په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٩\٢٠٢١

ھەڵبژاردنێک بوونی نییە،

مەگەر سەکۆیەک بێ بۆ ریسواکردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی عێراق و کوردستان!


کامیل ئەحمەد      


لە ئاستی جیھاندا دەھۆڵێکی زۆر دەکوترێت بۆ بە پیرۆزکردنی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان و پڕۆسەی ھەڵبژاردن وەک یەکێک لە کۆڵەکەکانی دیموکراسی و پارەوپولێکی لە ڕادەبەدەری بۆ تەرخاندەکرێت، بەڵام بە ڕۆشنیش دەبینینین کە ئەم پڕۆسە دیموکراتیە لە ناو زۆرینەی خەڵک و چینی پرۆلیتاریادا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ متمانەی خۆی لە دەستدەدات و ڕادەی بەشداربووان لەم گەمە درۆیینەیەی بورژوازیدا، بۆ دەسەتاودەستپێکردنی دەسەڵات لە نێوان خۆیاندا و بۆ پاراستنی بەرژوەندیە چینایەتیەکانیان، دێتە خوارەوە. ئامارەکانی ڕێژەی کەمی بەشداربووان و بێ ئومێدی خەڵک لە ھەڵبژاردنەکان لە زاری میدیا و سەرانی بورژوازی خۆیانەوە و ھەڵڕشتنی فرمێسکی تیمساحاوی بۆ ئەم پڕۆسە جوانەی دیموکراسی و بەرەوھەڵدێر چوونی، وێردی سەرزمانیانە و ھەمووان لە ھەوڵی ئەوەدان کە بیھێڵنەوە. ئەمە بە جیا لەوەی کە ئەگەر ھەڵبژاردنێک بوونی ھەبووایە ئەوا ھەموو ئەم زوڕناژەنانەی بورژوازی و ھەموو دەزگا سەرکوتگەر و داپڵۆسێنەرەکانیان دەکەوتنە گیانی خەڵک بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن نەکەن. بەڵام تا ئەو کاتەی کە ھەڵبژاردن لە نێوان ھێزە بورژوازیەکاندایە و ھەموویان لەسەر ھێشتنەوە و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی سەرمایە کۆکن، ھانی خەڵک دەدەن بۆ بەشداریکردن لە پێناو درێژەدان بە سیستمە چینایەتیەکەی خۆیان و کەڵەکەی زیاتری سەرمایە لە ڕێگای بەکارھێنانی ئەم دەزگایەوە. ئەگەر نا دیموکراسی و ھەڵبژاردنی پەرلەمانیش وەک ئەلگۆیەک تواناییەکانی خۆی لە دەستداوە بۆ گێلکردنی پڕۆلیتاریا و ئەمە بە ڕۆشنی لە لانکەی دیموکراسیشدا، لە خۆرئاوا دا، دەبینین. ھەڵبژاردن لە عێراق خەڵکەکەی توشی بێ ئومێدی کردووە و دیموکراسیشی کردۆتە دیاردە و پڕۆسەیەکی گاڵتەجاڕانە.

خاڵێکی سەەرکی و پایەیی تر ئەوەیە کە ئەم ھەڵبژاردنە پێشوەختەی عێراق دەبێت وەک بەشێک لە ململانێی نێوان ھێزە جیھانی و ناوچەیی و ناوخۆییەکان چاویلێبکرێت. ئەم پڕۆسەی ھەڵبژاردنە و بڕیاردان لەسەر بەڕێوەچوونی پێشوەختی پێودانگی ھاوسەنگی ھێزی نێوان ئەمریکا و ئێرانە و بۆ لێدان و بەھێزکردنی لاینەگرانی خۆیانە لەم پرۆسەیەدا. ئەم بڕیارە ڕاستەوخۆ بڕیارێکی ئەمریکی بوو، وە ھەوڵێکە بۆ ئەوەی کە حکومەتەکەی کازمی لەسەر پێی خۆی ڕابگرێت. ئاڕاستە و سیاسەتێک کە لە پشتیەوەیەتی بریتی یە لە لاوزاکردن و کەمکردنەوەی پێگەی ھەموو ئەو ھێز و گرووپ و حزبانەی کە سەر بە میحوەری ئێرانن لە نێو خودی پەرلەمان و کۆی پڕۆسەی یاسادانانی عێراقدا. ئەمریکا لە ڕێگای ئەو ھێزانەوە کە نوێنەرایەتی دەکەن ئەم پڕۆسەیەی بەڕێخست، گوایە ھەڵبژاردنی پێشوەختە خواستی ناڕەزایەتی و ڕاپەریەنەکانی ئۆکتۆبەرە. ھەر بۆیە لەم گەمەیەدا ھەندێک لە ھێزەکانی ناو خودی پڕۆسەی دەسەڵاتداری و یاسادانانی عێراقی کە سەدرە ھەڕەشەی بەشدارینەکردنی دەکرد تا بتوانێت تەرازووی ئەم گەمەیە بە لای خۆیدا ھاوسەنگ بکات. ھاوکاتیش ئێمە شاھیدی چەندین ھاوپەیمانی نوێ و تووندبوونەوەی ئەم کێشە ناوخۆییانەین بە پێی ئەم ئاڕاستە دژ بەیەکانەی بورژوازی لە نێوان نەیاران و دۆستەکانی دوێنێدا و دابەشبوونیان بەسەر ئەم دوو ئاڕاستە جیاوازەدا. ئەوەی کە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان چۆن دەبێت و چ لایەنێکیان براوەی ئەسڵی ئەم گەمەیە دەبن، گریمانەیەکی کراوە و نەبڕاوەیە و ئەگەری گۆڕانی تێدایە لەم ھەلومەرجەدا.

ئەگەر سەرنجی پڕۆسەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بدەین، جگە لەوەی لەم ناوەرۆکە بورژوازیەش داتەکاوە و ئەم پرەنسیپە گشتیەی ھەڵبژاردنیش نایگرێتەوە، دەتوانین بە ئاشکرا بیبینین کە شتێک بە ناوی ھەڵبژاردنەوە لە ئارادا نییە. ئەوەی ھەیە کۆمەڵێک ئەحزابی میلیشیایی ئەندامان و لایەنگران وچەکداران و مووچەخۆرەکانی خۆیان دەبەنە بەردەم سندوقەکانی ھەڵبژاردن و لەم کێبەڕکێیەی نێوان خۆیاندا دەنگیان لێوەردەگرن. ڕاگەیاندنە ڕۆژنامەگەریەکان و دانپێدانانەکانی سەرانی ئەحزابی میلیشیایی بوارژوازی لە عێراق و کوردستان دا گەواھی لەسەر ئەم ڕاستیە دەدەن. ئەوان ھەریەکەیان بۆ تاوانبارکردنی ئەوی تریان گەواھی دەدەن کە خەڵک بەزۆر دەبرێتە بەردەم سندوقەکانی ھەڵبژاردن، ھەڕەشەی بڕینی مووچە و قووتی مناڵەکانیان لێدەکرێت و لە پێش ھەڵبژاردنەکانیشدا دەکەونە بەخشینەوەی پارەوپول و تەخشان و پەخشانکردنی سەروەت و داھاتی کۆمەڵگا لەم پێناوەدا و ھەڵکوتانە سەریەکتر و میلیتاریزەکردنی فەزای شارەکان و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و تەسفیەی یەکتریش یەکێکی ترە لە پەردەکانی ئەم شانۆییە.

ھەڵبژاردن و پەرلەمان و تەنانەت دەسەڵات و ئەو قەوارە پووچەشی کە ناویان ناوە حکومەت جگە لە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی دەستی ئەحزابە سیاسیە بورژوایەکان و پارێزەران و جوانکەرانی ڕووی کۆمپانیە گەورەکانی دەستی ئەحزابە میلیشیایی و دینی و ناسیۆنالیستیەکان ناتوانێت شتێکی تر بێت. ئەوان دەیانەوێت بەم پەرلەمان و شێوازی یاسادان و حکومەتداریە برەو بە سەرمایەگوزاریەکانی خۆیان بدەن و ئەم پەرلەمان و حکومەتەش خزمەتکاری چوونەپێشەوەی بەرژەوەندیەکانیان بێت.

خەڵکی عێراق و کوردستان دەمێکە متمانەی خۆیان بەم ھێزانە لە دەستداوە و ئومێدێکیان بەوە نییە کە کەمترین چاکسازیش لە ژیان و گوزەرانی ئەواندا بکەن و بتوانن لانی کەم پێداویستی و خزمەتگوزاریە سەرەکیەکانی ژیانی ڕۆژانەشیان بۆ دابین بکەن. ئەوە با ڕێژەی بێکاری لەولاوە بوەستێت کە بە ٤٠ ٪ مەزەندە دەکرێت لە ناو گەنجاندا و برسیەتیش بڕشتی لەبەر خەڵک بڕیوە و ڕێژەی ھەژاریش گەشتۆتە ٤٠ ٪ . ئەمەش قڵشتێکی چیانیەتی گەورەی زۆری دروستکردووە و ناڕەزایەتی فراوانیش ھەیە بۆ بەدەستھێنانی ئەم خواستانە کە بورژوازی دەیەوێت لە ڕێگای بردنیان بۆ بەردەم سندوقەکانی ھەڵبژاردن بە لاڕێیدا بەرێت و کپی بکاتەوە. ھەر بۆیە دەبینین بێ متمانەیی بە ھەڵبژاردن و تەنانەت بایکۆتکردنیش بژاردەیەکە کە خەڵک پەنای بۆ دەبەن. بەڵام ئێمە وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا کاتێک ھەڵبژاردنێک بوونی نەبێت ئەوا بەشدارینەکردن و بایکۆتیش دەبێتە شتێکی سیمبوڵی و زیاتر لە گوێ نەدان و بێ ئومێدیەوە سەرچاوەی گرتووە و ناتوانێت کارساز بێت کاتێک ھۆشیاری ھەڵوەشاندنەوەی سەرتاپای ئەم سیستەمە چیانەیەتیەی لەگەڵدا نەبێت و ئاگایی سۆشیالیستی لەبرەودا نەبێت لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا بۆخستنەوە سەرپێی ئەم دنیا ئاوەژووەی سەرمایە. ئەم بژاردەیەش، کە بە داخەوە لە ئێستادا زۆر لاوزە و یان دەتوانین بڵێین لە ئاستی نەبووندایە، کاریگەری خۆی دەبێت لە ڕۆڵبینین لە ھەر ناڕەزایەتیەکیشدا کە ھەبێت چونکە لە نەبوونی یەکگرتوویی چینایەتی و ئاگایی سۆشیالیستی و ھێزێکی پڕۆلیتێری لە کۆمەڵگەدا کە بتوانێت لە دەوارنی ھەڵبژاردندا سیاسەت و تاکتیکی دروست بگرێتە بەر لە مانگرتن و ناڕەزایەتی نیشاندان و ھاتنە سەرجادەوە و شکاندنەوەی بارەکە بە قازانجی پرۆلیتاریادا ڕۆڵبگێڕێت، وەک سیاسەتێکی کۆمۆنیستی قۆناغێکی دیاریکراو، ئەگەر نا ئیتر بایکۆت مانای نییە. دەمەوێت تەئکیدیش لەوە بکەمە کە ئەمەش تەنھا سیاسەتێکی کۆمۆنیستیە نەک ئەڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستی چونکە تەنھا یەک بژاردە و ئەڵتەرناتیڤ لەبەردەم پڕۆلیتاریادا ھەیە ئەویش ڕووخاندنی نیزامی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگای سۆشیالیستیە.

لە بارودۆخێکی ئاوھادا ئەرکی ئێمە کۆمۆنیستەکان ئەوەیە کە ھەر جۆرە جووڵانەوەیەکی سلبی بگۆڕین بە ئاگایی سۆشیالیستی و جووڵانەوەیەکی پۆزەتیڤ بە قازانجی ھێنانە پێشەوەی کەشێک کە پڕۆلیتاریا بتوانێت ھەم ئاگایی خۆی برەو پێبدات و ھەم ڕێکخراوبوونی خۆشی گەشەپێبدات. ئەگەر نا ھەرجۆرە بایکۆت و بەشدارینەکردنێک سیمبوڵی دەمێنێتەوە و ناتوانێت ھەنگاوێک نزیکمان بکاتەوە لە نەبەردە چینایەتیەکانمان.

 

 

٦\٩\٢٠٢١
kamil.ahmed.f@gmail.com 

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک