٢٨\٨\٢٠١٣ هەڵبژاردن و کەلتووری دەستوەشاندن لە فەرهەنگی حیزبە کوردییەکان لە کوێوە هاتووە؟
ئێ باشە ئێوە خاوەنی دەیانو سەدان کاناڵو دەزگای ڕاگەیاندنی بینراو و بیسراو و خوێنراو و سێبەرو بەر هەتاویشن، ئیتر دەرو دیوارو بۆشایی شوێنە گشتییەکان بۆچی ئەبێت بکەوێتە بەر شاڵاوی دەستوەشاندنتانەوە!؟ بەڵام لەپای چیش؟ گوایا ئەڵێن؛ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بڕیاریان داوە هەر حزبێک زووتر دەستی خۆی بوەشێنێت و زۆرترین ڕیکلام بکات، ژمارەی کورسییەکانی زیادئەکات!! وائەڵێن! من نا! بەڵام سەیرو سەمەرە لەوێدایە، ئەم حزبانە لە جیاتی لانی کەم بەرنامەو کارنامەی هەڵبژاردنیان بۆ خەڵکی ڕاگەیەنن، بەڵێنەکانی جارانیان دووبارە بگرنەوە بەدەستەوە، کە ئەیگرنەوە، ئەیانەوێ داهێنان بکەن، داهێنانی ئەوەی کە بە ڕەنگکردنی شارەکانو شوێنی ژیانو کاری هاوڵاتیان، بە ڕەنگی سەوز یان زەرد یان شین یاخود ڕەشی قەترانی کە لەسەری نوسراوە (لاالەالااللە)، بە کۆمیسیۆنی باڵا بڵێن، ئەم شارە یان ئەم ناوچەیە یان ئەم گوزەرەو ئەم گەڕەکەو ئەم شارەدێیەو ئەم گوندە ئیتر مۆرکی ئێمەی لەسەرەو کورسی پارلەمانمان بۆ حساب بکەن! ململانێی دیموکراسیانەش هێواش هێواش لە تی ڤییەکانمانەوە بۆ گەوجکردن دەستپێئەکەین!!
ئەمەیە بەسەرهات و داستانی ئەم دەسوەشاندنە لە کوردستان! ڕاستە ئەمان هەمیشە دەستیان وەشاندووە! ئێستاش هەروایان کردووە لەم هەڵبژاردنەدا. هەرچۆنێک بێت ئەوان براوەنو وەکو جاران بە کەمێک جیاوازی دەنگ و کورسییەوە هەروا لەسەر دەسەڵات دائەنیسنو خەڵکیش لەجیی خۆی سەرقاڵی کارو ژیانی خۆیەتیو جگە لە سەرئێشەو تەبلیغاتی کوشندە هیچی تر بە نسیبیان نابێت! ئەوان براوەن، وە ئەم گاڵتەجاڕە بۆیە سازمانئەیەن هەتا خەڵکی لە یارییە چەواشەکارییەکەیاندا تێوەگلێنن، تا باوڕێکیان لا دروستبکەن کە بەڵی ئەوە هەڵبژاردنەو ململانێیەو دەستاو دەست کردنی دەسەڵاتە، بۆیە ئەم کارە ئەکەین! خەڵک یەک کار نەکەن هەموو ئەم گاڵتەبازاڕە پووچەڵئەبێتەوە، ئەویش بەشداری نەکردنە تیایدا بە هیچ جۆرێک. بایکۆت یانی بایکۆت!!
|