په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 هه‌ژده‌کەى هەرێم و شه‌شه‌کەى بەغدا !


بەشدار عه‌لی   

 

لە مانگى( 3ى 2009) 18 ساڵ تێپەڕ بوو بەسەر راپەرینى خەڵکى کوردستان و رزگاربونیان لە رژێمى بەعس و نەمانى فیزیکى بەعس لە کوردستاندا،لەمانگى (4ى 2009) ش 6 ساڵ تێپەڕ بوو بەسەر گووم بوونى رژێمى بەعس لە بەغدا.


بەجیا لەوەى ئەمەریکا هەموو بەهانەکانى هێرش و پەلاماردانى بۆ سەر خەڵک عێراق مایە پوچ دەرچوو لەبەرچاوى هەموو دونیا ریسواو شەرمەزاربوو و رۆژ لەدوایى رۆژیش کێرڤى هێزى لە جیهاندا روو لە دابەزینە و هەموو بەڵگەکان پێیان گوتین، واشنتن ێدامێکى ئەلقە گوێى گەرەکە ،لەم کورتە نوسینە ناچینە سەر شێواز و ئالیەتى گووم بوونى ئەم رژێمە لە هەرێم و بەغدا کە بە قوربانیەکى زۆرى خەڵک و داتەپینى تەواوى عێراق کۆتاى هات و بۆ چەندین ساڵى تریش خەڵک دەبێت باجەکەى بدەن،بەڵکو مەبەستمانە گوزەرێکى خێرا بە نێو 18 ساڵ (ئازادى)هەرێم و (6)ساڵ (ئازادى) بەغدا بکەین!


پێش هەموو شتێک، دەسەڵاتێک کە لەژێر سەرپەرشتى گەورە تیرۆرستى جیهانى و پێکهاتەیەکى قەومى و تائیفى و مەزهەبى بنیات نرابێت هەرگیز نابێتە جێگاى ئومێدى خەڵکى عێراق و لە ماوەى شەش ساڵى رابردوش ئەمەمان بینیوە ،دەسەڵات هێندە چاو و دڵى لە تاران و واشنتۆنە، نیو هێندە لە بەغدا نیە.


لەسەروبەندى رووخانى بەعسدا و لەیەکەم راپرسیدا، لە 98% ى خەڵکى کوردستان داوایى جیابوونەوەى کوردستان و دامەزراندنى دەوڵەتێکى سەربەخۆیان کرد، بۆ ئەوەى بۆ هەتایە لەدەست پلەدوویى و ژێر دەستەى رزگاریان بێت،بەڵام پارتى و یەکێتى بەبێ گوێدانە راى گشتى و گوتیان (ئەزمونى کوردستان) دەگوازینەوە بۆ بەغدا و جیابونەوە کاتى نیە و سەردەمى دکتاتۆرى بەسەر چوو و لەگەڵ کۆنە بەعسى و چەند مەلا و ئاخوندێک سەروەت و سامان و دەسەڵاتیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکرد.


هەر وایانکرد ئەزمونى دزى و گەندەڵى و رۆتینات و کوشتن و بڕینى و سەرکوتى مخالفین و فەرزکردنى یاسا و دەستورى کۆنەپەرستانە و دورستکردنى میلشیایان گواستەوە بۆ بەغدا.


پارتى و یەکێتى هەمیشە سودیان لەسەرگەردانى و پلەدوویى خەڵکى کوردستان وەرگرتوە بە پیشاندانى دێوێک لە بەغدا درێژەیان بە تەمەنى دەسەڵاتەکەیان داوە،چونکە ئەگەر مۆتەکەى ستەمى میللى بەسەر سەرى خەڵکەوە نەمێنێت بە دڵنیایەوە ناتوانن بەم شێوەیە بەردەوام بن، بە پارەى خەڵک بازرگانى بکەن و باقیەکەشى نەگەرێننەوە!بۆیە لێناگەرێن دەوڵەتى سەربەخۆ هەنگاو بهاوێ و بەردەوامیش لە هەوڵدا دەبن بۆ ئەوەى بەچکە دیکتاتۆر لە بەغدا حوکم بکات بۆ ئەوەى خەڵکى کوردستانى پێ بترسێنن و لەکاتى نا ئاسایشدا وەکو کارتێک بەکاریبهێنن و ئەو (ئەزمونەى)ئیستا بەردەوام بێت،ئێوە سەیر کەن لەگەڵ مالکیدا لە هەموو شتێکدا بەشدارن و هەفتانە دیدارى تەشریفاتیان هەیە،کەچى ناوە ناوە بە تاکڕەو و دکتاتۆر وەسفى دەکەن ،ئەمە بانێکە و دوو هەوا و کەسێک بە پولێکى قەڵپ وەریناگرێت !


18 ساڵە ئەحزابى ناسیونالیستى کوردى سات و سەوا بە خەڵک دەکات،بە سەرکوت و زیندان و کوشتن و بڕین دەنگە نارازییەکانت خامۆش دەکاتەوە، دواکەوتوترین سیستەمى لە کۆمەڵگادا چێکردوە،بە یاساو دەستورە مەتاتیەکانیان( کە تەنها خەڵکى بێ دەسەڵات دەگرێتەوە و خۆیان لەسەرووى هەموو شتێکن) فەرهەنگى خەڵکیان تا خوار هێلى سفر بردوە،18 ساڵە حکومەتیان دامەزراندوە نەیانتوانیوە کێشەى کارەبا و ئاو رێگاوبان چارەسەر بکەن لە کاتێکدا تاکو ئەو ساتەش زۆرترین ئیمکانیاتیان لەبەردەستا بوە ،بەغداش هەمان ئەزمونى دووبارە کردەوە، ئەوەى لایان گرینگ نەبێت کێشە و گرفت و خواستەکانى خەڵکە و هەمیشەش دەیانەوێت شەڕ و کوشتن و تەقینەوە درێژەى هەبێت بۆ ئەوەى بە پاڵپشتى ئەمەریکا لەسەر کورسى بمێننەوە و بە ئارەزووى خۆیان مامەڵە بە چارەنوسى خەڵک بکەن و سەروەت و سامانەکانیشیان لە بانکەکانى دەرەوە ئەستورتر بکەن،بۆیە کار دەکەن و هیوا دەخوازن دەیان(18)ى تر و (6)تر بەم شێوەیە تێپەر بێت و خەڵکیش با لەنێو نا ئەمەنى و سەرگەردانى و ئاوارەیى و بێکارى و نەبونى و بەدخۆراکى بیگوزەرێنن.


لە کۆتاییدا خەڵکى عێراق رزگارى نابێت و هەرگیز ئازادى بە چاوى خۆى نابینێت، بەبَى کۆتاى هێنان بە سەرگەردانى و بێ چارەنوسى خەڵکى کوردستان و کۆتایهێنان بە داگیرکارى و دامەزراندنى حکومەتێکى دامەزراوەیى لە نوێنەرانى خەڵکى عێراق، نەک نوێنەرانى قەبیلە و تائیفە .
 

 

Bashdar_net@yahoo.com