هەڵبژاردنی سەندیکاى پارێزەران، رووى راستەقینەى حزبەکانی دەسەڵات.
پارێزەر: سەلام مستەفا گەڵالی
پارتە دیکتاتۆر و تۆتالیتارەکان بە درێژایی مێژوو خوڵیان کردۆتەوە چاوى راستیەکان و هەمیشە کارو رەفتارە دزێوەکانیان بە دڵ و ئارەزووى خۆیان ئارایشت کردەوە و یاسا بە شێوەى لاستیک و بەرژەوەندی خۆیان بە کاریان هێناوە، هەموو کایەکانی ژیانی مرۆڤ داگیر دەکەن بە شێوەیەک کۆت و بەندی سەرجەم ئازادىیەکان دەکەن و لە روودا خۆیان دیموکراسی و مرۆڤ دۆست دەردەخەن، گوایە ئەگەر ئەوان نەبن ئیتر ووڵات گورگان خوارد و دەبێت ئەوانە و ئەوەى ترى کە پێویست نیە سەد بارە بکرێتەوە لە رەفتارە دزێوەکانیان چونکە بۆتە شتێکی ئاسایی لەلاى هەموو هاووڵاتیەکی کورد کە فێڵبازى و دزى و چەواشە کردن بۆتە بنەماى کارى رۆژانەى سیاسیان ئەویش تەنها بەرامبەر بە هاووڵاتی و هاونیشتمانیانی خۆیان دەنا بەرامبەر دوژمنان و نەیارانی میللەتەکەمان زەلیل و هەمیشە بە چۆکدا هاتوو دەست لە سینەن، ئەوەى لێرەدا دەمەوێت باسی لێوە بکەم هەڵبژاردنی سەندیکاى پارێزەرانی کوردستانە کە نزیکەى شەش مانگ دەبێت ئەو سەندیکا بەسەزەمانە دەستا و دەستی پێوە دەکرێت جارێک توافق و تەوازنی هەر دوو حزبی دەسەڵات و جارێکی تر کێبرکێى نێوانیان لەسەر ژوورەکانی پارێزەران لە پارێزگاکاندا دوا جار رۆژی 27/8/2007 و لە ناکاو بڕیاریاندا کە هەریەکە لە لستی پارتی و یەکێتی بە لیستی سەربەخۆ بەشدارى پرۆسەکە بکەن، کە تەنها 14 کاتژمێر ما بوو بۆ هەڵبژاردنی ژوورى پارێزگاى هەولێر، گوایە سەندیکای پارێزەران ئەنجوومەنی باڵا ژمارەى (1132) پارێزەرى لە سەرجەم سنوورى هەولێر تۆمار کردوە و مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام پێویستە ئەو راستیانە هەموو پارێزەرێک لێ ئاگادار بێت هەر چەندە هەمووشیان راستىیەکان دەزانن لە کۆى ئەو 1132 پارێزەرە (187) مافپەروەر لەلایەن نووسینگەى جاسوسی مافپەروەرانی پارتی بە هاوکارى ئەنجوومەنی سەندیکاى پارێزەران ناسنامەى پارێزەریان بۆ کراوە بە مەبەستی یەکلا کردنەوەى هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردن کە لە ناو پارێزەران ئەنجام بدرێت هەر لە هەولێر (17) مافپەروەریش لەلایەن یەکێتی بە فرو فێل و چاوپۆشینی سەندیکاى پارێزەران ناسنامەیان بۆ کراوە، ئەویش سەندیکای پارێزەران، بۆیە چاوپۆشی لەو ژمارە کەمە کردووە تاکو تەزویر و ساختەچیاتیەکەى خۆى پێ بشارێتەوە، دڵنیام لەو راستیەش کە بەشێک لەئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکا نیگەرانن لەو دیاردە دزێو ناشرینەی پارتی و لقی دوو کە لەرێگەی نوسینگەی جاسوسی ماف پەروەران و سەنتەری بەناو پارێزەران و هەندێک جاریش تەدخولی راستەوخۆی بەرپرسە حزبیەکانی هەولێر بەتایبەتی لەکاتی هاتنە پێشی پرۆسەکانی هەڵبژاردن زەمینە سازی بۆی ناچارن ئەو رەفتارانە ئەنجام بدەن و رای گشتی پێ چەواشە بکەن . جا بە هەموو عەقل و بەشانازی باسی لەسەرکەوتنەکانیان دەکەن ئەوەی جێی سەرنجی هەڵبژاردنی 27/8/2007 ژووری هەولێر گوایە بەناو لەکۆی 1132 پارێزەر 700 ئەندام بەشداری کردووە بەڵام با بزانین ئەوانە کێن:
لە 700 پارێزەری بەشداربوو 214 یان مافپەروەرن لە دەزگا حکومی و سەربازی و هێزەکانی ئاسایش واتە 486 پارێزەر لێرەشدا (110) پسولەی تەزویری کە بە بێ ئەوەی کەس ئامادەبێت خرایە ناو سندوقی دەنگدان و کە لیستەکەشیان لەحاکم دزی تەنها پێراگەیشتن (50) ناو ئیشارەت لێبدەن دوای بەراورد کردن دەرکەوت کە 63 پسولەی زیاد هەیە بەبێ ئەوەی هیچ پارێزەرێک ئامادەبێت دەنگ بدات.
کەواتە ئەنجامەکەی بەم شێوە دەبێت (277) دەنگ تەزویر کراوە لەبەرژەوەندی کاندیدەکانی پارتی بەکار هاتوە ئەگەر لەسەرجەمی ژمارەی پارێزەران کە 700 کەس (277) دەنگ دەرکەین ئەوا (433) کە بەراستی پارێزەرن و مافی دەنگدانیان هەیە بەشداربون و لەسەرجەمی گشتی (204) مافپەروەر دەرکەین (932) پارێزەر دەمێنێتەوە واتە (499) پارێزەر بەشداری دەنگدانی نەکردوە لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کەبەشدارنەبوەکان بەهەموو پێوەرەکان براوەن و ئەوان دەبێت سەندیکای پارێزەران بەرێوە ببەن.
هەر چەندە سەرجەمی ئەم پرۆسەیە بەتاڵ دەبێتەوە و نایاسایى یە چونکە بە پێى ئەو بنەما یاسایەى کە دەلێت (( مبنی على الباگل باگل)) بەڵگەى مادی بە دەستەوەیە سەڕەرای هەموو تەزویرەکانی تر 63 پسوولە زیاد خراوەتە سندوقەکە و دەستی بەسەر داگیراوە و حاکمەکانی سەرپەرشتیارى پرۆسەکەش ئەو راستیە قانونىیە باش دەزانن و نابێ ملی خۆیان لە چەقۆى یاسا بدەن و ئیمزا کردنیان لەسەر ئەنجامەکانی پرۆسەى هەڵبژاردن سیفەتی دادوەرى لە دەست دەدەن.
ئەنجامی پرۆسەکەش بەم شێوەیەیە دواى دەرکردنی دەنگە تەزویرەکانی مافپەروەران و لە لیستی پارتی کە مافی دەنگدانیان نیەو 110 پسوڵە زیادە خراوەتە ناو سندوقەکە ئەنجام دەنگی بە دەست هاتوو بەم شێویەیە:
1- ئەیاد کاکەیی 498-187 دەنگی مافپەروەرى ناپارێزەر- 110پسولەى تەزویر= 99 دەنگ 2- مازن هادی 475-187 دەنگی مافپەروەرى ناپارێزەر- 110پسولەى تەزویر= 178 دەنگ . 3- هێمن غهفور 455-178 دەنگی مافپەروەرى ناپارێزەر- 110پسولەى تەزویر= 158 دەنگ . 4- سامی کمال بزاز 265-17 دەنگی مافپەروەرى ناپارێزەر= 248 دەنگ . 5- جمال عوسمان 217-17 دەنگی مافپەروەرى ناپارێزەر= 200 دەنگ . 6- دلاوهر 114 دەنگ و کە کەسێکی بێلایەنە سەر بە هیچ لیستێک نەبوو .
ئەوەیە راستیەکان!! ئێوە لە بچوکترین شت تا گەورەترین لەو ووڵاتە فێلی تێدا دەکەن دزی تێدا دەکەن خەڵک چەواشە دەکەن شانازی بەرەفتارو کردارە دزێوەکانتان دەکەن خۆ ئێوە لەهەموومان باشتر ئەو راستیانە دەزانن لەخۆتان ناپرسن رۆژێک دێت دەچنە زبڵدانی مێژوو چارەنوس و دوارۆژی ئێوەش وەک دکتاتۆرەکانی تری مێژوو دەبێت. لەزەتی چی لەو سەرکەوتنە چەواشەکاریانە دەکەن ، بەڵکو راست وایە ئەو دیاردانە ببنە پەندو بەخۆتاندا بچنەوە و راست ببنەوە بۆچی ئەوەندە لەزەت لەئازاردانی هاونیشتمانی خۆتان وەردەگرن، دەبێت ئەو راستیە بزانن پەتی درۆ کورتە و رۆژێک دێت دەکەونە بەر نەفرەتی گەل و مێژوو، ئەو کاتە خۆتان مێژوو نانوسنەوە.
selam_m_2003@yahoo.com
|