هەڵبژاردنەکانى
کوردستان... و گۆڕان !!

حەسەن سەید باقى
ئەمڕۆ لەکوردستان گەرم وگوڕى بانگەشێى هەڵبژاردن ڕوو لە هەڵکشانە و
لیستەکان جۆرەها گفت بەخەڵکى دەدەن . ئەوەى واقیعە لە تەواوى کۆمەڵگاى
دونیاو لەنێو ماددەکانیشدا گۆڕان هەیە، مرۆڤەکانیش گۆڕانکاریان دەوێت،
لە شێوازى کەل و پەلى ناوماڵەوە بگرە تا شتەکانى تر. گەر سەیرى
ئافرەتێک بکەى کە دەچێت بۆ ماتەمینى چۆن خۆى دەگۆڕێت وە کە بۆ شایى
بڕوات بەشێوازێکى تر خۆى دەگۆڕێت. کرێکارێک لە کارگەدا بەجلو و بەرگى
کارەوە دەیبینین لەدەرەوە بەشێوازێکى تر. بەڵام گۆڕانى ڕاستەقینە بە
شۆڕشێکى کۆمەڵایەتى دەبێت کەژێرخان و سەرخانى کۆمەڵ بگۆرێت. ئەمەش
بەخەڵکى شۆڕشگێرو کرێکاران و زەحمەتکێشان دەبێت، نەک خەڵکى گەندەڵ و
ڕابردوو پیس. بۆیە پرسیار ئەوەیە کێن ئەوانەى بانگەشێى گۆڕان دەکەن؟
چۆن گۆڕانێکیان دەوێت و چى دەگۆڕن؟ ئایا توانیویانە خۆیان بگۆڕن تا
کۆمەڵگا بگۆڕن؟ لەکاتێکدا ئەوان و سەرکردەکەیان نەیانتوانى یەکیەتى
بگۆڕن، ئێستا چۆن دەتوانن کۆمەڵ بگۆڕن؟ زۆربەى خەڵک و نووسەران تا
هەنوکە بەرنامەى هیچ لایەنێکیان نەخوێندووەتەوە بەڵام مەخابن دەڵێن
گۆڕان!. لەکاتێکدا زۆربەى ئەوانەى بانگەشێى گۆڕان دەکەن،تا هەنووکە
دەڵێن ئێمە یەکیەتى ئەسڵین، ئەوانى تر کەمینەن، لەگەڵ ڕێزم سەیرە وەک
جگەرەى سۆمەرن ئەسڵ و عادیان هەیە. کەسانێک ئەمڕۆ بانگەشێى گۆڕان دەکات
کە تا دوێنى سەرۆکى بەشى سەوزى پەرلەمان بوو. ڕاست دەکات گۆڕاوە،
دەزانن بۆ!!، دوێنى لەپەرلەمان بوو بە چاکەت و پانتۆڵەوە، خەوى
لێکەوتوو بوو، خەوى بە ئازادییەوە دەبینى، ئەمڕۆ لەخەو بێدارە بە جلى
شاڵى کوردیەوە قسەى زلمان بۆ دەکات، راستە گۆڕانە.
یان سەرۆکى پێشووى پەرلەمان، کە لەخولى یەکەمى پەرلەماندا بڕیارى
لێدانى پە کەکە درا، ئەو برادەرە نەتەوەییە بێدەنگ بوو بۆ؟؟ لەکارەساتى
هەکارى دا سەرکردەبووە، لەشەڕى ناوخۆ دیسان هەر بێدەنگ بوو بۆ ئەوکات
دەستى لەکارو پەرلەمان نەکێشایەوە ئەگەر دڵسۆزى کوردو کوردستان بوو،
بەڵام ئێستا پاش زویر بوونى لە لایەنەکەى باس لەگۆڕان دەکات ، چۆن خەڵک
باوەڕیان پێبکات، پێدەچێت ئەمانە شەڕخوازەکانى شەڕى ناوخۆ بن، حەزیان
لەشەڕ بێت ئەوەش هەرگۆڕانە!!
ئایا هەڵگرى بیرو بۆچوونى گۆڕان سەربە چ بنەمایەکى فکریە.کەسێک کە
بەرپرسى رێکخراوێکى مارکسى بێت بە چ پێوەرێک دەبێت کە خۆى مارکسى نەبێت،
هەروەک ئەو برادەرە خۆى لە نووسینەکاندا ئاماژەى پێدەکات. لەکاتێکدا
سەرپەرشتى کوشتن و بڕینى کۆمۆنیستەکان بکات هەروەک لە قرناگە و
پشتئاشان دیمان و بیستمان، ئەوکات بە سرودى ئەنتەرناسیونالەوە، وە
کوشتنى 5 هاوڕێى کۆمۆنیستى کرێکارى لە سلێمانى؟ ئەمەیە ڕووى گۆڕان؟
ئەگەر کوردایەتى دەکەن و کوردستانیان خۆش دەوێت، بەرگرى لە هەڵەبجە
دەکەن، بەچ ڕوویەک وێنەیان لەگەل عەلى کیمیاوى گرت؟، چۆن پێش پاسدار
کەوت بۆ لێدانى بیرە نەوتەکانى کەرکوک، ئەمەیە نیشتمانپەروەرى.کەسێک
خۆى بە پاک و کەسانى تر بە گەندەل بزانێت بۆ هیچى نەکرد بەرامبەر بە
فایلدارەکان کە بەرپرسى ئەو کەیسە بوو؟ پێدەچێت شتى ژێر پەردە زۆر بن
ئێمە نەزانین، دەنا چۆن کونسوڵى کۆمارى ئیسلامى کات 10شەو بۆ ماوەى 3
کاتژمێر بەسەردان لاى سەرکردەى گۆڕانکارەکان دەبێت. تۆ بڵێى باسى چى و
پلانى چییان دارشتبێت.ئایا ئێران ئازادى تەواو بەرقەرارەو مافى ژنان
تێیدا بەرجەستە بووەو مافى گەلى کوردیش دراوە تا سوود لە ئەزموونەکەى
وەرگرن، یاخود بۆ پاداشتى لێدانى بیرە نەوتەکانى کەرکوکە، لەبەر ئەوەى
تا هەنووکە کەرکووک نەگەڕاوەتەوە سەر کوردستان بەڕاستى ژیرانەیە!! یا
گرێبەستى نهێنى بازرگانى لەگەل کۆمپانیاکەدا بەستووە ، کە دەبوو سەرۆکى
بەشى بازرگانى سەردانى بکردایە نەک کونسوڵ !! گوێى مەدەنآ ئەوەش هەر
گۆڕانە.
پرسیار ئەوەیە بۆ یەکگرتوو ملیۆن دۆلار دەدات بە قەرز بە کومپانیاى
گۆڕان (ووشە)،ئایا یەکگرتووى ئیسلامى کومپانیاى بازرگانیە، گەر وایە با
ناوى خۆیان بگۆڕن بە کومپانیاى یەکگرتوو، یاخود پارەى وولاتێکى ترو
لایەنێکى ترە دەساو دەست دەگات لە ڕێگەى یەکگرتووەوە.
ئایا خەڵک گۆڕنکاریان دەوێت؟، گومانى تێدا نییە بەڵآ، بەڵام ئەو گۆڕانە
بە چ شێوازێکە، سەیرێکى ووردى لێدوانەکانى سەرکردەى گۆڕان بکەن شەوێک
لەوشەوانەى کە بەرنامە دەخوێنێتەوە ئایەتێکى قورئانى لە پشت سەریەوە
هەڵواسرابوو، وە ئەمڕۆشknn بەئایەتێکى قورئانى نمایشى گۆڕان دەکات،
ئایا بۆ هەڵخەڵەتاندن و خۆڵ کردنە چاوى خەڵکیە،لەبەر ئەوەى کۆمەڵگەى
کوردستان ئیسلامیە، یا لەبەر خاترى خاترانە کونسوڵگەرى کۆمارى ئیسلامى
و پاشخانى سەرکردەى گۆڕانە.بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئەوانەى پشتگیرى ئەو
لیستەن کە گۆڕانە بەناو نووسەرى پێشکەوتوخوازومارکسى و چەپن، کە کێچ
کەتۆتەکەوڵییان و سەما بۆ گۆڕان دەکەن.بەراستى شەرمە مرۆڤێک خۆى
بەنووسەرى ئازادیخواز و مارکسیست و چەپ بزانێت شوێن بەرنامەى ئاوهاو
رابەرى ئاوها بکەوێت. لەکاتێکدا زۆربەیان بەرنامەکەیان نەدیوە یان
نەیانخوێندووەتەوە وە نازانن کە سەرچاوەکەى لێڵە بەچى دەگات. بۆ ئەوانە
خۆیان ساغ ناکەنەوە ئایا بەرنامەیەکى بەرفراوانى چەپ و مارکسیستیان
هەیە یا ئیسلامى سیاسى. پێدەچێت بۆ دڵ رازى کردنى ئەوانە بێت کە تۆراون
لە یەکیەتى بۆ ئەوەى نەچنە پال ئیسلامى و چەپەکانى تر . دەنا بۆ تا
ئیستا یەکیەتى هیچ هەڵوێستێکى نییە بەرامبەر ئەوان و تا هەنووکە لە
ریزەکانى یەکیەتیدا ماون.یا بۆ پاشقول گرتنە لە پارتى دیموکرات.
لە هەموو بارەکاندا بۆچى حکومەتى هەرێم لێپێچینەوە ناکات لە کونسوڵى
کۆمارى ئیسلامى؟، بە چ مافێک سەردانى لایەنێکى ئۆپۆزیسیۆنى نا حیزبى
دەکات کە تەمو مژێکى زۆرى پێوە دیارە.
بە هەرحال تەم و مژى هەڵبژاردن و تانەو تەشەرەکان پێشبینى کۆتایى باشى
لێناکرێت. وە پێدەچێت کۆتایى بە خوێن رشتن بێت، کە خواستى داگیرکەران و
دوژمنانى کوردن. بەڵام گەر تا رۆژى هەڵبژاردن هیچ روونەدات پێدەچێت لە
ئەنجامى ئاشکرا بوونى دەنگەکان پێکدادان دەست پێبکات. لەبەر ئەوەى
ئەوانەى کە ڕۆڵیان هەبوو لەشەڕى ناوخۆدا ئەمڕۆ یەکیان گرتەوەو
دەردەکەون. هەروەک چۆن ئەوانەى شیڕە شیریان بوو لە شەڕى ناوخۆدا بۆ
بەکوشتدانى گەنجان ئەمڕۆکەش بەشێوەیەکى تر شیڕە دەکەن تا گەنجەکان
ئەگرەسیف بن و گیانى تۆڵەو ئاژاواە دروست دەکەن. باسى باشکردنى
گوزەرانى ژیانى گەنجان دەکەن، پرسیار ئەوەیە ئایا منداڵى سەرکردەو
رابەرانى گۆڕانخوازان لە کوێن، بۆ ناگەڕێنەوە بۆ کوردستان، وە
خێزانەکانیان لەچ بارێکى گوزەرانى ژیاندان، ئەو توانایەى کە هەیانە
لەدەرەوە لەکوێیان بوو، ئایا ڕوونى دەکەنەوە بۆ خەڵکى. ئەوەش هەر
گۆڕانە ساختە کردنیش و شێوازى هەڵخەڵەتاندنیش هەرگۆڕانە.
12.07.2009
|