٥\٧\٢٠٢٠
ھەژاریی ھۆشیاریی
نائامادەیی سۆسیۆلۆژیای سیاسیی کۆمەڵگەکان.

سمکۆ محەمەد
سۆسیۆلۆژیا واتە(کۆمەڵناسی). ئەو چەمکو تیۆرە گشتگیرەیە کەلقو پۆپی
جیاوازی وەک سۆسیۆلۆژیای سیاسیو سۆسیۆلۆژیای ئابوریو سۆسیۆلۆژیای
فەرھەنگیو ھتد لێ بۆتەوە، قورسترین میتۆدی خوێندنەوەی کۆمەلگەیە و
تیۆرێکە بۆ پراکتیک کردن بەسەر ناساندن و ھەڵوەشاندنەوەی کۆمەلگە و
خوێندنەوە بۆ کولتوورە جیاوازەکان. گرنگترین لقی ئەم تیۆرە ئەوەیە کە
لەھەموو لقەکانی تر کاراترەو بەسۆسیۆلۆژیای سیاسی ناسراوە، ھەندێکجار
خوێنەر بەپێی شوناسی نەتەوە و کولتوور خوێندنەوە بۆ کارێکتەرە
سیاسییەکان دەکات، ھەندێکجاریش بەپێی جیۆگرافیا و رووبەر و شانۆ
سیاسییەکە بابەتەکە ھەلدەسەنگێنرێ، ئەم تێگەیشتنە پێشترو لەسەدەکانی
١٧و ١٨ سەریھەڵدا، سەرەتا (جۆن لۆک) لەبەریتانیا ١٦٢٣-١٧٠٤و (جان جاک
رۆسۆ) ١٧١٢-١٧٧٨ لەفەرەنسا داکۆکییەکان لەتیۆرەی فاکتەرە درەونییەکان
دەکرد لەنێو کۆمەڵگەدا، پێشتریش (تۆماس ھۆبز) ١٥٨٨- ١٦٧٩ کەخاوەنی
یەکەمین دەقی پەیمانی کۆمەڵایەتییە،ئەم تیۆری ھێنانەدی کۆمەڵگەی
نموونەیی پێشکەش کرد، پاشان (مۆنتیسکۆ) ١٦٨٩-١٧٥٥ قسەی لەسەر
سۆسیۆلۆژیای سیاسی کردووە، بەو مانایەی ھەڵبژاردنی سیستمە سیاسییەکان
لەسەر بنچینەی ناڕەزایەتییو نایەکسانی کۆمەڵایەتی خۆی نوێ دەکاتەوە،
پاشان (ڤۆڵتێر) رەخنەی لەبارودۆخی کۆمەڵایەتی گرتو بیرۆکەی نیشتیمانی
خستەروو، ئەم تێۆرە جیاوازانە، ئەگەرچی کاتێکی زۆری خایاند و کاریگەری
نیگەتیڤی لەسەر کۆمەڵگەی رۆژئاوایی دانا، بەڵام توانیتی لەگەل
قۆناغەکاندا کۆمەڵگەیەکی تەندرووست و مۆدێرن بەرھەمبھێنێت، وەکو ئەوەی
ئێستا فەزڵی ھەیە بەسەر تەواوی رۆژھەڵاتدا، بەڵام ئەم تیۆرانە
زەمینەیەکی گۆنجاوییان بۆ رۆژھەڵات سازنەکرد، تاکو لەو ھەژارییە فکری و
ناھۆشیارییە رزگاریان بێت، تاکو ئێستاش لەو فەزا نائاساییەدا دەژین کە
فکر چەندین قۆناغی بڕی، ئەوان لە شوێنی خۆیان چەقییان بەستییوە.
دوا بەدوای ئەم شەپۆلە لەبیرمەندانی سۆسیۆلۆژی سیاسی لە رۆژئاوا،
بیرۆکەی نوێ ھاتەئاراوە، ھۆشیارکردنەوە و پەخشکردنی ھۆشیاری لەڕێگەی
ئابوری، ئەوەی پێی دەگوترێت سامانی میللەتان، کە ئادام سمیس دایھێنا،
یان ئەوەی شێوەی بەرھەمھێنانی ئاسیایی پێ دەگوترێ، ھەر یەک لە
بیرمەندانی وەک (وێڵ دیورانتو جۆرج باڵاندیەو دۆرکھایمەر) ووردتر
لەرۆژئاوا تێڕوانینی جیاوازیان خستە روو، ھەروەھا لەنێو عەربیشدا بەر
لەھەموویان ئەم بیرۆکانە مومارەسە کراوە،کەسێکی وەک (ئیبن خەلدوون
٧٣٢-٨٠٨ کۆچی) کەبیرمەندێکی ئیسلامی بوو بنەمایەکی خۆمالی داناوە،
لەکتێبە بەناوبانگەکەی کەبە(مقدمە) ناسراوە، باسێکی بنچینەیی
کۆمەڵناسیی پراکتیک کردووە بەسەر کۆمەڵگەی عەربیدا،ئەو تۆێژینەوەکەی
لەسەر شارستانیەتو کولتوورو دەوڵەتو سەرکردەو ئەخلاق و ھاوڵاتیو
ھتد بوو، لێکۆڵینەوەکانی ئیبن خەلدون لەسەر دەمارگرژیو بەدەوەییەتو
قۆناغی گواستنەوەیە بۆ شارنشینی کەلەئەنجامدا دەمارگررژی بەرەو لاوازی
دەچێت، لەناوەڕاستی سەدەی نۆزدەو بیستەمدا کەسێکی وەک (دکتۆر عەلی
ئەلوەردی) لەعێراق سەریھەڵداو جەختی لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانو
تاک بەتایبەتی کۆمەلگە بەگشتی کردەووە، ھەروەھا خویندنەوەیەکی گشتگیرو
وردی لەسەر تاکی عێراقی کردووە کەلەگواستنەوەی سیستمی بەدەوی بۆ سیستمی
دەوڵەتی مۆدیرن چی بەسەر دێتو تاک چۆن رەفتار دەکات، ئەو لەپەراوێزی
بۆچوونی جیاوازەوە وای نیشان دەدا ئەم تیۆرەیە بۆ ھەر کۆمەڵگەیەک بەپێی
کولتوورو مێژوو و جوگرافیاکەی خۆی پراکتیک دەکرێت بەسەریدا، ئیدی
کولتووری رەسەنو کولتووری درووستکراو لەەکتر جودا کرانەوە.
لەھەردوو بارەکەدا ناکۆکییەکانو دژەکان لەبەرامبەر یەکتردا رادەوەستن،
بەپێچەوانەشەوەیەکتر تەواو دەکەن، ھەر یەکێکیش لەو کولتوورانە جۆرێک
لەھاوڵاتی پەروەردە دەکەنو ئامادەی دەکەن،مەعریفە و دژە مەعریفە،
بەناڕاستەوخۆ جەھل بەرھەمدێنن، چونکە بەناڕاستەوخۆ کار بۆ ئەوە دەکەن
ئەو سیستمەی حاکمە، پێشبڕکێ لەگەڵ کۆمەڵگەدا بکات و نەھێڵێت خەڵک لەو
ھەژارییە رزگاریان بێت، کۆمەلگەش بەپێی خۆبەرھەمھێنانەوەی لەبورای
کولتووری و رۆشنبیری بەگشتی، جارێکی تر لەگەل گەشەی ژیاندا جەھل و
ھەژاری بەرھەمدێنێتەوە.
بەلەبەرچاوگرتنی ئەو کاریگەییە سیاسییەی سیستمی سەرمایەداری مۆدێرن،
ئەو کۆمەلگانە خۆیان بەرھەمھێنایەوە، ئەمە جگە لەوەی حاڵەتێکی تر ھەیە
کەئایین توانیویەتی کولتوور جێگیر بکاتو چەقبەستووی بکات، وەکو ئەوەی
لەنێو عەربستان و بەشێک لە رۆژھەڵات ھەیە، بەمەش ھەرچی زیاتر ھەژاری
لەھۆشیارکردنەوەی خەڵک تۆختر کردۆتەوە، چونکە گوتاری ئایینی گوتاری
نەگۆڕو زاڵە بەسەر کۆمەڵگەدا، دکتۆر عەلی ئەلوەردی لەکتێبی لێکۆلینەوە
لەبنەڕەتو مێژوودا ئاماژە بە رێبازە سیاسیو واقیعیو نەتەوەییو
یاساییەکان دەکات، لەباسی یەکەمو تەوەرەی یەکەمدا ئەلوەردی قسە لەسەر
تیۆە سیاسیو سۆسیۆلۆژیەکاندا دەکات، کە ئاراستەی سیاسی دەوڵەت دیاری
دەکەن لەمێژووی ئیسلامەوە تاکو سەردەمی مۆدێرنە، ھەروەھا قسەکردن لەسەر
بڕیاری سیاسیو کاردانەوەی لەسەر سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵگە، بەشێکی تری
موناقەشە کردنی عەلی ئەلوەردی یە لەو کتێبەدا.
دوابەدوای ئەم بیرمەندانە ناسراوترین کۆمەڵناس لەئامریکا سەریھەڵدا،
ئەویش (ویلیام گراھام) بوو ١٨٤٠-١٩١٠ ئەو باسی لەسەر کۆنتڕۆڵی
کۆمەڵگەدەکرد، دواتر (لستر وارد) یەکەمین کەس بوو یەکێتی کۆمەڵناسانی
دامەزراند لەئامریکا، سەرجەم توێژینەکەی لەسەر چاکسازی کۆمەڵایەتی بوو
کە لەمافەکانی ئافرەتو پیاوان، ئەویش لەنێو سیستمی کۆمەڵایەتی
سیاسییدا خۆی نیشاندەدا کە توانی کاریگەرییەکی زۆر لەسەر سیستمی دەوڵەت
دابنێ.(جۆرج زیمێڵ) ١٨٥٨ -١٩١٨ کۆمەڵناسێکی دەرکووتوی ئەڵمانی بوو،
کەڵکی لەتوێژینەوەکانی (ئەمانوئێل کانت) وەرگرتبوو، لێکۆڵینەوەی لەسەر
پەیوەندییەکانی تاکو گروپ کرد، ھەروەھا (ماکس فیبەر) ١٨٦٤-١٩٢٠
کۆمەڵناسێکی ئەڵمانیو ھاوسەردەمی (دۆرکھایمەر) بوو لەسەدەی بیست،
کەڵکی لەھۆکارو دەرەنجامی نێوان دیاردە کۆمەڵایەتییەکان وەرگرتو
سوودی لەمیتۆدی بەراوردکاری مێژوویی وەرگرت لەبواری ئیدیۆلۆژیاو ئایین،
بەتایبەتی لەو بەرھەمەیدا کەبەناوی (ئەخلاقی پرۆتستانتیو سیستمی
سەرمایەداری) بڵاوی کردەوە،ئەو تێزە بوو بە میتۆدێکی کارپێکراو. ھەموو
ئەو بیرمەندو فەیلەسوفانە گرنگیان بەچەمکی کۆمەڵناسی داوە بەھەموو لقو
پۆپەکانییەوە، ھەروەھا ھەر یەکێکیان لەتێڕوانینێکەوە تەماشای ئەم
چەمکەیان کردووە بۆ سیستمی سیاسیو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانو تاکو
کۆمەڵگە بەگشتی، بەڵام بەپێی ھەلومەرجی مێژووییو جوگرافیاو کولتووری
کۆمەڵگەکان، تائەو رادەیەی کاریگەری لەسەر سیستمە سیاسییەکانیش دانا کە
سیستمی دیموکراسیەتی مۆدێرنو پارلەمانتاریو سیستمی سێنترالیزمی
جێکەوتە کرد، کەوابوو ئەگەرچی کۆمەڵگەکان لەسەر مەعریفەی کەڵەکە بووی
یەکتر خۆیان دەوڵەمەند کردووە، بەڵام نەتەوە و کۆمەڵگەی دیکە ھەن کە
ھیچ کەڵکیان لەو مێژووانە وەرنەگرتووە، بۆیە ھەمیشە لەگەڵ ئالوگۆری
سیاسیدا، لەغیابی ئەو سیستە سۆسیۆلۆژییەدا ژیاوە، تاکو ئێستاش ئەم
کۆمەڵگەیە کەڵکی لە ئەزموونی نەک ھەر سیاسی وەرنەگرتووە، بەڵکو کەڵکی
لە ئەزموونی سۆسیۆلۆژی خۆشی وەرنەگرتووە، بەوپێیەی کە کورد لەنێو ھەموو
گەلاندا ناناسرێتەوە بە کولتوورەکەی و حاڵەتە سۆسیۆلۆژییەکانی، ئەمە
ھەمیشە غیابەکەی ئەبدەیت کردۆتەوە، ھەروەھا دوچاری ھەژارییەکی کەموێنەی
کردووە لە وڵامدانەوە بەو پرسیارەی بۆچی لەشوێنی خۆی چەقی بەستاوە.
ھەژاریی ھزریی
تارماییەک بەسەر فەزای کۆمەڵایەتیدا.
ھەژاری بەمانا بەرفراوانەکەی لەروانگەی سۆسیۆلۆژیاوە کۆمەڵێک دیاردە
لەگەڵخۆیدا بەکێش دەکات، مەبەستم لەھەژاری تەنھا ھەژاری ئابوریو ژیانی
تاکو کۆمەڵگە نییە، بەقەد ئەوەی مەبەست لەھەژاری کۆمەڵگەیەکە کە
لەزۆربەی بوارەکانی مەعریفەدا ھەژارە، تەنانەت ئەو مەعریفەیەش ک ژیانی
رۆژانەی پێرای دەکرێ، بۆنموونە رەنگە پێگەی کۆمەڵایەتی ھەر نەتەوەیەک
یان ھەر قەوارەیەک، دیاردەی تری فکری بەرھەمبێنێت، یان خاوەن چەمکی
فکری خۆی بێت کەلەگەڵ قۆناغە سیاسییەکەدا تەریب بێت، یان بەلایەنی
کەمەوە لەگەڵ دۆخی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری کۆمەڵگەکە گونجاندوویەتی،
یەعنی مەبەستم لەوەیە کە کۆمەڵگەیەک ئەگەر خاوەن ئابورییەکی سەربەخۆ بێ
لەھەموو بوارەکان، ھەژار نابێت، بەپێچەوانەوە دەوڵەمەند دەبێت لەرووی
فکرەوە، بەپێچەوانەوە خاوەنی ئابوری سەربەخۆ نەبێ رەنگدانەوەشی بەسەر
ھۆشیاری کۆمەڵگەوە دەبێتو ھەمیشە میتۆدە فکری یەکانی تری دەرەوەی خۆی
دووبارە دەکاتەوە کە بۆ دۆخ و زەمی ئێستا ناگونجێت،ئەگەر خاوەن
کولتوورێکی تایبەت بە سۆسیۆلۆژیا و مەعریفەی کلاسیکی خۆی نەبێت، تا ئەو
رادەیەی کە ناشتوانێ پراکتیکی بکات لەسەر کۆمەڵگەکەی خۆی، بۆیە ھەمیشە
بەھەژاری دەژی لەزۆربەی بوارەکان، بەتایبەت پەروەردەو ئامادەکردنی تاک
و سیاسەتی بەرێوەبردن لەکۆمەڵگەدا.
ھەوڵدان بۆ گەورەکردنی قەوارەو پێگەی کۆمەڵایەتی لەڕووی ئابورییەوە،
ھەوڵدانە بۆ درووست بوونی ھۆشیارییەکی فکریو یاساییو شارستانیو
سیاسی، ئەمەش لەپەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا باشتر دەبینرێ کەشوناسی
پێوەردەگیرێ، سابا ئەو پەیوەندییە ئاسۆیی بێت، یاخود ستوونی بێت
کەگرێدراوی ەبەرچاوگرتنێکی کۆمەڵایەتییە، ئەم حاڵەتە ئەگەر لەئێستادا
بۆ نەتەوەو کۆمەڵگە بێ دەوڵەتەکان لەبەرچاو بگیرێ، ئەوا لەرۆژئاوا
لەسەردەمی پێش رێنیسانسو دوای رێنسانسیش تاماوەیەک لە شێوەی ژیانی
ھەژاریو لەتەواوی بوراەکاندا ژیان بەڕێوە چووە، تابەو ئەندازەیە گەیشت
کە مۆدێرنە لەدایک بوو شار گەورە بوو، ھەروەھا کاری دەست بوو بە
دەستەجەمعی و مانیفاکتۆر و پاشانیش تەکنۆلۆژیا گەشەی کرد، پاشان سیستمی
پارلەمانی جێگەی خۆی کردەوە لەکێبەرکێ سیاسییەکاندا، چونکە
بەسەرھەڵدانی مۆدێرنە ئیدی حیزب بوو بەئەلتەرناتیڤی کایەی سیاسی
لەبەڕێوەبردنی دەوڵەت، لەوێشەوە ئینسان لەکۆتوبەندی سیستمی دەرەبەگیو
عەشیرەتو بنەماڵەو ئایین و کولتوور رزگاری بوو، لەرێگای حیزبو
رێکخستنە سیاسییە وەھمییەکانەوە ئینسان بوو بەخاوەن ھۆشیاری ھەمەلایەنە،
ھەر لەوێشەوە تەواوی چارەنووسی خۆی بۆئایندە دیاری دەکرد، بەڵام
لەچەشنی ئەم دۆخەی کە تائێستا لەرۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەیە، عەرەبەکان
بەھەموو جەھلێکەوە، توانیان کەڵک لەو ئابورییە نیمچە سەربەخۆییە
وەربگرن و بگونجێن لەگەڵ رۆژئاوا، کەچی کوردەکان ئەو ھۆشیاریەش کە
لەرێگەی شۆرشەوە بەمانا کلاسیکییەکەی وەریانگرتبوو، بەوەبەرھێنانی نەوت
وەکو سەرمایەیەکیتا ھەتایی گۆرییانەوە، ئەو ھۆشیارییە ھێندە بە نیگەتیڤ
پراکتیک کرا، پرنسیپەکانی ژیانیشی لەدەستدا کە پێشتر شانازی پێوە دەکرا،
ئیدی بوو بە کۆمەڵگەیەک کە نەئەمیان بێت و نە ئەویان.
ھەڵبەتە ئەو گەشەو سەرھەڵدانە زانستییە بەرھەمی فکری بیرمەندانو
مومارەسەکردنی سیاسەتێک بوو لەنێو فەلسەفە، ھەروەھا کارکردن بوو لەسەر
کۆمەڵگە بەگشتیو ئامادەکردنی تاک بەتایبەتی، بەم ھۆکارانەش ھەرچی
زیاتر رۆژئاوا لەقۆناغی مت بوونەوە دەیان فرسەخی بڕی بەرەو رێنیسانس،
بەئەندازەیەک کە ئەو فکرانەی لە رۆژئاوا سەریانھەڵدا بەرەو رۆژھەڵات
ھاتن، سیستمی پارلەمانتاریو ھەڵبژاردن یەکێک لەو وەرگرانەیە کەتەواوی
ژیانی رۆژھەڵاتی خستە ژێر پرسیارەوە، بەئەندازەیەک کە ناچار بێت مۆدێلی
سیاسی نوێ قەبوڵ بکات، یان ئەوەی تاک بتوانێ لەمافەکانی خۆی بپێچێتەوە
تا درووستکردنی بڕیاری سیاسی لەنێو سیستمی دەوڵەتو حیزبیەت،
بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کێشمەکێشی فکریو سیاسی ماوەیکی زۆری خایاند،
تاکو بگاتە ئەو ئاستەی کە بەشێکی زۆر لەکولتووری کۆمەڵایەتیو سیاسی
وەلابنرێ، یان بەھاتنە مەیدانی نەوەی نوێ بۆ نێو کایە جۆراو جۆراەکان
لەرێگای زانکۆکانەوە، یان ھەوڵدانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیو ھتد،
رۆشنبیری کورد لەجیاتی ئەو دەورە ببینێ کە لەپێناویدا قوربانی داوە،
وەکو لاسایکردنەوەی کارێکتەرە رۆشنبیرییەکانی رۆژئاوا، بەپێچەوانەوە
خراپتر لە سیاسیەکان، زیانیان بەو نیمچە ھۆشیارییە سیاسییەدا کە کورد
بەر لە راپەرینی ١٩٩١ ھەیبوو، ھاتنی سەروەختی مامەڵە بە سیاسەتی
نەوتییەوە، ئەو نیمچە کولتوورە درووستکراوەش کەھەبوو، بەوەھمێکی واقیعی
کە درووستکرابوو لەلایەن ھێزە بەناو سیاسییەکانەوە، ئەوەشی لەدەستدا و
نە ئەمیان بوو نە ئەویان، بەو مانایەی کە نەبوو بە رۆژئاوایی لەسایەی
ئابوری، نەبوو بە رۆژھەڵاتییەکی وەکو عەرەبەکانی سعودیە و ئیمارات و
کوێت و بەحرێن و ھتد، بەمەش بوارێکی بۆخۆشی نەھێشتەوە کە بەرگری لە
شوناسەکەی رابردووی بکات بەرامبەر بەئەویتر، ئەم حاڵەتە کاریگەری لەسەر
فەرھەنگ ئەدەب و ھونەرەکەشی کرد، بۆیە خاوەنی لانیکەمی ھونەر و ئەدەبی
خۆی نییە ئەگەر بەراوردبکرێ بە ئەدەبی بیانی.
چەمکە ھزرییەکان ونەتەوەی ژێردەست.
زۆربەی ئەو نەتەوانەی کەبەدرێژایی مێژوو، ژێردەستەی سیستمە
تۆتالیتارەکان بوون یان لەئەنجامی جەنگە جھانییەکانەوە چەپێنراون
سەرمایەی سەربەخۆیان نەبووە، بۆیە نەبوونەتە خاوەن چەمکو سەرخانی فکری
خۆیان، چونکە خاوەن ژێرخانی ئابووری خۆیان نەبوونەو ئیمپریالیزمی
جیھانی کەڵکی لێوەرگرتووە، زۆر بەدەگمەن کۆمەڵگەیەکی وەک ھیندی وچینی
توانیویانە کولتووری خۆیان بپارێزن، ھەروەک ئەوەی بیرمەندێکی وەک گاندی
کەسێکی وەک کۆنفۆشیۆسو بودایان ھەیە، یان دەوڵەتو کۆمەڵگەیەکی وەک
ئێران ماوەتەوە وەک خۆیو ھەندێ چەمکی بەرھەمھێناوە کە لەسەھرەوەردیو
شیرازیدا کۆدەکرێتەوە، یان ئەوەی گرنگیان داوە بەسیستمی سیاسیو
فەرھەنگی خۆیان، بەڵام قەوارەیەکی نەتەوەییو جوگرافیایەکی وەک
کوردستان کە یەکێک لەو رووبەرە ئابڵۆقە دراوانەیە لەچوارچێوەی چەند
دەوڵەتو سیستمو زمانێکی جیاواز لەزمانی خۆی، ئەویش ھەرێمێکەوەکو
دەستکەوت چاوی لێدەکرێ، نەک لەئەنجامی جەنگی جیھانی کە پاڵپشتی کرابێت
لەلایەن دەوڵەتێکی زلھێزەوە، کەچی نەیتوانیوە مێژووی کولتووری خۆی
بنووسێتەوەو بچێتە نێو مێژووەوە وەک ھەر کۆمەڵگەیەکی تر، بەو مانایەی
ئەگەر ئەوەی ئێستاش پاڵپشتی دەکرێت لەلایەن ھێزە نێودەوڵەتییەکانەوە،
ئەوا بەقەد ئەو کاتە ھێزی نییە کە جەنگە جھانییەکان دەوڵەتانی وەک
نیشتیمانی عەرەبیان درووست کرد، بەپێچەوانەوە کوردیان پشت گوێ خست و
خۆشی خۆی پشتگوێ خست، لانیکەم نەیتوانی لەرێگەی رۆشنبیرییەکی سەربەخۆوە
چارەسەرێک بۆ ئەو غیابە ھۆشیارییە بدۆزێتەوە.
ئەو دارەدارەیەی کورد لە ئاستی ئابوری و سیاسی و فەرھەنگی مومارەسەی
فەرھەنگو ئەزمونی دیموکراسیەتی راستەقینە دەکاتو خەریکە دەچێتە نێو
ھاوکێشەی سیاسییەوە، درووست وەکو ئەوە وایە لە ھەشتاکان بەھەڵە چەمکە
فکرییە ئەدەبی و سیاسییەکانی بەکارھێنا،بۆیە تاڕادەیەکی زۆر لەدونیای
ئەدەب و سیاسیەتیشدا ئەگەر لە پەراوێزی عێراق نەبێ، نەوەک فەرھەنگی
نەتەوەییو نە وەک قەوارەیەک کەزمانی تایبەتی خۆی ھەیە نەناسراوە،
ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری کردۆتە سەر ئەوەی جێگەی نەبێتەوە لەنێو
مەحفەلی رۆشنبیریو فکری، تەنھا ئەوەنەبی کە خەریکە دەچێتە نێو
ھاوکیشەی سیاسییەوە لەناوچەکەدا وەکو کارتێکی سیاسی و چەکداری،
ھەرئەوەی کە ھەڵپەی ئەوەدەکات رۆشنبیری خۆی بگەێنیتە دونیا لەبوراەکانی
ھونەرو سینەماو ئەدەب، بەڵام لەپەراوێزی ئەو چەمکە فکرییانەیە
کەلەرۆژئاوا موومارەسە کراوەو خەریکە ئەلتەرناتیڤی نوێ دەدۆزرێتەوە،
بۆیە لەرووی سۆسیۆلۆژییەوە ئاسان نییە شیتەڵکاری کۆمەڵگەی کوردی بکەین
بەپێی ئەو چەمکە فکریانە پراکتیکی لەسەر بکەین کەلەپێشەکی باسەکەماندا
ناویان ریزکراوە، نزیکترین نموونەش ئەوەیە کە سیستمی رەخنەو پرۆژەی
رەخنەگرتن لەدونیای رۆشنبیری کوردیدا ئامادە نییە، چونکە لەبنەمادا
رەخنەی وەکو دوژمنکاری تەماشاکردووە، نەک وەکو ئازادی بیرکردنەوە و
چاکسازێ ھەمەلایەنە، بۆیە رەخنەگرتن لەسیستمی کۆمەڵایەتیو پەیوەندییە
کۆمەڵایەتییەکانی کورد قورسترە، لەرەخنە گرتن لەرۆشنبیری کوردی، ئەمە
ئەو مەعزەلە گەورەیەیە کە جورئەتو توانایەکی لەرادەبەدەری دەوێ
قەناعەت بەکۆمەڵگە بکەین، رەخنەگرتنی لەلا ئاسایی ببێتەوە، ھەتا ئەو
پرۆژەیەش جێگیر نەبێتو لێبوردەیی نەبێتە کولتوور، لەھەموو بوارەکاندا
لەجێگەی خۆی دەمێنێتەوەو گەشەو ھەڵدانی تەکنۆلۆژی لەشوێنێکیتر بوەستێت،
بەڵام ئەگەر بڵێین ھەوڵی جدی نییە بۆ ئەم مەبەستەو بەرھەمھێنانی چەمکی
فکریو ئاڵوگۆڕی کولتووری، ئەوا غەدرێک دەکەین لەم قەوارەیە، بەڵام
ھەوڵێکی ھەژارانەیەو ناتوانێ ئەو ھەموو فرسەخە ببڕێ کە شەمەندەفەری
پێشکەوتن جێیھێشتووە.
ئەوەش کەبەشێکی گەورە لەپانتایی سیاسی داگیر دەکات، لەرووی
سۆسیۆلۆژیەوە کۆمەڵگەی کوردی لەسەدەکانی پێشووەوەوەکو چۆن ئەدەبی بەو
شێوە سیاسییە وەرگرتبوو، ئاوھاش حیزبی وەک ئەلتەرناتیڤی سیاسی
وەرگرتووەو مومارەسەی سیاسی پێکردووە، سابا بەھەر ستایلێک بووبێت
کەبەشیکی زۆری شۆڕشگێڕی بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی نەتەوەی ژێردەست بووە
کەمتر کەڵکی لەو فەزا سیاسییە وەرگرتووە کەلەنێو ھاوکیشە سیاسییە
نیودەوڵەتییەکان کاری پێکراوە، بۆنموونە گۆڕانی چارەنووسی کورد
لەپەیمانی سیڤەرەوە بۆ پەیمانی لۆزان، بەبێ ئەوەی ھیچ پاڵپشتێکی
نێودەوڵەتی ھەبێ، بەپێچەوانەوە کودەتای لەسەر کراوە و خۆشی یەکێک بووە
لەو ھۆکارانە، ئەگەرچی کۆمەڵێک سزای ژیانی سیاسیی ھەیە کە لێرە ناکرێ
باس بکرێ، بەڵام سەرەنجام دەستبەرداری سیاسەتو کاری حیزبیەت نەبووە،
ئەگەر لەشاخیش بووبێتو ئەگەر بە وەھمیش بووبێت، بەڵام ئەمە نەبۆتە
ھۆکارێک بۆ ھۆشیاری سۆسیۆلۆژی کە ئەمەبەستە ستراتیژییەکەیە.
ئەوەی کە خاڵێکی پۆزەتیڤەو لەمۆدێلی سیاسیو فکری سیاسی رۆژئاواوە
وەرگیراوە، ئەوەیە کەنەتەوەیەک بڕوای بەھەڵبژاردنی خۆی نییە لەھیچ
سێکتەرێک، ئەم رێورەسمە کە سیستمێک دیاری دەکات ئەگەر بەھەژاری
بچێتەرێوە، بەڵام ئەوە ناتوانێ کە نەتەوە و شوناسی نەتەوە گەرەکیەتی،
بەشێوەیەک پارچە پارچەی کردووە، کە کورد ھێندەی بە شوناسی ناوچە و
عەشیرەت و بنەماڵەوە پابەندە، واتە ئەوەندەی بە شوناسی بچووکەوە
پابەندە و شانازی دەکات، ھێندە پابەندی شوناسە گەورەکە نییە کە
نەتەوەیە،بۆیە کوردستان ھێشتا نەیتوانیوە دەوڵەمەندی خۆی نیشان بدات لە
ھیچ بوارێک، ئەو لۆبییە وەھمییە نەتەوەییەی کورد لە رۆژئاوا، چونکە
خەریکی بەخێوکردن و تەمیزکردنی پەراوێز و شتەکانی ترە لەجیاتی شوناسە
گەورەکە، لەبواری ئەدەبیشدا کاری نەکردووە بۆ ئامادەبوون، نموونەش ئەو
ھەموو بابەتە وەرگێردراوە بێ بەھایانەیە لە زمانەکانی ترەوە بۆ کوردی
ھەیەتی، کەچی بەپێچەوانەوەی عەرەب و فارس و ئەفغان و پاکستان،
نەتوانراوە دەقێک بکرێتە سەر زمانەکانی تر، ئەمە کێشەی ھەرە گەورەی
ھۆشیاری سۆسیۆلۆژی کوردییە، چونکە بروای بەو کولتوور و شوناسە شمولییە
نییە کە ھەیەتی، بۆیەش بە کوردی دەنوسێت، چونکە دەرەتانی دیکەی نییە بە
زمانەکانی تر ناتوانێ بنووسێت.
ھەژاری بیرکردنەوەی خەڵک لەچۆنیەتیو چەندایەتی بۆ فکر و بۆ بەرگریکردن
لە حاڵەتە سۆسیۆلۆژیاکەی، بەھەموو پاساوە نەشیاوەکانی بیانوویەکی
یاسایی لەبار نەبووە کە خەڵک ئامادەبن ئەلتەرناتیڤیکی تر لەنەوەی نوێ
پەیدا بکات، ئەمەدرەنجامی ئەو پاشخانەیە کە لەسەدەی رابردوو بەھەلە
بەکاریھێنا، لەبەرچاوگرتنی پلەبەندی ھاوڵاتی و پێکەوەژیانی درۆیینە،
وەکو ئەوەی لەکوردستان ھەستی پێدەکرێت وەکو غەدرێک دەرھەق بە ئەرمەنی و
کریستیانی و کاکەیی و ئێزدی و ھتد، بەپێچەوانەوە بەھێزکردنی ئەو گوتارە
زاڵە ئاینییەی ئیسلام، ھۆکاری سەرەکی ئەوەبوو ھیچ چەمکێکی فکری سیاسی
ھەرز نەکردبوو، تەنھا بە رواڵەت وەریگرتبوو و کاری پێدەکرد، ئەگەر ئەم
مەعزەلەیە لەنێو سیاسییەکان وابووبێت، خراپتر لەنێو رۆشنبیری و نووسینی
کوردی بوو، بۆ نموونە بونگەرایی و بونیادگەری و مارکسی و نەتەوەخوازی و
ریالیزمی شۆرشگێری، بەتەواوەتی لەئەدەبی کوردی رەنگیدابۆوە کە چەند
بەھەڵە کاری پێکراوە،لەکاتێکدا تاکە رێگای دەرچوون لەھەژاری فکری،
ئەوەبوو کە کۆمەڵگەی کوردستانی رزگاری بێت لە ئایینی زاڵ و بروا بە فرە
ئایینی و فرە کولتووری بھێنێ، کەچی لەنێو ئەدەبدا دژایەتی ئەو رەوتە
رۆشنبیرییە دەکرا کە بەنیازبوو کرانەوە بکاتە ستراتیژی نەتەوەی.
پرسیارە بنچینەییەکە ئەوەیە چۆن بتوانین وڵامێکی تێڕوانینی پۆزەتیڤ
بدەینەوە لەبارەی قەوارەیەک کە ھەمیشە لە غیابی سۆسیۆلۆژی بنەرەتیدا
دەژی، وەختێک دەبینین نەسنووری جوگرافیو نەسنووری سیاسی ئاستێکی نییە
بۆ خۆ سازدانەوە، خەڵکیش کە بەشێکی گەورەن لەدیاری کردنی چارەنووسی
خۆیان، بەبێ ئەوەی ھیچ ھۆشیارییەکیان ھەبێت لەبارەی خۆ سەلماندنەوە،
ئیدی چۆن لەم فەزایە رزگار دەبن کە نە کوولتووریان دیارە و نە شوناسە
گەورەکەیان، لەکاتێکدا ئەو نەتەوە و کۆمەڵگانەی لە رۆژھەڵات بە
دواکەوتنەوە لەم چەرخەدا ماون، بەھۆی گەمەی سیاسییەوە شوناسی گەورە
بەقوربانی شوناسی بچووک دەکەن، نموونەش عەرەبە کە لەدەیان فۆرمی
جیاوازدا بەنیازن سۆسیۆلۆژیای خۆیان بسەپێنن بەسەر ئەویتردا، ھەڵبەت
کوردیش بۆ لاساییکردنەوەی ئەم کولتوورە، ئەوەتا ھێندەی شانازی بە
شوناسی بچووکەوە دەکەن کە خێڵ و عەشیرەت و بنەماڵەی بچووکن، ھێندە
شانازی بە کوردبوونەوە ناکەن، لە کاتێکدا ھەموو مێژوویان و ھەموو
قوربانیان و ھەموو جەنگیکیان لەپێناو پاراستنی ئەو شوناسە بووە، ھۆکاری
ئەمەش نەبوونی مەعریفە و ھۆشیاری نەتەوەیی بووە، یان لانیکەم بڵێیین
خاوەنی بنەمایەکی پتەوی سۆسیۆلۆژی نیین، تاکو لە سۆسیۆلۆژیای سیاسییدا
ئامادە بن.
ماڵپهڕی سمکۆ
محەمەد
|