٥\٤\٢٠١٤
هەڵبژاردن لە دوای
هەڵبژاردن؟!

ستار محەمەد قادر
ئێستا بەرەو هەڵبژاردنێکی تر دەڕۆین و ئەمیش
وەکو ئەوانیتر بۆ کاندیدەکان چارەنووسسازە، ئەو کاندیدیەی بەخت یاوەری
بێت، دەبێت بە ئەندام پەرلەمان و خەنی دەبێت، کۆمەڵێک ئیمتیازات
بەدەستدەهێنێ و بەشێوەیەک پێیانەوە سەرقاڵ دەبێت، ئەگەر مەلا بێت
ئامادەیی ئەوەی تێدا دەبێت بۆ تا هەتایی دەسبەرداری مزگەوت ببێ و ئەگەر
مامۆستاش بێت نەفرەت لە خوێندگا بکاو ئەگەر پزیشک بێت قوڕ بە
نەخۆشخانەوە بداو، ئەگەر رۆژنامەنووس یا بێژەر بێت، نەعلەت لە مایک و
نووسین بکات!
بەحەقیقەت ئەوانەی وا دەبن بە ئەندام پەرلەمان و لەسەروەختی بانگەشەی
هەڵبژاردندا کۆمەڵێک بەڵێن بە خەڵکی دەدەن، حەق وانیە گلەیی ئەوەیان لێ
بکرێت کە پا بەند نابن بەجێبەجێکردنیانەوە، چونکە ئەوان تێکەڵ بە
دونیایەکی تر دەبن و نەک ئامادەیی ئەوەیان تێدا نامێنێت بەرگری لە مافی
میللەت و چی و چی بکەن، بەڵکو بەشێوەیەک سەرقاڵی خۆیان دەبن ناپەرژێنە
سەر ئەوەی نزیکترین کەسەکانی خۆیانیش بەسەر بکەنەوە، ئاخر جیاوازی
ئاسمان و رێسمان لەنێوان ژیانی ئاسایی و ئەندام پەرلەمانیدا هەیە، بۆیە
دوای ئەوەی تێکەڵ بەو ژیانە دەبن، ئەوکات بۆیان روون دەبێتەوە کە
پەرلەمان ئەو بوارەی نەهێشتۆتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، یان لەخەمی
کۆمەڵانی خەڵکدا ببن، بەڵکو تەنها دەکەونە خەمی ئەو پارە زۆرەوە کە
بریتیە لەشیرینی ئەندام پەرلەمان بوون!
زۆر ئەوە بەلامەوە سەیرە کاتێک خەڵکانێک ئومێدی خۆیان لەسەر کەسانێک
هەڵدەچنن، گوایە مامۆستای زانکۆیە یان دکتۆرای هەیە لە هەر بوارێکدا،
یان گوێ بۆ ئەو درووشمانە شل دەکەن وا لەسەر وەختی بانگەشەی
هەڵبژاردندا بەرز دەکرێنەوە، وەکو ئەوەی پەرلەمان لەم وڵاتەی ئێمەدا
شوێنی بڕیارو یەکلاییکەرەوەی کێشەو گرفتەکان بێت، پێم باشە لەمەو دوا
بانگەشەی هەڵبژاردن هیچ جۆرە بەڵێنێک لەخۆی نەگرێت، بەڵکو بەراشکاوی
ئەوە بۆ هەموو خەڵکی ئاشکرا بکەن، کە ئەو شەڕەی پارتەکان لەپێناوی
ئەوەدایە تا لەو دیوەخانەی عێراقدا کە نێوی پەرلەمانە حزورێکی
تەشریفاتیان هەبێ و بوونی تەنها خودی خۆیان بسەلمێنن!
خاڵێکی دیکە پێم باشە لێرەدا ئاماژەی بۆ بکەم، ئەویش ئەوەیە ئایا
پەرلەمان چ شتێکی لە واقیعی سیاسی و ئیداریی و کۆمەڵایەتیدا گۆڕیوە؟ وا
بۆ یازدە ساڵ دەڕوات ئەم وڵاتە بەدەستی کێشەو ململانێی هێزە
سیاسیەکانەوە خوێن لەبەری دەڕواو خەڵکێکی زۆر لەژێر هێڵی هەژاریەوە
ژیان دەگووزەرێنن و پارەی ئەم وڵاتە ئەوەندە بێ فەڕ بووە لە ریزی هەرە
خەرابترین دراوە بێ هێزەکاندایە، ئایا ئەو هەموو پاشا گەردانیە تا
ئێستا نەبووە بەشوێنی پرسیارو ئەو ئەندام پەرلەمانانە هەست بەو دۆخە
دژوارو پڕووکێنەرە ناکەن کە خەڵکی بەدەستیەوە دەناڵێنن؟
پەرلەمانێک ئەگەر لەتوانایدا نەبێت گرێیەکی بچووک بکاتەوەو بەرژەوەندی
گشتی تێدا رەچاو نەکرێ و تەنها کاری ئەوە بێت لەهەر خولێکدا کۆمەڵێک
بکات بە بزنسمان و بە پارەیەکی خەیاڵی خانەنشینیان بکات، چۆن دەتوانێت
بکرێت یان ببێت بەو شوێنەی لەهەوڵی بەرجەستەکردنی خەونی کۆمەڵانی
خەڵکدا بێت؟
میللەتانی هۆشیارو پێشکەوت و ئەزموون لە ژیانی رۆژانەی خۆیان وەردەگرن،
لێ لێرە لەم وڵاتەی ئێمە وەکو ئەوە وایە تا ئێستا نە بامان دیبێ و نەش
باران! بەر لەوادەی بانگەشەی هەڵبژاردن خەڵکانێکی زۆر بڕیاری ئەوە
دەدەن کە ئیتر بەشداری پرۆسەی دەنگدان نەکەن، بەڵام هێزە سیاسیەکان زۆر
باش لە باری دەروونی ئەو خەڵکە تێگەیشتوون و بە ئاسانی لە توانایاندایە
کاریان تێ بکەن و بیان جووڵێنن و بۆ مەرامی خۆیان بەکاریان بهێنن،
ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان ماهییەتی خۆیان لەدەست بدەن و
هیچ جۆرە گۆڕانکاریەک لە دەلاقەیانەوە بە ئەنجام نەگات، بۆیە هەڵبژاردن
لەدوای هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێ و پارەیەکی زۆریش لەو پێناوەدا خەرج
دەکرێت، بێ ئەوەی شتێکی ئەوتۆش لە گۆڕێدا بێت؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|