٥\٧\٢٠٢٠
"حەڵاڵ و حەرام"
لە تەرازوی لێژنەی فەتوادا!!

عەبدوڵا ساڵح
دەگێڕنەوە پیاوێک دەچێتە
لای مەلا نەسرەدین کە بە مەلای مەشھور ناوی دەرکردوە و دەڵێ:
- مامۆستا مانگاکەی جەنابت لەو شاخە قۆچێکی داوە لە مانگاکەی من و
ھەڵیداوەتە خوارێ لە شاخەکە و مردوە، تکایە بۆم سەیرکە بزانە شەرع لەو
بارەوە دەفەرموێ چی و دەبێ چۆن و کێ قەرەبووم بکاتەوە کە من لە ماڵی
دنیا ئەو تاقە مانگایەم ھەبووە و ئەویشم لەدەستداوە ؟
- جا کاکی خۆم ئەوە شەرع ونمەرعی بۆچیە مانگای من قۆچی لە مانگای تۆ
دابێ لەو شاخە و کوشتبێتی نە تاوانی منە و نە تاونی تۆ، شەرع قسەیەکی
نیە لەو بارەوە جگە لەوەی دوعات بۆ بکەم خوا پاداشتت بداتەوە.
- مامۆستا گیان تکایە لێم مەگرە لە ڕاستیدا کارەکە پێچەوانەیە مانگاکەی
من ئەوەی تۆی خستۆتە خوارەوە و کوشتویەتی .
- چی چی چی.. ئادەی ئەو ئیبن و حەجەرەم بۆ بێنن ئاخۆ لەو بارەوە شەرع
دەفەرموێ چی !!
دەسەڵاتی سیاسی لەکوردستان، کە حزبە قەومیەکان قۆرخیان کردوەو کۆمەڵێک
سێکتەریان بەدەوریدا ھەڵچنیوە ، ھەر لە پەرلەمان وداواکاری گشتیەوە
بیگرە تا دەگاتە پلەکانی خوارتر، بەمەبەستی پایەداربوون و شەرعیەتدان
بەو دەسەڵاتەکەیان بە بڕیارەکانی، لیژنەی باڵای فەتواش یەکێکە لەو
سێکتەرانە کە ئەویش وەک ھەموو سێکتەرەکانی تر، دەزگایەکە لەخزمەت
پاکانەو پشتگیری سیاسەتەکانیان، بەڵام ئەوەی لیژنەی فەتوا لەوانی تر
جیا دەکاتەوە فریواندن وخۆڵکردنە چاوی خەڵکە و یاریکردنە بە
کەرەستەیەکی بەردەستیان کە ناوی" شەرعە " و ھەڵقوڵاوی ڕێڕەوێکی ئایینی
دیاریکراوە کە بەشێکی بەرچاو لە خەڵک پەیڕەوی دەکەن، ئیتر چەندە ئەم
خەڵکە لەو ڕێبازە گەیشتون یان نا ، ئەوە باسێکی کەیەو مەبەستی ئەم
نووسینە نیە .
بەگوێرەی ھەمان لۆژیکی مەلا نەسرەدین، لیژنەی باڵای فەتوا لەکوردستان
کارەکانی ئەنجامدەدا و ھەرچی زەرەری ھەبێ بۆ " پەزەکان " ، مەبەست
دەسەڵاتە ،لای ئەوان " حەرامە " وبڤەیە و بەقازانجیشیان بێ " حەڵاڵە "
وەک گەزۆ ومازوو دەخورێ ، دیارە نابێ ئەوەشمان بیرچێ کە نانی ئەم
لیژنەیەش لەم بێنە و بەردە و سات و سەودایە دایە .
دوا فەتوای ئەم لیژنەیە کە بەبیانوی ڕێگای ڕاست پیشاندان و
دوورخستنەوەی خەڵک لە خواردنی "ماڵی حەرام" ، وەک خۆیان بانگەوازی بۆ
دەکەن ، لەم ماوەی دواییدا فەتوایەکی داوە کە گوایە بندیوار ودوو
موچەیی حەرامە، واتا ئەوەی بکەوێتە ناو ئەم جوغزەوە مانای وایە
دەکەوێتە بەر" غەزەبی خوا لە ڕۆژی قیامەتدا " چونکە پارەی حەرامی
خواردوە !
با وازلەوە باسە بێنین کە بندیوار ودوو موچەیی بەرھەمی کام بار ودۆخ
وئاکامی کام سیاسەتەن و ئەوان بەشێکی کەمن لەو گەندەڵیە زۆرەی ڕۆژانە
بەبەر چاوی خەڵکەوە دەکرێ، ھەروەھا واز لەوەش بێنین کە بۆچی چەند ساڵە
ئەم لیژنەی فەتوایە لە ئاقار ئەم دیاردەیەدا قڕوقپ و بێدەنگە وتازە
لە"خەوی غەفڵەت" خەبەری بۆتەوە و ئەم حەرام خۆریەی بەرچاوکەوتوە !
ئەگەر "حەرامەکانی" لیژنەی فەتوا دوو موچەیی و بندیوارە ، ئەی دەکرێ
پێمان بڵێن "حەڵاڵەکانیان " کامانەن!؟
دەکرێ ئەم لیژنەی فەتوایە بۆ ئێمەی ڕۆن کاتەو ئاخۆ لەبەرامبەر ھەندێک
دیاردەدا بۆ چاویان نوقاندوەو زمانیان لاڵە و لە بەرامبەر ھەندێکیانیش
زمانیان ئەوەندە تیژە ملی گا دەپەڕێنێ !؟ مەگەر نایبینن چۆن سەروەت
وسامانی ئەم کۆمەڵگایە بەتاڵندەبرێ، نازانن کە داھاتی مانگانەی تەنیا
یەک خاڵی گومرگ، بەتایبەت لەدەروازە نێودەوڵەتیەکاندا، بەئەندازەی
موچەی ساڵانێکی ئەوبندیوارانە ودوو مووچەیانەیە کە دروستکراوی دەستی
خۆیانن ، مەگەر ئەم دزی وتاڵان وبڕۆیە، ئەو پارە ھەڵوشینە، ئەو کرێکار
وزوحمەتکێشانەی بەزۆر برسیکراون ونانی سەر سفرەی ماڵەکانیشیان پێڕەوا
نابینن، دیمەنی ئەو منداڵە عەلاگە فرۆشانە، ئەوپیرەپیاوانەی بۆ نانێک
ھاتونەتە سەرجادە، ئەو فەرمانبەرانەی ھەر جارە بەبیانویەک موچەکانیان
دەبڕن و ئەگەر دەمیش بکەنەوە وەبەر شەق دەدرێن، ئەو گەنجە بێکارانەی
ڕژاونەتە سەر جادەکان لەبێکاریدا پەنا بۆ زۆر کاری نەخوازراو دەبەن، ،
ئەو ژنانەی ڕۆژانە لەژێر سایەی ھەر ئەو " شەرعە " ی ئەواندا بەبیانوی "
شەرەفپارێزی " ڕەشەکوژ وسپیکوژ دەکرێن ، ئەو ڕۆژنامەنوسانەی لەسەر
وتارێک تیرۆر دەکرێن و ھەزاران دیمەنی تر، ئەوانەی سەد مووچە وھەزار
مووچە وەردەگرن کامانەن ...؟ ئەمانە ھەموویان بە تەرازوی لیژنەی فەتوا
" حەڵاڵن " چونکە دەسەڵات دەیانکا و بەرھەمی سیاسەتی ئەوانە . ئەمە نەک
لەنگی ئەم تەرازوە نیشاندەدا، بەڵکو ئاشکرای دەکا کە تەرازوەکە خۆی
یەکتایە!! بەڵام لۆمە ناکرێن چونکە ئەو " شەرعە " ی ئەوان دەستی بۆ
دەبەن کارێکی بەسەر ئەم بێمافی وئازارەوە نیە و بگرە ڕێگاشی بۆ خۆشدەکا
. ئەگەر بندیوار ھەبێ لەم ووڵاتە ئەوا لە ڕیزی پێشەوە ئەندامانی ئەم
لیژنەی فەتوایەن ، نە ئیش ونەکار تەنیا دانراون بۆ فەتوا دان دژی خەڵک
و لەبەرژەوەندی دەسەڵات!
لە ڕاستیدا دەبووئەم لیژنەی فەتوایە بەدەرکردنی فەتواکەی چەند مانگ
لەمەو پێشیان لەمەڕ کۆرۆنا، کاتێک بانگەوازی خەڵکیان کرد بۆ چونە
مزگەوت وفەتوایاندا کە ھەرچی لەو ڕێگایەدا، واتە چونە مزگەوت، بەکۆرۆنا
بمرێ "شەھیدە "، بەڵام ئەوەندەی نەبرد فەتواکەیان وەک بڵقی سەرئاو
بەھەوادا چوو، ھەر ئەو دەسەڵاتەش کە ئەوان تەپڵی بۆ لێدەدەن ئەم
فەتوایەی پێ قووتدانەوە و ماھیەتی ئەوانی دەرخست کە جگە لە گوێلەمست
ھیچی تر نین، بەڵام بەلای ئەوانەوە وەک بەرد لەبەرد نەترازابێ وابوو
بۆیە دووبارە دەرگای فەتوایان خستەوە سەر پشت وئەم " شەکرەیان شکاند "!
دەبوو دوای ئەم فەتوای کۆرۆنایە ، ئەگەر ئەندامانی ئەم لیژنەیە
دەربەستی کەسایەتی خۆیان بونایە ، وازیان لەم پیشەیەولەم فەتواو
فەتواکاریە ھێنابا و وبەدوای کارێکدا گەڕابان کە ژیانی خۆیان وماڵ
ومنداڵیان دابین بکا و نانی " حەڵاڵی " بەدواوە بێ.
کارنامەی لیژنەی فەتوا لە ماوەی ٢٩ ساڵ حوکمڕانی دەسەڵاتی ئەحزابی
ناسیونالستی کورد ، کارنامەیەکی " ڕەشە " ئەوان وخەتیبی بەشێک لە
مزگەوتەکان بەبەردەوامی ھەڕەشە و فەتوای تەمبێ کردن وکوشتنیان بۆ
ھەڵسوڕاوانی چەپ وکۆمۆنیست ، بۆ چالاکوانان لەمەیدانی بەرگری لە
مافەکانی ژنان و بۆ خەڵکی ئازیدیخواز دەرکردوە و بەبەرچاوی ئەم
دەسەڵاتەوە بەشێک لەو تاوانانە جێبەجێکراون. تیرۆری ھەردووک ھاوڕێی
کۆمۆنیست ( شاپور عەبدولقادر وقابیل عادل ) لە ناو جەرگەی شاری ھەولێر
رۆژی ١٨ / ٤ / ١٩٨٨ نمونەیەکی دیاری ئەم جۆرە تاوانانەن کە بەرھەمی
فەتوای ئەم مەلایانە بووە.
بەدرێژایی مێژووی بەشەریەت ، ئایین ، بەھەموو رێبازەکانیەوە ، داردەستی
زاڵمان بووە ، لە چاخەکانی ناوەڕاستدا کەنیسە لە ئەوروپا نەک تەنیا
پشتیوانی لە چەوساندنەوەی بەردەکان کردوە لە لایەن فیئوداڵەکانەوە،
بەڵکو یەکێک بووە لەدامەزراوەکانی سیستمی فیئوداڵی و پیاوانی ئایینی
شەریک وبرابەشی فیئوداڵەکان بوون . سەرەتا بە سیاسەتی خۆڵکردنە چاوی
خەڵک دەست پێدەکەن تا ئەو کاتەی بۆیان چوبێتە سەر، وئەگەر نا، ئایین ،
لە ڕێگای پیاوانی ئاینیەوە، دەبێتە کوتەکی دەستیان بۆ سەرکوت و
داپڵۆسین، لەھەمانکاتیشدا دوا سەنگەریان دەبێ بۆ خۆحەشاردان وخۆپاراستن
لەبەرامبەر ناڕەزایەتی و ڕق و توڕەیی خەڵکدا ، نمونەی ئەم جۆرە
کردەوانە لە مێژوودا کەم نین ، لەوانە ، دەورو نەخشی ئەو پیاوە
ئایینیانەی لە پاکتاوکردنی ئەرمەنیەکاندا بەدەستی دەوڵەتی عوسمانی
لەساڵی ١٩١٥ بینیان ، پەنا بردنی ھیتلەر بۆئاین لەجەنگی جیھانی دووەمدا
کاتێک لەناو ئاپورایەک لەھەوادارانیدا ئینجیلی گرت بەدەستەوە ووتی :
لەخوا دەپاڕێمەوە ئەوکارەمان لێ پیروزکا وبەھێزمان کا بۆ ئەنجامدانی !
وسەدامیش لەدوا ڕۆژەکانی دەسەڵاتیدا کاتێک "الحملە الإیمانیە " ی
ڕاگەیاند وسەری ھەزاران ژنی بێتاوانی بەسەردەرگای ماڵەکانیانەوە
ھەڵواسی و لەبەرکردنی قورئانی کردە مەرج بۆ ئازادکردنی زیندانیەکانی،
نوێترینیشیان دوناڵد ترامپ کاتێک بەبەر چاوی کامێرای ڕاگەیاندکاران
ئینجیلی گرتەدەست وپەیمانی دا دژی دوژمنانی خوا بجەنگێ.
٣٠\٦\٢٠٢٠
a_salih11@hotmail.com
|