په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١\٢٠١٥

ھەڵبژاردنی داھاتووی یۆنان

رەنگە چارەنووسی یورۆ و زۆنی یۆرۆ بخاتە مەترسییەوە.


زاھیر باھیر      


پاش ئەوەی لە دوو دانیشتنی پەڕلەماندا بە ھۆی نەھێنانی دەنگی تەواوەوە کە دەبایە لە کۆی ٣٠٠ پەڕلەمانتاری ئەوێدا ، لانی کەم ١٨٠ کەسیان دەنگیان بە سەرەکۆماری کاندیدکراو، بدایە، نەدرا، ئیدی سەرەکوەزیران، ئەنتۆنوێس سەمارەس ، چاری نەماو بڕیار ی ھەڵبژاردنی گشتی بۆ ڕۆژی ٢٥ ی ئەم مانگە، جێنیوەری، دا.


ھەڵبەتە جێگای سەرسامبوون نییە کە سەرکۆمار دەیەوێت دەست لەکار بکێشێتەوە و سەرەکوەزیرانیش کە سوڕی پەڕلەمانەکەی لە ناوەڕاستی ساڵی ئایندەدا ، ساڵی ٢٠١٦، تەواو دەبێت، بە خۆشییەوە بانگەشەی ھەڵبژاردنی گشتی، پێشتەواوبوونی خولەکەی، دەکات. ئابوری یۆنان کە لە ساڵ ی٢٠٠٨ دا ڕووبەڕووی قەیرانێکی کوشندە بووە و تا ئێستاش، پاش گۆڕینی دەموچاوەکانی سەرەکوەزیران و وەزیری دارایی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە پارتێکی چەپەوە بۆ لیبراڵ لە خەڵکانی سیاسییەوە بۆ خەڵکانی تەکنۆکرات، نەک ھەر ژیانی نەگەڕاندەوە بە گیانی ئابوریدا، بەڵکو بارودۆخە ئابورییەکە خراپتر بووە و بەرەو داڕمانی زیاتر دەچێت.


ئەو دەرمان و نوشتانەی کە دەزگە دراوییەکانی وەکو بانکی جیھانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی ناوەندی ئەوروپا لەپاڵ ھەوڵ و تەقەلای کۆمیسۆنی ئەوروپا، بۆ یۆنانیان نوسی و کردیان، ھیچ دەوایەکی پێ شیفا نەبوو، بگرە لێشی کردە سەرەتان ، ئەمە جگە لەوەی کە دووجەمسەری تەواو لەیەک جیاوازیشی لەو وڵاتەدا بەھێز و بەھێزتر کرد ، کە ئەویش پارتی ڕایسستی neo-Nazi Golden Dawn Party ئەوێ و پارتی چەپی Syriza کە ‌گەنجێکی ٤٠ ساڵە، Alexis Tsipras، سەرکردایەتی دەکات کە ھەردووکیان لە ھەڵبژاردنی پێشوودا بە ڕیژەیەکی چاوەڕواننەکراو سەرەلوێنکی پەڕلەمانیان، بە پیتتر کرد. ھاوکاتیش ئەو دەزگە دراوییانەی کە لەسەرەوە ناوم ھێنان کەوتنە ئیستغلالکردنی بارودۆخەکەی ئەوێ بە دانی قەرزی ٢٥٠ ملیار یورۆ بە بڕی سوویەکی بەرز لەتەک سەپاندنی ھەلو مەرجێکی یەکجار سەختی وەکو بە تایبەتکردنی کەرتە دەوڵەتییەکان، بەرزکردنەوەی باج لەسەر داھاتی خەڵکی، دەرکردنی کارمەند و کرێکارێکی زۆر ، کەمکردنەوەی بەھای حەقیقی کرێ، کەمکردنەوە خزمەتگوزارییەکان و داخستنی بڕێکیان و بەرزکردنەوەی بەھای سووی بانقەکان و دەستبەسەراگرتنی خانووبەرەی خەڵکی کە چیتر نەیاندەتوانی سلفەی عەقارەکانیان بدەنەوە و زیادکردنی ڕیژە و ژمارەی خەڵکانێک کە کەوتنە سەرجادە و بێ لانەو خانووبەرە کەوتن و زۆری دیکە لەم سیاسەتانەی ‌ دژ بەئابوریی.


بەڕێکردنی ئەم سیاسەتانە نەک ھەر ئابوری ئەو وڵاتەی نەبوژانەوەو نەتواننرا قەرزەکانی پێبدرێتەوە بەڵکو ئەوەندەی دیکە کردی بە قوڕدا و بوو بەژێر قەرزی دیکەو مەسروفاتی زیادەی دیکەوە بۆ یارمەتیدانی بێکاران و کرێی خانوویان .


لە ئێستادا بەھای حەقیقی کرێی سەر کار بە ڕیژەی لە %٣٠ دابەزیوە ، بەرھەمھێنانی کەرتە پیشەسازییەکان بە ڕێژەی لە %٣٥ اھاتۆتە خارەوە ، ‌ لە ٤ کەسی ئەوێ یەکێکیان بەتاڵەیە، خەڵکانێک کە لە ئاستی ھێڵی برسێتیدا دەژین، ڕێژەیان لە %٢٣ وە بەرزبووەتەوە بۆ لە %٤٠.٥ ، داھاتی نەتەوەیی بە ڕیژەی لە %٢٥ ھاتۆتە خوارەوە، ئەمە جگە لە باجی ژیان کە خەڵکی لەوێ دەیدات بەھۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی خەڵکانی بێ خانووبەرەوە ، بەھۆی داڕمانی چارەسەری نەخۆشی و داخستنی خەستەخانەکان و نەبوونی داوودەرمانی تەواوە، بەخشینەوەی خواردن لەسەر شەقامەکان لە برەودایە ، مردنی منداڵانی ساواو گچکە ، لە زیادبووندایە. لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا ، دەزگە دراوییەکان وا پێشبینی دەکەن کە پێداگر تن لەسەر سیاسەتی دەستگرتنەوەی زیاتر ( تەقەشوف) لە داھاتوودا ‌ بودجەی یۆنان بە ڕێژەی لە %٣ لە ساڵی ٢٠١٥ دا و بە ڕێژەی لە %٤.٥ لە ساڵی ٢٠١٦ دا و ھەرەھا لە ساڵانی ئایندەشدا بە ڕێژەی زیاتر، سەرکەوێت . ئەم داخوازی و ھیوایانە تەنھا بۆ ئەوەیە تاکو بڕی دانەوەی قەرزەکانی یۆنان زیاتر بێت کە سووی ئەم قەرزانەش لە ساڵی ٢٠٠٩ وە لە ڕێژەی لە %١٣٠ وە بۆ ڕیژەی لە %١٧٥ سەرکەوتووە . بۆرێەی یۆنان لە ڕۆژی ٢٩/١٢/٢٠١٤ دەدا بە ڕێژەی لە %١٠ شکا و کارایی ئەمەش لەسەر قەرزەکان بە ڕێژەی لە %١٢ چووە سەرەوە


مانیفێستی پارتی چەپ و مەترسی دەزگە دراوییەکان و کۆمیسۆنی ئەوروپا:


لەبەرامبەر ئەو بارودۆخەی کە لە سەرەوە باسمکرد ، پارتی چەپی SyriZa بەرنامەیەکی ڕادیکالی بۆ ھاووڵاتیانی یۆنان ھەیە کە زۆر سەرنجڕاکێشە بۆیان و بە حەلی کێشەی ئابوری ٦ ساڵەیانی دەزانن ، پارتی چەپ گەرچی لە ھەڵوەشانەوەی ھەموو قەرزەکان ھەر بە ھاتنی بۆسەر حوکم و کشانەوەی لە زۆنی یورۆ پاشگەز بووەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مانیفێستەکەی ھێشتا بەشی ئەوەی تیادا ھەیە کە بە ڕێژەیەکی بەرز خەڵکی دەنگی بۆ بدەن. لەو بەندانەش کە مایەی دڵخۆشی و بڕوای خەڵکییە : سەرخستنی کرێی کارە، بەدواچوونە بۆ خەڵکانی دەوڵەمەندی ئەوێ و کۆمپانییەکان کە پارەکانیان لە وڵاتی سویسرا دادەنێن تاکو باجی لەسەر نەدەن، پێداگرتنە لەسەر ئەوەی کە قەرزەکانی یۆنان دەبێت بەگوێرەی گەشەکردنی ئابوری ئەوێ بدرێتەوە نەک لە سەرکەوتنی بڕی پارەی بودجە کە لەسەرئەنجامی سەرفنەکردن و کەمکردنەوەی پارەی بیمەکان و سەرخستنی باج و داخستنی دەزگە خزمەتگوزارییەکان، دێتە دەست، پێداگرتنە لەسەر ملکەچ نەکردن بۆ دەزگە دراوییەکان، بەڵکو ئامادەیی وتووێژ لەگەڵیاندا، کوژانەوەی قەرزەکان بە بڕی ٣٥٠ ملیار یورۆ ، ھەڵوەشانەوەی سیاسەتی دەستگرتنەوە ( تەقەشوف)، بەستنەوەی تێکڕای خانەوادەکان بە تۆڕی کارەباوە ، دەستوبردیی لە چارەسەرکردنی بێکاریدا بە بەڕێکردنی بەرنامەیەکی تەواوە، دابەزاندنی بڕی باج لەسەر داھات ، دانی خواردن بە وانەی لەسەر شەقامەکانن بەھۆی بێ خانوو بەرەوە ھەوەھا دابینکردنی شوێن بۆ حەوانەوەیان ...گەلێکی دیکە تاکو بتوانێت ژیانی خەڵکی بگۆڕێت.


ھەروەکو پێشتر وتم ئەو بارودۆخەی کە ئێستا ئەو وڵاتەی پیادا تێدەپەڕێت، ئەم بەرنامە ڕادیکالە گومان لەوەدا ناھێڵێتەوە کە ئەم پارتە چەپە لە ھەڵبژاردنی کۆتایی ئەم مانگەدا، زۆربەی دەنگەکان بۆ خۆی دابین دەکات..


دوای ھەڵبژاردن دەبێت یۆنان بەرەو کوێ بڕوات؟


ئەمە پرسیارێکە وەڵامدانەوەی ئاسان نییە و ناتوانرێت بە یەقینەوە قسەی لەسەر بکەیت. من لێرەدا دەتوانم ھەر ئەوەندە بڵێم لە ھاتنی ئەم پارتە بۆ دەسەڵات، یۆنان و یۆنانییەکان بەرەو دووڕیانێک دەبات بە حوکمی داخوازییەکانی دەزگە دراوییەکان و کۆمیسۆنی ئەوروپا کە تەواو لەتەک مانیفێستەکەی ئەم پارتە چەپەدا کە دەبێتە بەرنامەی دەوڵەتی ئایندەی یۆنان، لە ناکۆکی و ململانێیەکی توندا دەبێت.


ھەر لە ئێستاوە نە سەرەکوەزیرانی یۆنان ، ئەنتۆنیس سەمارەس، کە ھاوکاتیش نوێنەری پارتە ھاوپەیمانەکانە لە دەسەڵاتدا، و نە سەرۆکی کۆمیسۆنی ئەوروپا، جێن کلۆود جەنکەر ، ئەمەیان پێخۆشنییە ‌و کۆمێنتی نابەجێ و ناحەز دەدەن و دەست لە کێشەی ھەڵبژاردن وەردەدەن. بۆ نموونە سەمارەس دەڵێت " جێگای نیگارانییەکی زۆرە کە ھێزە توودندڕەوەکان دەسەڵات بگرنە دەست ......... زۆربەی زۆری یۆنانی ھەڵبژاردنیان ناوێت..." سەرۆکی کۆمیسۆنی ئەوروپاش دەڵێت " یۆنانییەکانی پێویستە ئیلتیزامێکی بەھێزیان بە ئەوروپاوە ھەبێت.... ئاگاداری یۆنانییەکان دەکەمەوە دەنگ بە ھەڵە، مەدەن " ھەردووکیان لەتەک ھەندێک لە وەزیرەکانی دیکەو کەسە ناودارەکانی پارتییەکان بەبەردەوامی کۆمێنتی خۆیان دەدەن و ھاووڵاتیانی یۆنان لەو "مەترسییەی" کە بەڕیوەیە ، بەئاگادەھێننەوە.


ئەوەی کە خاڵی بنەڕەتییە لە مانیفێستەکەدا خاڵی بڕیاری مانەوە لە زۆنی یورۆ و لێنەکشانەوەی یۆنانە کە ھاوکاتیش پارتی چەپ دەیەوەێت ئەم بەرنامە ڕادیکالە جێبەچیبکات و کەچی لە چوارچێوە و بازنەی زۆنی یورۆش دا بمێنێتەوە و ھەڵگری دراوی یورۆش بێت. ئەم خاڵە،‌ جێبەجێکردنی سەرجەمی خاڵەکانی دیکەش دەخاتە غەرغەرەوەو ، بەڕای من زۆر مەحاڵە کە ئەم بەرنامەیە جێبەجێبکرێت و ھاوکاتیش یۆنان ھەر ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بێت. گرانە کە کۆمیسۆنی ئەوروپا و دەزگەر دراوییەکانی جیھان ئەوەیا قەبوڵبێت ، چونکە بەپێی ئەو گرێبەستەی لە نێوانی ئەوان و یۆناندا کراوە بۆ دانەوەی ئەو قەرزەی کە پێیدراوە دەبێت لە ٣ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا یۆنان ٥ ملیار یورۆ بداتەوە و ھەتا کۆتایی ساڵیش ٢٠ ملیار، واتە ١٥ ملیاری دیکە یورۆ بداتەوە . ئەمەش کارێکی زۆر گرانە بۆ حکومەتی چەپی داھاتوو کە لە کاتێکدا ئەو ئەسبەقییەت بە کێشە ناوخۆییەکان لە بواری ئابوریدا بۆچاککردنی بارو دۆخی وڵات و ژیانی سەرجەمی خەڵکەکەی، دەدات . ھەڵبەتە مەسەلەکە لێرەدا ئەوە نیییە کە بڵێین بەرنامەکەی پارتی چەپ ھەڵەیە و ھیچ نییە ، من پێموایە بۆ ئەوانەی کە بەتەمان ڕیفۆرم بکەن لە ڕێگای پارتایەتی و دەسەڵاتگرتنە دەستەوە ، ھەبوونی بەرنامەیەکی ئاوا ڕادیکاڵانەیە، بەڵام کێششەکە ئەوەیە کە مانەوە لە بازنەی زۆنی ئەوروپیدا و پابەندبوون بە مەرج و بەندی دەزگە دراوییەکان و باقی بەند و بڕگەکانی دەستوری یەکێتی ئەوروپا و ھاوکاتیش جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی ئاوا ڕادیکال، زۆر گرانە بۆیە کێشەیەکی گەورە لە نێوانی حکومەت و کۆمیسۆنی ئەوروپا و دەزگە دراوییەکاندا پەیدا دەبێت ئەو کاتەش یا دەبێت پارتی چەپ مل بۆ ھەمان ھەلومەرجەکانی کە حکومەتی ئێستا لەگەڵ ئەواندا ھەیەتی و داوێتی ، بدات ، ئەمەش یانی ملدانە بەبەردەوامبوونی ھەمان باروودۆخ کە لەم ٦ ساڵەی پێشووەوە تاکو ئێستا، ھەیە. گەر ملیشی بۆ نەدات دەکەوێتە سەر ئەوەی کە ئایە دەزگە دراوییەکان و یەکێتی ئەوروپا لە پارتی چەپ و حکومەتەکەی داھاتوی خۆشدەبن و سەربەستی دەکەن لەوەی کە دەیەوێت بیکات؟ ، خۆ ئەگەر ئەمەش کرا ئەو کات ئیسپانیا کە حالی ئابوری زۆر لە یۆنان باشتر نییە ھەمان ڕێگا دەگرێتە بەرو دواتریش ئیرلەندە و پورتوگالیشی دێنە پاڵ . ئەگەر ئەمەش ڕویدا ئەوە یەکێتییەکەی ئەوروپا کاڵدەبێتەوە ، جڵەوی ناوەندگەرێتی و ناوەندگەرایی شلدەبێتەوە نرخی یورۆ بەرەو داشکان لە بەرامبەر پاوەندی بریتانی و دۆلاری ئەمەریکی دا، دەڕوات و کەمدەبێتەوە. ئەگەری سێھەمیش ئەوەیە کە ‌ پارتی چەپ و حکومەتەکەی شێلگیرانە پەیوەستبن بە جێبەجێکردنی مانیفێستەکەیانەوە و حساب نە بۆ دەزگە دراوییەکان و نە بۆ یەکێتی ئەوروپاش نەکەن ، ئەو کاتەش پابەند نەبوون بە ئەوان و بڕیارەکانیانەوە ، ئیدی یۆنان دەبێت بە فەرمی خۆی لە یەکێتی ئەوروپا بکشێنێتەوە و دەستبەرداری بێت. ئەمەش ھەنگاوی یەکەم دەبێت بۆ کشانەوەی ئەو وڵاتانەشی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێکردن ، بەڕوودانی ئەمەش یا ئەوەتە یەکێتی ئەوروپا بەو ئیفلیجییەوە دەمێنێتەوە یاخود ھەنگاو بەرەو ھەڵوەشاندنەوە، دەنێت.


گەرچی ئەمە تێڕوانینی منە بەڵام ھەروەکو لە سەرەوە وتم زۆر گرانە پێشبینی لە ھەر ڕودانێکیان بکەین ، سیاسییەکان و بزنسمانەکان ‌ھەمیشە پلانیێکی دیکە لە ھەگبەکەیاندا، ھەیە ، ھەروەکو کورد دەڵێت ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش.

 

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک