیزام" و بە هاوڕێی ئەشکەوتی رەفسەنجانی بیناسن!
کەواتە هەڵگرتنی بۆنی رەفسەنجانی لەو مەجلیسە دەبێتە هۆی ئەوە کە بڵێین:
بنەماڵەی رەفسەنجانی دەتوانن دیسانەوە هەناسەیەکی تازە هەڵکێشن.
لەولاتر دەبینین کە دۆستایەتیی پتەوی لەگەڵ محەمەد خاتەمی سەرۆککۆماری
پێش ئەحمەدینژاد هەیە و هەر لە ئێستاشەوە راوێژ و هاوکاریی لەگەڵ باڵی
"ئەحمەدینژاد - مەشایی" دەستپێکردوە.
بۆچی دەوڵەتی "یەکگرتن؟ بۆچی دەوڵەتی کەسێکی سەر
بە هیچ لایەنێک بە تەواویی؟
ئەم کەسایەتییە یەکێک لە ڕێویترین کەسەکانی ناو بازنەی دەسەڵاتی کۆماری
ئیسلامییە.
"حەسەن رووحانی"ئەو بژاردەیە بوو کە دوای ئەحمەدینژاد، دەسەڵاتدارانی
کۆماری ئیسلامی بەدوایدا دەگەڕان.
خامنەیی بۆ خۆی کەوتبوە پەلەقاژە و لە دوایین لێدوانیدا داوای لە خەڵک
دەکرد: ئەگەریش دژی کۆماری ئیسلامین بەڵام بۆ بەرژەوەندی وڵاتەکەتان،
دەنگ بدەن. رووحانی زۆر بە سانایی لە تۆڕی ناکۆییەکانی "دەسەڵات -
ئۆپۆزیسیۆن" خۆی دەرهاویشت و بە گشتی سەرنجی رای گشتی ئێرانی بۆ لای
خۆی راکێشا. ئەگەرچی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوە ئەمجارە زۆر گوێیان بە گەمەی
سیاسەتوانانی کۆماری ئیسلامی نەدا و بایکۆتی هەڵباردنەکانیان کرد،
بەڵام خەڵکی دەنگدەر لەم ناوەدا یەکلاییکەرەوە بوون و دەنگی
ئۆپۆزیسیۆنیشیان بە دەیان هۆکاری جیاواز پێ نەگەیشت.
ئەم شێوە لە گەمەی سیاسی، دەتوانێ تێکەڵەیەک بوو لەشێوازی سەرۆکی
یەکەمی رووحانی واتە رەفسەنجانی و گەمەی داهێنەرانە - فێڵبازانەی
خاتەمی کە زۆر بە ڕاشکاوی دەنگی چاکسازیخوازانی بۆ مسۆگەرکرد و شێوازی
(پۆپۆلیستی) خۆ بردنە پێستی خەڵکیی ئەحمەدینژاد، کە خۆی لە خۆیدا چەشنە
دابڕانێک لە سیستەمی مەلاسالاری بوو بۆ هەژارسالاریی ئایینی - ویلایی،
کە کێشەکانی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی و کێشەی خەڵکیشی زیاتر کرد.
بەسەر یەکدا کەوتنی کێشەکان لە ناو سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا خەریک بوو،
ئەم دەسەڵاتەی بەرەو لێواری مەرگ پەلکێش دەکرد. لەم فەزایەدا پێویست
بوو، رزگاردەرێکی تازە کە خۆی پابەند بە ئیمامی زەمان وەک رزگاردەر و
ویلایەتی فەقیه وەک نوێنەری ئەو دەزانی، رۆڵی ئەم دوو کەسە لە کراسی
تازەیاندا بگێڕێ.
لەم سەروبەندەدا "حەسەن رووحانی" دۆستی نزیکی "یونسی - فەللاحیان" کەسە
ئەمنی و بکوژەکانی کۆماری ئیسلامی و دۆستی خاتەمیی دیپلۆماتکاری
فێڵەزان، کە ٨ ساڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا پەلکێش کردو کەسی
ژێر فەرمانی خامنەیی رێبەری نیزام و رەفسەنجانیی حەوت رەنگ کە هەموو
کێشەو ئاژاوەکانی کۆماری ئیسلامی لە جیهاندا لەژێر باڵی ئەمەوە تێپەڕ
دەبن، هاتوەتە مەیدان بۆ ئەوەی لانیکەمی فشارەکان بەسەر کۆماری
ئیسلامییەوە بهێڵێ و لە نەمانی دەسەڵاتەکەی ئەسەددا نەترسێ لەوەی کە
فشارە نێودەوڵەتییەکانی سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، ئەمیش راپێچی
مێژوو بکەن.
پیلانی رووحانی بۆ داهاتوو.
سەرۆککۆماری تازەی ئێران هەر لە ئێستاوە لە لایەنە دژبەرەکانی ناوخۆی
کۆماری ئیسلامی خەریکە راوێژ وەردەگرێت.
ناوی دەوڵەتەکەی خۆی ناوە: دەوڵەتی یەکێتی ریزەکانی نیزام.
دیارە دەوڵەتەکانی پێش ئەم، دەوڵەتی لێکترازاندنی لایەنەکانی ناوخۆی
کۆماری ئیسلامی بوون کە تازە لەشەڕی دژی بەعس گەڕابوونەوە و خوازیاری
وەرگرتنی خەڵاتی شایانی قارەمانێتییەکانی خۆیان بوون کە ٨ ساڵ ئەم
وڵاتەیان بەرەدوا گەڕاندەوە و ئابووری و گەشەی وڵاتیان تا لێواری مەرگ
برد.
دەوڵەتی "ئابووری - ئەمنی" رەفسەنجانی و دەوڵەتی وروژێنەری "دیپلۆمات -
چاکسازی" فێڵەبازانەی خاتەمی و دەوڵەتی "پۆپۆلیست - میلیتاریست" ی
کۆمەڵکوژی ئەحمەدینژاد کۆمەڵە کێشەیەکی گەورەیان بۆ "رووحانی"
جێهێشتوەو دەبێ ئەمیش بتوانێ کۆمەڵگای جیهانی بەو قەناعەتە بگەیەنێ:
ئێمە نابێ بژاردەی چوارەم رووخانی دوای ئەفغانستان - عێراق و سووریا
بین. کە لە دەوروبەرماندا روویداوە.
ئیتر با ئەوەش بوەستێ، ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، پلانێکی باشیان
بەدەستەوە بێت و وەک سوورییەکان بە خۆڕاگریی خۆیان بیسەلمێنن کە
خوازیاری رووخانی رژێم و شایانی وەرگرتنی دەسەڵاتن، دەتوانێ کۆتایی بە
حەوتەوانەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بێنێت.
کەواتە هەڵبژاردنی"رووحانی" لەوانەیە ببێتە مایەی "رووخانی"کۆماری
ئیسلامی، بەڵام بە دڵنیاییەوە نابێتە مایەی هەڵگرتنی تەواوی حەسارەکانی
سەر ئێران و چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا بە گشتی و دابینکردنی ماف و
ئازادیی گەلان و دیمۆکراسی.
کوردیش دەبێ لەم قۆناغەدا بە یەکگرتوویی زیاترەوە لە جاران بجووڵێتەوەو
فریوی ڕووحانی و سیاسەتی نوێی کۆماری ئیسلامی نەخوات.
ماڵپەڕی عەلی زیرەک
|