په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٨\٢٠٢٢

هەژاریی سووتەمەنیی لە بەریتانیادا.


زاھیر باھیر       

 
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ لە مانگی جێنیوەری ساڵی تازەدا دوو لەسەر سێی خێزانەکانی بەریتانیا تووشی هەژاریی سووتەمەنیی دەبن.


ڕووداوەکان دەستەواژەی نوێ لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن. هەژاریی سوتەمەنیی دەستەواژەیەکە کە گوزارشت لە بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەمنییەکان تا ڕادەیەکی ئێکجار زۆر دەکات. ئەم دەستەواژەیە بە دروستی بەسەر دووبەش لە سێ بەشی خێزانەکانی بەریتانیادا جێ بەجێدەبێت.


بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە و تێچوی ژیانی دانیشتوانی بریتانی لە پاڵ وشکەساڵیی و لە تەک ئەمانەشدا تورەقیکردنی زیاتری توێژاڵی دەستەبژێری نێو کۆمەڵ بە هەڵتۆقینی ملیۆنەری زیاتر و زیادبوونی ملیاردەرەکانیش بۆ ١٧٧ دانە، هەموو ئەمانە بوونەتە سەر ویردی زمانی ڕۆژنامەکان و بەشێکی زۆری دەنگوباسەکانی ڕادیۆێ و تی ڤییەکان.


ئەوە نەبێت پێش ڕوودانی ئەم بارودۆخە بڕێکی زۆری خەڵکی لە بەریتانیا ژیانێکی شایستانەیان هەبووبێت. من پێشتر لە زۆر ڕووەوە باسی ژیانی ئێرەم کردەوە لێرەدا تەنها هەر یەک دوو نموونەیەک دەهێنمەوە: دوو لەسەر سێی ئەو گەورانەی کە کار دەکەن لە هەژارییدا دەژین ڕێژەکەش لە ئێستادا لە بەرزبوونەوەدایە، ٥ ملیۆێن کە کرێکارن لە شوێنی جیا جیادا لە هەژارییدا دەژین، ئەمە جگە لەوەی تێکڕای مووچە کە بە گوێرەی ڕادەی هەڵاوسانی پارە ڕێکخراوە یا دیریدەکرێت، لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، ٢٠٢٢، کەمتر بووە لە مانگی شوباتی ٢٠٠٨.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ ٤٥ ملیۆن کەس لە بەریتانیا لە مانگی یەکی [جێنیوەری] ساڵی نوێدا بە هۆی هەڵکشانی نرخی سووتەمەنییەکان: غاز وکارەبا تا دەکاتە بەنزین و گازۆییل بە ڕادیەک دەبێ کە ئەو بڕە خەڵکە کە لە چوارچێوەی خێزانییدا گرد دەبنەوە دەکاتە ١٨ ملیۆن خێزان کە ڕووبەڕووی هەژاریی سووتەمەنیی دەبنەوە.


ڕاپۆرتەکە هەژارییەکە وردتر دەکاتەوە و کارایی زیاتری لەسەر هەندێک توێژاڵی کۆمەڵایەتی پتر دەردەخات. هەر بۆ نموونە دەڵێت لە نێوانی کەپڵێکی خانەنشینکراو بە ڕێژەی لە سەدا ٨٦.٤ و لە سەدا ٩٠.٤ لە سەر خێزانانی یەکباڵ، ئەوانەی کە بێ مێردن یا بێ ژنن کە دوو منداڵ یا زیاتریان هەیە، کارایی خۆی دادەنێت.


هەر ئاواش ڕاپۆرتەکە لە سەر ناوچەکانی یا دەڤەرەکانی بەریتانیاش ڕێژەی ئەم هەژاریی سوتەمەنییەی تۆمار کردووە. لە سەدا ٥٧.٩ خانەوادەکانی کە لە خواروی ڕۆژهەڵاتی بەریتانیا دەژین ڕووبەڕووی ئەو قەیرانە دەبنەوە. ئەمەش بە بەراورد بە لە سەدا ٧٠.٩ لە دانیشتوانی میدلاند و لە سەدا ٧٦.٣ لە دانیشتوانی ئیرلەندەی باکوردا.


ئەم توێژینەوەیە دوای بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی پارە بە ڕێژەی لە سەدا ١٠.١ لە مانگی تەموزدا کراوە و واش پێشبینی دەکرێت کە لە کۆتایی ئەم مانگەدا دەچیتە لە سەدا ١٠.٨ کە ئەم ڕێژەیە لە بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی پاوەندی بریتانیدا لە ٤٠ ساڵ لەمەوبەرەوە نەبینراوە. ئەوەش مەزەنە دەکرێت کە لە کۆتایی ئەمساڵدا بگاتە لە سەدا ١٣ . هەر لەبەر ئەوەشە هەرچەند مووچە و کرێش بەرزببێتەوە تەنانەت بە ڕادەی لە سەدا ١٠ش هێشتا هەر موچەکە هیچ زیادی نەکردووە، بەڵکو نوقسانی بە ڕێژەی لە سەدا ٣ هەیە.


هەندێک لە دامەزراوەکان، دەسگەکانی وەکو دەسگەی تەندروستی متمانەپێکراوی خەسستەخانەکان لە ئینگلەنددا، لە سەروبەری ئەم ژیانە قورسەدا کۆمەک بە کارمەندەکانیان دەکەن بۆ ئەمەش بەرپرسانی نەخۆشخانەکان باوەڕیان وایە کە یارمەتییەکانیان بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە' و ڕووبەڕوویان دەبێتەوە دەبێت لەبەرانبەریدا بووەستنەوە.


دەسگەکانی نەخۆشخانەکان لە هەندێک شار و ناوچەدا بڕیاریان داوە کارمەندەکانیان کە زۆر هەژاران ٥٠٠ پاوەندیان پێبدرێت و بۆیشیان هەیە کە منداڵەکانیان لە چێشخانەکەی سەر کاردا بە یەک پاوەن ژەمی نانی نیوەڕۆ بخۆن. لە شاری لێستەر لە سەدا ٢٩ ی ستافەکانیان موچەیەکی هەژارانە وەردەگرن کە پێش لێبڕینی باج تەنها ٢٣،١٧٧ پاوەندە. لە هەندێک شوێنی تر ٢ ملیۆن پاوەندیان داناوە بۆ یارمەتی ئەوانەی کە بە هۆی گرانی نرخی بەنزینەوە ناتوانن بچنە سەر ئیش.


هەواڵی خراپتر وەکو دەسگەی سیستەمی پیشەسازی و دارایی دەڵێت لە ساڵی دارایی داهاتوودا ٢٠٢٣-٢٠٢٤ ئەگەری زۆرە قەرزکردن بە ڕێژەی ٢٣ ملیار پاوەند زیاد بکات، چونکە حکومەت پێویستی بە بەرزکردنەوەی یارمەتییەکان و خانەنشینی دەبێت بەگوێرەی ڕێژەی هەڵاوسانی بەرزتر بە تێچووی ٤ ملیار پاوەند و هەروەها دانەوەی ٥٤ ملیار پاوەند بە سووییەکی بەرز لەسەر قەرزەکانی کە پەیووەستن بەهەڵکشانی هەڵئاوسانی پارەوە لەسەر بۆندەکان.] وشەی بۆند-ی ئینگلیزی ڕەنگە زیاتر لە کوردیدا بە کۆمپیالە بێت].


وەکو زانراوە سیستەتی سەرمایەداریی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان یاری بە هەندێک فۆرمیلەی ئابووریانە دەکات بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو، زیادکردن و داشکاندنی ڕێژەی باج، گرتنەبەری سیاسەتی دەستگرتنەوە [تەقەششوف]، کەمکردنەوە و زیادکردنی بەهای دراوەکەی، ڕێگەدان بە هەڵئاوسانی دراوەکەی یاخود کۆنترۆڵکردنی هەڵئاوسانەکە. لەگەڵ ئەم دەستکاریکردنانەشدا، لە کردنی هەر یەکەیاندا کارایی نێگەتیڤانەی لەسەر ئەوی تریان و سەرجەمی ئابوریش هەیە. ئەمەش ڕاستییە و دەکرێت لەو دوو سێ دێڕەی سەرەوەی دەسگەی سیستەمی پیشەسازی و دارایی ئەم وڵاتەدا کە ئاماژەم پێدا بیبینین.


حکومەت بۆ حەلی ئەم کێشەیە سەبارەت بە نرخی غاز و کارەبا کە لە مانگی یەکی ساڵی نوێدا دەچێتە ٤،٥٠٠ پاوەند، کە ٣٥٨٢ پاوەند زیاترە لە ساڵی پار ئەم وەختە کە بە ڕێژەی سەدییش دەکاتە لە سەدا ٨٢ . ئەم زیادکردنە لە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوودا دەچێتە ٥٤٥٦ پاوەند، چارەسەرێکی داناوە.


بۆ قەرەبووکرندنەوەی ئەم زیادەیە حکومەت لە مانگی ئایاردا بڕیاری دا کە هەموو ماڵێک ٤٠٠ پاوەندی پێبدرێت و ئەوانەشی کە زۆر دۆخی داراییان خراپە ٦٠٠ پاوەندی زیاتریان پیبدرێت. ئەمە بریاری وەزیری دارایی پێشتر بوو، ڕوشی سوناک، کە ئێستاش یەکێکە لە دوو بەربژێرەکەی سەرۆکی وەزیران. بەربژێرەکەی دیکەیان ژنێکە بە ناوی لیز تروس ئەو نایەوێت ئەمە بکات دەلێت باشترین کۆمەک بۆ هاووڵاتییان دابەزینی ڕێژەی باجە، کە لەم بارەدا تەنها ساماندارەکان سوودمەند دەبن. بۆ نموونە گریمان موچەی کرێکارێک ٣٠ هەزار پاوەندە کە ١٢ هەزاری، باجی لەسەر نییە دەکەوێتە سەر حاڵەتی خیزانیی ئەو کەسە. ئالیرەدا گریمان باج بە ڕێژەی لە سەدا ٣ دابەزی کە ئەمە مەحاڵە، لەو حاڵەتدا دەکرێت کە کابرای/ ژنی باجدەر ٥٤٠ پاوەندی بۆ بگەڕێتەوە کە ئەمەش هیچ نییە.


هاوکاتیش حیزبی لیبراڵ و پارتی لەیبەر [کرێکاران] داوا لە حکومەت دەکەن کە فشار بخاتە سەر کۆمپانیاکانی وزە کە ئەم بەرزکردنەوە و زیادە نرخە هەڵپەسەرێت. هەرچیش پارتی سەوز هەیە داوای بە دەوڵەتیکردنی کۆمپانیاکان دەکات.


ئەمە لە کاتێکدا کە ە تێکڕای قازانی کۆمپانیا گەوەرەکانی نەوت و وزە وەکو شێڵ و بی پی و ئێکسۆن مۆبیل و چیڤرۆن و ئەوانی دیکەیان لە ماوەیەکی کەمدا خۆی لە ٥٠ ملیار پاوەند داوە. سەرکەوتنی موچە و خەڵاتی بەڕێوەبەرە گەرەوکان و جێ بەجێکەرانی کۆمپانیا گەوەرەکان و دەسگەر دراوییەکان بە ڕادیە سەرکەوتووە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ وە ئەمە نەبینراوە.


لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئەوەش هەلوێستی حکومەتی بریتانییە و کە کاتێکیش دەبینین لە شوێنەکانی دیکەی جیهاندا وردەکارییەکانی هەڵبژاردەیەکی بەدیل دەبینرێت: سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی ئیسپانیا بیتاقەی شەمەندەفەری بە خۆڕایی ڕاگەیاند هەروەها بۆ کەمکردنەوەی تێچوونەکان (شانبەشانی باجی زیاتری لەسەر بانکەکان) ڕاگەیاند، لە کاتێکدا سەرۆکی نیوزلەندە، جاسیندا ئاردێرن، کرێی گواستنەوەی گشتی نیوزلەندای بە ڕێژەی ٥٠% کەمکردەوە. لە فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن کۆمپانیایPDF کردە کەرتی دەوڵەتیی و پارەی وزەشی بە نزمیی هێشتەوە.


وەکو دەبینرێت لەو وڵاتانە و وڵاتانی دیکە هەندێک کارئاسانی و کردنی کۆمەکی بچوک بۆ هاووڵاتیانیان کراون و لێرەش ئەو هاوکارییە بچوکەیە بە بارودۆخێکی زۆر خراپتریشەوە لە دانیشتوانی ئەو وڵاتانە، دانیشتوانی بەریتانیا شتێکیان لە بەردەمدا نەماوەتەوە جگە لە بەرەنگاربوونەوە و بەگژاچونەوەی سیاسەتی کۆمپانیاکان و حکومەت. هەر لەبەر ئەمەش هەڵمەتێک لەژێر ناوی " پارە مەدە" واتە پارەی قایمەی غاز و کارەبا مەدە. ئەم کەمپەینە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس واژۆی کردووە ئەگەر ئەم ژمارەیە بگاتە یەک ملیۆن، پارەدەری کارەبا و غاز لە مانگی ئۆکتۆبەردا و هاوکاتیش ئەگەر حکومەت زیادبوونی ئەم پارەیە هەڵنەپەسێرێت، خەباتی ڕاستەوخۆ بەکاردەهینرێت نە کۆمپانیاکان و نە حکومەتیش ناتوانن شتێک بکەن لە هەقی خەڵکی چونکە ئاشکرایە نە ملیۆنێک کەس دادگایی دەکرێ و نە دەتوانرێت بیشیانگرن و نە دەکرێتیش کارەبا و غازیان لێببڕن و یا خود دەست بەسەر خانەنووەکانیان بگیرێت ئەو کاتە نەک هەر دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیاسەتە بەڵکو ڕەنگە بیبیتە ڕوخاندنی حکومەتیش.


ئەمە ئەزموونی سەرەتای نەوەداکانی چەرخی پێشووە کە حکومەت باجێکی شەخسی زۆری لەسەر دانیشتاوان کە لە سەرو ١٨ ساڵەوە بوون لە ژێر ناوی پۆڵ تەکس دانا. دواتر هەلمەتێک ڕێکخرا کە پارە نەدرێت و هەرکەسیش درا بە دادگا بە هەزاران کەس لەبەردەم دادگادا ناڕەزاییان دەردبڕی، هەر کەسێک کاربەدەستانی حکومەمەت بهاتنایەتە سەری و شڕە و پڕەی ماڵەکەیان ببردایە بە جارێک سەدەها کەس ڕێگربوون لێیان. بۆ کۆکرندەوەی ئەم باجە هەموو ڕێگە چارەکانی حکومەت و شارەوانییەکان شکستیان هێنا بۆیە سەرەنجام خودی باجەکە شکستی هێنا و حکومەتەکەی مارگرێت تاچەریش هەرەسی هێنا. لە ئێستاشدا لەوە دەکات هەمان شت دووبارە ببێتەوە.


ئەمەش هۆکارێکی گرنگە کە حیزبە موعاریزەکان و هەندێکیش لە کۆمپانیاکان لۆبی حکومەت دەکەن بۆ هەڵپەساردنی زیادبوونی نرخی کارەبا و غاز، چونکە ترسی دووبارە بوونەوەی ئەزموونەکەی پۆڵ تەکسیان هەیە کە گریمانی زۆر هەیە لە ڕوودانی چونکە هەژارییەکی زۆر لە ئارادایە و ڕەنگە سەراپای شۆپەکان و کۆمپانیاکان تاڵان بکرێن.

 

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک