په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\١\٢٠١٢

هەڵبژێردراوانی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی دیاریکران.

 

مه‌نسوور جیهانی


هەڵبژێردراوانی فیلمی بڵند و کورتە فیلم لە بەشە جۆراوجۆرەکانی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی، لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانی دەستنیشانکران.


دوانیوەڕۆی رۆژی 31 دیسەمبەر، فیلمی سینەمایی "گرفتەکانی چاپڵین" لە دەرهێنانی سینەماکاری ئێرانی عەلیرەزا سەعادەت نیا بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان و هۆگرانی هونەری سینەما لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانی نمایشکرا و پاشان هەڵبژێردراوانی بەشە جۆراوجۆرەکانی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی لە لایەن ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی ئەم فیستیڤاڵەوە دەستنیشان کران و لە لایەن بەرپرسانی فیستیڤاڵەوە خەڵاتی ئاسکی زێڕین کە 4 مسقاڵ زێڕی لە خۆگرتووە و هەروەها بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی بەسەریاندا دابەشکرا.


لە سەرەتای ڕێوڕەسمی کۆتایی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی، "ئازاد سەوزە" بەرێوەبەری فیستیڤاڵ، سەبارەت بە گرینگی بەڕێوەچوونی ئەم فیستیڤاڵە هاتە ئاخاوتن و لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی: هیوادارین ساڵی داهاتوو، ساڵی داهێنانی هونەری بێت بۆ هونەرمەندان بە گشتی و بۆ فیلمسازانیش بە تایبەتی.


هەروەها گوتی: "لێرەوە بانگەوازی پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی رادەگەیەنین و داواکارین هەموو فیلمسازانی کورد لە هەر شوێنێکی دنیا بن گرینگی بەم فیستیڤاڵە بدەن و ژیانی پێببەخشن و بە کارە جوانەکانیان زیاتر و زیاتر ئەم فیستیڤاڵە بڕازێننەوە.".


بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی هونەری سینەمای سلێمانی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "بە دڵنیایی دەیڵێین بە گەرم و گوڕی فیلمسازانی کورد و بە پشتگیری ئێوەی خۆشەویست، ئێمە بەردەوام دەبین تا ئەو ساتەی لە کارەکانماندا هەبین و بۆ ئەوەی بتوانین بەردێک بخەینە سەر بەردێک و پەنجەرەیەکی رۆشن بخەینە سەر ئەو تەلارەی کە بۆ فیلمسازی لەو هەرێمەدا رێگا دەبڕێت.".

لە درێژەی بەرنامەکەدا لە 5 هونەرمەندی بەئەزموونی هونەری دراما و سینەمای کوردی بە ناوەکانی؛ "ئازاد جەلال" ـ ئەکتەر، "ئاڵا عومەر" ـ ئەکتەر، "ئازاد حەمە بچکۆل" ـ دەرهێنەر و ئەکتەر، "شادان فوئاد" ـ ئەکتەر و "زاهیر عەلی" ـ ئەکتەر، کە تەمەنێکیان لە ڕێی هونەردا بەخشیوە و بەردەوام کاری باشیان پێشکەش میللەتەکەیان کردووە، لە لایەن بەڕێوەبەرانی فیستیڤاڵ، بە پێشکەش کردنی بڕوانامەی رێزلێنان و خەڵاتی تایبەت، رێزیان لێگیرا.


لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمی کۆتایی ئەم فیستیڤاڵەدا هەڵبژێرداوانی بەشی پێشبڕکێی فیلمی بڵند و کورتە فیلم دیاریکران، لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە سینەماییەکانی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی، خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارەی نەقدی باشترین فیلمی فیستیڤاڵ، پێشکەش کرا بە فیلمی سینەمایی "کوڕی بابێل" لە دەرهێنانی سینەماکاری عێراقی "محەمەد الدەڕاجی".


هەروەها خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارەی نەقدی باشترین دەرهێنانی فیستیڤاڵ، بەخشرا بە "شیار عەبدی" سینەماکاری کوردی رۆژئاوای کوردستان و دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا بۆ سازکردنی فیلمی سینەمایی "گەڕان".

ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی کە بریتی بوون لە: هیشام زەمان دەرهێنەر وەکوو سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوانی لە وڵاتی نەرویژ، حەسەن عەلی دەرهێنەر لە هەرێمی کوردستان، کامەران شەوقی وێنەگر لە هەرێمی کوردستان، ئەحمەد مەحموود مۆنتێر لە هەرێمی کوردستان و ئاسۆ عومەر سوارە ئەکتەر لە هەرێمی کوردستان، دوای بینینی فیلمەکانی بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلم، دەنگەکانی خۆیان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم فیستیڤاڵە بەم شێوەیە راگەیاند:

1ـ باشترین دیزاینی دەنگ:
خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی ئەم بەشە پێشکەشکرا بە "سەرحەد دۆمڵو" بۆ دیزاینی دەنگی کورتە فیلمی "پاسکیل" لە باکووری کوردستان.
2ـ باشترین موزیک:
خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی ئەم بەشە بەخشرا بە "بێهرووز شەهامەت" بۆ دانانی موزیکی کورتە فیلمی "بۆ؟؟" لە وڵاتی ئێران.
3ـ باشترین مۆنتاژ:
خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی ئەم بەشە پێشکەشکرا بە "سام بۆڵد" بۆ مۆنتاژی کورتە فیلمی "رۆژین" لە وڵاتی بەریتانیا.
4ـ باشترین وێنەگرتن:
خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی ئەم بەشە بەخشرا بە "سەرحەد دۆمڵو" بۆ وێنەگرتنی کورتە فیلمی "پاسکیل" لە باکووری کوردستان.
5ـ باشترین ئەکتەری کچ:
خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی ئەم بەشە پێشکەشکرا بە "شیڤان جیهانی" بۆ رۆڵ بینین لە کورتە فیلمی "رۆژین" لە وڵاتی بەریتانیا.
6ـ باشترین ئەکتەری کوڕ:
خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی ئەم بەشە بەخشرا بە "نەزمی کریک" بۆ رۆڵ بینین لە کورتە فیلمی "پیادەڕێ" لە وڵاتی بەلژیکا.
7ـ باشترین ئەکتەری سیناریۆ:
خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی ئەم بەشە
پێشکەشکرا بە جەلال ساعیدپەنا بۆ نووسینی سیناریۆی کورتە فیلمی "دەنگی باران" لە کوردستانی ئێران.
8ـ باشترین دەرهێنان:
خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی ئەم بەشە بەخشرا بە جەلال ساعیدپەنا بۆ دەرهێنانی کورتە فیلمی "دەنگی باران" لە شاری سنە.
9ـ باشترین فیلمی دیکۆمێنتی:
خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی ئەم بەشە پێشکەشکرا بە کورتە فیلمی دیکۆمێنتی "بەهرەی بەر خۆر" لە دەرهێنانی "هیوا تەها مستەفا" لە هەرێمی کوردستان.
10ـ باشترین فیلمی تایبەت بە منداڵان:
خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی ئەم بەشە بەخشرا بە کورتە فیلمی "هەنار میوەی بەهەشت" لە دەرهێنانی "تەیموور قادری" لە کوردستانی ئێران.
11ـ باشترین فیلمی:
خەڵاتی ئاسکی زێرینی فیستیڤاڵ، بڕوانامەی رێزلێنان و بڕێک پارە نەقدی ئەم بەشە پێشکەشکرا بە جەلال ساعیدپەنا بۆ دەرهێنانی کورتە فیلمی "دەنگی باران" لە کوردستانی ئێران.

چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی بە سەرپەرەستی بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای سلێمانی و بە بەشداری بەرهەمی سینەماکارانی کورد و بیانی و بە نمایشی 7 فیلمی سینەمایی، 30 کورتە فیلمی چیرۆکی و 7 کورت فیلمی دیکۆمێنتەری لە بەشی پێشبڕکێی لە فیلمسازانی وڵاتانی بەریتانیا، ئێران، عێراق، بەلژیکا، ئەڵمانیا، سووریا، فەرەنسا، تورکیا و هەرێمی کوردستان لە رۆژانی 24 تا 31ی دیسەمبەر 2011 لە تەلاری تەوار لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.


بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک