په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

”هەڵبژاردن”ی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئێران لە سەرەتاوە تا ئێستا.

١٩٨٠ - ٢٠٠٩
 

عەلی موکریانی


رۆژی 12ی حوزێرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاکاندا دەکرێت. ئەم بۆنەیە بەر لە هەر شتێک، یەکەم خولی ئەمجۆرە هەڵبژاردنە، دوای شۆڕشی 1979 مان وەبیر دەخاتەوە. رۆژێک کە دەنگی راستەقینەی خەڵکی ئێران لە هەمان یەکەم ساڵی دامەزرانی کۆماری ئیسلامیدا کپ کرا و هەروەک دواتر بینیمان کە ئەم رژێمە تا چ رادەیەک دوژمنی ئازادی و دیموکراسیە و تا چ رادەیەک هەڵبژاردن لە رژێمی ئێراندا بێ ناوەڕۆک و نومایشییە.

ساڵی 1980 بوو کە یەکەم خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار لە ئێرانی دوای رووخانی رژێمی پاشایەتی کرا. لەو رۆژانەدا کە خەڵک تازە لە چنگ سیستەمێکی دیکتاتۆری قوتاریان بوو، بە زۆرێک ئۆمێد و ئاوات چوونە شوێنەکانی دەنگدان و بەمکارەیان ویستیان، کەسێکی شیاو بخەنە سەر کورسیی سەرۆکایەتی کۆمار کە باوەڕی تەواوی هەبێت بە ئازادی، دیموکراسی، سڕینەوەی ستەمی نەتەوەیی و ئایینی و دابینکردنی مافەکانی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی ئێران و هەروەها مافەکانی کەمایەتیە ئایینی و نەتەوەییەکان. بەمجۆرە بوو کە مەسعود رەجەوی کە رابەری یەکێک لە دوو لایەنە سیاسی و سەرانسەرییە سەرەکییەکانی ئێرانیش بوو، پاڵێورا بۆ ئەم پۆستە و لە لایەن هەموو بەشەکانی خەڵکی ئێران و بە تایبەتی خەڵکی سەرانسەری کوردستانی رۆژهەڵات و لایەنە سیاسیەکانی پێشوازییەکی زۆری لێکرا.

بەڵام خومەینی لە ترسی ئەوە کە گەر ئاوها کەسێک (کە 7 ساڵ لە ناو زیندانەکانی رژێمی شادا بووە و ئەشکەنجە دراوە و حوکمی ئیعدامی بۆ دەرچووبوو) بچێتە پۆستێکی هەستیاری وەک سەرۆکایەتی کۆمار، کۆنەپارێزان ناتواننن جێگەی رژێمی پێشوو بگرنەوە، ئەوە بوو هاتە ناو پرسەکە بە شەخسی و بە پیلانگێڕانێکی قێزەونانە رێگر بوو لەوەی ئەم پاڵێوەراوە بچێتە ناو هەڵبژاردن و دەستبەجێ بڕیاری دا بۆ لادانی. ئەمە بەردی بناغەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمارە لەم ئێرانەی ئێستاکەدا، کە هەر لەو کاتەوە پێویست کرا شۆرشێکی دی ساز بکرێت و دوای پرۆسەیەکی کورت بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک، ئاڵۆزییەکانی گەیشتە لووتکە و قۆناغێکی نوێ دەستی پێکرد کە هەتا ئەمڕۆ بەردەوامە.

گەرچی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاکاندا، ئەو کەسەی دەبێتە سەرکۆمار، یان باشتر بڵێن لە پۆستی سەرۆکایەتی کۆماردا دادەنرێت، دەبێ بە تەواوی گوێڕایەڵی «ویلایەتی فەقیه» بێت و لە راستیدا «ئامێر»ێکە بە دەست وەلی فەقیهەوە، بەڵام هەر ئەم «ئامێر»ەش بە پێی یاسای بنەڕەتیی(دەستوور) ئەم رژێمە ناتوانێت سەر بە ”کەمایەتیە ئایینی و نەتەوەییەکان” بێت یان «ژن» بێت. گرینگتر لەمەش، تەنانەت گەر «شیعە»ش بێت و «ژن»یش نەبێت، دەبێ باوەڕی بە «بنەماکانی کۆماری ئیسلامی» و «یاسای بنەڕەتی» و «ویلایەتی فەقیه» بێت (مادەی 115 و 121ی یاسای بنەڕەتیی رژێمی ئێران) و لە لایەن «شووڕای نیگەهبان»یش، کە دەستکردی ویلایەتی فەقیهە، پشت راست بکرێتەوە کە خوای نەخواستە بڕێک ناڕێک نەبێت لەگەڵ وەلی فەقیهدا.

ئێستاکە بڕواننە پێناسەی ئەو کەسەی لەم 30 ساڵەدا سەرکۆمار بووە و هەڵًبژاردەی ئەمساڵیشی لەگەڵدا بێت. مێزەر بەسەر و ردێندار بێت یان سەرڕووت بێت و بێ ردێن. جل و بەرگی مەلایەتی لەبەردا بێت یان هەر جل و بەرگێکی دی. بەم نیشانە و پێوەرانەیە کە دەتوانین بڵێین ئەو کەسەی دەبێتە سەرکۆماری ئێرانی ئێستاکە، خاوەن چ پێناسەیەکی تاوانکارانەیە دژ بە ئازادی و دیموکراسی و مرۆڤایەتی، دژ بە نەتەوەکان و ئایینە ئاسمانیەکان و دژ بە دابینکردنی مافەکانی بەشە جیاجیاکانی خەڵکی ئێران. لە ژێر هەر درووشمی و ناوێکدا بێت. «مۆدێرە» بیت یا «ریفۆرمخواز»، یان هەڵگری درووشمی «وزەی ناوەکی» و یان .....

کەوایە دەتوانین بڵێین کە لە ئاوها رژێمێکی دیکتاتۆری و ناڕەوادا، هەڵبژاردن هەر لە بنەڕەتدا بێ مانا و بێ ناوەڕۆکە و زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەوەی لە وڵاتێکی دیموکراتیدا هەیە و هەڵبژاردن لە ئێراندا بۆتە گەمەیەکی گاڵتەجاڕانەی نێوان باڵەکانی ئەم رژێمە سەرکوتکەرە.

با لێرەدا سەیری هەندێک تایبەتمەندییەکانی هەڵبژاردنەکەی ئەمساڵیان بکەین:

لە ساڵی 2009 کاتێ رژێمی ئێران نوقمی قەیرانە ناوخویی و دەرەکییەکانی ببۆوە و هیچ رێگەیەکی بۆ نەمابوو لەوە بەدەر کە رژێمەکەی یەکپایە بکات، واتا ئەوەی بە ناوی ریفۆرمخواز و مۆدێڕەوە هاتبووە مەیدان لابدات، وەلی فەقیهی رژێم، عەلی خامنەیی، بە شێوازی تایبەت بە خۆی، ئەحمەدی‌نەژادی خستە سەر کۆرسی سەرۆکایەتی کۆمار کە یەکێکە لە فەرماندەرە کۆنەکانی سپای پاسداران.

هێنانە سەر کاری ئەحمەدی‌نەژاد وەک سەرکۆماری ئەم رژێمە هاوکات بوو لەگەڵ راپەڕینی سەرانسەریی خەڵکی کوردستانی ئێران کە دەیان کوژراو و سەدان بریندار و دەستگیرکردنی هەزاران کەسی لێکەوتەوە و زۆر بە توندی ئەم راپەڕینە سەرکوت کرا. ئەمە یەکەم هەنگاوی رژێم بوو بە سەرۆکایەتی ئەحمەدی‌نەژاد. راپەڕینەکان لە شارەکانی تری ئێران بەردەوام بوو و بە تایبەتی لە تاران و لە لایەن خوێندکاران و ژنان گەیشتە لووتکەی خۆی هەر ئەوانیش بە تەواوی سەرکوت کران.

کارنامەی ئەم رژێمە لەچوار ساڵی رابردوودا کە ئەحمەدی‌نەژاد سەرۆکایەتی کردووە، زیات لە 2000 ئْیعدام لە خۆ دەگرێت و ژماری ئەو کەسانەی لە لایەن حکومەتەوە دەستگیر کراون لە یەک ملیۆن تێپەڕیوە. هەر لەم ماوەیەدا، نزیکەی بیست هەزار خۆپیشاندان و مانگرتن و کاری ناڕەزایەتی دەربڕین هەبووە لە شارەکانی ئێراندا. لە دەرەوەی ئێرانیشدا، ئەم رژێمە زیات لە هەر ساڵێکی دی، لە لایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە نەفرەت کراوە. ئەم رەوشەی رژێمی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەی سنوورەکان ئەو دەرئەنجامە بەرجەستە دەکات کە رژێمی ئێران لە کۆتایی سەرۆکایەتی ئەحمەدی‌نەژاددا، لە خاڵی هەرە لاوازی خۆیدایە و پروپاگەندەکانی دەسەڵاتدارانی تاران بۆ بەهێزنواندنی رژێمەکەیان کەس لە خشتە نابات و جێی باوەڕ نین.

رژێمی ئێران لەگەڵ ئەوانەشدا، لە رووبەرەوڕووبوونەوە لە ئاست ئۆپۆزیسیۆنەکەی خۆیدا، تووشی زۆرێک شکست بۆتەوە و لەوانە: ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و ئەندامە سەرەکییەکەی، واتا موجاهیدینی خەلق، لە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەورووپادا نەماون و هەنووکەش لە سەروبەندی سڕینەوەی ناویاندان لە لیستی تیرۆری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا. لە عێراقیشدا، سەرباری زۆرێک هەوڵ و پلانی رژێمی ئێران بۆ دەرکردنیان لە عێراق، بەڵام ئەوان لەم وڵاتەدا پایەدار ماونەتەوە و بەمجۆرە هەموو ئەو سەرمایەگوزارییانەی ئێران لە ئەمریکا و ئەورووپا و عێراق و بە تایبەتی لە عێراق لەسەر ئەم کارە داینابوو، هەر هەموویان بە با چوون و هەر دێت و زیاتر، ئۆپۆزیسیون بەرۆکی ئەم رژێمە دەگرێت!

رژێمی ئێران بۆ قوتاربوون لەم رەوشە قەیراناوییە و بۆ بەرزکردنەوەی ورەی هێزەکانی، هاوکات لەگەڵ زلنواندن و بەهێزنواندنی خۆی لە هەموو بوارەکانی دەرەکی وناوخۆییدا، هەموو هیز و توانای خۆی خستە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانێ موجاهیدین (نەک تەنانەت رادەستکردنەوەیان بە ئێران) لە عێراق بە دەرکردن بدات. گرینگی و هەستیاربوونی ئەم پرۆژەیە بۆ رژێمی ئێران بەرادەیەک بوو کە عەلی خامنەیی بە شەخسی، سەرپەرشتیی ئەم پرۆژەیەی بەدەستەوە گرت. هەر چەند کە ئاکام و تەکلیفی گەمەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئەمساڵ لە ئێستاوە دەستنیشان کراوە لە لایەن وەلی فەقیهی رژێمەوە، بەڵام عەلی خامنەیی دەیەویست بە سەرخستنی پرۆژەی دەرکردنی موجاهیدین لە عێراق، ئەحمەدی‌نەژادی پێ بڕازێنێتەوە و پاڵێوراوانی دیکەی پێ لابدات!

هەموو نیشانەکان باس لە شکستی گەورەی ئەم رژێمە دەکات لەم پرۆژەیەدا و قۆناغێکی نوێمان بۆ دەردەخات کە تیایدا رژێم زیاتر لە هەر کاتێکی دی لە کۆتایی خۆی نزدیک دەبێتەوە.

پاڵێوراوانی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ خۆی لە خۆیدا بە باشی ناوەڕۆکی ئەم نومایشکردنە دەردەخات:

- مەحمود ئەحمەدی‌نەژاد ناسراو بە «پاسداری هەزار تیر»، «بکوژی خەڵکی کوردستان» و یەکێک لە فەرماندەرانی تیرۆریزمی رژێمی ئێران و لەوانە تیرۆری دوکتوور عەبدولڕەحمانی قاسملو.

- موحسین رەزایی، فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران کە ئێستاکە بە هۆی بەشداربوونی لە تەقاندنەوەی ناوەندێک لە ئارژانتین، پۆلیستی ئەنترپول بەدوایەوەیەتی.

- میرحسێن موسەوی، سەرۆک وەزیرانی سەردەمی شەڕی دژەنیشتمانی بۆ ماوەی هەشت ساڵ و یەکێک لە کاربەدەستانی هەرە سەرەکی بۆ رەوانەکردنی تیرۆر و ئیعدامی زیندانیە سیاسیەکان و لەوانە قەڵاچۆکردنی 30 هەزار زیندانی سیاسی لە هاوینی 1988.

- ئاخوند مەهدی کەڕووبی، سەرۆکی پێشووی مەجلیسی ئاخوندەکان


شایانی باسە کە باڵە جیاجیاکانی ئەم رژێمە بۆ بازِارگەرمی لە هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی دەنگی خەڵکی کوردستانی ئێران پەنایان بردۆتە بەر کورد و بێهودە هەوڵ دەدەن خۆیان وەک دڵسۆزی کورد نیشان بدەن، ئاخوند کەڕووبی بە ئاڕاستەکردنی بەرنامەیەک لەمەڕ دابینکردنی مافی کەمایەتیە نەتەوەییەکان و هەروەها بڵاوکردنەوەی پوستەر کە تیایدا وێنەی خۆی لە تەنیشت سەرکردەکانی کوردی عێراق نیشان دەدات هەوڵی داوە دەنگی کورد بۆ لای خۆی رابکێشێت. وەلی فەقیهی کۆنەپەرستان، عەلی خامنەییش بە سەفەری کوردستان و هەنگاوی لەمجۆرە هەوڵی داوە دەنگ بۆ ئەحمەدی‌نەژاد کۆبکاتەوە.


با هەمووان بزانن کە وڵامی خەڵکی سەرانسەری ئێران و لەوانە کورد بۆ گەمەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئەم رژێمە تەنیا و تەنیا بایکۆتکردنە و بەس!

 

alimukryani@gmail.com