په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٤\٢٠١٤

هەڵبژاردن و رۆڵی میدایا.

شێروان عوسمان    


هەلبژاردن؛ وەک یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی دیموکراسی، بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەزموونەکەمانە، نەک هەژارکردنی.. بۆ جوانترکردنی فیگەرە جوانەکانە، نەوەک ناشیرین کردنی... بۆ هێنانەدی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتییە، نەوەک چاندنی تۆوی دووبەرەکی... هەڵبژاردن؛ دەبێ ببێتە ناوکێک بۆ هەڵمژین و کۆکردنەوەی هەموو شەبەنگی تواناکان، نەوەک پەرتکردنی... بەڵام بە داخەوە، لە کوردستانی ئێمە ڕێک بە پێچەوانەوەیە. نەوەک هەر لەسەر شەقام بەلکو لە ئاستی بەرز و رووپەڕ و شاشە و سایتی ڕۆژنامە و کەناڵ و میدیاکان، کە ڕێک ڕەنگدانەوە و ڕەنگڕێژی هزر و پلانی ژوورە تاریکەکانە...


ڕەنگە بگوترێ ئەوە ئاساییە، لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی دونیاش لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن ئەوە دەکرێ. سەرۆک ڕیسوا دەکرێ، تەماتەباران دەکرێ، تاکە پێڵاوی تێ دەگیرێ... بەڵام ڕاستیەکەی وا نییە. ئێمە کۆپییەکی کوێرانەی ئەوان دەکەینەوە... لە کەناڵە گشتیەکان هێڕش ناکرێتە سەر کەسایەتی بەلکو بۆ سەر پۆست، ئەگەر کلینتۆن، بۆش، شیراک، و پۆتین... هتد بەر ئەو هێڕشانە کەوتبن، ئەوا لەبەر ئەوە بووە پۆستی گشتییان داگیرکردووە، یان لە ڕابردوو پۆستێکی گشتییان خراپ بۆ بەرژەوەندی کەسی و تایبەتی، بنەمالەیی یان حیزبی بەکار‌هێناوە، مافی خەلکی تریان پێشێل کردووە. کە بە یاسا ڕێپێدراو نییە.


زۆر بە داخەوە، زۆرێک لە کەناڵە بینراو و بیسراوەکان، کە خۆیان بە پێشەنگی بواری میدیا و ڕچەشکێن دەزانن، پاش ئەزموونی تەمەنی نزیکەی دوو دەیە، ڕۆڵی زۆر نێگەتیف ئەگێڕن، هەروەک چۆن لە شەڕی براکوژی ئاگری شەڕیان خۆشدەکرد، یا لە تەنگژەکان کەش و هەواکەیان گرژتر دەکرد، ئێستاش بە هەمان قەوان، لەسەر هەمان ئاواز دەخوێنن... بە ناوی ڕەوایەتی بانگەشەی هەڵبژاردن!! بە ناوی دەرخستنی ڕاستییەکان!!! کەسایەتی کەسە جوانەکان دەشێوێنن، تۆمەت بۆ خەلک دادەتاشن، ژەهر بەنا و مێشکی خەلک دەڕێژن، گەنجە جوانەکانمان بەرەو توندوتیژی هاندەدەن، هەروەک خەلکی ئەو ووڵاتە لە گوێی گا نووستبن... رۆژانە دەیان دزی گەورە و گەندەڵی و تاوان و کوشتن بە ڕۆژی ڕووناک ئەنجام دەدرێن، بە هەزارەها مستەشار و ئەفسەر و پلەداری مرۆڤکوژی بەعس ڕۆژانە بە خۆیان و کەژاوەی ئۆتۆمۆبیلەکانیان بە بەردەمان جرت و فرتیانە، چاویان لە ئاست ئەو هەموو ناداپەروەریە نوقاندووە، فزەیان لە دەم نایێ، کەچی ڕۆلی دادگا و دادوەر دەبینن بۆ مل شکاندنی بەرامبەرەکەیان...ئیتر بەسە ساڵانێکی زۆرە ڕۆحی ئەو خەلکە ئازار دەدرێ، گەر نەتوانن برینەکانیان سارێژ بکەن، خۆ دەتوانن زیاتر خوێ نەکەنە برینەکانیان... ناخی ئەو خەڵکە پڕ بووە لە کارە دزێوەکانتان، گەر ناتوانن باری قورسیان کەمێ سووک بکەن، ئەوا دەتوانن بارگاوی تریان نەکەن...


٢٤\٤\٢٠١٤ - کەنەدا
sherwan42@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک