٢٩\٤\٢٠١٢ ھەگبەکەی سەدریش تەنھا بۆ بەھێزکردنی ناوەندی ئێراقە.
محەمەد بێبەش
زۆر بە ئاشکرا سیاسەت ودیپلۆماتی کوردی ھەتا ئیستا مۆرک وتیۆری عەشایەرو ھۆزایەتی پیوە دیارە ولەسەر وەعدو پەیمانی کەسایەتیەکان پێوەر ومامەڵە دەکرێ ، ئەگینا دەبوو لەدوای ئەم ھەموو ئەزمونە فاکتەرەکانی گفتوگۆودیالۆگی نەتەوەو نیشتمانی ڕێگەوپێگەی دروستی خۆی بگرتایەو ھەوڵی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بدرایە ولە چوارچێوەی ریفراندۆمێکی سەرتاسەری خەڵکی کوردستان یەکلای بکرایەتەوە ، ئەوسا ئیوەش بە ڕەسمی دەبونە نوێنەری مافەکان وخواستەکانی خەڵکی کوردستان ، نەک نوێنەری حیزبی دەستکەوتە حیزبیەکان.
خۆ ئەگەر ئیستا سەیری ئەو پەیامە بکەین کەلەھەژدە خاڵ پێکھاتوە و (مقتەدا سەدر) پەیامبەرە و کردویەتیە بنەمای گفتوگۆو دانیشتنەکان جگە لە ناوەندێکی بەھێز بۆ ئیراق ھیچ ئاماژەیەکی بۆ چارەسەری کێشە دەستوریەکان تیدانیە وجگە لەوەش کوردیش بەکەمایەتییەکی بچوک پێناسە دەکات ...نەک بروای بە سنوری ھەرێم وکەرکوک و شوێنە دابراوەکان نیە ...تەنانەت بڕوای بەو بەندە دەستوریانەش نیە کە باس لە فیدراڵی دەکەن کەلە دەستوری ئیراقیدا ھاتون ، لە خاڵی یەکەمدا باس لە پاراستنی سەروەری و بەرژەوەندی ئیراق دەکات ، بەبێ ھیج باسێکی دەستوری ویاسایی جگە لەوە بابەتە نەتەویی و نیشتمانیەکانی کوردستان دەسرێتەوە ،وەلەخاڵی دوەمدا داوا دەکات (دوپاتکردنەوەی یەکێتی و سەلامەتی و سەربەخۆیی عێراق) پاریزراو بێت ، بەلام بەبێ ھیچ مەرجێکی مافەکانی گەلی کوردستان بۆ پاراستی یەکێتی ئیراق ، لە خاڵی سێھەم باس لە پەیوەندی ئیراق ودراوسێکان دەکات ، ئەمەش واتە ئیتیفاقەکەی جاران ، بۆ پاراستنی ئەمن وئاسایشی ئیراق و دراوسێکان لەسەر حسابی سەرکوتکردنی کورد لەھەر چوار پارچەکە ، خالی چوارەم ھەموو ناوبژیوانیکی نێودەوڵەتی ڕەتدەکاتەوە ، ئەمەش پێچەوانەی دەستورە بۆ یەکلای کردنەوەی کەرکوک وناوچە دابراوەکان ، ھەروەھا لە خاڵی پێنجەم دەڵێ دەبێ دژی ھەموو ھەرەشەیەکی ناوخۆو دەرەکی بوەستین ، لێرەدا ھەرەشەی ناو خۆ بە ئاشکرا مەبەستی لە مافی چارە خۆویست و ریفراندۆمی کوردەو دەرەکیش مەبەستی لەو دەوڵەتانەیە کە پەیمانی ھاوکاری کوردیان داوە ، خاڵی شەشەم دەڵێ (ئیسرائیل قەوارەیەکی تیرۆریستی و داگیرکەر و دژی ئاشتی و گەلانە، لە عێراقی ئێمەدا بە ھیچ شێوەیەک جێگەی نابێتەوە.)..لێرە دەیەوێت تەواوی ئیراق بە نیشتمانی عەرەبیەوە گرێبدات ،کوردستانیش بە نیشتمانی عەربیەوە دەبەستێتەوە ،دەنا بۆ دەبێ ئیمە لەگەڵ ئیران برابین و پەیوەندیمان باش بێت کە رۆژانە دەیان کورد بەبەرچاوی کامێراوە دەکوژێ و لەسێدارە دەدات ، لە حەوتەم داوا دەکات ڕۆڵی ئیراق لە نیشتمانی عەرەبی بەھێز بکرێت ،لە ھەشتەم داوا دەکات ھەموو پێکھاتەکانی ئیراق کار بکە بۆ ناوەندی ئیراقێکی بەھێز ، لە خاڵی نۆیەم باسی نەوت دەکات و نەوتی کوردستانیش دەڵێ ھیچ کەسێ مافی نیە قۆرخی بکات وتەنھا ناوەندی (مەرکەز) ئیراق توانای بریاری ھەیە ،ئەوەی سەیرە لە خاڵی یانزەدا خێر بە کەمینەکان دەکات ودەڵێ دەبێ کەمینەکان لەروی ئەمنی وسیاسیەو ئابوریەوە بەشداریان پێبکەین ، واتە بە ئارەزوی ئەوانە بمانپارێزن یان پرسمان پێبکەن یان نەمانکوژن لە برسا ، واتە ئەوان سەروەرو ئیمە فەرمانبەر ، لە خاڵی دوانزەش ئازادی بە مەرجەوە بۆ ئاینەکانی تر دادەنیت ودەڵێت بە مەرجێ زیان بەوانی تر نەگەیەنێ ، لە خاڵەکانی ١٣_١٤_١٥ باس لە تەوافقو پەراوێز دەکات ،لەوێشدا مەبەستی یەکڕیزی شیعەو سونەیە ،بۆ پتەوکردنی ناوەندێکی بەھێز ، ھەروەھا خالەکانی ١٧/١٦/١٨/ باس لە ھێورکردنەوەی میدیاو شێوازی دیالۆگ و پرکردنەوەی وەزارەتە ئەمنیەکان دەکات ،ئەمانەش بەشێکن لە کێشەی سونەو شیعە.
بەکورتی ئیدیا و بۆچونی سەدریەکان ھەتا
ئەمڕۆ لەسەر مەرکەزیەت ودەسەلاتە بۆ ئیراقێکی بەھێز ، نەیتوانیوە لەگەڵ
شیعەکانی تردا بگونجێ ، جگە لەمانەش سەدریەکان بروایان بەبەستنی
بۆینباخ نیە ، نەک بە دیموکراسی تەنانەت ھەتا ئیستاش ووشەی کوردستانیان
پێ ھەزم نابێت ، چۆن بروای بەمافەکانی کورد ھەیە ، لەکەرکوک ھانی
شیعەکانی دەدا نەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان وفەوجی فیدایی لێ دروست
دەکردن ، ھەموو ئەو ڕاستیە باش دەزانین کە رەوتی سەدر ئیدیاو ھزری
نەتەوەیان بەھێزترە ، لە بیروبۆچونی مەزھەبی ھەر ئەم فاکتەرە بەھێزەشە
کەپەیوەستان دەکات بەسونەکانەوە. دەتوانین بڵێین زیاتر لە ھاوکێشەی
نەتەوەییەکانن نەک لە مەزھەبیەکان. سوێد
|