په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٦\٢٠٢٦

ھەڵبژاردنی پەڕلەمان دەسەڵاتی ھەرێم ناگۆڕێت،

تەنیا بە شۆڕشێکی ڕادیکال نەبێ.

سالار باسیرە       

پێشەکی.


٢٨ ساڵ ئەزمون و تاقیکردنەوەی سیاسی ھەرێمی کوردستان گەنجینەیەکە بۆ تێگەیشتن لەوەی ئەو دەسەڵاتەی کۆنتڕۆڵی سەرجەم جومگەکانی وڵات دەکات نە بەو شێوە ھەڵبژاردنە گالتەجاری و دیموکراسیی و ساختەیە دەگۆڕێت، نە بەم جۆرە پەڕلەمانە کارتۆنییەش. ئەوەی لەو ڕاستیە تێنەگەیشتبێت، دەبەنگێکی سیاسییە، یان تاوانبارە لە بەلارێدا بردنی ڕاستیەکان. ئەلبێرت ئاینشتاین وتەنی "گەمژە ئەو کەسەیە چەندین جار یەک کار دووبارە بکاتەوە و چاوەرێی ئەنجامی جیاواز بێت".
ھەڵبژاردن و دیموکراسی.


ھەڵبژاردن تەنیا یەکێکە لە خەسڵەتەکانی دیموکراسی، بەڵام ھەڵبژاردن لە ھەرێم بنەمای دیموکراسیی نییە بەدەر لەوەی ساختەکاری سەرچاوەکەیەتی و خاوەن کۆمیسیۆنێکی بێلایەن نییە. ھەروەھا دیموکراسیەت بێ بوونی دادپەروەریی بێ بنەمایە و کەلتوری خێڵەکی توانای بەرچەستەکردنی دیموکراسیەت و دادپەروەریی نییە. دیموکراسیەت لە بوونی دەستورێکی تەندروستدایە، جوداکردنەوەی سێ دەسەڵاتەکە لە یەکتر، ئازادی تاک و کۆمەڵگای مەدەنی، ئازادی فکرو نووسین، بوونی فرەیی، مافی کەمینەکان، مافەکانی مرۆڤ و بە ھاوڵاتی بوون. . . تاد.


"سیستەمە سیاسییەکەی" ھەرێم.


خوێندنەوەیەکی زانستیانە و واقیعبینانە بۆ سیستەمە سیاسییەکەی ھەرێم دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستیەی سروشتی فەرمانڕەواکە چییە و چۆن بەرامبەری دژە ستراتیژیەت بونیات بنرێت. بە ڕوکەش خۆمان لەبەردەم سیستەمێکی (دەسەڵاتێکی) سیاسی دەبینینەوە کە خاوەن ھەر سێ ئۆرگانە دەوڵەتییەکەیە (پەڕلەمان، حکومەت، دادوەریی)، ھەروەھا فرە حیزبیی، رێکخراوە کۆمەڵایەتیەکان و میدیای ھەمە چەشنە بەڵام ھی سێبەر. . . بە ڕوکەش نیشانەی سیستەمێکی سیاسی پلورالیستی نیشان ئەدات، بەڵام حاکمی پشت پەردە کێیە؟


لە ھەرێم (باشور) دوو سیستەم لە تەنیشت یەکترەوەن. سیستەمی خێزان کە خۆی لە خێڵی سیاسی بنەماڵەکاندا دەبینێتەوەو پاشان بوونی سیستەمە دەوڵەتیەکە. لە ھەمان سۆنگەوە دەسەڵاتی ئۆتۆکراسی و دەزگا بیرۆکراسیەکانی و دەسەڵاتە تەقلیدیەکەی خێزان و بنەماڵەو خێڵە سیاسییەکان خۆیان خزاندۆتە نێو سیستەمە دەوڵەتیەکەو فۆرمەکەیان (بە وتەی ماکس ڤێبەر) بۆ دەسەڵاتێکی تەقلیدی خاوەن میلیشیا، دارایی، ئیدارەو رێکخستنی بنەماڵەیی گۆڕیوە. بێ ناوەڕۆک کردنی پەڕلەمان و دەزگای دادوەری و. . . ھتد. بەلگەی ئەم بۆچونەیە.


لە ڕووی زانستی سیاسییەوە ئەم شێوە سیستەمە وەک زۆربەی ئەوانەی تری وڵاتانی "جیھانی سێ" لە ڕاستیدا بریتیە لە گرێدانێکی تەقلیدیی و ئەلەمەنتی مۆدێرن. ھەربۆیە بۆ پڕۆسەی بەمۆدێرن کردن دەرکەوتەیەکی قۆناغی گواستنەوەیە (الانتقالیە) بەڵام سروشتی ئەم دەسەڵاتەی ئێستەی ھەرێم توانای گواستنەوەی ئەم قۆناغەی نییەو رێگریشە لێی. ھەربۆیە ئەم ڕژێمە دەبێت جۆرێکی تر شەرعیەت بدات بەخۆی و تەواو لێرەدایە یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانی. پڕۆسەی ھەلبژاردنی ساختەو پەڕلەمانی کارتۆنی بەکار دەھێنێت بۆ شاردنەوەی خۆی لە پشت ئەم ئۆرگانە دەوڵەتیانەوە. لەبەر ڕۆشنایی ڕاستیی ٢٨ ساڵ، بەشدار بوون لەھەر ھەڵبژاردنێکی ساختەکاری و گالتەجاریانە ھیچیتر نییە (لە خزمەت کردن بە دەسەڵاتی خێزان و خێڵە سیاسییەکان) کە ئێستە بالا دەستن.


داخستنی دەرگای پەڕلەمان لە لایەن بارزانییەوەو وتەکانی بەرپرسی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کەنالی پارتیەوە "ئەگەر یەک کورسییش بھێنن دەسەڵات تەسلیم ناکەن. . . " پەیامێکی ڕوون و ئاشکرایە کە ئەوە جیھانبینی تەواوی دەسەڵاتەکەیەو دەستاودەست کردنی دەسەڵات قبول ناکەن و بە میکانیزمی ئیرھاب و ھێز دەبێت بمێننەوە لەسەر دەسەڵات ئەوەش جاڕدانی مەرگی دیموکراسیەتە. کەواتە دەپرسم ھێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات، ئەوانەی خۆیان وەک حیزبی ئۆیۆزیسیۆن ناوزەند دەکەن و بەشدار دەبن لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن دوای چی کەوتوون؟


ئەو ئازادی و دیموکراسیەتەی دەسەڵات باسی لێوە دەکات تەنیا بۆ نوخبەیەکی سیاسی خۆیانەو ھیچیترو ھێزەکەیان بۆ خزمەتی پڕۆسەی دیموکراسی نییە. . ئەوانەی لە بری بەھەشت جەھەننەمیان بۆ خەلکیی دروستکرد و بەھەشتیش بۆ خۆیان. ئەوانەی کە ئەقڵیان تەنیا لە لولەی تفەنگەکانیاندا بێت ناتوانن ببنە ھێنەری ئارامی و پێشکەوتن بۆ گەلەکەیان. پەندەکە وتەنی ئەوانە دەتوانن بە قەمەی سەر تفەنگ حوکم بکەن بەڵام ناتوانن لەسەری دابنیشن. چیتر دەمێکە کاتی ئەوە ھاتووە ئەندام و کادرو شوێنەکەوتوەکانی یەکێتی و پارتی و ھاوشێوەکانیان خۆیان ساغ بکەنەوە، لەگەڵ سیستەمی ستەمکاریدا دەبن یان لە دژی ڕادەپەڕن و دێنە بەرەی گەلەوە.


حیزب.


سەبارەت بە حیزبایەتی لە ھەرێمی کوردستان بە ڕوکەش بریتی نییە لە سیستەمی تاک حیزب، بەڵام جەوھەری ڕاستەقینەی حیزبایەتی لە ھەرێمی کوردستان بریتیە لە حیزبی قائید. حیزبی قائیدیش ھەمیشە بە ئاڕاستەی تاک حیزبیدا دەڕوات. بەواتا پارتی و یەکێتی وەک حیزبی قائید، بەڵام حیزبی قائیدی کاریزمایەکی نەگەتیف کە بریارو ئیرادەی سیاسی بەندە بە کەسی قائیدەوە، یان بە تاقمێکەوە. دەکرێ رێگا بدات بە دروستبونی حیزبی تر بەڵام خۆی دەبێت برا گەورە بێت و دەسەڵاتدار بێت. لە ھەرێمی کوردستان حیزب لە غیابی دەستوردا (گەل دەنگی پێنەداوە) سیاسەت و دەسەڵات پیادە دەکات ھەربۆیە شتێکی گرانە لێرەدا باس لە شەرعی بوونی ئەحزاب بکرێت.


رێفۆرم.


سروشتی ئەم جۆرە دەسەڵات و سیستەمە دواکەوتوە تەقلیدیە توانای ڕیفۆرم کردنی ڕاستەقینەی نییە چونکە خۆی لەسەر تەواوی گەندەڵیی دروستبووە. ھیچ رێفۆرمێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە چاوەڕوان ناکرێت لێی، چونکە سروشتی سیستەمەکە سیمای رێفۆرمکردنی پێوە نییە و ھەر رێفۆرمێکی ڕاستەقینە دەبێتە ھۆی لەناو بردنی خودی دەسەڵاتەکە خۆی. رێفۆرم لە (فۆرم)دا دەکرێت، بەڵام ئێمە لە باشور خاوەنی کام جۆرە فۆرمین، کە بە نیازبین دووبارە دەستکارییان بکەینەوە لە کاتێکدا ئێمە خاوەنی فۆرمە کۆنکرێتیەکەی بەرێوەبردن و دەوڵەتداری نین، بەڵکو لەبەردەم کۆمەڵێک بونیاتی شل و شێواوداین. نەک ھەر پەڕلەمان و دامودەزگاکانی تر تەنانەت حیزبیش لە باشور فۆرمێکی کۆنکرێت و دەزگایەکی مۆدێرن نییە، بەڵکو خاوەنی چەند خێزان و خێڵی سیاسی چەکدارین کە شەرعیەتی خۆیان بە زۆری چەک و لە شاخەوە سەپاندوە و دەستیان بەسەر سامانی گەل و وڵاتەکەدا گرتووە. حیزب لێرەدا بۆتە ئامانج نەک ئامراز.

ئیرھاب وەک ئامرازی سەقامگیری.


بەدەر لەوە ئەم دەسەڵاتە سەقامگیرییەکەی لە پیادەکردنی ھێز، پەنا بۆ میتۆدی جۆرا وجۆر دەبات، لە میکانیزمی کۆنتڕۆڵ و چاودێری و تۆقاندنەوە سەرچاوە دەگرێت و کڕین و پابەند کردن بە پارە. کۆنتڕۆڵی سەرجەم بزوتنەوە و چالاکیە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان دەکات و بەردەوام میتۆد و ستراتیجی نوێ گەشە پێئەدات بۆ بەرتەسک کردنەوە و ژێردەستکردنی داواکاریە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان. دەسەڵاتەکە لەلایەن ئەلیتەیەکی سیاسی و بیرۆکراتی دەورە دراوە. ھەرچەندە مەبدەئیەن بەناوی سەرجەم موئەسەساتەکانی وڵاتەوە دەدوێ، بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا لە ھەوڵی ئەوەدایە دەسەڵات و کاریگەریی خۆی گەورە و سەلامەت بکات ئیتر بەھەر میتۆدێکی ناشەرعیش بێت.


ئەم شێوازی دەسەڵاتە بەوە دەستنیشان دەکرێ، کە کەسی دەسەڵاتدار خاوەنی ئیدارە و دەزگای سەربازی و میلیشیا و دەزگای ھەواڵگریی و ئامرازی فەرمانڕەوایی خۆیەتی و بە مەرکەزیەتکردنی دەسەڵات ھەیە و بە شێوەیەکی سەرەکی لە کەسانی پابەند دروستبووە، کە دەوری دەسەڵاتەکەی داوە. دادوەریی و مافە سیاسییەکانی تر لەلایەن دەسەڵاتدارەوە وەک شتێکی، موڵکێکی شەخسی مامەلەی لەگەڵدا دەکرێ و توانای بەسەر ئامرازەکانی دەسەڵاتدا ھەیە ھەروەک بەسەر کالایەکی خۆیدا ھەبێت، بەم شێوەیە دەکرێ بکڕدرێ و موزایەدەی پێوە بکرێ، بە قەرز بدرێ و لە وەرەسەدا بەش بکرێ.


لەم بارودۆخەدا ئیرادەی سیاسیی لە، گەل سەندراوەتەوە و دوور دەخرێتەوە لە ھوشیاری سیاسی، چونکە ھەموو ھوشیاربوونەوەیەک دەبێتە رێگر لەبەردەم دەسەڵاتە سولتانییەکەی ھەرێم. گەل بێ مافی سیاسییە و وەک خزمەتکار سەیر دەکرێ، نەک وەک ھاوڵاتی لە دیدگا مۆدێرن و مەدەنییەکەوە. لەلایەن توێژە دەسەڵاتدارەکەوە وەک ئۆبجەکتی ڕووتاندنەوە سەیر دەکرێ و داگیرکردنی موڵکی گشتی بە رێگای دەسەڵاتداری کەسەوە بوونی ھەیە. ئەم "سیستەمە سیاسییە" تەقلیدیە بەھۆی بلۆککردنی خۆیەوە رێگر دەبێت لە گەشەکردن بە ئاڕاستەی ھەرێم یان دەوڵەتێکی مۆدێرن.


دەسەڵاتدار پشت بە ئیدارەکانی سەر بە دارودەستە و کەسی دەسەڵات و بە ھێزی چەکدار دەبەستێت و سەرجەم پەیوەندییەکانی دەسەڵات پەیوەندی شەخسییە. لەیەکتر جوداکردنەوە لە نێوان شتە شەخسییەکان و گشتییەکان نییە. جوداکردنەوەی دەزگاکان بە ڕووکەش ددان پێدانراوە، ھەربۆیە دەکرێ لە ڕای گشتیدا ئاماژەی پێ بدرێ، بەڵام لە پراکتیکدا بوارە شەخسییەکان و گشتییەکان زۆربەی کات لەیەکتر جودا ناکرێنەوە. تەنانەت پەیوەندییەکانی دەرەوەش بە خێل و خێزان کراوە. لێرەدا ناکرێ باس لە وڵاتێکی موئەسەساتی بکرێت. پێکھاتە بیرۆکراسیەکان لەم سیستەمەدا مۆنۆپۆلی سەرجەم پەیوەندییەکانی نێوان ئەلیتەی سیاسی و کۆمەڵ دەکەن. لە نێو دەزگا دەوڵەتییەکەدا دەسەڵات لە شەخسی، یان تاقمێکی سەرکردە سیاسەکەدا چڕبۆتەوە (سیستەمی سەرۆکایەتی وەک نمونە). ئەوەی لێرەدا بەتوندی پیادە دەکرێ ئەوەیە خەڵکان و کارمەندان لە شوێن کارەکانی خۆیاندا خاوەن مافی خۆیان نین. ئامرازە ئیدارییەکان دەخرێنە خزمەتی دەسەڵاتەوە، دەسەڵاتیش ئەوەیە کە لە ھەرێمی کوردستان دەیبینین.


دیاردەیەکی شاراوە نییە پڕۆژە ئابورییە گەورەکان و دۆخی بازرگانی لە لایەن دەسەڵاتی خێزان و بنەماڵەوە مۆنۆپۆل کراوە و دەسەڵاتدارانی ھەردوو ئیدارە لە سەدەی بیست و یەکدا وەک ئەمیرەکانی سەدەکانی ناوەڕاست ڕەفتار دەکەن. ئەوەی ئەم دەسەڵاتە کاری لەسەر دەکات بریتی نییە لە دروستکردنی ژێرخانی ئابوریی کۆمەڵایەتی، بەڵکو تەنیا ڕوو دەکەنە ئەو پڕۆژانەی، کە دەستکەوتی ماددی خۆیانی تێدایە. بەم ھۆیەوە ئابوریی خزمایەتی و بارودۆخی پابەندبوون و پەیوەندیی شەخسی دروست دەبێت و ڕۆڵ دەبینێت. بەم شێوەیە گەشەکردنی ئابورییش گێڕ دەبێت و بڕوای بە سیستەمی مەرکەزی ھەیە کە یەکناگرێتەوە لەگەڵ دیموکراسییەتدا. بەڵام ھیچ دەسەڵاتێک، سیستەمێک نەگۆڕ نییە، گەر بۆ ماوەیەکی زەمەنیی درێژیش حوکم بکات.


کۆمەڵگای بێ کەرامەتکراو.


کۆمەڵگەیەک کەرامەتی شکێندرابێت، برسی کرابێت، خاوەن سیستەمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەی تەندروست نەبێت، خزمەتگوزاریی نەبێت، بیمەی بێکاری نەبێت، خۆکوشتنی ئەندامەکانی و کۆچ و ڕەو بۆ دەرەوە بووبێتە دیاردەی ڕۆژانە، لایەنی دەرونیی و کۆمەڵایەتی تێک شکێندرابێت، وەک مێگەل مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و وەک کاڵا لێی بڕوانرێت. . . ئەوا ئەو دەسەڵاتە تەنیا بۆ ڕوخان باشە.


ئەوەش ھەڵەیە لایەنە فەرمییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی ناوبراو تەنیا لە خەمی کورسییە شکاوە بێدەسەڵات کراوەکانی پەڕلەمان و بەرژەوەندی کەسەکان و لە خەمی سەروەت و سامانە ناشەرعییەکەی خۆیان بن کەچی باس لە دیموکراسیەت و دادپەروەریی دەکەن و گوایە نەوەی نوێ بێتە کایەوە و ئەوی دیش داوای گۆڕانخوازیی بکەن، بەڵام لە پشت پەردەوە شتی تر بگوزەرێت. ھیچ بازرگانێکی سیاسی ناکرێت دەوڵەمەند بووبێت، ئەگەر بە رێگای فەسادەوە نەبوبێت، یان ئەوانەی کار لەسەر بە ئیسلامکردنی کۆمەڵگا دەکەن و لە خەمی بە تورکیا و بە ئێران و سعودی کردنی وڵاتن. ئەوانەش بەقەد دەسەڵات تاوانبارن بە حوکمی تێکەڵکردنی ئاین بە سیاسەت و بڕوا نەبوون بە لامەرکەزی و عەلمانییەت و بوونە ئەجندای دەرەکی. ئەوانەی لە ھەر گەڕەکێک دوو مزگەوت و حوجرە و تەکێخانە دروست دەکەن، بەڵام بیر لە دروستکردنی کتێبخانە و سەنتەرێکی ڕۆشنبیریی ناکەنەوە، ئەو لایەنە ئیسلامییە سیاسیانەی کار لەسەر تۆتالیتاریزمێکی نوێی ئیسلامی دەکەن. ناکرێ ببنە ئەلتەرناتیڤێکی تەندروست بۆ کۆمەڵگا.

ھەڵبژاردن لە خزمەتی کێدایە.


بەشداریکردن لە ھەڵبژارندا لە ھەرێمێکی داگیکراودا بەو ھەلومەرجەی دەگوزەرێت شەرعیەتدانە بە تالانچێتی و مورتەزەقەیی و پێشیلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن دەسەڵاتەوە، ھەربۆیە (بایکۆتکردن ئەرکێکی سیاسی و ئەخلاقیە)، با دەسەڵات تەنیا خۆی و خۆی بێت و دەموچاوە ڕاستەقینەکەیان زەقتر بە دەر بکەوێت و بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکانیش بە گشتی بەشدار نەبن لەو کارەساتە مێژوییەدا، بەڵکو کار لەسەر کەرەسەکان بکرێت (ھوشیارکردنەوە و رێکخستنی چین و توێژە بێ مافکراوەکان و ستراتیژیی پێچەوانە و بوێریی و کەمکردنەوەی گەندەڵیی و لە خودی سەرەکانەوە دەست پێبکرێت، بردنەوەی متمانەی جەماوەر و دوور کەوتنەوە لە تەوریسی سیاسی و خەباتی جەماوەریی و تەسلیم نەبوون. . . )، بەڵام ئایا ئەوە بە کێ دەکرێ؟ لانی کەم بۆ ئەم قۆناغە چۆک بە دەسەڵاتداران بدرێت بۆ زۆرێک لە داخوازیەکانی گەل.


دروشمی نوێ.


ئەوانەی خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دەزانن دروشمەکانی دەسەڵات دووبارە نەکەنەوە و نەبنە دیوێکی تری ئەو دوو حیزبەی دەسەڵات، داواکاریی واقعبینانەی نوێ بھێننە سەر شەقام و بیکەنە ستراتیژی نوێ و شەقامی بۆ بجولێنن:
١) داوای بە ھەرێم (کانتۆن) کردنی پارێزگاکانی (باشور) ھەرێمی کوردستان بکرێت لەسەر بنەمای فیدرالی و لامەرکەزی دوور لەو دوو ئیدارە حیزبیەی دەگوزەرێت و ئەمەش پێچەوانەی دەستوری عێراقیش نییە، ھەر ھەرێمە خاوەن سێ دەزگا دەوڵەتیەکە بێت (بەندە بۆ ئەم بابەتە خاوەن پڕۆژەیەکی تێروتەسەلە لە چوارچێوەی یەکێتیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا، بڕوانە لینکی دانراو:
http://www. kurdistanpost.nu/?mod=news&id=79679   
٢) دروشمی جوداکردنەوەی دین و دەستور لە یەکتر گەرنا ھیچ جیاوازییەکیان نامێنێت لەگەڵ لایەنە ئیسلامی و کۆنە پارێزەکان، بەڵێ بۆ ئازادی ئاین، بەڵام دەستورێک کە بتوانێت نوێنەرایەتی گشتی بکات.
٣) دروشمی نەخێر بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی چونکە نەگونجاوە بۆ ئەم شێوە کۆمەڵگایانەو لە دیکتاتۆریەت زیاتر ھیچیتر بەرھەم ناھێنێت. بروانە ئەزمونەکەی ھەرێم و ئەوەی تورکیا.


ئۆپۆزیسیۆن کێیەو دەبێت چۆن بێت؟


لێرەدا دەبێت جیاوازیەک ھەبێت ئۆپۆزیسیۆن لە حیزبی دەسەڵاتدار جودا بکاتەوە، بۆنمونە بەرنامەی جیاواز لەوەی دەسەڵات و میتۆد و سیاسەتی جیاوازو ئایدیۆلۆژیای جیاوازو ئالتەرناتیڤی ھەبێت، ئۆپۆزیسیۆن وەک ئۆپۆزیسیۆن ڕەفتار بکات. ئۆپۆزیسیۆن دەکرێ حیزبێکی سیاسی، ئۆپۆزیسیۆنی ناو پەڕلەمان بێت یان ھێزو جەماوەری ناڕازی دەرەوەی پەڕلەمان بێت.


بەگشتی جیاوازی دەکرێت لەنێوان ئۆپۆزیسیۆنی ھاوکارو ئۆپۆزیسیۆنی توندا. ئۆپۆزیسیۆنی توند ھەوڵی خۆجوداکردنەوە ئەدات لەگەڵ حکومەتدا و ھەڵەکانی دەخاتە ڕوو بۆ سەنگەر گرتن لێی و خۆنیشاندان وەک ئالتەرناتیڤێکی باشترو ئەوەش بە کردار نیشان ئەدات. ئۆپۆزیسیۆنی ھاوکارو شەرمن ھەوڵ ئەدات بۆچوونەکانی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ یاساکانی حکومەتداو ھاورێیەتی حیزبی دەسەڵاتدار دەکات. لێرەدا ئەم ئۆپۆزیسیۆنە دەبێت دەست لەوە ھەڵبگرێت ڕەخنەی توند لەحکومەت بگرێت یان کرداری دژ بە دەسەڵات ئەنجام بدات. ئایا ئەوانەی ھەرێم دەیانەوێ لە کام لەم جۆرە ئۆپۆزیسیۆنە بن ئەگەر خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دەزانن.


ئۆپۆزیسیۆنەکانی لای ئێمە لە توخمی ئۆپۆزیسیۆنی ناسیۆنالیست و ئیسلامی و چەپدایە، کە تا ئێستە بەلگەی پەککەوتەیی خۆی نیشان دەدات. لاوازیی پڕۆژەی سیاسی و ستراتیژیی، نەبوونی توانای نوێنەرایەتی ڕاستەقینە، شکستی سیاسی و دۆگمای فکریی و نامۆبوون بە گۆڕانکاریەکانی کۆمەڵگاو داخرانی رێکخراوەیی، پاشکۆیەتی سیاسی، بەشداریکردن لە بەرەیەکی نیشتیمانی کارتۆنی و گەڕانەوە بۆ تاقمبەندیە تەقلیدیەکان و دەست تێکەل کردن لەگەڵ بێگانە، پشت نەبەستن بە بنچینەی ئەقلانییەت، کار کردنی سیاسی بە پێی زەوق و ئارەزو و لوتبەرزانە، گوتارە سیاسییەکانی ئەقڵی جەماوەر ناھێنێتە ئاخاوتن بەڵکو پشت بە سۆزو عاتیفە دەبەستێت، ھەروەھا نەبوونی دادوەریەکی حیزبیی سەربەخۆی سیاسی. ھەموو ئەمانە لە شکستەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردیە لە ھەرێم. لە کاتێکدا کایەی سیاسی توانایەکی ڕاستەقینە ناداتە ئۆپۆزیسیۆن بۆ کارکردنی سروشتی، چ جای بینینی ڕۆلێک.


دەسەڵات دەیەوێت بەناوی ئازادی و دیموکراسیەوە ئازادی و دیموکراسی لەناو بەرێت. دیموکراسیترین سیستەمی سیاسی بێبوونی ئۆپۆزیسیۆن دەبێتە دیکتاتۆر، بەڵام ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی من مەبەستمە. ئۆپۆزیسیۆن دەبێت بزانێت ئەدای کارەکانی چییە لە دەرەوە یان لەنێو پەڕلەمانداو لە مەھامو ماف و ئەرکەکانی خۆی تێبگات، ھەروەھا ڕاستگۆبێت لەگەڵ جەماوەرەکەی خۆیداو سەرکردایەتیەکی شۆڕشگێرانەی شوێنەکەوتوەکانی خۆی بکات، ئەو جەماوەرەی کە ئەم نوێنەرایەتی دەکات و متمانەی پێبەخشیوە. ھەروەک چۆن دەسەڵاتی سیاسی ھەیە ھەر بەم شێوەیەش دەبێت ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیش ھەبێت. ئۆپۆزیسیۆن بوون بە واتا زانستە سیاسییەکەی بۆ ھەرێم (باشوری کوردستان) وەک ھەوا وایە بۆ ژیان، بەڵام کام ئۆپۆزیسیۆن؟ ھۆکارەکانی لاوازیی یان نەبوونی کەلتوری سیاسی و دواکەوتویی باری کۆمەڵایەتی و کزیی ھوشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەبوونی سیستەمی دیموکراسی لەو فاکتەرانەن کاریگەری خۆیان ھەیە لەسەر ژیانی سیاسی و بە زیان گەڕاوەتەوە بۆ ئۆپۆزیسیۆنیش.


گەل ناڕازی و توڕەیە.


گەل ناڕازی و توڕەیە، بۆنمونە دەبوو گۆڕان نەک تەنیا بە دروشمی بریقەدار پشتگیریی تەواوی ١٧ی شوباتی بکردایە بەڵکو بەھی خۆی بزانیایە نەک بە گێرەشێوێن پێناسەی بکردایە. بزوتنەوەی گۆڕان دەبوو خاوەن دەموچاو و ئایدیۆلۆژیاو ستراتیژیەکی سابت بوایە (جارێک دەوترێ ئێمە ڕەخنەگرین، جارێک رێفۆرمخوازین، جارێک بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسین. . . ) کەچی بەشداریش دەبوو لە حکومەتی خێلێکی سیاسی، دواتر بە سەقەتی لێی ھاتە دەرەوە.


ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی بچێتە ژێر چەترێکی کوونی دەسەڵاتێکی ستەمکار بێگومان باران شان و ملی تەڕ دەکات. ئەوە کورتبینی سیاسی بوو، یان دەبێت نوێنەری ڕاستەقینەی گەل بن و ڕاستگۆ بن و لە خۆیانەوە دەست پێبکەن و دووربن لە تەوریسی سیاسی و مادیی یان ئەوەیە ئەو دەموچاوانە بڕۆنەوە مالەوە، ئەوە بۆ لایەنەکانی کەشە. شتێکی نامەنیقیەو تاوانە ھێزێکی سیاسی دەنگە ناڕازیەکان وەک ئیسفنجێک ھەلمژێت و دواتر لە شوێنی ھەڵەدا بیگوشێت. حیزب جا دەسەڵاتدار یان ئۆپۆزیسیۆن دەبێت وەک پێویستیەکی سیاسی و مێژویی و کۆمەڵایەتی دروست بووبێت، گەرنا نەبوونی شتێک باشترە لە بوونێکی ناپێویست و خراپ. پێویستە ھەموو لایەنەکانی ناو، و دەرەوەی دەسەڵات تەقیمێکی سیاسی ئەو چەند سالەی تەمەنی خۆیان بکەن ئەوان کێن و چین و لەچیدا سەرکەوتو نەبوون لە ئەدای کارەکانیانداو بۆچی؟


ئۆپۆزیسیۆنی شەقام.


ژمارەیەکی بەرچاو لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و گروپەکانی فشار ھەن کە رێکخراوی سێبەر نین و خاوەن ھەڵوێستی تەندروستن، خاوەنی کەسانی ڕۆشنبیرو ئەکادیمیست، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و مامۆستایان و کەسایەتی بە ھەڵوێست و ئازاین، خاوەن چەندین رێکخراوی گەنجان و ژنان و خوێندکارانی ڕەخنەگری دەسەڵات و ژمارەیەک لایەنی ھێزە چەپەکان ھەن. . . ئەگەر ھەموو ئەمانە بە ڕاکێشانە ناوی زەحمەتکێشان، کاسبکاران و فەرمانبەران. . . بتوانن بە ڕۆح و ھەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانەوە لەسەر (پلاتفۆرمێکی، بەرنامەیەکی ھاوبەش)، لە بەرەیەکداو لەژێر چەترێکی جەماوەریدا بۆ ئەم قۆناغە رێکبخرێن و کۆبکرێنەوەو خاوەن مەرجەعیەتێک بێت بۆ سەرکردایەتی کردنی ڕاپەڕین و بزوتنەوەیەکی جەماوەریی رێکخراو بە پلان و ستراتیژو بەرنامەو بە نەفەس درێژی و ورە بەرزی دەکرێت راپەرینێکی جەماوەریی تۆکمەی لێ بکەێتەوەو دەسەڵاتیش ئەو شێرە نییە کە خۆی لەبەردەمیدا بۆ مەودای دوور بگرێت. دووریش نییە لە ئەنجامی توڕەیی جەماوەر بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانی، ڕاپەرینێکی جەماوەریی عەفەوی بێ سەرو سەرکردە ڕوبدات و دواتر دامرکێتەوەو کورت خایەن بێت. . ھیچ بە دوریشی نازانم ڕەفتاری دەسەڵات بگاتە ڕادەی ئەوەی ڕۆژگارێک خەباتی ژێرزەمینی و توندوتیژیشی لێبکەوێتەوە. بەڵێ مێژوو دەکرێ خۆی دووبارە بکاتەوە. چونکە ھیوا ھەڵچنین لەسەر ئەو ھێزانەی خۆیان ناو ناوە ئۆپۆزیسیۆن لاواز بووە.


ئەو مرۆڤەی بڕوای وابێت سروشتی ئەو دەسەڵاتە، دەسەڵاتی خێڵ و خێزان و سیستەم و دەسەڵاتی تەقلیدیی و کۆنەپارێزو ستەمکار ھی چاکسازی و دەستاودەست کردنی دەسەڵات و خۆگۆڕین و گوێگرتن بێت لە داواکاریەکانی گەل و پەیڕەویی پڕەنسیپە دیموکراتیەکان و رێفۆرم کردن بکات، ئەوا لە بازنەیەکی داخراوی بۆش و خەیالاویدا دەخولێتەوەو ھیچ لە سیاسەت و ئەزمونە سیاسییەکان و مێژووی سیاسی تێنەگەیشتوە. دەبێت بزانرێت خەباتی پەڕلەمانیی لە ھەرێمی کوردستان کۆتایی ھاتووە. کات بۆ بیرۆکەی بە نرختر بۆ ئایندەو چارەنووسی گەل گرنگیی تایبەتتری ھەیە.

پڕۆسەی گۆڕینی سیاسی.


لەم ھەلومەرجەی ئەمڕۆشدا پێدەچێت پڕۆسەی گۆڕینی سیاسی لە باشور بە ڕاپەرین و شۆڕشی ناوخۆ، ناکۆکی قورسی نێوخۆی دەسەڵات، یان بەکارھێنانی ڕوخسارەکانی تری زەبروزەنگ بۆ بەزۆر دەست لە دەسەڵات پێھەلگرتن بێت، ھەندێک جاریش بەدەستێوەردانی دەرەکی و گۆڕان لە ھاوکێشە سیاسییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکاندا.


توڕەیی خەلکیی باشوری (ھەرێمی) کوردستان لەو دەسەڵاتە سیاسییە گەیشتۆتە لوتکەو دەمێکە متمانەی پێ نەماوەو ئامادەی کاردانەوەشە، بەڵام پێویستی بە ڕابەرایەتیەکی شۆڕشگێرە، بەھێزێکە رێنیشاندەری بێت و جێگای متمانەی بێت و رێکی بخات و لە نیوە رێگادا بە تەنیا جێی نەھێلێت و نان بڕاوی نەکات، بەلارێدا نەبرێت و موزایەدە بە خەباتەکەیەوە نەکات، گەل ئامادە نییە بۆ ھەموو کەس و حیزبێک بێتە سەر شەقام و نەکەوێتە ئەو بارودۆخەی کە سیاسەت بە شتێک بزانێت کە تەنیا بەدبەختی دەھێنێت و متمانەی پێی نەمێنێت، لە کاتێکدا سیاسەت دیوە فەزیلەکەیشی ھەیە.


بیرۆکەی شۆڕش و ڕاپەرینێکی جەماوەریی ڕێکخراو لە باشور .


ئەلبێرت کامۆ لە کتَێبی مرۆڤی یاخیدا دەنووسێت "یاخیبوون کاتێک ڕوو دەدات، کە مرۆڤی یاخی ھەست بکات لە شوێنێک، بە جۆرێک لە جۆرەکان لەسەر ھەقە. . . کە ئەو کاتەش ناعەدالەتی دەبێتە یاسا، یاخیبوون دەبێتە ئەرک. . . ئەو کۆیلەیەی کە بە درێژایی ھەموو ژیانی فەرمانی جێبەجێ کردووە کتوپڕ، کە فەرمانی تازەی پێ ئەدرێ بریار دەدات جێبەجێی نەکات. یاخیبوون بە گژدا چوونەوەی پووچی ژیان و نائومێدی و ناعەدالەتیە. ڕەتکردنەوەی ھەر شتێک یان ھەموو نەخێر گوتنێک لە ھوشیاریەوە سەرچاوە بگرێت. تاک بە ھوشیاریەوە ھەردوو وشەی (نەخێر و بەڵێ) بەکار بھێنێت نەک مورید ئاسا تەنھا سەری بەڵێ ڕاوەشێنێت". کەواتە ئەگەر مرۆڤ بە سەرشۆڕی ڕازی بێت، ھەر شتێک بێت بەڵام مرۆڤ نییە.


ھێزو لایەنەکانی دژ بە شۆڕش و ڕاپەرینی جەماوەریی لە ھەرێم خاوەن رێکخستنەو ھێزی ھەیە، ھەربۆیە ئەگەر شۆرشگێڕان بە ھەمان ھێزو دیسپلین و ئیرادەوە ڕوبەڕووی نەیارەکانی نەبێتەوە ئەوا ڕوبەڕووی لێدان و داڕمان دەبێتەوە. ئەو کاتەی مرۆڤ ڕێگای شۆڕش و ڕاپەڕین دەگرێتە بەر بەواتا بە بریارێکی پۆلاینەوە دەبێت ڕێگای ھێرش کردن بگرێتە بەر. بەرگری کردن بێ ھێرش کردن کوشتنی ھەموو ڕاپەرینێکە بە ھی چەکداریشەوە، ئەگەر ناچاری بەرگری کردنیش کرایت ئەوا سەنگەر لێبدەو جەنگی شەقامی لەگەڵ بکە بۆ ئەوەی مەعنەویاتی جەماوەر نەڕوخێت. جەماوەر بھێنە سەر شەقام و ڕوبەڕووی دژەکەت بەرەوە، ئەوەندەس ھێزەکانی پەرش و بلاوەو متمانەی خەڵکیی کەم بۆتەوە پێی و ڕۆژانە ڕوبەڕووی شتی نوێی بکەرەوە ئەگەر سەرکەوتنەکانیش کەم بن، بەتایبەت خاڵە لاوازەکانی بقۆزەرەوە. دوژمنەکەت ناچاری کشانەوە بکە، پێش ئەوەی ھێزەکانی خۆی لە دژت رێکبخاتەوەو ئازایەتی بنوێنە. ئەوە بۆ خەباتی سیاسی و مەدەنیانەشە.


شۆڕش و ڕاپەرین دەبێت پشت بە ھێزی گەل ببەستێت. بە تایبەت بەوانەی کە پێشەنگی شۆڕشن و لە پێشەوەی گەل زۆرترینن. سەرکردە ناڕازیەکان خۆیان لە ڕیزی پێشەوەدا بن، درز بخەنە نێوان ھێزەکانی دژ، بە تایبەت ئەوانەی لەناو ھێزەکانی دوژمندا، ھی دەسەڵاتدا دوو دڵییان ھەیە بەرامبەر کارەکەیان و بێھێزن و زۆرینەیان لە پێناوی بژێوی ژیاندا لەنێویدا ماونەتەوەو چاوەرێی ئەلتەرناتیڤێکن جێگای متمانە بێت. بەڵام ڕووش ئەدات کە شۆڕشی گەلانێک سەرکەوتوو بووە بەڵام دواتر نوخبەو سەرکردەکانی بوونەتە گەندەل و گەلەکەی خۆیان ڕوتاندۆتەوەو جیاوازییان نەبووە لەگەڵ دوژمنە ڕوخاوەکەیاندا وەک ئەوەی یەکێتی و پارتی کردیان. ھەندێک جاریش شۆڕش و ڕاپەرینێک بەلارێدا دەبرێت وەک ئەوەی لە ئێرانی سەردەمی شا ڕوویدا. یەکێتی و پارتی وتیان "شۆڕش" دەکەین دژ بە ڕژێمی بەعس، کەچی ئێستە شۆڕش منداڵەکانی خۆی دەخوات.


حەقیقەتی ڕەھا نییە.


لە کۆتایدا دەنووسم : ئەمڕۆکە لە سەر گۆی زەوی ھیچ سیستەمێکی سیاسی نییە بێگەرد و خەیاڵی بێت وەک ئەوەی لە ڕووی تیۆریەوە باس دەکرێت، ھەربۆیە من بۆ ئەم قۆناغە مێژوییەی ئەمڕۆ واقیعبینانە ڕەزامەندم لە ھەرێمێکی (باشوری) کوردستاندا، لە عێراقێکدا بژیم بۆنمونە لە ٣٠% گەندەڵی تێدا بێت وەک لە ١٠٠٪ بێت چونکە ڕەھاو حەقیقەتی ڕەھا نییە بەڵکو ھەموو شتەکان لەسەر ڕیتمێکی ڕێژەیی دەڕۆن.


وشەی کۆتایی.


شۆڕشێکی سیاسی، فکری، کۆمەڵایەتی، لامەرکەزی و عەلمانی (جودا کردنەوەی دین لە دەستور) بکرێتە پێشەنگی کارەکانی ئایندەو دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانرێت کە ئازادی نرخی گرانە. ڕاستە وتنی ئاسانە لە کردنی بەڵام ئەوە پرەنسیپ و چارەسەرو ستراتژە دوور خایەنەکەیە. ئەوەش لە وڵاتێکەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێت ئەویش بەپێی ھەلومەرجەکانی ئەو وڵات و کۆمەڵگایە خۆی. ھەموو گەلێک بە ئەزمونەکانی خۆیدا تێدەپەرێت و دیاردەی نوێ دێتە کایەوەو دەبێت بزانێت کام لە سیستەمە سیاسییەکان بۆ ئەو گونجاوترینە. . . ھیچ مرۆڤێک ئیتر سەر بە ھەر چین و توێژێکی کۆمەڵایەتی بێت تاسەر کۆت و زنجیری چەوساندنەوەو کۆیلایەتی قبول نییەو زوو یان درەنگ لە دژی ڕادەپەرێت و ھیچ سیستەمێکیش نەگۆڕ نییە. مرۆڤ ئەوەندە نەفرەت لە تاریکیی نەکات بەڵکو ھەستێت و چرایەک داگیرسێنێت.

 

ماڵپه‌ڕی سالار باسیرە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک