١\١٢\٢٠١١
هەڵبژێردراوانی
ههفتهمین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن دیاریکران.
مهنسوور جیهانی
هەڵبژێردراوانی
بەشی پێشبڕکێی حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن و بیرئانینی
دەرهێنەری ناودار و گەورەی کورد "یەڵماز گۆنەی" دیاریکران.
بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن،
رێوڕەسمی کۆتایی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن بە بەشداری ئەندامانی
لێژنەی ناوبژیوان، دەرهێنەرەکان و هەروەها ئەکتەرەکانی کورد و بیانی
فیلمەکانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ، لە هۆڵی سینەمای "پیکچێر هاوس"ی شاری
لەندەن بەڕێوەچوو و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی حەوتەمین خولی
فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن، هەڵبژێردراوانی بەشی پێشبڕکێی سێیەمین
بیرئانینی دەرهێنەری ناودار و گەورەی کورد "یەڵماز گۆنەی" دیاریکران و
تەندیسی فیستیڤاڵ و خەڵات بەسەریاندا دابەشکرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە کە بریتی بوون لە: "ماریا
ئۆلسێن" Marie Olesen بەرهەمهێنەر، دیکۆمێنتساز رۆژنامەنووس لە
بەریتانیا، "ڤیدا ساڵحی" Vida Salehi سیناریۆنووسی زنجیرە دراما
تەلەفیزیۆنی و کورتە فیلمەکان و بەرپرسی کۆمپانیای سینەمایی "ستاک
فیلمی سنە" لە کوردستانی ئێران، "نەزیرە توران" Nazire Turan دەرهێنەری
چەندین کورتە فیلم و دەرچووی توێژینەوەی سینەما و میدیا لە باکووری
کوردستان، "ئازاد ناسح عەلی" (ئازاد کەرکووکی) Azad Nasseh Ali
دەرهێنەری چەندین کورتە فیلمی چیرۆکی و دۆکیۆمێنتی و زنجیرە درامای
تەلەفیزیۆنی و دەرچووی سینەما لە زانکۆی فیلمی مۆسکۆ لە هەرێمی
کوردستان و "شیار عەبدی" Shiar Abdi دەرهێنەری چەندین کورتە فیلم لە
هەرێمی کوردستان، دەنگی خۆیان لە بەشی پێشبڕکێی سێیەمین خولی بیرئانینی
دەرهێنەری ناوداری کورد "یەڵماز گۆنەی" بەم شێوەیە راگەیاند:
پلەی یەکەم:
ـ کورتە فیلمی "هەنار میوەی بەهەشت" لە دەرهێنانی تەیموور قادری لە
کوردستانی ئێران، پلەی یەکەمی فیستیڤاڵی بەدەستهێنا و خەڵاتی زێڕی
پێبەخشرا.
پلەی دووەم:
ـ کورتە فیلمی "پێنج بەرد" لە دەرهێنانی "کەنان تێکس" و "ریزا بارووت"
لە باکووری کوردستان، پلەی دووەمی بەشی کێبڕکێی بیرئانینی "یەڵماز
گۆنەی" بەدەستهێنا و خەڵاتی نوقرەی فیستیڤاڵی پێبەخشرا .
ـ پلەی سێیەم:
کورتە فیلمی "نیشتمانی پاڵەوانەکان" لە دەرهێنانی "سەهیم عومەر خەلیفە"
لە هەرێمی کوردستان، پلەی سێیەمی ئەم بەشەی فیستیڤاڵی بەدەستهێنا و
خەڵاتی نوقرەی پێبەخشرا.
خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران:
ـ کورتە فیلمی "دەنگی باران" لە دەرهێنانی "جەلال ساعید پەنا" لە
کوردستانی ئێران، خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی ئەم
فیستیڤاڵەی پێبەخشرا.
ـ هەروەها کورتە فیلمی "برێشک" (سووتان) لە دەرهێنانی "سەربەست رەزا
گەرمیانی" لە هەرێمی کوردستان، بە هۆی ناوەرۆکی فیلمەکە سەبارەت بە
ئافرەتان، لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەری فیستیڤاڵەوە رێزی لێگیرا.
لەم خولەی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەندا، 18 فیلمی سینەمایی، 30
فیلمی دۆکیۆمێنتاری، 20 کورتە فیلم لە بەشی پێشبڕکێی و هەروەها 36
کورتە فیلم لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی (لاوەکی) لە دەرهێنەرانی کورد و
بیانی لە وڵاتانی عێراق، ئێران، تورکیا، ئینگلتەرا، سوید، ئەڵمانیا،
سووریا، فەرەنسا، نەمسا، هۆڵەندا، ئیتاڵیا، ئیمارات، نەرویج، فەلەستین
و ... نمایشکران و بە گشتی بەشدار بوونی ئەم هەمووە فیلمە لە
دەرهێنەرانی کورد و بیانی، یەکێکە لە خاڵە بەرچاوەکانی ئەم فیستیڤاڵە.
حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن و سێیەمین خولی پێشبڕکێی "یەڵماز
گۆنەی بۆ کورتە فیلم" بە نمایشکردنی 104 فیلمی سینەمایی، فیلمی
دۆکیۆمێنتەری، ئەنیمەیشێن و کورتە فیلم بە ناوەرۆکی چیرۆکی و
دۆکیۆمێنتەری لە دەرهێنەرانی کورد و بیانی لە رۆژانی 17 تا 27ی
نۆڤەمبەری 2011 لە سینەمای "هاکنی پیکچێر هاوس" و "ویستبۆرن ستۆدیۆ" لە
شاری لەندەنی پێتەختی وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەچوو.
هەروەها شارەوانی کێنزیگتێن و چێلسی خاتوو جۆلی میلز لە رۆژئاوای
لەندەن، رۆژی 25ی نۆڤەمبەر لە هۆڵی "ویستبۆرن ستۆدیۆ"ی شاری لەندەن
ئامادەبوو و بە رەسمی ئەم فیستیڤاڵەی لە رۆژئاوای لەندەن کردەوە.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|